چیرۆک چییە؟ ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت
چیرۆک چییە؟
ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت
خوێندنەوەی: سەردەم
یەکێک لەو پرسە سەرەکیانەی کە بۆ نووسینی چیرۆک بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، ڕەنگە ئەمە بێت: “چۆن چیرۆكێکی سەرکەوتوو بنووسین؟” ئەمڕۆ بە زۆر جۆر و شێوە دەتوانین وەڵام بەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک، دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی خودی دەقی چیرۆک یەک لە هۆکارە زۆر بنەڕەتییەکانە کە وامان لێ دەکات سەرەتا بزانین چیرۆک چۆنە و پێکهاتەکەی چییە و چۆن لە زەیندا دەچنرێت و دواتریش دەنووسرێت. دیارە لە گوزەری خوێندنەوەی دەقی چیرۆکییەوە دەکرێ ئاماژە بۆ کۆڵەکە بنچینەییەکانی چیرۆک بکەین لە لایەن نووسەرانی پێشەنگ و بناغەڕۆنەرانی ئەم ژانرەوە، لەوانەش گی. دی. مۆپاسان، ئێدگار ئالێن پۆ، ئەنتۆن چیخۆف، ئۆ هێنری و… داڕێژراون، ئەم چیرۆکنووسانە بە نووسینی دەقی چیرۆکەکانیان توانییان چیرۆک وەک ژانر بچەسپێنن و چوارچێوە و ڕێسای تایبەت بە خۆیان پێ دا. پێشتر ئەوەی هەبوو حەکایەت و نەقڵ و بەسەرهاتی زارەکی بوو، ئەمان هاتن و ئەو سنوورەیان لە نێوان چیرۆک و ئەو کایانەی تردا کێشا، سەلماندیان کە چیرۆک قورستر لە هەریەک لەوانەیە و هونەرێکی تایبەتە و کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئێستا، پاش تێپەڕبوونی زەمەنێکی دوورودرێژ لەو دەستپێکە، هێشتا دەقی چیرۆکی ئەو نووسەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بن بۆ چیرۆکنووسانی ئەمڕۆ، بۆیە ئەوان سەرەتای پێشەنگایەتی چیرۆکن و هەرواش دەمێننەوە.
پاش خوێندنەوەی دەقی چیرۆکی، دووەمین هۆکار بۆ ئەوەی چیرۆک بناسین و دواتریش بتوانین دەربارەی بدوێین و شیکاری بکەین و بینووسین، خوێندنەوەیە دەربارەی چیرۆک، ئەوەش دەکرێت لە مێژووی چیرۆکەوە دەست پێ بکات، تا دەگات بەو قۆناغ و قوتابخانە تێوری و ئەدەبیانەی ئەم ژانرە پیایاندا گوزەری کردووە و تاکو گەیشتووەتە ئەمڕۆ. هاوکات وەستان لەسەر ئەو میتۆد و ڕەخنە هاوچەرخانەی بۆ خوێندنەوەی دەقی چیرۆک لە ڕابردوو و ئێستادا بەکار هێنراون و یارمەتیدەر بوون بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ژانرە. چیرۆک وەک هەر ژانرێکی دی، خاوەنی کۆمەڵێک ڕێسایە، ئەگەرچی لە ڕێڕەوی تەمەنی ئەم ژانرەدا ئەم ڕێسایانە پێیان زیاد کراوە و لێیان لابراوە، بەڵام هەندێک خاڵی بنەڕەتی هەن کە تا ئێستاش لە نووسینی چیرۆکدا چاویان لێ دەکرێ و بەهەند دەگیرێن. بە ڕەچاوکردنی ئەم تێبینییە کە لە ئێستادا ئەم ماک و توخمە بنەڕەتیانە ئەگەرچی هەمان ئەوانەی پێشوون، بەڵام لە ڕووی نیگا و ڕوانینەوە ئاڵوگۆڕی بەرچاویان تێدا کراوە. بۆ نموونە “کەسێتی” لە چیرۆکدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی چیرۆکنووسی، دەبینین بە جۆرێک لەم پێکهاتەیە ڕوانراوە و داڕێژراوە کە بۆ ئێستا زۆر جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لەو ڕاستییە کەم نابێتەوە چ لە چیرۆکی کلاسیک و چ لە چیرۆکی مۆدێرندا “کەسێتی” تۆخمێکی سەرەکییە لە چیرۆکدا و ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێت.
ئەگەر بەم سەرەتایەوە تەماشای ئەم کتێبە “چیرۆک چییە؟” بکەین، دەبینین کتێبێکە هێجگار بە نرخ و ناوازە، کتێبەکە گەشتێکە بە کۆمەڵێک ڕوانین و ئایدیای تازەدا سەبارەت بە هونەری چیرۆکنووسین لە دنیای ئەمڕۆماندا. نووسەرانی ئەم کتێبە جیاوازن و وەرگێڕی کتێبەکەش، محەمەد کەریم، وێڕای وەرگێڕانێکی ڕوون و ڕەوان، لە هەڵبژاردنی بابەتەکان و دانانیان بە تەنیشت یەکەوە، سەرکەتوو بووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا، هەم چێژێکی زۆر دەبینێ و هەم فێریش دەبێت. کتێبەکە لە “زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم”ە و لە “١٤٠” لاپەڕە و پێشەکییەکی کورت و سیانزدە بابەتی پەیوەست بە چیرۆکەوە پێکهاتووە، هەریەک لە بابەتەکانیش ئەمانەن: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟، کورتەمێژوویەکی کورتەچیرۆک، ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک، چۆن سەرەتای کورتەچیرۆک دەست پێ بکەین؟، نەنووسراوەکان و تەواونەکراوەکانی دەق، گۆشەنگیای گێڕانەوە لە چیرۆک و ڕۆماندا، ئۆرجیناڵێتی و داهێنان لە ئەدەبدا، گێڕانەوە بە شێوازی ڕابردوو لە چیرۆک و ڕۆماندا، زەمەنی ڕابردوو، زەمەنی ئێستا لە چیرۆکدا، فلاش فیکشن چییە؟، فلاش فیکشن یان کورتیلەچیرۆک چییە؟، ئەدەبی دیجیتاڵی چییە؟ و سەرچاوەکانی ئەدەبی ترسناک”. لە چەشنی ئەم جۆرە کتێبانە بۆ دنیای ئێمە زۆر گرنگن، دنیایەک کە چیرۆک تێیدا لە پاشەکشێیەکی خێرادایە و نووسەرانێک کە ڕۆژانێک چیرۆکیان نووسیوە، ئێستا تاویان داوەتە وەرگێڕان و نووسینی ڕۆمان و هەندێک بابەتی تر، نەوەی تازەش زیاتر بە شیعرەوە سەرقاڵن و هەردوو بارەکەش بە زیانی چیرۆک کەوتووەتەوە. ئەم جۆرە کتێبانە دەتوانن ئیعتبارێک بۆ ئەم ژانرە بگێڕنەوە و تێگەیشتنێکی بەرینتریش لە دنیای تاکڕەهەند و بچووکی ئێمەدا لەمەڕ چیرۆک، بسازێنن.
ژێرناوی ئەم کتێبە “ئەوەی پێویستە چیرۆکنووس بیزانێت”ە، بەڵام خوێندنەوەی وردی کتێبەکە دەتوانێت لەوە واوەتر بڕوات و بڵێت: “ئەوەی پێویستە هەموو خوێنەرێکی چیرۆک بیزانێت”. چون لەم کتێبەدا کۆمەڵێک چەمک و لایەنی پەنهان و سەرەنگرێ سەبارەت بە هونەری چیرۆک خراوەتە ڕوو، کە خوێنەران لە ڕێیەوە دەتوانن باشتر لە خوێندنەوەی چیرۆک کەڵک وەربگرن و چێژ ببینن. لە سەرەتادا، باس لەو گرفتە زۆر بنەڕەتییە کراوە کە ئەمڕۆ برەوی هەیە و لای ئێمەش، لەناو ناوەندی ڕۆشنبیری کوریدا زیاتر زەقە، ئەویش هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە بە قسەی هەلەقومەلەق لەبری تێور و میتۆدی زانستی، ئاشکرایە کە لەمە چ تەپوتۆز و پاشاگەردانی و پشێوییەک لەم هەنگامەیە کەوتووەتەوە، هەر کەس هەڵدەستێت لە جێی خۆیەوە و بە ناوی ڕەخنەوە، شەلم کوێرم دەکات، سانا ئەم دەق هەڵدەنێ و ئەو دەق دەسڕێتەوە، بێ ئەوەی پێمان بڵێت بۆ، بێ ئەوەی پاساوی قەناعەتپێکەری پێ بێت، هەر لێرەدا نائامادەیی ڕەخنە لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە دەردەکەوێت. دیارە ئەو مەسەلەیە، “نەبوونی ڕەخنە” ساڵانێکی زۆرە دەگوترێتەوە و بووەتە بە کڵێشە و تەواو بێتام بووە، لەبری ئەوە ئیتر پێویستە بێدەنگ بین و لەو پێناوەدا کار بکەین. کتێبی “چیرۆک چییە؟” وەڵامە بەو مەسەلە سواوە، هەر لە پێشەکییەکەیدا دەیەوێت بڵێت هەر قسەکردنێک لەسەر ئەدەبیات بێ بوونی پاشخانێکی فەرهەنگی و مەعریفی، قسەکردنێکی گۆترەکارانە و نازانستییە.
بەشێکی تر لە کتێبەکە پرسێکی زۆر گرنگە: “چۆن ئالوودەی چیرۆک بووین؟ بۆچی مرۆڤ پێویستی بە چیرۆکە؟” وەڵامدانەوە بەم دوو پرسە جەوهەرییە دەتوانێت چییەتیی و گرنگی ژانری چیرۆک بەیان بکات، لە درێژەی باسەکەدا و بە گەڕانەوە بۆ کۆنترین داستانی ناوچەکە، یان بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستان لەسەر دەقی “گلگامێش” کە نموونەی “ئەمەکدارییە لە هاوڕێیەتیدا” تا ناوبردەکردنی دەقە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ دەپشکنێت، باس لە گرنگیی گێڕانەوە دەکات کە چۆن دەتوانێت یارمەتیدەری ئینسان بێت لە خۆناسی و دەوروبەرناسیدا، ئەگەر ڕۆژانێک و ساڵانێکی دوور ئەندامانی خێزان بە دیار ئاگردانەوە دادەنیشتین و گوێیان بۆ حەکایەتەکانی باپیرە و داپیرە و باوکان و گەورەکان دەگرت، ئەمڕۆ چیدی وەها کارێک باوی نەماوە و خوێنەری چیرۆک، لە قوژبنێکدا و بەتەنیا، دادەنیشێ و سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی بەردەستی دەبێت، چیرۆکێک کە چەندی پێ بڵێت، ئەوەندە و پتریش دەخاتە ئەستۆی.
کورتەمێژووی کورتەچیرۆک لە نووسینی “ولیام بۆید” لەو بەشە بەپێزەی ئەم کتێبەیە کە خوێنەر بە شێوەیەکی خێرا و پوخت گەشتێک بە مێژووی ئەم ژانرە لە سەدەی نۆزدەوە بۆ ئەمڕۆ دەکات. لە کۆتایی ئەم گەشتەدا دەگات بە دەرئەنجامێکی سەرنجڕاکێش و دەنووسێت: “زەوق و سەلیقەی خوێنەرانی چیرۆک ئەگەرچی زیاتر لە سەدە و نیوێک بەسەر سەقامگیربوونی ئەم فۆرمەدا تێپەڕ بووە و سەرەڕای گۆڕانکارییە پێشبینینەکراوەکانی ئابووریی پیشەسازی چاپ، هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کەمی نەکردووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووی نەستی زیهنیی ئێمە سەبارەت بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە گێڕانەوەی کورت.”
بابەتێکی تری ئەم کتێبە “ڕەگەزەکانی کورتەچیرۆک”ە، لەم بەشەدا شانزدە ڕەگەز بە شێوەیەکی زۆر برووسکەیی و ناوازە خراونەتە ڕوو، کە ئەوانیش: “پڵۆت، بابەت، ناوەڕۆک، کارەکتەر و کارەکتەردروستکردن، گۆشەنیگای گێڕانەوە، گرێچن، شوێنکات، دیالۆگ، تۆن، فەزا- ئەتمۆسفیر، زمان، کات، شوێن، ڕووداو، شێواز- ستایل و تەکنیک” ئەم ڕەگەزانە مەرجی نووسینی هەر کورتەچیرۆکێکی سەرکەوتوون، هەرچەن دەبێت ئەم تێبینییە بڵێین، کە مەرج نییە لە چیرۆکێکدا پێکڕا و هەموو ئەم ڕەگەزانە هەبن، بە واتایەکی تر: دەکرێت لە چیرۆکێکدا تەنیا یەکێک لەم ڕەگەزانە تۆخ دەربکەوێت و ئەوانی تر کاڵ و لاوەکی بن. هەر بۆ نموونە: چیرۆکی “پیاوکوژان”ی ئێرنیست هەمنگوەی لەو چەشنە چیرۆکانەیە کە ڕەگەزی “دیالۆگ” تێیدا تۆخ و بەرچاوە.
ناکرێت سەرلەبەری هەموو بەشەکانی کتێبەکە بەسەر بکرێتەوە و باشترە خوێنەر بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە، بەڵام وەک دواخاڵ باس لە یەکێک لەو سیستەمە ناوازانە دەکەین کە لەم کتێبەدا سەبارەت بە چیرۆک پێشکەش کراوە، ئەم سیستەمە بە “سیستەمی «ئێستا – لێرە – من»” وەسف کراوە. بە کورتی سیستەمەکە وەها ڕوون کراوەتەوە: هەر چیرۆکێک، ئەگەر لە ڕابردووی هێجگار دووریشدا نووسرابێت و کاتێک بێتە بەردەستی ئێمە لەمڕۆدا، دەچێتە خانەی ئەو سیستەمەوە، بۆ نموونە چیرۆکی “پشیلە ڕەشەکە”ی ئێدگار ئالێن پۆ، ئەگەرچی لە مێژوویەکی کۆندا نووسراوە، بەڵام کاتێک دەیخوێنینەوە، ڕووداوەکانی ڕاستەخۆ هەر دەڵێی “ئێستا” و “لێرە” و لە لایەن “من”ەوە دەگێڕدرێنەوە و ڕوو دەدەن. ئەمە دەکرێت بۆ هەموو چیرۆکەکانی دنیاش ڕاست بێت، هەر خودی ئەم نوختەیەشە کە وا دەکات چیرۆکی سەرکەوتوو و نەمر بتوانێت ساڵ و سەدە تاریکەکان ببڕێت و مرۆڤی ئەمڕۆیی، بە هەموو گرفت و گۆڕانکارییەکانی کە بەسەری هاتوون و دێن، بدوێنێت.