گفتووگۆ لەگەڵ شیروان مەحموود دەربارەی ڕۆمانی مامۆستا و مارگەریتا
شیروان مەحموود:
ڕۆمانی (مامۆستا و مارگەریتا)بە یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی ئەدەبی ڕووسی دەژمێردرێت
سازدانی: ئیدریس عەلی
لە ماوی ڕابردوودا (شیروان مەحموود) چەند ڕۆمانێکی ڕاستەوخۆ لە زمانی ڕوسییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکرانەوە، یەکێک لەو ڕۆمانانە شاکارێک بوو بە ناوی (مامۆستا و مارگەریتا)ی گەورە نووسەری ڕوسی (بوڵگاکەف) کە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێرانی تێدا کردبوو، ئەمە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ بەڕێز “شیروان مەحموود” دەربارەی وەرگێڕان و تایبەتیش “مامۆستا و مارگرێتا”
پرسیار: پێشتر چەند کارێکی دیکەت ڕاستەوخۆ لەزمانی ڕوسییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، بە گشتی تا چەند گرنگە وەرگێڕان ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە بکرێت؟
وەڵام: وەرگێڕ، لە هەر زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، ناچارە لە کاتی وەرگێڕاندا هەندێ سازش و سازان بکات، ڕێگەچارە بۆ هەندێ گرێکوێرەی وەرگێڕان بدۆزێتەوە، چونکە هەندێ وشە و دەستەواژە لە زمانکێدا هەن و لە زمانەکەی تردا نیین، یان بەجۆرێکی ترن. جگە لەوەش کێشەکانی ڕستەسازی هەرزمانێک جیاوازە لە زمانێکی تر. بەڵام کاتێک لە زمانی دووەم یان سێیەمەوە وەرگێڕان دەکرێت ئەوە مانای ئەوەیە کە سازش و سازانەکانی ئەو زمانانەش دەچنە پاڵ ئەوانەی زمانەکەی خودی وەرگێڕ و بەمەش زۆر لە چێژ و بگرە لەشێوەی بیرکردنەوە و دەربڕینەکانی کارە وەرگێڕاوەکە لاواز دەبێت. جگە لەوەش تۆ، وەک وەرگێڕ، هەرگیز ناتوانیت تەواو لەوە دڵنیابیت ئایا ئەو یەکەمین وەرگێڕانە تا چەند بە دیقەت و دەستپاکییەوە کراوە، ئەو کاتەش تۆ بەرپرسیار دەبیت لە ئاست هەموو ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەدا کە کەسێکی تر قەوماندوونی.
پرسیار: لەنێو ئەو هەموو شاکارە جیهانییەدا بۆچی ڕۆمانی (مامۆستا و مارگەریتا)ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان، دەکرێت پێمان بڵێیت گرنگیی و بەهای داهێنانی ئەم ڕۆمانە لە چیدایە بۆ خوێنەری کورد؟
وەڵام: من کاتێک ئەم ڕۆمانەم کەوتە بەردەست، کە چەند ساڵێک بوو لە سۆڤێتدا ژیابووم و چاوم لە ئاست زۆر لە شتەکاندا کرابووەوە و گوێشم بە چیرۆک و دڕندایەتییەکانی سەردەمی ستالینزم پڕبوو بوو، جا بەلامەوە گرنگ بوو بزانم چۆن ئەدیبێک، لەو بارودۆخە ترسناکەدا، دەتوانێ کارێکی ڕەخنە ئامێزی بێبەزەییانە بنووسێ، بێ ئەوەی بکەوێتە داوی ڕاستەوخۆیەتی و دروشم گوتنەوە و بێ ئەوەی بۆ ساتێکیش سازش لە ئاست پرینسیپە هونەری و ئەخلاقییەکانی خۆیدا بکات. واتە من لە کاتێکدا ئەو ڕۆمانەم خوێندەوە (سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) کە لای خۆیشمان ڕێژێمێکی شێوە ستالینی بەرقەرار بوو ..ئەو بەرهەمە وەک بڵێیت پێوەرێکی هونەری و بگرە ئەخلاقیشیی دایە دەستم کە تا ڕادەیەکی باش بتوانم بەرهەمە ئەدەبییەکانی پێ بپێوم و کەم تا زۆرێک لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆم بۆ کاری ئەدەبی دڵنیاببمەوە..
خۆ ئەگەر لە بازنەی هەستی تاکە کەسی خۆم دەرچم و لە ڕوانگەی پێگەی ئەدەبییەوە سەیری ئەو کارە بکەین ئەوا ئەم بەرهەمە بە شایەتیی زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری ئەدەب بە یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی ئەدەبی ڕووسی دەژمێردرێت لە سەدەی ڕابردوودا و تائێستاش بابەتی لێکۆڵینەوە و تاووتوێکردنە.
ئاخر بوڵگاکەف لەم بەرهەمەدا پشتی نەک هەر بە نەریتەکانی ئەدەبی مەزنی ڕووسی و نووسەرانی گەورەی وەک گۆگەل بەستووە، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر لێزانانە سوودی لە مۆتیڤی یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی داستانخوڵقێنانە و فەنتازیای ئەوروپی ، واتە بە ”فاوست” ەکەی ”گوێتە” ش بەستووە و بەشێوەیەکی داهێنەرانە و دوور لەهەر کۆپیکردن و دزییەکی بێ چاووڕووانە، مۆتیڤی سازشکردنی مرۆڤی لە گەڵ شەیتاندا بۆ ڕۆمانەکەی خۆی بەکارهێناوە،..
جگە لەوەش ”مامۆستا و مارگەریتا” ڕچەشکێن بووە لە بواری ئەو ڕەوتە ئەدەبییەی بە ” ڕیالیزمی جادوویی” دەناسرێت، تەنانەت پێش داڕشتنی خودی زاراوەکە و پێش قوڵکردنەوەی پرنسیپەکانیشی لە لایەن نووسەرانی ئەمەریکای لاتینییەوە .
پرسیار: پێشتر لەلایەن وەرگێڕکارێکی ترەوە (مامۆستا و مارگەریتا) کرا بە کوردی، بەڵام لە زمانی یەکەمەوە نەبوو، ئایا تۆ پێشتر ئاگادار بوویت کە هەمان ڕۆمان کراوە بەکوردی؟
وەڵام: وەک لە پێشەکی وەرگێڕانەکەی خۆمدا نووسیومە من لە ساڵی ٢٠١١ دا و پاش پێشنیارێکی کاک هیوا قادری هاوڕێم( کە زۆرجار باسی ئەو ڕومانەمان لە گەڵ یەکتردا کردبوو) بڕیارم دا دەست بکەم بە وەرگێڕانی، لەو ماوەیەدا کاک هیوا گەڕایەوە کوردستان و دواتر پەیوەندی پێوە کردم کە بیستوویەتی ڕۆمانەکە وەرگێڕدراوە، منیش، هەرچەند نزیکەی ١٠٠ لاپەرەیکیم وەرگێڕا بوو، ڕێککەوتنێکی مەبدەئی و زارەکیشیم لە گەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەدا کردبوو بۆ بڵاوکردنەوەی، دەستم لە کارەکە هەڵگرت( دواتر دەرکەوت کە ئەوەی ئەوسا وەرگێڕدرابوو مامۆستا و مارگەریتا نەبوو بەڵکو بەرهەمێکی تری بوڵگاکەڤ بوو) بەڵام، بەهەرحاڵ، من ئیتر دڵم لە کارەکە ساردبووەوە و بەهیچ جۆرێک نیازم نەبوو بگەڕێمەوە بۆ وەرگێڕانەکەی خۆم. پاشتر کاک حەیدەر عەبدوڵا، وابزانم لە ساڵی ٢٠١٧دا، ئەو بەرهەمەی وەرگێڕابوو و بڵاویشی کردبووەوە. ساڵی ٢٠١٨ لە سەردانێکمدا بۆ کوردستان چەند هاوڕێیەک زۆر هانیاندام کە من کاری وەرگێڕانەکەی خۆم تەواو بکەم. بەوپێیەش کە وەرگێڕانی یەکەم لە عەرەبییەوە کرابوو، ڕەنگە خراپ نەبێت ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ڕووسییشەوە بکرێت. منیش ئاگادار بووم لەوەی کە زۆر لە بەرهەمە جیهانییەکان لە ئەوروپادا زیاتر لە جارێک وەرگێڕانیان بۆ دەکرێ، بۆیە، پاش کەمێک دوودڵی، قاییل بووم و کارەکەم ئەنجامدا، ئەو برادەرەش کە جاری یەکەم گفتی پێدابووم، کۆنتراکتێکی بە ئیمزای خۆیەوە بۆ ناردم و ڕێککەوتین کەمن کارەکە تەواوکەم و ئەویش بڵاوی بکاتەوە، بەڵام بە داخەوە، ئەو سەردەمی کۆرۆنای کردە بیانوو و بێ رێزگرتن لە گفت و ئیمزاکەی خۆی، پاشگەزبووە و کارەکەم هەروا مایەوە تا برادەرانی دەزگای سەردەم ئەرکی بەچاپگەیاندنیان گرتە ئەستۆی خۆیان، کە ئەمەش مایەی سوپاس و دەستخۆشییە.
پرسیار: بە گشتی خۆت وەک وەرگێڕ چۆن لە دونیای ڕۆمانی (مامۆستا ومارگەریتا) تێگەیشتوویت و لە کاتی خوێندنەوەیدا چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەبووە؟
وەڵام: ئەگەرچی لە وەڵامەکانی پێشوومدا لایەنێکی ئەم پرسیارەم ڕوونکردۆتەوە، بەڵام خراپ نییە لێرەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە کە بوڵگاکەف ١٢ ساڵی ڕەبەق و تا دوا ساتەکانی ژیانی خەریکی ئەو بەرهەمەی بووە و حەوت جار سەر لەنوێ دەستی بە نووسینی کردۆتەوە و پاڵاوتە و ئاکامی هەموو ژیانی خۆی وەک مرۆڤێک و وەک هونەرمەندێک لەو کارەدا دیوە.
من،پێش ئەوەی دەست بدەمە وەرگێڕانی کتێبەکە، بە دڵنیاییەوە ٤ جار خوێندومەتەوە و بە دەم و وەرگێڕان و هەڵەچنیشەوە، درۆ ناکەم گەر بڵێم چوار جاری تریشم خوێندۆتەوە. بە کورتییەکەی، کەم تا زۆرێک کتێبەکەم لەبەرە! جگە لەوەش من ئێستاش بەردەوام هەر وتار و بابەتێک لە گۆڤار و ڕوژنامەکاندا یان لە یوتیوبدا سەبارەت بە بوڵگاکەڤ وبەرهەمەکانی و بەتایبەتی مامۆستا و مارگەریتاکەی بێت دەیخوێنمەوە و گوێی لێدەگرم.
ئەم کارە بڕوایەکی لە بن نەهاتوو بە هێزی بێسنووری خۆشەویستی و دڵسوزی دەبەخشێتە خوێنەر و پەیامی سەرەکیی ئەوەیە کە ”ترسنۆکی” گەورەترین خەوشێکە گیانی مرۆڤ ژاراوی بکات و کاری وای پێ ئەنجامبدات کە لە گەڵ مرۆڤبوونیدا نایەتەوە یەک . بە ڕای من تێگەیشتن لەم کێشەیە و لەوەی کە زۆرجار کەسانی زۆردار،لە بنەڕەتدا و سەرباری لاف و گەزافی ئازایەتی و دەسەڵات، ترسنۆکی و بودەڵەییان لە ئاست کەسێکی بەهێزتر لەخۆیان وایان لێدەکات زۆرداری دژ بە کەسانی تر بنوێنن، ، کارێکی زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای ئێمە و هاوشێوەکانی.
پرسیار: بە ڕای تۆ مەرج و پێوەرە سەرەکییەکانی وەرگێڕکاری سەرکەوتوو چییە و خوێنەر چۆن بتوانێت وەرگێڕێکی باش بناسێت و متمانەی پێ بکات.
وەڵام: پێشەکی با ئەو ڕاستییە بڵێم کە ئەزموونی من لە بواری وەرگێڕاندا ئەزمونێکی هێندەش گەورە نییە و دڵنیام کە وەرگێڕە بە ئەزموونەکانمان شتێکی زۆر زیاتریان لە من پێیە لەم بوارەدا بیڵێن. بەڵام من وەک خوێنەرێک بەم شێوەیە سەیری هەر کارێکی وەرگێڕدراو دەکەم: وەرگێڕ مرۆڤە و کۆمپیوتەر نییە و قابیلی هەڵە و سەرلێتێکچوونە، بەڵام مەرجی یەکەمی هەرکارێک ئەوەیە کە دڵسۆزانە ئەنجام درابێت. لە بەر ئەوە من بە هەڵەیەک زۆر سەغڵەت نابم کە ئاشکرا دیارە هەڵەی لێتێکچوونی وشەیەکە لە گەڵ وشەیەکی تردا، بەڵام ئەو هەڵانەی ڕێک دژەلۆژیکن و کەمتەرخەمیی و لامسەرلاییان پێوە دیارە دەهرییم دەکەن و هەموو بەرهەمەکەشم لە بەر چاو دەخەن. بە داخەوە ڕوو دەدات کە خوێنەری ئێمە وا سەرکوێرکراوە کە هەندێک جار کاتێک شتێک دەخوێنێتەوە و لێی تێناگات، ئەوا وەک جۆرە فەلسەفەیەک لێکی دەداتەوە کە ئەم خۆی هێشتا دەڕۆستی لێتێگەیشتنی نایەت. هەر بەم هۆیەشەوەیە کە من نووسینی وتاری بەراوردکار لە نێوان وەرگێڕان و دەقی ئۆریجیناڵدا بە ئەرکێکی زۆر هەنووکەی و پێویست دەزانم.
هەر کاتێکیش وەرگێڕ بڕگەیەکی وەرگێڕدراوی خۆی خوێندەوە و ماناکەی لا خۆی ڕوون نەبوو، با خاترجەمبێت کە خوێنەریش لێی تێناگات و خۆ ئەگەر بە هیوای ئەوەبێت کە خوێنەر ڕەنگە سەرنجی نەدات و بەسەریدا تێبپەڕێت، ئەوە بێڕێزییەکە، هەم لە ئاست خوێنەر و هەم لە ئاست داهێنەری دەقە ئەسڵییەکەشدا، کە شایانی کەسێک نییە خۆی بە وەرگێڕ بزانێت .