خۆشەویستی سەرەتا بە گڕوتینێکی زۆرەوە، وەک ڕوبارێکی بەخۆڕ دێت و دەستپێدەکات، پاشان بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان و ساڵەکان، وردە وردە گڕو تینەکەی یەکەمجاری نامێنێت و خامۆش و خاو دەبێتەوە. ئەمە سونەتی ژیان و سروشتی شتەکانە. حیرمان، یان پێکنەگەیشتن، تەنها شتە، بتوانێت گڕو تینی خۆشەویستی بە بەهێزی بهێڵێتەوە و تەحەدای زەمەن بکات. هەرچی بەیەکگەیشتنە ـ وێال ـ بە تایبەت ژیانی پێکەوەیی هاوبەش و بەردەوام، دەبێتە هۆکاری خامۆشبووونی گڕو تینی خۆشەویستی، دەبێتە هۆکاری کوژانەوەی خۆشەویستی، هەڵوەرینی خۆشەویستی. جێگای داخە خۆشەویستیش هەڵدەوەرێت، وەک هەڵوەرینی گوڵەکان. بۆچی گوڵە جوانەکان هەڵدەوەرێن؟ بۆچی ژیان زۆر بەخێرایی دەڕوات و دەبێت بە هەڵم؟ کەی نووسەری ئەم دێڕانە دەگات بە فریشتەکانی ئاسمان؟

ئا بەم شێوەیە، پەیوەندییە بەناوبانگەکەی نێوان گالا و شاعیری فەرەنسی پۆل ئێلوار، دوای چەندین ساڵی پڕ خۆشەویستی و گونجان و ناکۆکی،  کۆتایهات. گالا کە خانمێکی روسی شۆخ و شەنگ بوو، لە قوڵایی ناخییەوە بە شوێن پەیوەندییەکی تازەدا دەگەڕا، یان راستتر بە شوێن بلیمەتێکی دیکەی تازەدا دەگەڕا. لەم گەڕانەیدا کەسێکی دیکەی دۆزییەوە کە دێوانەییەکەی هیچی لەوەی پۆل ئێلوار کەمتر نەبوو، ئەمە ئەگەر زۆر لەوەی ئەو زیاتر نەبوو بێت. ئەو کەسە سلفادۆر دالی بوو. بەڵام دالی جارێ نەبوو بوو بەو دالییەی کە دەیناسین، ئەو تەنها گەنجێکی شەرمنی گێلۆکەی نەناسراو بوو، هێشتا بلیمەتییەکەی دەرنەکەوتبوو، نە کرابوەوە. لە ئیسپانیاوە بۆ گەڕان بە دوای ئیلهام و ناوبانگ و دەوڵەمەندیدا، هاتبووە پاریس. زۆر هەژارو لات و دەستکورت بوو، لانی کەم لە دووری شەست کیلۆمەترەوە، بۆنی هەژاری و نەبوونی لێوە دەهات. دالی شەرمی لە بارودۆخی خۆی و لەو هەژارییە گەورەیەی خۆی دەکرد. ئەو گەنجێکی ئیسپانی بوو، بە پانی و درێژی شەقامەکانی پاریسدا دەهات و دەچوو، بێ ئەوەی هیچ شتێک لە گیرفانەکانیدا هەبێت، تەنها ئەو بلیمەتییە شاراوەیە نەبێت کە جارێ نەتەقیبووەوە. ئا لەو کاتەدا، لەناکاو گالا دێت، تا پزیسکی ئەو بلیمەتییە خەبەرکاتەوە و داگیرسێنێت کە لە ناوەوەی سلفادۆر دالی دا بوو. سەروەختێک لەو شۆخە روسییە دەپرسن بۆچی ئەو گەنجە لات و هەژارەت هەڵبژارد؟ وەڵام دەداتەوەو دەڵێ: چونکە من دەمودەست هەستم کرد ئەو بیلمەتە!

گالا وەک ئەلیسا، وەک شۆخە روسییەکانی دیکە، بە دوای ناوبانگ و بلیمەتەکاندا دەگەڕا. گالا وڵات و خانەوادەکەی خۆی، تەنها لەبەر جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی بەلشەفیک بەجێنەهێشت، بەڵکو بەدوای تەحقیقکردنی خودی خۆی و ئەنجامدانی شتێکدا دەگەڕا کە قەرەبووی لەدەستدانی خێزان و نیشتیمان و خزم و ناسیاوەکانی بۆ بکاتەوە. بەم جۆرە گالا بە درێژایی ساڵە سەخت و دژوارەکان، ساڵانی حیرمان و ئێش و ئازارو هەوڵدان بۆ گەیشتن، بووە هاودەمی سلفادۆر دالی. چی هەوڵ و توانای خۆی هەبوو خستییە گەڕ، تا قەناعەت بە ئەندرێ بریتۆن بێنێت، دالی لە گروپی سوریالییەکان وەربگرێت. لە ئەنجامدا دالی لەو گروپە وەرگیراو چووە ریزەکانییەوەو کارە سەرەتاییەکانی خۆی پێشکەش کردن. ئا لێرەوە وردە وردە، دالی لە مۆتەکەی ترسە ئەزەلییەکەی خۆی لە هەژاری و نەبوونی رزگاری بوو. تا وایلێهات ناوبانگی دەرکردو بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین هونەرمەندەکانی جیهان. تابلۆکانی لە پاریس و نیۆیۆرک و زۆرێک لە پایتەختەکانی دیکەی جیهان، بە سەدان هەزار یان بە مەلاین دۆلار دەفرۆشران. ئا بەم جۆرە سلفادۆر دالی گەشتە ترۆپکی نەمری. هەمو ئەوەش لە ڕێگەی بلیمەتییە لە رادەبەدەرەکەی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هۆی کۆمەک و پاڵپشتی گالاو هاندانە بەردەوامەکانی گالاوە بوو بۆ دالی. لەبەر ئەمەیە دالی وتەیەکی ناوداری هەیەو دەڵێ: (ئەگەر گالا نەبوایە، من هیچ نەبووم، گالا ئۆکسجینی منە). بەمەش ئەو وتە بەناوبانگەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت کە دەڵێ: لە پشت هەر پیاوێکی مەزنەوە، ئافرەتێک هەیە.

وەلێ کاتێک دالی دەگاتە ئەوەی دەیویست، دەگات بەوەی مەبەستی بوو، دەست دەکات بە وڕێنە و لە دیوانەییەکەیدا دەبێتە کەسێکی خڵەفاو و توندڕەو، کەس نازانێ ئایا ئەو خەڵەفاو و توندڕەوییەی، بە دەستی ئەنقەست وای لە خۆی دەکرد یان هەر بە راستی خڵەفا بوو؟ تەماشای وێنە بەناوبانگەکەی بکەن، چۆن بە دەستی ئاماژەی کردووە و سمێڵەکانی کە لە داس دەچن لوول دەدات و بێ هۆکارێکی زانراو، هاوار دەکات و ترس دەخاتە دڵی هەموو ئەوانەی لەسەر مێزی نانخواردنەکە لە دەوروبەری دانیشتوون. بگرە مەسەلەکە دەگاتە ئەو ئاستەی، لە یەکێک لە ئێوارە دانیشتنەکاندا، بە ئاشکرا، ستایش و مەدحی هێتلەر و فرانکۆ دەکات! ئا لەو ساتەوەتەدا، ئەندرێ بریتۆن زۆر بە خراپی لە گروپی سوریالییەکان دەریدەکات.

ئاراگۆن و ئەلیسا

بۆ یەکەمجار ئاراگۆن و ئەلیسا کەی بەیەک گەیشتن؟ یان راستتر ئەلیسا کەی گەیشت بە ئاراگۆن؟ چونکە ئەوە ئەلیسا بوو بە شوێن ئەودا دەگەڕا، ئەوی دەویست، بە دوایەوە بوو. لەو کاتەدا ئاراگۆن لە ئەوجی گەنجییەتی و لە ترۆپکی بلیمەتییەکەیدا بوو، شازادەی شاعیرەکان بوو. باڵا بەرزو قۆز بوو، ئافرەتان لە هەمو لایەکەوە دەورەیان لێدابوو. ئاسان نەبوو بۆ ئەو شۆخە روسییە پەناهەندەیە (ئەلیسا)، ڕیزەکان ببڕێت و بگاتە دڵی ئاراگۆن. ئەمە جگە لەوەی ئاراگۆن تازە بە تازە، لە چیرۆکێکی خۆشەویستی گەورە، لەگەڵ خانمێکی ناسراوی ئەمریکی کە ناوی نانسی کۆنار بوو، هاتبووە دەرەوە. ئاراگۆن لەو چیرۆکەدا بە تێکشکاوی، پەرێشانی و دڵێکی بریندارەوە هاتبووە دەرێ. ئاشکرایە خۆشەویستی پێشتر، بە ئاسانی لە دڵ دەرناکرێت، ماوەی پاکژبوونەوە لەوانەیە درێژە بکێشێت، لەوانەشە کورت بێت، خۆشەویستی زۆرجار لە دوای خۆیەوە برینێک یان ئازارێک بەجێدەهێڵێت، زەحمەتە تیمار بکرێت یان ساڕێژببێت. خۆشەویستی گەورە دەگمەنە و نرخەکەشی هێجگار قورسە: واتە دەبێت نرخەکەی بە نەقدی بدەیت. خۆشەویستی یارییەکی ئاسان نییە، گەمەیەکی زۆر ترسناکە، براوە تێیدا دۆڕاوە! راستە خۆشەویستی لەسەرەتادا تامی هەنگوینی لێدێت، لێ لەوانەیە لە کۆتاییەکەیدا تامێکی تاڵی لێبێت.

ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرو هونەرمەند هەیە، لە پێناو چیرۆکی خۆشەویستیدا خۆیان کوشتووە. بەڵام ئاراگۆن کە شانازی بە قۆزی و گەنجی و بلیمەتییەکەی خۆیەوە دەکرد، لەو کەسانە نەبوو کە بە یەکەم لێدان بکەوێت و چیتر هەڵنەسێتەوە. ئایندە لە بەردەمیدا بوو، دەرفەتی ناسینی ئافرەتی دی زۆر بوو. کێ چوزانێت؟ لەوانەیە خۆشەویستی لەوێوە بێت کە دەیزانین و ئاگامان لێیەتی یان نایزانین و ئاگامان لێی نییە، زۆرجار لەوێوەدێت کە نایزانین و ئاگامان لێی نییە:

خەم هەردوکمان پێکەوە

دەتوێنێتەوە و

ئازارمان دەدا

بێ ئەوەی بزانین

یان ئەو پێمان بزانێت

خۆشەویستی لەو کاتەدا نایەت کە ئێمە دەمانەوێت یان هیوادارین بێت یا بەو پەڕی پێداگرییەوە لێیدەپاڕێینەوە بێت. خۆشەویستی کاتێک دێت کە خۆی دەیەوێت، لە غەفڵەتێکی رۆژگاردا دێت کە نامانەوێ بێت یان هەرگیز چاوەڕوانمان نەکردووە بێت. بەڵام کاتێ کە دێت، وەک پاشایەک دێت و خۆی فەرز دەکات و هیچ بێنە و بەردەیەکێشی ناوێت. کێ دەتوانێت رێگری لە چیرۆکی خۆشەویستی بکات؟

لەو ئێوارە جوانەدا، لە یەکێک لە چاخانەکانی پاریس کە دەکەوێتە ناوەڕاستی رێگای نێوان (مۆنبارناس) و (بۆر رۆیاڵ)، لویس ئاراگۆن مەوعیدی لەگەڵ چارەنوس دا هەبوو، مەوعیدی لەگەڵ گەورەترین چیرۆکی خۆشەویستی لە ژیانیدا هەبوو. کاتێک ئاراگۆن دەچێتە ناو چاخانەی (لاکلۆزی دو لیلا)، واتە بێستانی (گوڵە لەیلەک)، ئەلیسا لەسەر کورسییەک دانیشتووە، وەک بڵێیت چاوەڕێی ئاراگۆن دەکات. بەیەکگەیشتنێک رێکەوت سازیکردووە، بێ هیچ رێکخستن و مەوعیدێکی پێشوەختە، بەڵام وا دیار بوو کە ساڵانێکە کار بۆ رێکخستنی ئەو بەیەکگەیشتنە کرابێت:

لە دەروازە سورەکەدا

 یەکترمان بینی

بێ مەوعید، چەند خۆشە

یەکتر بینی

هەرچۆنێک بێت، هەندێ مەوعیدی نهێنی هەیە، نە پێیدەزانین و نە ئاگامان لێیەتی، لە دەرەوەی ئیرادەمان دروست دەبێت، وەلێ وا دەردەکەوێت وەک ئەوەی لە مەوعیدە راستەقینەکان، حەقیقیتر و چارەنوسسازتر بێت. چونکە دەستی قەدەر، بمانەوێت یان نەمانەوێت، بۆ ئەو مەوعیدە پەلکێشمان دەکات. لە نێوان ئەو مەوعیدانەدا، ئەو بەیەکگەیشتنە بوو کە لە نێوان شاعیری مەزنی فەرەنسا و ئەلیسا تریۆلیە روویدا. ئاراگۆن کە لەگەڵ دوو هاوڕێی لە گروپی سوریالییەکان، بە شەقامەکاندا دەسوڕانەوە، لە ناکاو ڕادەوەستێت و دەڵێت: بۆچی نەڕۆین بۆ ئەم چاخانەیە و شتێک بخۆینەوە؟

لەو کاتەدا ئەلیسا، بێزار ببوو لە مانەوەی لە فەرەنسا، نا ئومێد ببوو لەوەی راوی پیاوێکی دیکە بکات کە مانای هەبێت. بگرە جانتاکانی پێچابوەوە و بە نیازی گەڕانەوە بووە بۆ مۆسکۆ. لە ناکاو لە ژورەکەیدا قیتدەبێتەوە، دێتە دەرەوە و بە شەقامەکانی پاریسدا دەسوڕێتەوە، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت و ئاگای لە خۆی بێت، قاچەکانی دەیهێننەر بەردەم ئەم چاخانە جوان و قەشەنگ و زۆر بەناوبانگە. گالا دەیەوێت کەمەکێک پشو بدات و جەوێک بگۆڕێت و بیر لە چارەنووس و ئایندەی خۆی بکاتەوە: ئایا لە فەرەنسا بمێنێتەوە یان بگەڕێتەوە بۆ روسیا؟

وتمان ئەو چاخانەیە، چاخانەیەکی بەناوبانگ بووە، چونکە کاتێک لەسەر کورسییەکانی دادەنیشیت و تەماشای مێزەکانی بەردەمت دەکەیت، دەبینیت ناوی گەورە شاعیرانی فەرەنسا و هونەرمەندەکانی، لەسەر تەختەی مێزەکان هەڵکۆڵراون، ئا لێرەدا بۆدلێر یان ڤێرلین دانیشتووە، ئا لەوێدا سارتەر یان سیمۆن دو بۆڤوار دانیشتووە، لە شوێنێکی دیکەدا بریتۆن و ئاراگۆن و ئێلوار دانیشتوون… هتد. ئەو چاخانەیە تا هەنووکەش هەر ماوەو هەر کاتێک ویستت دەتوانی سەردانی بکەیت، دەتوانیت ئەو سوچ و گۆشە و شوێنانە ببینیت کە گەورە ئەدیبەکانی فەرەنسا و شاعیرو داهێنەرەکانی، تێیدا دانیشتوون. ئا بەم جۆرە ئەو بەیکگەیشتنە مێژوییەی نێوان شاعیری سوریالی و شۆخە روسییەکە روویدا، بەیەکگەیشتنێک کە بەناوبانگترین چیرۆکی خۆشەویستی، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، لێکەوتەوە. ئەوە چیرۆکی مەجنوی ئەلیسا بوو، لەسەر هەمان شێوەی چیرۆکی مەجنونی لەیلێ. ئاشکرایە دوای جەنگی ئیمپریالیزم بۆ سەر جەزائیر کە ئاراگۆن بە تووندی ئیدانەی کردووە، ئەم شاعیرە گەورەیەی فەرەنسا، ستایشی مەزنی شارستانیەتی عەرەبی دەکات و بە جۆرێک سەرسام بووە بە لەلیلێ و مەجنون، خۆی ناو ناوە مەجنونی ئەلیسا! بگرە دیوانێکی بەناوبانگی بەو ناوەوە بڵاوکردووەتەوە. ئەمە مانای وایە ئەفسانەی عاشقە عەرەبەکە، بە درێژایی چەندین سەدە بە زیندویی ماوەتەوە. بگرە لەوەش زیاتر گواستراوەتەوە بۆ شارستانییەت و کەلتوورە جیاواز جیاوازەکان. هەر بە زیندویش دەمێنێتەوە، مادام دڵ لە سەرتاپای گۆی زەویدا بەردەوامە لە ترپە و لێدان. کەواتە نەمری و مانەوە بۆ خۆشەویستی: بۆ لەیلای ئازیز و مەجنونی مەزن:

ئەی دڵ تۆ پەیمانت پێ نەدام

ئەگەر من لەیلام بەجێهێشت

تۆش من بەجێبێڵی

ئەوەتا من خۆشەویستی لەیلام بەجێهێشت

تۆ چیت لێهاتووە

هەر کە ناوی لەیلا دەبم

دەتوێیتەوە.

تێبینی: دێڕە شیعرەکان بە کەمەکێک دەستکارییەوە کراون بە کوردی.

سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسگ ژمارە 14390، یەک شەممە، 22 نیسان، 2018

ناردن: