ڕۆشنبیری و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا گفتوگۆ لەگەڵ رامین جهانبگلو

Loading

ڕۆشنبیری و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا…گفتوگۆ لەگەڵ رامین جهانبگلو

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

بەشی دووەم

 

 

ئێوە پێناسێکتان بۆ ڕۆشنبیر کردبوو کە لەسەر ئەو بناغەیە ڕۆشنبیر جەخت لە شوناسی خۆی دەکات، و دەیەوێت ئەم شوناسە لە قاڵبی جیهانیدا جێگیر بکات. ڕۆشنبیری دینیش دەتوانێت ئەمکارە بکات. ڕۆشنبیری دینی شوناس و هەروەها ڕەگەزی باڵادەستی ئێرانی بوونی، بە موسڵمان بوون دادەنێت. ڕۆشنبیری دینی لەم ئەزموونە جیهانیەدا نایەوێت دین ڕیفۆرم بکات، بەڵکو دەیەوێت موسڵمان بوونی خۆی لە شکڵێکی جیهانیدا مانادار و بەشداری پێ بکات. لەبەر ئەمە ناچارە عەقڵی ڕەخنەگرانە بەکار بهێنێت.

ئەم قسەیە ڕاست نیە. من لەمبارەیەوە نموونەیەکی بەرجەستەتان بۆ دەهێنمەوە: دکتۆر سەید حسین نەسر. دکتۆر سەید حسێن نەسر خۆی بە ڕۆشنبیری دینی نازانێت، و بەتوندی دژی ڕۆشنبیرانی دینیە. وەک دەزانن سەید نەسر نەرتیخوازە، بەڵام جیهانیشە، و دەیەوێت پەرە و گەشە بە ئیسلامی شیعە لە ئاستی جیهاندا بدات، و ئەمەش بە بەراورد بە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی دینی ئەم وڵاتە، کاریگەری زۆرتری هەیە ، و لەگەڵ کەسامی جیاوازی وەک دالایی لاما و نوێنەرانی زۆرێک لە دینەکان گفتوگۆی ڕاستەوخۆی دەکرد، کەوابوو دەتوانرێت ڕۆشنبیری دینی نەبیت و ئەمکارانەش بکرێت.

 

من دەمویست دیدێکی هیرمۆنتیکیم بۆ دەقی موسڵمان بوون هەبێت. ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەکی ئەمرۆییمان بۆی هەبێت، و وەک دیاردەیەک بیبینین، و پاشان بۆ ئەم دیاردە جیهانیە ئەم ڕێگەیە بگرینە بەر، ئەمەیە ڕۆشنبیری دینی.

نا مەرج نیە. بۆ ئێوە لە دینەکانی دیدا ئەمکارە دەکەن؟ زۆرێک لە نوێنەرانی  مەعنەوی و ڕۆحی دینیەکان خۆیان بە ڕۆشنبیر نازانن، بەڵام چەندانجار دۆخیان باشترە و ئەم دینانە لە جیهانی ئەمرۆدا دەناسێنن. وەک دالایی لاما. ئێوە کتێبەکانی دالای لاما لەزۆرێک لە فڕۆکەخانەکانی دنیادا دەبینن، بەڵام کتێبەکانی ڕۆشنبیرە دینیەکانی ئێمە نابینیت، بۆچی؟ چونکە ئەو لە کارەکانیدا سەرکەوتووترە. مەرج نیە بۆ ئەوەی گەشە بە دینەکەتان بدەن، ڕۆشنبیری دینی بن. بە بڕوای من ڕۆشنبیری دینی لەبەر ئەو دژیەکیەی هەیەتی، کارەکەی سنووردارتر دەبێت، چونکە گەر بیەوێت لەبابەتێکی دینیدا کار بکات، دیالۆگەکەی زۆرتر لەگەڵ ڕۆشنبیران و ئەکادیمیەکاندا دەبێت، نەک لەگەڵ نوێنەرانی دینەکانی دی. لەبەرئەوەی وەک ئێوە دەڵێن دەیەوێت ئەو کارە عەقڵانیە بکات، دەبێتە هۆی ئەوەی دژیەکی لەکارەکەیدا درووست ببێت، ونازانێت نوێنەری دینی ئەم شوناسە دینیەیە یان نا، و هەروەها نازانێت تا کوێ دەتوانێت درێژە بەم نوێنەرایەتیە بدات.

 

ئاماژەتان بۆ ڕەفتاری ڕۆشنبیری دینی کرد کە نازانێت سەر بە موڵک یان مەلەکوتە. ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و بۆ نموونە بۆ ئەرستۆش دەبۆوە. لە جیهانی ئیسلامی و لە فەلسەفەی ئیسلامیداشدا وەک پەیوەندی ((تازە و کۆن)) وەک گەوەرەترین مەسەلە لەئارادایە. کەسێکی وەک میرداماد یان مەلا سەدر بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە پێشنیاری ((تازەیەتی دەهری حدوث دهری))[1] و تیورەی ((جوڵەی جەوهەری) دەکات. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەم مەسەلەیە مەسەلەی فەلسەفەی ئێمەشە، ئەگەر نەڵێین مەسەلەی کلتووریشە. ئەگەر ئەم مەسەلەیە وەک کێشەیەکە (problem)، ئایا دەکرێت ئەم کێشەیە تا ئاستی پارادۆکسێک بەرز کەینەوە؟ واتە ئایا دەکرێت بگوترێت ئێستا  فەلسەفەی ئیسلامی یان فەلسەفەی ئەرستۆ ئەم مەسەلەیەی هەیە، کەوابوو توشی پارداۆکسە؟

بەڵێ، بەڵام بۆچی لەبری ئەوەی ئەم پارادۆکسانە چارەسەر بکەین، ڕووبەڕووی خەڵکی بکەینەوە؟ مەسەلەکەی من ئەمەیە، مەسەلەی ڕۆشنبیری دینی زۆرتر موڵکە، نەک مەلکوت. چونکە هەموو بانگەشەکانی لە شانۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە ئارادایە، و بە دوای مەلەکوتەوە نیە. ئەگەر بە دوای مەلەکوتەوە بوایە، بەو نموونانەی هێناتانەوە، دەبوو زۆرتر عیرفانی ببن و بە دوای عیرفاندا بچن. بەڵام ئێوە دەبینین سەرجەم نووسین و وتارەکانیان بەڵگەی ئەوەن کە دەیانەوێت لە  شانۆیی دنیایدا خەبات بکەن. ڕۆشنبیری دنیایی مەسەلەکەی ڕوونە، کە ئەویش مەسەلەی موڵکە. ڕۆشنبیری دینی هیچ کاتێک ڕێگە بەخۆی نادات بڵێت مەسەلەی من مەسەلەی دنیاییە. ئەگەر ئەم ڕێگەیە بەخۆی بدات، لەم حاڵەتەدا بە بروای من گۆرانێکی چۆنایەتی ڕوویداوە. بە بڕوای من گووتاری ڕۆشنبیری دینی لەلایەکەوە موڵکی و لەلایەکی دیەوە مەلەکوتیە، ئەمەش هەمان دژیەکیە.

 

واتە ناتوانێت ئەمانە بگونجێنێت؟

ناتوانێت، لەم ناوەدا هاوڵاتیانی ئێرانی خستۆتە دۆخێکی ناهاوسەنگ و لەنگەوە. لەم حاڵەتەدا دواجار نازانیت سەر بە موڵکە، یان مەلەکوت. ئالێرەدایە کە من دەڵێم ئەم ڕۆشنبیرانە لە وەڵامدانەوە ئەو پرسیارەی فەلسەفەی سیاسیتان چیە؟ ڕادەکەن. ئایا فەلسەفەی سیاسیان موڵکیە یان مەلەکوتی؟ ئەو دەزگایانەی دەیانەوێت درووستی بکەن پەرلەمانیە یان مەلەکوتی؟

 

من ویستم ئەم پرسیارە بۆ فەلسەفە ڕاکێشم، و دەمویست بڵێم هیچ کەس نەیگووتوە فەلسەفە توشی پارادۆکس بووە و هیچکاتێکیش مەلاسەدر خۆی نەکوشتووە، و هیچ کاتێک نەیگووت من نەمتوانی ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەم، و تووشی خەمۆکی بووم و خۆم کوشت. فەیلەسوفانی موسوڵمان ڕووبەڕووی مەسەلەکە دەبنەوە و بۆ دۆزینەوەی وەڵام لە مێژوودا دەگەڕێن. میرداماد بە وەڵامێک دەگات، و بڕوا بە خۆی دەهێنێت، کەسانی دیش بە وەڵامی دی دەگەن، و ئەمەش هەمان ڕەگەزی دینامیکیە کە ئاماژەتان بۆ کردووە. ئایا ڕۆشنبیری دینیش دەتوانێت ئەمکارە بکات؟

ناتوانێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە مەلا سەدر ئەگەرچی هاوچەرخی دیکارتە، بەڵام لە دنیای خۆیدا دەگەڕێت، نەک لە دنیای مۆدێرندا. هەر لەبەر ئەمەیە کە توشی خەمۆکی Depression نابێت. چونکە ئەرکی مەلا سەدر بەرامبەر بە خۆی ڕوونە. بەڵام دەرکەووتنی ڕۆشنبیری دینی ئەمڕۆ لە لێکۆڵینەوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، دەرئەنجامی ڕوبەڕووبوونەوەی مۆدێرنەیە. ئەم کەسانە گرفتاری و دڵەڕاوکێیی ڕووبەڕوو بوونەوەی مۆدێرنەیان بە پێوەرە مۆدێرنەکان هێنایە ناو بیرکردنەوەی خۆیان و ڕوبەڕووی قەیران بوونەوە.

 

ناکرێت ئەم دڵەڕاواکێیانە نەهێنرێت. ئەگەر بیانەوێت دینی بن و لەم دنیایەدا بژین یان دەبێت بڕۆن لە دامێنی چیای دەماوەندا بژین، و تەنانەت سوود لە کارەبا وەرنەگرن و ئاوی ڕووبار بخۆنەوە، یان گەر لە شاردا دەژین ئەم دڵەڕاوکێیانە بەشێکە لە هەلومەرچی ژیانی شاری.

ڕاستە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە وەک زەرورەتێکی مێژووی لە ئارادایە، بەڵام لێرەدا خاڵێک هەیە. ئەمڕۆ کۆمەڵێک بیریاری دینیمان لە ئێراندا هەیەدیسان نموونەی سەید حسێن نەسر دەهێنمەوەکە دژی مۆدێرنەن، و ئەرکیان لەگەڵ خۆیاندا ڕوونە. ئەم گروپە بۆ ئەوەی بیری نەریتگەرانەی خۆیان ببەنە پێشەوە، دەستکەوتەکانی مۆدێرەنە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. کتێبەکانی سەید حسێن نەسر باشترین نموونەی ئەم حاڵەتەیە.

 لەلایەکی دیەوە ئێوە کەسانێک دەبینن کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا و لەبەر ئەو بەرکەوتنانەی بە دنیای مەعریفی مۆدێرنە هەیانبوو، دەیانویست هەندێک لە دەستکەوتەکانی مۆدێرنە بهێننە ناوە و لەسەر بنەمای ئەوە شێوەیەکی تازە بە شوناسی دینیان بدەن. بە بڕوای من لێرەدا چەندان پارادۆکس درووست دەبێت کە لە کەسی جیاوازدا دەیبینین. شەریعەتی دیدی مێژووگەریانەی مارکسیزمی وەرگرتووە و دەیەوێت بیخاتە ناو ئیسلامی شیعیەوە. ئەم دیدە ئیسلامی شیعە تووشی قەیران دەکات. ئەمکارە وەک خستنەناو تەنێکی دەرەکیە بۆ ناو جەستەی مرۆڤ کە مەرج نیە لەگەڵیدا بگونجێت.

ئەمڕۆ ڕۆشنبیری دینی هەمان دۆخی هەیە، بۆ نموونە دەیەوێت کلتووری ((بە هەڵە خستنەوە)) falsifiability لە فەرهەنگی ئەبستمۆلۆجیاوە وەر بگرێت، بەڵام خۆی بە قابیلی ((هەڵەخستنەوە)) دانانێت. ئەمە نابێت، کە ئێوە بەهەڵەخستنەوە وەک میتۆدلۆجیەک وەربگرن، بەڵام خۆتان لەو شوناسەدا بمێننەوە. دیارە گەر بەهەڵەخستنەوە وەک میتۆدێکی زانستی وەربگیرێت، خودی ڕۆشنبیری دینیش دەتوانێت بە هەڵە بخرێتەوە.

 

کەوابوو خودی ڕۆشنبیری سکۆلاریش دەکرێت بە هەڵە بخرێتەوە.

بەڵێ، ڕۆشنبیری سکۆلاریش بەهەڵە دەخرێتەوە، بەڵام لە خودی پرۆسەی بەهەڵەخستنەوەدا ، ئەوە نەک خودی ڕۆشنبیر، بەڵکو دیدەکانێتی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نموونە گەر ئێمە دیدی سیاسی فڵان ڕۆشنبیرمان قەبوڵ نەبێت، نابێتە هۆی ئەوەی ڕەوتی ڕۆشنبیریی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام ڕۆشنبیری دینی دژیەکیەکی لە جەوهەری خۆیدا هەیە. ئەم دژیەکیە ئەم پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە کە بڵێین ئایا ئێمە لەناو ڕۆشنبیریداین یان لەناو دینداریدا؟ دەرئەنجامی ئەم دژیەکیە چیە؟ بەڵام ئەنجامی ڕۆشنبیری دنیایی کە دەخرێتە ژێر پرسیار، دیسان هەر ڕۆشنبیریە. ئەگەر فەیلەسوف ئەوی دی بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەنجامی ئەم پرسیارە لەدنیای فەلسەفەدا ڕوو دەدات. لەبارەی ڕۆشنبیرانیشەوە هەر بەمجۆرەیە، ئەم کەسانە بە پرسیارکردن، لە ڕۆشنبیریی نەچونەتە دەرەوە.

 

من نامەوێت وشەی ڕۆشنبیری بەکاربهێنم، بەڵام ئێمە لەبەراوردکردنی نێوان سەید حسێن نەسر و سەید جەمالەدین ئەسەدئابادیدا دەبینین سەید حسێن نەسر نەرتیگەرایە traditionalist، بەڵام ئەسەد ئابادی ئاراستەیەکی لیبڕاڵانەی هەیە. لەبواری دینیەکاندا ڕووداوێک ڕوویداوە کە دەبینی چەندان لێکچوونی لەگەڵ ڕۆشنبیری سکۆلاردا هەیە و چەند جیاوازیەکیشی لەگەڵ نەریتگەرەکاندا هەیە. ئێمە ئەمە دەگێڕینەوە بۆ ڕۆشنبیری دینی و دەتوانین بڵێین رۆشنبیری دینی سوود لە شێوازەکانی ڕۆشنبیری دنیای وەردەگرێت.

کەس ناوی سەید جەمالەدین وەک ڕۆشنبیر ناهێنێت.

 

ناوی ئیقبال بهێنن کە لانیکەم سیستەمی هەبوو، دەمەوێت بڵێم ئەگەرچی گریمان ڕۆشنبیری دینی یەک پارادۆکسە، بەڵام دواجار ئەم چەمکە درووست بووە.

وەک زۆر شتی دی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕوویداوە. ڕۆشنبیری دینی وەک ئەو وشتر مەلەیە کە لێی دەپرسن تۆ وشتریت؟ دەڵێت نا من مەلم، لێی دەپرسن تۆ مەلی، دەڵێت نا، وشترم. بەبڕوای من ڕۆشنبیری دینیش تووشی ئەم کێشەیە بووە، ئەگەرنا ئەوەی کە ڕۆشنبیری دینی هەیە، جێگەی باس نیە. ئێمە زۆر شتی دیمان هاوشێوەی ئەمە هەیە.

 

من دەمویست بڵێم گەر هێرمۆنتیکانە تەماشای مەسەلەکە بکەین، ئەو شێوازەی ڕۆشنبیری دینی کاری پێدەکات هەر ئەمەیە.

پێشتریش گووتم زۆرێک بە هەڵە واتێگەیشتوون کاتێک کەسانی وەک من دەڵێن ڕۆشنبیری دینی توشی دژیەکیەکی دەروونیە، مەبەستمان ئەوەیە دەبێت لە شانۆی کۆمەڵگا بسڕێنەوە. مەسەلەکە بەهیچ جۆرێک بەمشێوەیە نیە. ئێمە ئەم مەسەلەیە لە ئاستی فکری و فەلسەفیدا دەخەینەڕوو، نەک لە ئاستی سیاسیکۆمەڵایەتیدا. من ڕێز لەم بوونە دەگرم.

 

ئەمڕۆ زۆر کەس دژی پۆستمۆدێرنەن، و لەڕووی عەقڵیشەوە دەکرێت زۆر ڕەخنەی ئاراستە بکرێت، بەڵام پۆستمۆدێرنیزم هەیە و زۆرێکیش پاساوی عەقڵانی بۆ دەهێننەوە.

ڕاستە، بەڵام پۆستمۆدێرنیزم بۆ خۆی ڕوونترە تا ڕۆشنبیری دینی، پێشتریش گووتم پۆستمۆدێرنیزم لەگەڵ ئەوەدا دەستکەوتەکانی مۆدێرنە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام خۆی لە چوارچێوەی مانایی مۆدێرنەدا درووست دەبێت. بەڵام ڕۆشنبیری دینی خاوەنی دوو چوارچێوەی مانایی جۆراوجۆرە، کە لە پاڵ یەکدا وەستاوون: یەکێکیان چوارچێوەی مۆدێرن لەسەر بناغەی فەلسەفەی مۆدێرن و بیری ڕەخنەگرانە، ئەوی دیان چوارچێوەیەکەی دینیمەعنەوی.

ئەم پرۆسەیە بە دینی مۆدێرن دەگات، مەگەر ئەمە ناتوانین شتێکی وامان هەبێت، لە ئەفعانستاندا ڕووبەڕووی سیستەمی تاڵیبان بوینەتەوە کە تەواو فەندەمینتالیزمە. بەڵام بۆ نموونە مالیزیا بەتەواوی مۆدێرنە.

تەکنەلۆژیا مالیزیای مۆدێرن کردووە، نەک دینەکەی.

 

مەبەستم ئاماژە نەبوو بۆ دەوڵەتێکی دیاریکراو، دەمەوێت بڵێم لەڕووی عەقڵانیەوە مومکینە یان نا؟ با بچینە سەر پرسیارێکی دی. من لێرەدا چەند باسی ڕۆشنبیری دینیم کرد، بەرەو فەلسەفە و کەلامم برد، کە پەیوەندی بە بواری فەرمی شەریعەت و فیقهەوە بەتەواوی ڕوونە. من وا تێگەیشتم کاتێک ئێوە دەڵێن ڕۆشنبیری دینی دەربڕینێکی دژیەک ئاسایە، مەبەستان لە دین، ڕووە فەرمەیەکەیەتی. ئایا ناتوانین مانای ڕۆشنبیری و دین کەمێک کورت بکەینەوە و لە خاڵێکدا بەیەکەوە بیانگونجێنین. واتە ناتوانین بڵێین ڕۆشنبیریی گەڕانە بەدوای هەقیقەتدا و بە دیدێکی ڕخنەگرانەوە تەماشای ڕێساکان دەکات، و بابەتی ناسین و خاڵی دەرچوونی بوارێکی تایبەتی دینە. بۆ نموونە فەلسەفە، لێرەدا چیدی باسی مەلەکوت نیە، تاکۆ دژیەکی لەگەڵ موڵکدا بێتە پێشەوە.

لەم حاڵەتەدا ڕۆشنبیر دەبێت بە مێژوونووسی فەلسەفە، ئەدیب، ڕۆحانی یان عارف. واتە پێگەی ستراتیژی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی هەیە. کەوابوو بۆ سوورە کەناوی ڕۆشنبیری لێ بنرێت؟ بۆ مەلا سەدر یا میرداماد و سەهرەوەردی خۆیان ناو دەنا ڕۆشنبیر؟ ئەمانە باش خۆیان دەناسن.

شتێک کە سەرنجی لێ نادرێت ئەوەیە ڕۆشنبیری دینی بەشێکە لە مێژووی سەدساڵەی ڕۆشنبیری ئێمە، کە خۆی دەرئەنجامی ڕوبەڕوو بوونەوەی دنیای مۆدێرنە. واتە بەهەمان شێوەی کەسانی وەک تاڵبۆف، ئاخوندزا، فروغی و تەقیزادەی درووستکرد، لەلایەکی دی کەسانی وەک سروش و شەریعەتیشی درووستکرد. لێرەوە من بڕوام وایە دەبێت ڕۆشنبیری دینی لەناو مێژووی ڕۆشنبیری ئێرانیدا بپشکینین، نەک لە فەلسەفە و کەلامی ئیسلامیدا. ئەو قسەیەی فەلسەفە و کەلامی ئیسلامی دەیکات، زۆر ڕوونە، نایەوێت پێی خۆی لەمە درێژتر بکات. دەرئەنجامی ئەمڕۆیی فەلسەفە و کەلامی ئیسلامی سەید حسێن نەسرە. دیارە سەردەمێک تەباتەبائی بوو، و دەبینین سەید نەسر چەند باسی تەباتەبائی دەکات.

بەڵام ڕۆشنبیری دینی نایەوێت خۆی بە بەشێک لەم مێژووە بزانێت و خۆی جیا دەکاتەوە. ئەم جیاکردنەوەیە لای من کێشەیە، بۆچی دەیەوێت خۆی جیا بکاتەوە، و بۆ نایەوێت لەگەڵ  قەیران و ئالانگاریەکانی ئەم مێژووەدا بڕوات؟ بە بڕوای من ئەم ڕێگە چارانە درووست نین.

بۆ نموونە بیرۆکەی دیموکراسی دینی لەو ڕێگەچارانەیە کە لە بیری دینداریەوە هاتووە، نەک لە بیری ڕۆشنبیریەوە. ئەگەر ئەمانە بێن و بڵێن ئەمە فەلسەفەی سیاسی ئێمەیە و ئەنجامەکەی ئەمجۆرە دەزگا کۆمەڵایتەیانەیە، و ئێمە ئەم چاوەڕوانیانەمان لە هاوڵاتیان هەیە، و هەروەها بڵێن تا چ ئاستێک خۆمان (ڕۆشنبیری دینی) دەخەینە ژێر پرسیارەوە، و تا چ ئاستێکیش ڕۆشنبیری سکۆلار، لەم حاڵەتەدا من تێدەگەم، بەڵام هیچ کەس ئەم قسانە ناکات و بەردەوام بەسەر ئەم شتانەدا باز دەدەن.

 

واتە بازدان بەسەر دۆخێکی قەیرانیدا.

بەڵێ ڕێک وایە. دیارە ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە، و ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە دینیانە بوونیان هەیە، لەبەرئەوەش بوونیان هەیە، ئێمە ناچارین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین. بەڵام مەرج نیە قسەکانیان قەبوڵ بکەین. کەسانی وەک من سوورین لەسەر ئەوەی بێزەحمەت لەبری ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێمە، وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە. مەڵێن ئێمە ئازادیخوازین ((ئەگەرچی ئێمە قەبوڵی دەکەین))، بەڵکو پێمان بڵێن دەرئەنجامی ئەم ئازادیخوازی و دیموکراتبوونەی ئێوە، چ دەزگایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چ جۆرە هاوڵاتیەکە بۆ ئێرانیەکان، و ئێوە تا چ ئاستێک دەتوانن ئەم سێ ڕەهەندەی ئێرانی بوون لەپاڵ یەکدا دابنێن؟ بڵێن ئێرانی بوون لە جیهانی ئەمڕۆدا بۆ ئێوە چ مانایەکی هەیە؟

ئەگەر ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەینەوە، ئێوەش وەڵامێک بدەنەوە، ئێوە چۆن خۆتان بە ئێرانی دەزانن؟ ئایا دەتوانن لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵگای ئێرانیدا گفتوگۆ بکەن، یان ئەوەی بیردەکەنەوە دەبێت یەکجۆر گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵگای ئێراندا بکرێت؟ هەموو پرسیارەکانی من ئەمەیە و شتێکی زۆرترم ناوێت.

 

ئێوە کاتێک باسی ڕۆشنبیری دینی دەکەن، ڕۆشنبیر بە کەسێکی سکولار و دنیایی دادەنێن، دینیش بەشێوەیەک لە شێوەکانیش لەمەدا کورت دەکەنەوە (دینی ئایدۆلۆژی)، لەکاتێکدا ئەم پێشگریمانەیە ڕاست نیە. من قەناعەتم بە وەڵامەکەی ئێوە بۆ ئەم پرسیارە نەکرد. بەڵام ئەو ئەنجامگیریە لە قسەکانی دواییتان دەکەم، کە بەم وەسفە سەرجەم زەمینە مێژووی و کۆمەڵایەتیەکان، هاوکاری ئێوە دەکەن. چونکە من هەستدەکەم ئەم ڕاکردنەی دکتۆر نەسر لەوەی پێیی بگوترێت ڕۆشنبیری دینی، دەرئەنجامی ئەوەیە تێبینی ئەوەی کردوە لە ئێراندا سەرنج لە ڕەهەندی ئایدۆلۆژی دین دەدرێت، و ئەمەش بە ڕۆشنبیری دینی ئەژمار دەکرێت،

قسەی دکتۆر نەسر زۆر ڕوونە، بۆ نموونە نەیارێتی دکتۆر نەسر لەگەڵ دکتۆر شەریعەتی زۆر ڕوونە. دکتۆر نەسر کەسێکی نەریتخواز بوو، چوارچێوەی کارەکەشی دیار بوو کە هەمان فەلسەفە و کەلامی ئیسلامی و مەسەلەی pre new school ە کە خۆی بەیەکێک لە نوێنەرە گرنگەکانی دەزانێت و بەڕاستیش وایە. بەڕێزیان بۆ منیان گێڕایەوە کە جارێک بۆ بیستنی گوتارێک بانگێشت کراوە بۆ حسێنیەی ئیرشاد و لەوێ بیستویانە ئیمام حسێن (ع) یان بەراورد کردووە بە چی گیڤارا. ئەم بەراوردکردنە لای دکتۆر نەسر قابیلی قەبوڵکردن نیە، بەڵام ڕەنگە لەو سەردەمە کەسانێکی دی کە ئەم قسەیەیان گوێ لێبووە، پێیان خۆش بووبێت و قەبوڵی بکەن. من هەق بە دکتۆر نەسر دەدەم، چونکە ئەنجامەکەی دکتۆر نەسر شتێکە دەتوانێت لەگەڵیدا بچێتە ناو گفتوگۆوە، ئەمەش زەویەکی بەپیتە، تەنانەت گەر لەگەڵیشی نەبیت. بەڵام گەر کەسێک ئەم هاوکێشەیە بەشێوەیەکی سۆزداریانە و پارتیزانانە پێشکەش بکات، ئەوا ئەم کەسە زەمینێکی بە پیت نیە بۆ ئێران، چونکە لەبنەڕەتدا ناتوانێت بیر بکاتەوە ئەم دووانە((ئیمام حسێن و چی گیڤارا)) کە لە کەسایەتی و مێژوو و تەنانەت لە شۆرشدا لەگەڵ یەک جیاوازن، چۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، ئێمە باسەکەمان لە لەمپنیزمەوە دەست پێکرد و لێگەڕێن هەر بەمەش کۆتایی پێ بێنین.. ئایا یەکێک لە ئەرک و پابەندبوونە ئەخلاقیەکانی ڕۆشنبیری ئەوەیە کە ئەم وەهم و خراپ تێگەیشتنانە کە دەرئەنجامی لەمپنیزمی کلتووریە، کەم بکاتەوە؟

بە بڕوای من ئەرکی ڕۆشنبیر لە ئێراندا بە پلەی یەکەم ڕۆشنگەریە. یەکێک لەو ڕەخنانەی من لە ڕۆشنبیری دینیم هەیە ئەوەیە خەڵک تووشی وەهم دەکات، چونکە ڕێک لەبەرئەوەی وەڵامێک بەو پرسیارانە نادەنەوە کە کردوومانە، کە سنووری ئەو، لەگەڵ ڕۆشنبیری دنیایدا لە کوێدایە؟ پرۆژەی کۆمەڵایەتی و سیاسیتان چیە؟ ئێوە کەسانی ڕیفۆرمخواز و خەباتگێرن، بەڵام دەتانەوێت بەم ڕیفۆرمخوازی و خەباتگێڕیە بە چ ئەنجامێک بگەن؟ ئەو ئایندەیەی بۆ ئێرانی دەکێشن چیە کە ئێمەش وەک هاوڵاتی ئێرانی تیایدا بەشدارین؟ ئێمە وەک هاوڵاتی ئێرانی مافی ئەوەمان هەیە بزانین ئەو ئایندەیەی ڕۆشنبیری دینی وێنای دەکات، چیە؟ من وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانم، ئایا ئێوە دەیزانن؟

 

گەر بمانەوێت ئەم شتانە وەەبگێڕین بۆ سیاسەت، دەبێ بڵێم ئەم ئاراستەیەی ئێوە هەتانە، لەگەڵ پارێزگارەکاندا باشتر دەتوانن گفتوگۆ بکەن تا ڕیفۆرمخوازەکان، چونکە ئەوان ڕوونن و دەڵێن ئێمە نەرتیخوازین؟

بەڵێ وەک لەبارەی دکتۆر نەسرەوە گووتم.

 

دکتۆر نەسر لە پارێزگارەکانەوە نزیکترە تا لە ڕیفۆرمخوازەکان.

وایە. هۆکانی شکستی ڕیفۆرمخوازان لە ئێران لە ڕووی فکریەوەئەگەر واز لە ڕووە سیاسیەکان بهێنینئەوەیە هەڵوێستیان لە ڕۆشنبیردا ڕوون نیە، قسەکانی ڕیفۆرمخوازان وەک کۆمەڵگای مەدەنی و هاوشێوەکانی، پێشەکی و دەرئەنجامی هەیە. ئەوان نە پێشەکی و نە دەرئەنجامەکان بە ڕوونی بە ئێمە ناڵێن. کەوابوو ئێمە لەم ناوەدا چی بکەین؟

 

سەرچاوە:

رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

 


[1] ،٢) دوو چەمکی فەلسەفەی ئیسلامین کە یەکەمیان لەلایەن مرداما و دوهەمیان لەلایەن مەلا سەدرەوە داڕێژرا.

ناردن: