رێفۆرم و ڕۆشنبیرانی ئێران
بەشی دووەم
رامین جهانبگلو
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
– ئێوە لەبەر ئەو هاتوچونە زۆرەی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەتانە و بەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتانەدا هەتانبووە باشترین کەسن بۆئەوەی ئەم پرسیارەتان لێبکرێت: دیدی ڕۆژئاواییەکان و ڕۆشنبیرانیان بۆ ئێران چۆنە؟ ئێران و ئێرانیەکان چۆن دەبینن و ئایا هیچ گرنگی بە ڕووداوەکانی دەوروبەری ئێران دەدەن؟
– ڕووداوی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وای کرد لەلایەن جیهانیانەوە گرنگی بە ئێمە بدرێت. لە ساڵی ١٩٧٨وە مانشێتی ڕۆژنامە جیهانیەکان هەمیشە ڕووداو و پێشهاتەکانی ئێران بووە. بەڵام لە هەڵسەنگاندنێکی وردتردا دەکرێت گرنگیپێدانی جیهان بە سەردەمی دوای شۆرش لە ئێراندا بۆ سێ قۆناغ دابەش بکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا لەبەرئەوەی دیاردەیەکی تازە، واتە شۆڕشێکی دینی لە کۆتای سەدەی بیستدا لە سوچێکی دنیادا ڕوویدابوو، ئێران سەرنجی ڕۆشنبیرانی وەک میشل فۆکۆی بۆ خۆی ڕاکێشا. لەم قۆناغەدا گرنگی جیهان بە ئێران زۆر زۆر بوو. لە قۆناغی دووهەمدا بەهۆی جەنگی عێراق و ئێران و کەمبوونەوەی چالاکیە ڕۆشنبیریەکان و..هتد .گرنگیدان بە ئێران لەناو ناوەندە ڕۆشنبیریەکاندا کەمتر بۆوە. قۆناغی سێهەم کە ساڵی ١٩٩١ بە سەرەتای دەزانم و بزووتنەوەی ڕیفۆرمیش بە بەشێک لەم قۆناغە ئەژمار دەکرێت، زۆر لەلایەن جیهانەوە گرنگی پێ دەدرێت و هاتووچۆش بۆ ئێران لەم قۆناغەدا زیاتر دەبێت. دیاردەی دووی ئازار و ڕیفۆرم گرنگیدان بە ئێرانی لەناو ناوەندە جیهانیەکاندا زیادکرد، کە ئەم گرنگیدانە تا ئێستاش بەردەوامە، دیارە بە هەمان ئەو ئەندازەیەی نیگەرانی بەرامبەر بە ڕووداوە ناوخۆیەکانی ئێران لە ناوەندە جیهانیەکاندا هەیە، بەهەمان ئەندازە بارودۆخی ناوخۆی ئێران لە شیکردنەوەکانیاندا نەناسراو ماوەتەوە. کاتێک ئێوە لە ئێراندا نەژین، لە ناکۆکی و ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی ئێران بێ ئاگان. ئێران وڵاتێکی پڕ لە ناکۆکی و ئاڵۆزیە کە باشترین نموونەی لاوانن کە ڕەمزی ئەم ئاڵۆزیەن. لەدەرەوە تەنیا لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا تەماشای ئێران دەکرێت، لەکاتێکدا کاتێک لە ئێرانیت و پەیوەندیت بە کەسانی دیەوە هەیە، ئاڵۆزی زیاتر دەبینیت. بۆ نموونە دەتوانیت تێبگەیت دیدی کۆمەڵگای ئێران بۆ ڕۆژئاوا جیاوازە، یان تێبگەیت چ بەشێک لە کۆمەڵگا نەریتی ماوەتەوە و چ بەشێک مۆدێرن بووە. من خۆم لەگەڵ دیدی تاکڕەهەندانە نیم بۆ بارودۆخی ئێران و هیچ وڵاتێک. چونکە نەک هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵکو ناتوانێت ئاڵۆزیەکانی ئەم وڵاتە پێشان بدات.
– بەبڕوای ئێوە هۆی ئاڵۆزی بینینی هەلومەرجی ناوخۆی ئێران لە دیدی دانیشتوانی دەرەوەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
– هۆی ئەم ئاڵۆزیە لە بینیندا دەگەڕێتەوە بۆ ئاگادارنەبوون لە هەلومەرجی ئێران. کاتێک لە دوورەوە تەماشای دیادرەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکرێت، تەنیا ڕەگەزە دەرەکیە درووستکەرەکانی دەبنینرێت، و هیچ کاتێک ڕەگەزە دروستکەرە دەروونیەکانی نابینرێت. دیارە ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە دیدی جیهانیاندا لەبارەی ئێرانەوە هەیە، چوونیەک نیە. بەشێک لەم بابەتانە بەتەواوی ئایدۆلۆژین. هەندێکی دی لەسەر پێوەری ئەخلاقی بونیادنراوون و هەندێکی دیش هەڵوێستی ڕۆشنبیرانەیان هەیە. کەواتە ناتوانرێت بگوترێت هەمووان بەهەمانشێوە سەیری ئێران دەکەن. بەتایبەتی کۆمەڵگای ئێران خۆی چونیەک و یەک ڕەنگ نیە.
– لەڕاستیدا چەند جەمسەری بوونی فەزای سیاسەت لە ئێراندا و جوڵەی هەوراز و نشێو ئاسای ڕیفۆرم لە ئێراندا، دەتوانێت هۆکارێکی گرنگی نەبوونی شیکردنەوەی گونجاو بێت بۆ بارودۆخی ئێران؟
– ئەمەش ڕاستە. بەڵام بە بڕوای من ئەوەی ئەم ڕەوتە ئاڵۆز دەکات، ڕەهەندە جیاوازەکانی مرۆڤ ناسی و بوونناسیە کە کلتوور و کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران درووست دەکات. گرنگترین مەسەلە ئەوەیە ئێران لەماوەی نێوان نەریت و مۆدێرنەدا ڕاوەستاوە، نە کۆمەڵگایەکی بەتەواو نەریتیە و نە بەتەواوی مۆدێرن. دەبێت بۆ هەبوونی دیدێکی سیاسی یان مرۆڤناسی بۆ ئێران، ئەم مەسەلانە ڕەچاو بکەین. ئێران وڵاتێکە لەنێوان نەریت و مۆدێرنەدا بە کلتوورێکی تایبەت بە خۆیەوە.
– ئێوەش وەک زۆرێک لە شیکەرەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئێران لە قۆناغی گواستنەوەدایە لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنە. بەڵام ئایا هەستناکەن لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا ڕاوەستاوین، و لەگەڵ ئەوەشدا کە دەبێت لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنە بجوڵێین، بەڵام بەم وەستانە ڕاهاتووین؟
– ئەمە ڕاست نیە. چونکە دوو جۆر جوڵە هەیە. یەکەمیان جوڵەیەکی دیاردەناسیانەیە کە بەخاوی ڕوودەدات و ئەزموون و هوشیاری ئێمە بۆ جیهان و بۆ شوناسی خۆمان دەگرێتەوە. ئەم جوڵەیە ڕوودەدات و ئەمڕۆ هەستی پێدەکەین. بە درێژای ٢٥ ساڵ کە بەسەر شۆرشی ئێرانیدا تێدەپەڕێت، ئەم جوڵەیە ڕوویداوە، نموونەشی لاوانی ئێرانین کە لە ڕووی ئارەزوو و بیروڕا و سروشتەوە جیاوازی سەرەکیان لەگەڵ دایک و باوکیان هەیە. کەوابوو جوڵە ڕوویداوە. جوڵەیەکی دووهەمیشمان هەیە کە دەکرێت بگوترێت جوڵەکانی داڕشتنی سیاسەت و ئابووریە و کۆمەڵگا لە قۆناغێکەوە دەبات بۆ قۆناغێکی دی. دیارە ئەم جوڵەیەیان کارێکی خاوترە. هەر ئەم جوڵە خاوەشە کە ئازاری ئێرانیەکان دەدات. چونکە بەرهەمەکانی ئەم جوڵەیە زۆرتر لە فەزاکانی شار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و داڕشتنی سیاسەتدا هەستی پێدەکردێت. جوڵەی یەکەم کە دیاردەناسیانەیە تەنیا لەمەودای دووردا قابیلی هەستپێکردن و بینینە، و کەسانێک دەتوانن لەم جوڵەیە تێبگەن و ببینن کە لەنێوان دوو نەوەدا ژیاون. من بەتەواوی هیوادارم و دڵنیام کۆمەڵگای ئێران لەحاڵەتی جوڵەی دیاردەناسیانەدایە و لە قۆناغێکی هوشیاری بوون بە جیهان بۆ قۆناغێکی دی هوشیاری بوون بە جیهان دەچێت.
– سەردەمێک کانت دەیگووت مرۆڤی سەردەمی ئێمە ئامادەی قەبوڵکردنی ئاشتی نیە، و دەبێت بۆ قەبوڵکردنی ئاشتی گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا بێت. پرسیاری من ئەوەیە بە سەرنجدان لە ئەزموونەکانی ئێوە لە جیهان و ڕۆژئاوا، ئایا مرۆڤی ئێرانی بە سەرنجدان لەهەموو ئەو گۆڕانکاریە دیاردەناسیانەی باستانکرد، ئامادەیی خۆی بۆ دیموکراسی و پراکتیک بوونی فەلسەفەی سیاسی دامەزراو لەسەر بناغەی دیموکراسی لە ئێراندا بەدەست هێناوە یان نا؟
– ئاماژەی کانت بۆ عەقڵە کە یاسادانەرە، و ئەم عەقڵەش عەقڵی مۆدێرنە. ئەو باسەی لە ئێراندا دەتوانین بیخەینە ڕوو، ئەوەیە ئێمە تا چ ئەندازەیەک بەم عەقڵە گەیشتووین؟ من هەمیشە ئەو مەسەلەیە لەبەرچاو دەگرم کە لەعەقڵانیەتی مۆدێرندا دەبێت جیاکاریەکی بنەڕەتی لەنێوان عەقڵئامێری و عەقڵی ڕەخنەگرانەدا بکرێت. بەبڕوای من ئێمە زۆرتر سەروکارمان لەگەڵ عەقڵئامێریدایە، بەڵام دەسەڵاتیشمان بەسەریدا ناشکێت. عەقڵئامێری تەکنەلۆژیا و بەرکەوتنی ئێمە بە دنیای زانست و تەکنیکی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە کە توانێویتی باڵادەست بێت بەسەرماندا. لەلایەکی دیەوە ئێمە هێشتا بەو پلەیەی عەقڵی ڕەخنەگرانە نەگەیشتووین کە بتوانین دەستمان بەو دابڕانە مەعریفیە بگات، کە پێداویستی گەیشثنە بەدنیایەک کە ئەفسون زەدەیە. ئەو دنیایەی ئێرانیەکان تیایدا دەژین زۆر ئەفسون زەدەیە. من بڕوام وایە ئێمە هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی پرسیاری فەلسەفی مۆدێرن لە ئێراندا بهێنینە پێشێ. ئەم پرسیارە فەلسەفیە مۆدێرنە لە ئێراندا لەلایەن هەندێک لە ڕۆشنبیران و هەروەها خۆبەخۆ لە پەیوەندیدا بە دنیای مۆدێرنەوە دەخرێنە ڕوو. ئەم پرسیارکردنە فەلسەفیە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە بیر لە شوناسی خۆمان بکەیەنەوە، و ئەوەی تا چ ڕادەیەک بەم عەقڵانیەتە مۆدێرنە گەیشتووین. ئەمە پرۆژەیەکی درێژخایەنە کە ناتوانرێت بە داڕشتنی سیاسەتی ڕۆژانە لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کار و کاردانەوەی درێژجایەن هەیە لەڕووی فکری و داهێنانی هونەری و..هتدەوە. هەروەها تا کاتێک ئەم پرۆسەیە لەدیدی خەڵکەوە بە پێویست نەزانرێت، کارێکی بێهودە دەکەین.
– بەسەرنجدان لەوەی ئەم پرۆژەیە بەشێوەی کامڵ لە ئێران جێگیر نەبووە و وەک ئاماژەتان بۆکرد ئەم پرسیارە فەلسەفیە مۆدێرنە لە جیهانی ڕۆژئاوادا لەلایەن و بەهۆی ڕۆشنبیرانەوە بووە کە خراوەتە ڕوو، ئایا دەکرێت لەئێراندا ئەم کەمتەرخەمیە بخڕێتە ئەستۆی ڕۆشنبیران، کە بە هۆی جیاواز، لاواز کاریان کردووە و بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ نەگرتووە؟
– لە کتێبی شەپۆلی چوارهەمدا گووتم لەچەند قۆناغێکدا ڕۆشنبیران ئێمە بەلاڕێدا ڕۆیشتوون، بەتایبەتی ئەو قۆناغانەی کە زۆرتر گرنگیان بەو ئایدۆلۆژیە باڵادەستانەی سەدەی بیست دەدا وەک مارکسیزم. بەبڕوای من ڕۆشنبیرانی ئێمە لەم قۆناغانەدا خۆیان کرد بە ئایدۆلۆژیست. ڕۆشنبیرانی ئێمە ئەو پرسیارە فەلسەفیەیان نەکرد، بەڵکو ئەو پرسیارەی لەخۆیان کرد ئەوە بوو کە ((چۆن بەرگری لەو هەقیقەتە ڕەهایە بکەم کە بڕوام پێیەتی)). لەکاتێکدا کاری ڕۆشنبیر بەرگریکردن نیە لە هەقیقەتێکی ڕەها. پرسیاری ڕۆشنبیری ژیانە بۆ هەقیقەت و لەپێناوی هەقیقەت و لەناو هەقیقەتدا، و ئەم هەقیقەتەش وەک ئاسۆیەکە کە بەردەوام دوور دەکەوێتەوە و بەدەست نایەت. لەبەرئەوە ڕۆشنبیرێک کە کاری ڕەخنەگرانە ئەنجام دەدات، و خاوەن عەقڵێکی ڕەخنەگرانەیە بەرگری لە یەک هەقیقەت ناکات، و ناتوانێت خۆی بکات بە ئایدۆلۆژیستێک. بەڵام لە ئێران ئەمە ڕووی نەدا، و ڕۆشنبیران بوون بە دژی تازەگەری. وەک ئال ئەحمەد کە هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژی وەردەگرێت و کتێبی غەرب زەدەگی دەنوسێت کە مانیفێستێکە نەک دەقێکی فەلسەفی. بەبڕوای من ڕۆشنبیریی لە ئێراندا لە نەوەی گەنجتری ڕۆشنبیراندا خۆی لە ئایدۆلۆژیا دوور دەکاتەوە، چونکە مەسەلەی سەرەکی لای ئەم نەوەیە کلتووری جیهانی و پەیوەندی و تێگەیشتنە لە ڕۆحی جیهان. ئەمرۆ ناکرێت ڕۆشنبیرێکی ئێرانی بیت، مەگەر ئەوەی پەیوەندیەکت بە رۆحی جیهانیەوە هەبێت. ڕۆحی جیهانی بەمانای جیهانسازی نیە، بەڵکو بە مانای بەجیهانیبوونە. سەرەتا دەبێت جیهانی بیت و لە دنیا تێبگەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت لە جیهانسازیدا بەشداری بکەیت.
– ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد بەداخەوە ڕۆشنبیریی ئێمە لەناو چنگی بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژیدا گەمارۆ دراوە، و هەورەها گووتتان ئەرکی ڕۆشنبیر گەڕانە بەدوای هەقیقەتدا، لەکاتێکدا ئەم هەقیقەتە لە دەست تاکەکەس دوور دەکەوێتەوە. ئێستا بەسەرنجدان لەوەی ئێوە بۆ پێناسی ڕۆشنبیر ئەم دووانە لەپاڵ یەکدا دادەنێن، پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا ئەو ڕەخنەیەی ئێوە لە ڕۆشنبیرانی ئێرانی دەگرن، بەمەبەستی باگهێشتکردنیانە بۆ وازهێنان لە بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژیانە، یان هەنگاوێک زیاتر دەڕۆن و وەک تیورەکەی لیوتار بڕواتان وایە لەسەردەمی کۆتای حیکایەتە گەورەکاندا، ڕۆشنبیرانی ئێرانی دەبێت لە گیرخواردن لە چنگی پۆست حیکایەتەکان ڕزگاریان بێت و بەمشێوەیە هەڵوێستێکی پۆستمۆدێرنی دەگرنە بەر؟
– هەڵوێستی من ڕوونە. من هیچ ڕەچەتەیەکم نیە و تیورەیەکم بۆ خۆم هەیە. بەڵام کەسێک کە لە وڵاتێکدا کاری ڕۆشنبیری ئەنجام دەدات، کاریگەریەکانی تاکەکەسی نیە. ئەو بارودۆخەی ڕۆژئاوا هەیەتی و یان بە دەربڕینی لیوتار ئەو بارودۆخە پۆستمۆدێرنیەی ڕۆژئاوا هەیەتی و ئەو کاریگەریانەی لەڕووی فکری و فەلسەفیەوە لە جیهانی دەکات. لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لەڕۆشنبیریی ئێراندا هەمانە، هاوکاتە. نەوەی گەنجتری ڕۆشنبیرانی ئێران کەمتر پەسەندی ئایدۆلۆژیا دەکەن، و کاری جدیتر ئەنجامدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا من هەستدەکەم مەسەلەی سەرەکی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ دەبێت پرسیارکردنی فەلسەفی بێت.
– بەبڕوای ئێوە بۆچی لە وڵاتی ئێمەدا ڕۆشنبیرانی واقعی لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن و بەبەراورد بە ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوا ناکرێت بە ڕۆشنبیری پلە یەکیان دابنێین. بۆچی لە ئێراندا ڕۆشنبیرێک گەشەی نەکردووە کە بتوانێت لەبەردەم ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوادا بۆستێت، یان تەنانەت هاوتایان بێت؟
– ئەم قسەیە ڕاست نیە. لە قۆناغی جیاوازدا ڕۆشنبیرانێکمان هەبووە کە هەوڵیانداوە گەردوونی بیر بکەنەوە. لەسەردەمی ڕەزا شادا کەسێک وەک هیدایەتمان هەیە کە هەوڵدەدات گەردوونیانە بیر بکاتەوە. لەم قۆناغەشدا ڕۆشنبیرانێکمان هەن وەک شایگان و سەید حسین نەسر کە بایەخی جیهانیان هەیە و دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆشنبیرانی وڵاتانی تردا بکەن. بەڵام من دڵنیا نیم ڕۆشنبیرانی تر بتوانن ئەم توانایەیان هەبێت، بەتایبەتی ڕۆشنبیرانی دینی کە تا هەنوکە گفتوگۆەیەکی جیهانیان نەبووە.
– ئەم گروپە لە ڕۆشنبیران کە ئاماژەتان بۆکرد هەم لەڕووی چەندایەتیەوە کەمن و هەم لە ڕووی ئاستی فکری و پێوەرە ڕۆشنبیریەکانەوە لەئاستێکی نزمدان.
– سروشتیە. ڕۆشنبیرانیش سیمایەکی ئەم وڵاتەن. ئێران وڵاتێکی پەراوێزیە. ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت لە وڵاتێکی پەراوێزی کە ناوەندێتیەکی لە جیهاندا نیە، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و یان وەرزشکارانی لە مرۆڤە پلەیەکەکانی جیهان بن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات _کە بۆ نموونە لە سینەمای ئێمەدا ڕوویداوە- بەهۆی هەوڵی تایبەتی خۆیانەوە بووە و خۆ بە خۆ ئەمە ڕوو نادات. کاتێک پشتیوانیەکی لێکۆڵینەوە بوونی نەبێت، و زانکۆ باش نەبێت، کاتێک پەیوەندی کلتووری گونجاومان لەگەڵ وڵاتانی دی نەبێت، و گفتگۆ لەنێوان ڕۆشنبیرانی وڵات و ڕۆشنبیرانی دەرەوەدا نەبێت، ئەوا بێگومان گەشەی ڕۆشنبیریش سنووردار دەبێت. ڕۆشنبیر ناتوانێت لە لە بۆشاییدا بژی.
بەبڕوای من ڕۆشنبیرانی دینی لە ڕۆشنبیرانی دی ئایدۆلۆژی ترن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویان لە شۆڕشدا و لە بەڕێوەبردنی ئێراندا. زۆر کەم کەسیان هەیە حەز بکات کار لەبارەی مێژووی ڕۆژئاواوە بکات، و بڕوایان وایە نوێنەری میراتی ئێرانن. ئەو ڕەخنەیەی ئەوان لە کەسانی وەک ئێمەی دەگرن ئەوەیە کە کەمتر کار لەسەر ئێران و مێژووی ئێران دەکەین. ڕۆشنبیرانی عەلمانی بەناچار بڕوایان بە مۆدێرنەی خۆماڵی نیە، بەڵام ئەمە بەڵگەی ئەوە نیە کە نوێنەری میراتی ئێرانی نین. بەبڕوای من هەڵەکە ئەوەیە میراتی ئێرانی بە ئیسلام یان تەنیا پێش ئیسلام و یا بە ئێرانی مۆدێرن بزانین. ئێرانی بوون واتە هەبوونی ئەم سیانە بەیەکەوە.
– لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا خەڵکی بڕوایان بە ڕۆشنبیران نیە. ئایا هەستناکەن هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆشنبیرانی دینی ئێمە لەناو بونیادی سیاسی و ئایدۆلۆژیدا گیریان خواردووە و خەڵکیش بڕوایان بەم بونیادە سیاسی و ئایدۆلۆژیە نیە. لەبەرئەوە ئەم بێ بڕواییە دەگۆێزرێتەوە بۆ ڕۆشنبیرانی عەلمانیش و بەگشتی سەرجەم ڕۆشنبیرانی ئێرانی ڕووبەڕوووی بێ بڕوای بوونەتەوە؟
– قسەیەکی ڕاستە. ئەم بێ بڕواییە شتێکە لە ئێراندا بۆ ڕۆشنبیرانی دینی ڕوویداوە. بەڵام سەبارەت بە فەلسەفە هیچ کات نابێت بێ بڕوا بین پێیی، بەڵام دەکرێت بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیا بێ بڕوا بین. خەڵک لە ئێران لە١٠ -١٥ ساڵی ڕابردوودا بێ بڕوا نەبوون بەکەسانێک کە کاری فەلسەفی دەکەن، بەڵکو زۆرتر سەرنجی ڕاکێشاوون. لەبەرئەوەی کەسانێک کە کاری فەلسەفی دەکەن، کاری ئایدۆلۆژی ناکەن. مەسەلەی سەرەکی ئەوان لە پلەی یەکەمدا فێربوونی گفتوگۆیە لەگەڵ دنیای دەرەوەی ئێراندا. ڕۆشنبیرانی دینی کە دەستیان لە سیاسەتە ڕۆژانەییەکانی ئێراندا هەیە، لەڕووی بێ بڕواییەوە، مەترسیەکی گەوەرەتر ڕوویان لێ دەکات، کاری فەلسەفیان ئەنجام نەداوە. کتێبێکیان لەبارەی بیریارێکەوە نەنووسیوە. کتێبێکیان لەبارەی لیوتار، هایدگەر، ئیدوارد سەعید..هیج نەنووسیوە. چونکە ئەم مەسەلانە سەرقاڵی فکریان پێک ناهێنێت. سەرقاڵی فکری ئەوان ئەو مەسەلانەن کە پێوەی گەورە بوون و بەبڕوای ئەوان هەر ئەمانەش مەسەلەی گرنگی ئێرانن. بەبڕوای من یەێک لەو کەموکوڕیانەی ڕۆشنبیری دینی هەیەتی، ماوەیەتی لەگەڵ ڕۆژئاوادا. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوان سەفەر بۆ ڕۆژئاوا دەکەن، دیدیان بۆ ڕۆژئاوا نەزۆک و لە زۆر ڕوەوە کەموکوڕە. لە سەردەمی خوالێخۆشبوو شەریعەتیەوە تا ئەمڕۆ کاتێک شتێک لەبارەی ڕۆژئاواوە دەنووسن، دەردەکەوێت چەمکەکان بە دروستی نازانن و سنوورەکانی زانین تێکەڵ دەکەن، و نازانن چی لە ناوەڕۆکی فکری ڕۆژئاوا بکەن.
-لەڕاستیدا ئێوە ڕەخنەتان لە مۆدێرنەی خۆماڵی و هاوشێوەکانی هەیە؟
– بەڵێ، من بڕوام بە شتێک نیە بەناوی مۆدێرنەی خۆماڵی. هەستدەکەم سەنگی خۆماڵیەکەی لە سەنگی مۆدێرنە قورسترە. کاتێک زیهنەیەتی خۆماڵی نەگۆڕێت، چەند دەزگای تەکنەلۆژیش بهێنین سوودی نیە.
– ئێستا ئێوە هەستدەکەن لە کۆتایی دەیەیەکدا کە گوتاری ڕۆشنبیرانی دینی لە ئێراندا باڵادەست بووە، و تەنانەت چۆتە ناو بواری پراکتیکیشەوە، بە درووستبوونی چەندان ئالانگاری لەم بزوتنەوەیەدا، ئەو گوتارەی ئێوە بەرگری لێدەکەن، دەتوانێت ببێت بە بان گوتارێک لەبەرامبەر گوتاری ئەواندا؟
-ئەو گوتارەی بەرگری لێدەکەم داهاتووی ئێرانە. چونکە پرۆژەیەکی فەلسەفیە و پرۆژەی فەلسەفیش هەمیشە سەروکاری لەگەڵ داهاتووی مرۆڤدا هەیە. نامەوێت بڵێم پرۆژەی ڕۆشنبیرانی دینی گرنگ نیە، بەڵکو کارەکانیان کەموکوڕە. بەبڕوای من ئەم گوتارە ناتوانێت هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ دنیای ئەمڕۆدا بکات. هایدگەر کاتێک دەیەوێت باسی پارادۆکس بکات، ئاماژە بۆ (بازنەی چوارگۆشە) دەکات و منیش بە وەرگرتن لەوەوە دەڵێم ڕۆشنبیری دینی بازنەی چوارگۆشەیە.
– پرۆسەی ڕیفۆرم بەهۆی هەڵگران و بونیادنەرانیەوە تووشی دژیەکی بووە. کەوابوو دەکرێت بگوترێت هەڵگرانی ئەم پرۆسەیە پارادۆکسی تیوری و پراکتیکیان هەیە و نەیانتوانی خۆیان یەکلا بکەنەوە و ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش سەرلێ تێکچوون و ماندووی لەناو خەڵکدا درووست بووە. ئایا ئێوە بڕواتان بەوە هەیە گۆتارەکەی ئێوە بە نەبوونی ئەم پاردۆکسانە دەتوانێت باری بزوتنەوەی ڕیفۆرم لە ئەستۆ بگرێت و هەڵگری پرۆژەی ڕیفۆرم بێت؟
– هەستدەکەم ئێمە دەبێت تەماشای سەروو ریفۆرم بکەین. ئەو پرۆژە فەلسەفیەی من باسی دەکەم و بەشی گەنجتری ڕۆشنبیرانی ئێران بیری لێدەکەنەوە، بەدوای ڕیفۆرمی زیهنی و فکریەوەیە. لایەنگرانی ئەم پرۆژەیە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ڕیفۆرمی زیهنی و فکری و پرۆژەی ڕۆشنگەری لە ئێراندا، چەندانجار گرنگترە لە بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژی و کاری سیاسی. ئەم گوتارە تووشی دژیەکی تیوری نەبووە و هەوڵدەدات دژیەکیەکان بە دروستی ببینێت و ڕیفۆرمی بکات، گرنگترین خەسڵەتیشی شێوەی بیرکردنەوە و سوودوەرگرتنە لە چەمکە فەلسەفیەکان کە کاری پێدەکات. هەوڵدەدات مانای چەمکەکان ڕوون بکاتەوە و بەمشێوەیە بەخستنەڕووی ڕوونی ئەم چەمکانە، ناکرێت بە ئاسانی بەلایدا تێپەڕین و لەڕاستیدا بەرەو پرسیارکردنی فەلسەفی دەڕۆین.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤