عه‌لی بن مه‌خلوف: فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی به‌شێكی بنچینه‌ییه له میراتی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی
عه‌لی بن مه‌خلوف: فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی به‌شێكی بنچینه‌ییه له میراتی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی
نووسینی: هاشم ساڵح
له عه‌ره‌به‌ییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
عه‌لی بن مه‌خلوف یه‌كێكه له پسپۆڕه گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی: واته فه‌لسه‌فه‌ی فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئه‌وانی دیكه. هه‌روه‌ها یه‌كێكه له پسپۆڕه گرنگه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا، به تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی شیكارگه‌رایی یان فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزمی لۆژیكی له‌سه‌ر شێوازی برتراند ڕاسڵ و گۆتلیب فریج و فه‌نگنشتاین… هتد. ئه‌وه له قورسترین جۆره‌كانی فه‌لسه‌فه‌یه و له هه‌مویان زیاتر ئاڵۆزتره.
لێره‌وه بن مه‌خلوف نه‌مری فه‌لسه‌فی، له هه‌ردوو لایه‌نی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپییه‌وه به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و بووه‌ته پردێك له نێوان دوو شارستانییه‌ت یان دوو كه‌نار، جا له‌به‌ر ئه‌و سیفه‌ته‌ی، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه له سازدانی چه‌ندین كۆڕبه‌ندی گه‌وره له نێوان دوو ده‌زگای گه‌وره‌دا كه بریتین له: ده‌زگای شا عه‌بدوڵڵا ئال سعود بۆ توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان له مه‌غریب و ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ فه‌لسه‌فه له پاریس. له‌م كۆڕبه‌ندانه‌وه كه ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و ڕۆشنبیرانی فه‌ڕه‌نسی و ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپی به‌گشتی به‌شداریان تێداكردووه، پێنج جه‌ڵد كتێب به‌رهه‌مهاتووه و گفتوگۆكان له‌خۆده‌گرێت. ئه‌م پێنج جه‌ڵده بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: عه‌قڵ و مه‌سه‌له‌ی سنور كه پێویسته له سنوری خۆیدا ڕاوه‌ستێت.
دووه‌م: ڕێگاكانی فه‌لسه‌فه‌ی جیهانی و وێڵگه‌كانی.
سێیه‌م: گواستنه‌وه یان گه‌شتكردنی تیۆره فه‌لسه‌فییه‌كان له جیهانێكه‌وه بۆ جیهانێكی دیكه.
چواره‌م: ئایا ڕاسته هه‌مو شتێك ڕێژه‌ییه؟
پێنجه‌م: یاسا و به‌شداری سیاسی.
ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دی عه‌لی بن مه‌خلوف، له خۆرئاوا، هه‌وڵێكی زۆری خستووه‌ته‌گه‌ڕ، تاكو ئیعتیبار بۆ فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی و فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی عه‌ره‌ب، بگه‌ڕێنێته‌وه. مه‌به‌ستمان كندی، فارابی، ئیبن سینا، ئیبن توفیل، ئیبن ڕوشد، ئیبن باجه… هتد. ئه‌و فه‌یله‌سوفانه، بوونه‌ته قوربانی دابه‌شكارییه ناڕه‌وا و زاڵمانه‌كه‌ی مێژووی فیكر. ئاخر كتێبه‌كانی خۆرئاوا، له لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون و فه‌یله‌سوفه‌كانی دیكه‌ی یۆنان، پێش 2500 ساڵ، یه‌كسه‌ر باز ده‌ده‌ن و دێنه سه‌ر لێكۆڵینه‌وه له دیكارت. ئه‌وان به‌م بازدانه، باز به‌سه‌ر كۆی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌ده‌ن: واته باز به‌سه‌ر هه‌زار ساڵ له ته‌مه‌نی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ده‌ن. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا، نابێت به سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئیسلامی یان عه‌ره‌بی، بگره ئه‌و ماوه‌یه سه‌ده زێڕینه‌كانی عه‌ره‌به! كێشه‌كه ئالێره‌دایه. وه‌لێ پێویسته ددان به‌وه‌دا بنێین، ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه ئه‌وروپییه بۆ مێژووی فیكر، ته‌نها زوڵم له فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی ناكات، به‌ڵكو زوڵم له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌سیحی و جووله‌كه‌ش ده‌كات كه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا له ئارادابوون. واته فه‌لسه‌فه‌ی قه‌دیس تۆما ئه‌كوینی و موسی بن مه‌یمون، ئه‌مه‌ی دوایین شاكاره نایابه‌كه‌ی “دلالة الحائرین”ی به زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه و دواتر وه‌رگێڕدراوه بۆ سه‌ر زمانی عیبری.
ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه، مانای ئه‌وه نییه، جیاوازی نییه له نێوان فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌كانی مۆدێرنه. له ڕاستیدا له نێوان ئه‌و دوو فه‌لسه‌فه‌یه‌دا، جیاوازییه‌كی بنچینه‌یی هه‌یه. بۆ ئه‌و جیاوازییه، نمونه‌ی ئه‌و دابه‌شبوونه دووانه‌ییه‌ی نێوان ئیمان و عه‌قڵ یان نێوان ئاین و فه‌لسه‌فه ده‌هێنینه‌وه. ئه‌م دابه‌شبوونه، دابه‌شبوونێكی نوێیه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می دیكارت، له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا دابه‌شبوونی له‌و جۆره نه‌بووه و نه‌زانراوبووه. به‌لای فه‌یله‌سوفه ئیسلامییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه، هه‌روه‌ها به‌لای فه‌یله‌سوفه مه‌سیحی و جووله‌كه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه، عه‌قڵ بریتی بووه له په‌روه‌ردگار، یان بڵێ ڕاسته‌وخۆ له یه‌زدانه‌وه ده‌رچووه و عه‌قڵ بۆ خۆی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه. به‌ڵام به‌لای دیكارت و ئه‌وانه‌شی دوای ئه‌و دێن، عه‌قڵ له خودی مرۆڤه‌وه ده‌رده‌چێت و سه‌ربه‌خۆیه. ئالێره‌وه دروشم یان كۆجیتۆ به‌ناوبانگه‌كه دێته‌ئاراوه: “من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م”. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه فه‌لسه‌فه، له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، ته‌نها خزمه‌تكاری ئاین یان زانستی تیۆلۆژیا بووه. به‌ڵام فه‌لسه‌فه له سه‌ده‌كانی مۆدێرنه‌دا، له‌و ملكه‌چبوون و پاشكۆبوونه ڕزگاری بووه و سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرتووه. جیاوازی نێوان سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌ده‌كانی مۆدێرنه ئالێره‌دایه.
به‌ڵام ئه‌و شته‌ی لای فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب، سه‌یره و جێگای تێڕامانه، ئه‌وه‌یه ئه‌وان ڕێزیان له حه‌قیقه‌ت گرتووه، له هه‌ر لایه‌كه‌وه هاتبێت یان له كوێ دۆزیبێتیانه‌وه. ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دابوون ده‌بێت سود له مه‌عریفه وه‌ربگرین، ئه‌گه‌رچی ئه‌و مه‌عریفه‌یه، له لایه‌ن گه‌لانی بیانی و گه‌لانی نامۆ به ئێمه‌وه هاتبێت، بگره ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن گه‌لانی ناموسڵمانه‌وه هاتبێت. ئه‌وه‌تا كندی فه‌یله‌سوف ده‌ڵێت: “پێویسته له‌سه‌رمان حه‌قیقه‌ت له هه‌ر كه‌سێكه‌وه بێت وه‌ربگرین، سا ئه‌و كه‌سه له قه‌ومه‌كه‌ی خۆمان بێت یان نا”. له چوارچێوه‌ی ئه‌م دیدگا فراوانه‌وه، ده‌بینین كتێبه‌كه‌ی فارابی “كتاب الملة” واته “كتێبی دین”، هیچ قسه وتنێك یان هێرشێك یا ته‌كفیرکردنێكی بۆ ئاینه‌كانی دیكه له خۆ نه‌گرتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان عاده‌ته‌ن ده‌یكه‌ن. نه‌خێر، كتێبه‌كه‌ی فارابی هه‌رگز شتێكی له‌و جۆره‌ی له‌خۆنه‌گرتووه و به ته‌واوه‌تی خاڵییه له ڕۆحی تائیفی، ڕۆحێك له بیركردنه‌وه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا باڵاده‌ست بوو. لێره‌وه فارابی له دیدێكی فه‌لسه‌فه‌ی ڕووته‌وه، قسه له‌سه‌ر دین یان له‌سه‌ر كۆی دینه‌كان ده‌كات و به‌چاوێكی یه‌كسان له هه‌مویان ده‌ڕوانێت. له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی فارابی، جێگای سه‌رسوڕمانه و زۆر پێش كاتی خۆی بووه. ده‌كرێت هه‌مان شت سه‌باره‌ت به ئه‌بی عه‌لای موعه‌ڕی بووترێت كه یه‌كێكه له بلیمه‌ته‌كانی ڕۆژگار.
هه‌نووكه ئه‌م پرسیاره ده‌خه‌ینه‌ڕوو: فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب، چۆن چۆنی پاساویان بۆ وه‌رگرتنی زانست له فه‌یله‌سوفانی یۆنان هێناوه‌ته‌وه؟ سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره، عه‌لی بن مه‌خلوف ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، به‌و پێیه‌ی داناییه/ حیكمه‌ته نه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه، بڵاوبووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه وشه‌ی حیكمه‌ت، به گوێچكه‌ی عه‌ره‌بی غه‌ریب و نامۆ نییه. بگره وشه‌كه ته‌واو عه‌ره‌بییه. ئیمه كه ئه‌مه ده‌ڵێین، ده‌زانین وشه‌ی “حكیم” یه‌كێكه له نه‌وه‌د و نۆ ناوه‌كه‌ی یه‌زدان، لێره‌وه وشه‌ی حیكمه‌ت هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك ناخاته‌وه، بگره له كۆمه‌ڵگای موسڵماندا كه لێوان لێوه له تێكستی قورئانی، وشه‌یه‌كی به‌ڕێز و ڕێگه‌پێدراوه. لێره‌وه فه‌یله‌سوفه موسڵمانه‌كان ئاوا بیریان كردووه‌ته‌وه: ئه‌گه‌ر فیكری خۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه، پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ری موسڵمان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌موده‌ست ڕاده‌چڵه‌كێت و لێمان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بگره گومان له خۆمان و له ئیمانمان و له ڕاستی و دروستی عه‌قیده‌كه‌شمان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فیكری خۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیكمه‌ته، پێشكه‌ش بکەین، ئه‌وا بێ هیچ كێشه‌یه‌ك، لێمانی وه‌رده‌گرن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو ئیبن ڕوشد له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ئه‌نجامیدا: «فصل المقال فيما بين الشريعة والحكمة من الاتصال». ئه‌و له ناونیشانی كتێبه‌كه‌یدا، وشه‌ی “فه‌لسه‌فه”ی دانه‌نا كه وشه‌یه‌كی خۆرئاوایی بیانی نامۆیه. ئیبن ڕوشد به شێوه‌یه‌كی ته‌كتیكی زیره‌كانه خۆی له‌و وشه‌یه بوارد. به‌ڵام هه‌ر له په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌لسه‌فه! ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، ئیبن ڕوشد په‌نای بردووه‌ته به‌ر فیڵێكی دیاریكراو، تاكو به‌ر جه‌ماوه‌ری موسڵمان نه‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو فارابی له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ئه‌نجامیدا: «الجمع بين رأيي الحكيمين أرسطو وأفلاطون»، فارابی نه‌یوت «الجمع بين رأيي الفيلسوفين». وه‌لێ مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، وشه‌ی فه‌لسه‌فه له زمانی یۆنانیدا، مانای خۆشه‌ویستی حیكمه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌وه وشه عه‌ره‌بییه‌كه له ڕووی ماناوه، هاومانای وشه یۆنانییه‌كه‌یه.
فه‌یله‌سوفه عه‌ره‌به‌كان، له لایه‌كه‌وه هه‌وڵیانده‌دا سازان یان ئاشتبوونه‌وه له نێوان ده‌قه پیرۆزه‌كان بڕه‌خسێنن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌وڵیانده‌دا فه‌لسه‌فه‌ی بتپه‌رستی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ له‌گه‌ڵ ده‌قه ئاینییه‌كان ئاشتبكه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان به‌و فه‌یله‌سوفانه‌یان نه‌ده‌وت فه‌یله‌سوفانی بتپه‌رستی، به‌ڵكو له بری ئه‌وه وشه‌ی “پێشكه‌وتوخواز” یا فه‌یله‌سوفه كۆنه‌كان-یان به‌كارده‌هێنا. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانوتایه ئه‌و فه‌یله‌سوفانه بتپه‌رستن، ئه‌وا ده‌موده‌ست جه‌ماوه‌ری موسڵمان لێیان دوور ده‌كه‌وتنه‌وه، بگره به كافریشیان داده‌نان، چونكه چۆن ده‌بێت بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری فه‌یله‌سوفانی بتپه‌رست یان گرنگی و قورسایی به قسه‌كانیان بده‌ن؟ تۆبه خوایه، خوا لامانبدت.
هه‌رچۆنیك بێت، ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بێت، هه‌میشه له جیهانی ئیسلامی‌دا، فه‌لسه‌فه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بووه و چوارده‌وری به مه‌ترسی ته‌نراوه. بگره ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشماندا، فه‌نده‌مێنیتاڵیسته كۆنه‌پارێزه‌كان، فه‌لسه‌فه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه له ئاین دوورت ده‌خاته‌وه، بگره فه‌لسه‌فه دوژمنی ئاینه. له هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا، فوقه‌ها گه‌وره‌كان، دواجار توانییان به خێرایی فه‌لسه‌فه له‌ناوبه‌رن، سه‌ره‌تا له ئیمامی غه‌زالییه‌وه ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گات به ئیبن خه‌لدون، به تێپه‌ڕین به ئیبن تەیمیه و ده‌یانی دیكه‌دا. (فه‌لسه‌فاندن واته گومڕابوون)، خوا له كوفر و كافران به‌دوورمان بگرێت. به‌م شێوه‌یه فه‌لسه‌فه له‌سه‌ر خاكی ئیسلام، له ساته‌وه‌ختی مردنی ئیبن ڕوشد له ساڵی 1198وه، چیتر نه‌كه‌وته‌وه سه‌ر پێی خۆی، تا ده‌گات به سه‌ده‌ی حه‌ڤده، له‌و سه‌ده‌یه‌دا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕێنیسانس ده‌رده‌كه‌ون.
لای ئێمه، به درێژایی حه‌وت سه‌ده‌ی یه‌ك له دوای یه‌كی به‌رده‌وام، فه‌لسه‌فه مرد. ئا له‌م حه‌وت سه‌ده‌یه‌دا، كه ئێمه به‌دیار مێژووه‌وه نووستین، له ئه‌وروپا گه‌وره‌ترین فتوحاتی زانستی و فه‌لسه‌فی هاتنه ئاراوه. ئا له‌و سه‌دانه‌دا، كۆپه‌رنیكۆس، گالیلۆ، دیكارت، سپینۆزا، كانت، هیگڵ، ماركس، فرۆید و ده‌یان ئه‌ستێره‌ی دیكه ده‌ركه‌وتن. كه‌چی دوای هه‌مو ئه‌وه، كه‌سانێك دێن و به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌پرسن: بۆچی موسڵمانه‌كان دواكه‌وتن و ئه‌وانی دیكه پێشكه‌وتن؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه زانرا سه‌رسوڕمانه‌كه به‌تاڵده‌بێته‌وه. پێویسته لێره‌دا ئه‌وه له یاد نه‌كه‌ین كه پرۆفیسۆر عه‌لی بن مه‌خلوف، له‌دایكبووی شاری “فاس”ی دێرینه، شارێك به‌رده‌وام و به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌كان، زانا و بیرمه‌ندی خستووه‌ته‌وه. یه‌كێك له كتێبه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی مه‌خلوف ئه‌م كتێبه‌یه‌تی: «فارابی: فه‌لسه‌فه له به‌غداد له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زاینی/ الفارابي: التفلسف في بغداد إبان القرن العاشر الميلادي».
لێره‌دا دانه‌ری كتێبه‌كه پێمان ده‌ڵێت دووه‌م مامۆستا، دوای ئه‌رستۆ، واته فارابی، ئه‌و بوو له پایته‌ختی عه‌باسییه‌كان و له‌سه‌رده‌می بوه‌یهییه‌كاندا، سه‌ره‌تای قوتابخانه‌ی لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی دامه‌زراند. ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، ڕه‌وتێكی فیكری گه‌ردوونی كۆسمۆپۆلیتی هاته ئاراوه، ڕه‌وتێك تێیدا سه‌رچاوه یۆنانییه‌كان له‌گه‌ڵ لێكدانه‌وه قورئانییه‌كان و له‌گه‌ڵ كتێبه‌كانی به‌لاغه و شیعری عه‌ره‌بی، هاوئاهه‌گ بوون. له‌و ڕۆژگاره‌دا كتێبه ئاینییه‌كان و كتێبه‌كانی ئه‌فلاتون-یان پێكه‌وه و به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه ده‌خوێنده‌وه. هه‌روه‌ها نابێت ئه‌م كتێبه‌ی دیكه‌ی بن مه‌خلوف-مان له‌بیربچێت: “بۆچی فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب بخوێنینه‌وه؟ میراته له‌بیركراوه‌كه”، ئه‌م كتێبه شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: ئه‌و فه‌لسه‌فه عه‌ره‌بییه‌ی له مێژوودا و له نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌شت و پێنج له‌ئارادا بووه، له میراتی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی، به‌شێكی جیانه‌كراوه پێكده‌هێنێت. ئه‌م هۆكاره‌ش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی گرنگی به‌و فه‌لسه‌فه‌یه بده‌ین و لێكۆڵینەوه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین.
دواجار سه‌روه‌ختێك له عه‌لی بن مه‌خلوف ده‌پرسن: چۆن ده‌كرێت دیارده‌ی توندڕه‌ویی ئاینی له جیهانی ئیسلامی‌دا بچووك و به‌رته‌سك بكرێته‌وه؟ ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه: تاقه چاره‌سه‌ر له په‌روه‌رده و فێربوون و ڕۆشنگه‌ریدایه. ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه ئه‌مه‌ی سه‌ربار ده‌خه‌ین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی شێخه توندڕه‌وه‌كان به‌ربڵاوه، نه‌ك خوێندنی فه‌لسه‌فی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ ئاین، نه چاره‌سه‌ری هه‌یه و نه ڕزگاربوون. مه‌سه‌له‌كه پێش ئه‌وه‌ی سیاسی بێت، فیكرییه. ئه‌گه‌ر له ڕووی فیكری و مه‌عریفییەوە به قووڵی چاره‌سه‌ر نه‌كرا، له ڕووی سیاسییه‌وه چاره‌سه‌ر نابێت. له جیهانی عه‌ره‌بیدا، پێویسته خوێندنێكی نوێ بۆ ئاینی ئیسلام بێته‌ئاراوه. مه‌به‌ستم خوێندنێكی ڕۆشنگه‌رانه به تیشكی عه‌قڵ و به ڕووناكی فه‌لسه‌فه. ئه‌م شته بووه‌ته پێداویستییه‌كی زۆر گرنگ. پێویسته ئه‌م خوێندنه تازه ڕۆشنگه‌ره بۆ كه‌له‌پوره گه‌وره‌كه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامیمان، له قوتابخانه‌كان و زانكۆكان و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانه‌وه بێته‌ئاراوه. تاكو بتوانێت ڕووبه‌ڕووی خوێندنه نه‌ریتییه‌كه ڕاوه‌ستێت، خه‌ریكه ده‌ڵێم ڕووبه‌ڕووی خوێندنه تاریكبینه‌كه ڕاوه‌ستێت كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر باڵاده‌سته. ئه‌ڵبه‌ته فه‌لسه‌فه، واته فیكری ڕه‌خنه‌یی ڕۆشنگه‌ر، ته‌نها ئه‌وه ده‌توانێت سنورێك بۆ عه‌قڵیه‌تی دۆگمای چه‌قبه‌ستوو كه خه‌ڵكانی توندڕه‌و و تیرۆرست به‌رهه‌مده‌هێنێت، دابنێت و به‌رته‌سكی بكاته‌وه. ئێمه كه ئه‌مه ده‌ڵێین، ده‌زانین كه‌له‌پوره ئاینییه مه‌زنه‌كه‌مان، دوو خوێندنه‌وه له‌خۆده‌گرێت: یه‌كه‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌كی كراوه‌یه و دووه‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌كی داخراوه، یه‌كه‌میان لێكبورده‌یه و دووه‌میان ده‌مارگیره، یه‌كه‌میان ڕۆشنگه‌رانه‌یه و دووه‌میان تەكفیرییه و هه‌ڵبژاردن لای خۆتانه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 2 شوبات، 2023