
گەڕانەوە
“بۆ شێرکۆ بێکەسی هاوڕێم”
رەووف بێگەرد
جارێکی تر، لەبەردەم شکۆی باخچەیەکی هەمیشە سەوزا، لەبەردەم قەڵبەزەی شیعر و زمانی ڕەوانی ئاو و نمەی بارانێکی تازە بەر خونچە کەوتوودا ڕادەوەستین، ڕاوەستانی چرایەک لەبەر هەیوانی مەشخەڵانێک و هەنگاوێک لە حزووری ڕێگایەکی دووردا. کێ نازانێت کە خۆرهەڵات باروبنەی ئەستێرەکان بۆ کوێ سەری خۆهەڵدەگرن! کێ نازانێت کاتێک گەردیلەیەکی خەمی ئەم دنیا بەرینە، دەبێتە مەراقی شیعرێکی غەمگینی ئەم شاعیرە، ئیتر باهۆز هەڵدەکات و تەم توومان هەواڵی باڵە سپیەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت و شەوییش لە کڵۆری دار ئەسپیندارێکدا وەنەوزی حەسرەتەکانی خۆی دەدات ، کێ نازانێت ! ئێمە ئێستا لە حزووری چراخانی شیعر و بەهارستانی عەشق و پرسیاری دوا کۆچێکی ئەزەلیشداین کە پڕ پڕە لە نهێنی هاوکێشەیەکی سەختی نێوان مەرگ و مانەوە، یان نەمانێکی بێ ئاسەوار و نەمریەکی هەمیشەیی. مەرگ بۆ زۆربەمان مەسەلەیەکی شەخسیە، بەڵام لەوەتەی شێرکۆ سەفەری کردوە من هەست بە بۆشاییەکی گەورە لە ڕۆحی زۆربەماندا دەکەم. تەنانەت لە ڕۆحی خاکێکدا کە ئەڵهای ئاسوودەیی و دەستێکی ئارامە. دەستێک شەوانە کارەساتەکانی بۆ دەردەڵ بکات و وزەی سەرکەوتنیان بداتێ. چیرۆکی مێژووە تاریک و ڕوونەکانی بۆ بگێڕێتەوە و، شکستەکانی بۆ پەڕپەڕ بکات و درزێکیش لە دەرگا داخراوەکەی خەونەکانی بکاتەوە. ئای چ گۆڕەپانێکی چۆڵە ئەم دەڤەرە! ئێستا نە پۆلە کۆتری شیعری جوان بەسەر ماڵەکانمانەوە دەنیشێتەوە، نە زەردەپەڕێک دەستی ئارام دەخاتە سەر شانی شەکەتمان، نە کەسێک گۆرانیەکی پڕ لە خەم و ئەوین بۆ پاییزی ڕۆژەکانی تەمەنمان دەڵێت! ئای چ گۆڕەپانێکی چۆڵە ئەم دەڤەرە! ئێستا دنیا کپە، کپتر لەوەی شاعیرێک بتوانێت بیهەژێنێت، ڕەندانە بە ڕوبارێک بڵێت لێڵ و بە نیشتمانێک بڵێت ئیتر لەگەڵ تۆدا تەواو، تۆ لە ئێستادا چاوێکی چنۆک و دەستێکی دز و شۆڤارێکی درۆزنیت. تۆ ئێستاکە ڕۆحێکی پەژمووردە و، بیرێکی زڕو و هەناسەیەکی تەواو سواریت. تۆ هەنووکە هەموو بەیانیەک بیر لە ڕەنگ کردنی پیلانەکانی شەوت دەکەیتەوە تا گیانە ئالوودە بوەکانی پێ تەفرە بدەیت. تۆ چیت جگە لە ڕیخۆڵەیەکی کرمن و گەدەیەکی لیقن و گیرفانێکی پڕپڕ لە کا.
شێرکۆ زۆرشەو لە دەرگای هەست و ویژدانمان دەدات. هەواڵی ئەو جوامیرانە دەگەیەنێت کە تامەزرۆی شەهادەت بوون تا ئەو شیعرێکیان بۆ بنووسێت. چیرۆکی خەم و بێزاریی هاوڕێکانی سەر دێمان و ئاوەژێ و بەرگەڵوو دۆڵی جافایەتیمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو بێدەنگ نیە. من هەموو شەوێک لە کازیوەدا میوانداریی ئەو هاوڕێ خۆشەویستەم دەگەم، پێکەوە، جارێک بە کەشکۆڵی پێشمەرگەدا دەچینەوە. کەشکۆڵێکی تەواو غەمگین، لێرەدا وشەیەکی پڕ لە حەسرەت هەڵدەگرین و لەوێدا وێنەیەکی بە ئێستا نامۆ. تاوێکی دی بەگۆڕستانی چراکاندا دەگەڕێین تا بزانین کامیان بە فرمێسکی نا ئومێدی چاوی کزبوە و لە شەق ژنی گومان و نیگەرانیدا بۆنی مردووی گرتوە. جارێک لێم پرسی بەڕاست شێرکۆ ئێستا لەگەڵ شیعردا چۆنیت. وتی سەیریت! دیارە نیشتمانە گەلۆرەکەی ئێستات تۆیشی بێ ڕەونەق کردوە “ئەگینا بەفر دەتوانێت دەست لە پرچی لوولی هەڵە کۆک بەربدات؟ وتم مەگەر بمرێت. وتی: نەورەس دەتوانێت بۆ چرکەیەک لە عەشقی ئاو خۆی دابڕێت؟ وتم مەگەر باڵی بشکێت، وتی من و شیعریش هەر بەو جۆرەین. وتم ئەی کوا؟ وتی شەوانە هەر لە ژوورەکەی خۆتەوە کەمێک دەرگا بترازێنە، گوێ لە ناڵەناڵی کۆترە باریکەکانی ناو حەوشەکەتان بگرە، تۆزێک سەرت بەرزکەرەوە و چرا بە شەوقەکەی گۆ ئەستێرەکانیش ببینە. گۆرانیەکانی پەپوولە، پرژەپرژی شەتاوەکان، لاواندنەوەی چاو بە فرمێسکەکانی گەرمیان و پێنج هەزار ئاوازی کوژراوی هەڵەبجە. هەر هەموویان، بێگومانم هەر هەموویان و زیاترییش شەوانە گەمارۆت دەدەن. ناهێڵن فرمێسکەکانت لە هەوارێکی حەسانەوەدا ئارام بگرن. ئێستایش شیعرم هەڵەمووتەکەی جارانە و هەموو کەسێک قەت ناتوانێت پیاهەڵزنێت، هەموو کەسێک وەک من بە مەستیەکی شێتانەوە ناتوانێت لە نیوە شەوێکی تاریکدا چرای شیعر هەڵبکات و بۆ بەیانی هەر پەیڤێکم پشتێنی ورەی جوامێرێکی ڕێی ئازادی و ئومێدی سواڵکەرێکی سەهۆڵەکە و ژنێکی ڕفێنراوی یەزیدی و تەتەرێکی ئارەقە لێ هەڵنیشتووی ڕێگای دوور بێت. تۆ دەزانیت من شەوانە میوانی لاوێکی دلۆڤانی بێ کار و کچێکی شەڕڤانی کۆبانی و تینوویەکی بیابانم. کە شەوی دوایی دەچمەوە هەموو لە چاوەڕوانیمدان. بەڵام چۆن؟ یەکێک سترانی ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵەم بۆ دەڵێت. ئەویتر گۆرانیەکی یەکجار غەمگینی خێراکە مردن خەریکە بگات ، کچێکی یەکجار نازداریش نازانم چۆن باسی جوانیەکەی بکەم؟ نازانم حاجی حانیە یان چوارباخی، کانێسکانیە یان لە بەرگەڵوەوە هاتوە، ئەچریکێنێ و هێدی هێدی، زۆر لەسەرخۆ بارانی ئێستا کچێک نیشتمانمەم بەسەردا دەبارێنێت. نازانم لەبەردەم خۆشەویستی ئەم هەموو خەڵکەدا چی بکەم و چی بڵێم! تاوێک نیە ناوم لە کەناری خولیاکانی خۆیاندا بسڕنەوە. نا، ئەوە منم، شێرکۆ بێکەس، کە ئێوە، ئێوەی من و منی ئێوە، هەمیشە سترانی نەمریم بۆ دەچڕن و منیش وەک خۆم “فلووتی چڵ لێ ئەدەم و گۆنتەرباسی سنە و بەر و گوڵجاڕی گیتارتان بۆ ئەژەنم. ئەوە منم هەموو ڕۆژێک، چەند جارێک ئاوی نۆتەکان ئەدەم و حەیران لە لاوک موتوربە ئەکەم، پەڕ و باڵی بەستەکانییش درەوشاوەتر ڕادەگرم” ئەوە منم. هەموو شەوێک، هەموو ڕۆژێک لای لایە بۆ درەخت و گوڵجاڕەکەی دەورم دەکەم، ئەوە منم، شێرکۆ بێکەس. کە بای خۆشەویستی شیعرە هەرە گەنجەکانم بەناو بیر و هەستی ناسکی ئێوەدا هەڵدەکەم. سڵاو لەدوای سڵاوتان بۆ دەنێرم ، ئەوە منم شێرکۆ بێکەس بەهاتنتان مەیلی تازەم چرۆ دەکا و هەر بەئاوی دەنگی ئێوەش ، لێوان لێو دەبم لە عەشق و لە ڕێژنە بارانی وەفا و لە ئومێدی هەمیشە سەوز. سڵاو – سڵاو.
ئابی ٢٠١٧
* ئەم وتەیە لە چوارەم ساڵیادی شێرکۆ بێکەسدا لەسەر گڵکۆکەی خوێندرایەوە