کتێبەکان لە باخچەکانی ناخەوە دێنە دەرێ

Loading

کتێبەکان لە باخچەکانی ناخەوە دێنە دەرێ
وەرگێڕانی
سەڵاح حەسەن پاڵەوان
ئەلیف شەفەق کەسێک نییە تازە لە نێو گەمەی بڵاوکردنەوە و نووسیندا دەرکەوێت. دورگەی درەختە ونبووەکان نۆزدەمین کتێبی ئەلیف شەفەقە. هەروەها دوازدەهەمین ڕۆمانێتی. لەگەڵ ئەوەشدا ئاسۆی دەرچوونی کتێبێک و بڵاوکردنەوەی بە جیهاندا هەرگیز ئاسان نابێت. ” دەزانی، پێموایە هیچ جیاوازییەک نییە چ یەکەمین کتێبت بێت یان دەیەمین.” هەر خۆی دەڵێ: وەک نووسەر هەمیشە تووشی هێڕشێک لە ترس و سام و دڵەراوکێ دەبیتەوە، لەبەرئەوەی بە جۆرێ لە جۆرەکان دڵت دەردەچێت تا دەینووسیت، ئەمە پرۆسەیەکی هەستاری سەرنجڕاکێشە.”
نۆزدەیەمین کتێب دەمباتە قوبرس و باکووری لەندەن، بەسەر دەیان ساڵ و فەزادا، لە گێڕانەوەیەکی ئاڵۆزی تێکەڵاودا تێکەڵەیەکە لە بەدواداچوون بەدوای بەسەرهاتی ئەوین، ناسنامە و سەربەشوێنبوون. ”هەمیشە ئەوەی منی کێش کردووە نووسین بووە لەسەر سنوور و دابەشبووەکان، بەردەوام قوبرس لە ناخ و قوڵایی دڵم بووە، ماوەیەکی زۆرە دەمەوێ ئەم چیرۆکە بنووسمەوە، بەڵام هەمیشە لەوە ترساوم کە لەم گێڕانەوەیەدا ڕاستگۆ نەبم، چون نەمدەزانی ئەم چیرۆکە چۆن بگێڕمەوە، لە کاتێکدا هێشتا برینەکان ساڕێژ نەبوونەتەوە.
ڕابردوو زۆر نزیکە لەم ساتەی ئێستە، بۆیە پرسیار دەکەم چۆن دەبێ چیرۆکێک بگێڕمەوە، لە کاتێکدا لە چەندین لاوە چەندین ژان و نادڵنیایی هەیە. ڕەنگە ئەوەی یارمەتی شەفەقی دا کۆدەکە بکاتەوە، ئەو دارتووە بێت کە کەسی یەکەمی ڕۆمانەکەیە و بە درێژایی ڕۆمانەکە گوێمان لە دەنگی دەبێت. ”درەختێک چۆن دەتوانێت چیرۆکی وڵاتێکی دابەشبوو بگێڕێتەوە؟ بیرکردنەوە لە دەنگەکەی، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو ئازادییەی پێبەخشیم تا دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بکەم”. داخستن و درم و دەردەکان یارمەتیدام تا دووبارە پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا دامەزرێنێت، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر پێش دانیشتن بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە بیری لە نووسینی دەکردە، بەڵام درەختەکە ڕێگایەک بوو بۆ دەستتپێکردنی ئەم ڕۆمانە.
بە درێژایی ٣٥٠ لاپەرەی کتێبەکە، گێڕانەوە لە میانەی زەمەندا بازدەدات لە هاتن و گەڕانەوەدا، دەستت بەسەردا دەگرێت و کۆنترۆڵت دەکات. شەفەق پێی وتم:: ”پێموایە زۆر لە دڵاشیرینە کە ئەم بیرۆکەی کاتە، وەک تیرێکی هێڵئاسا، وەک سەهمێکی پێش دەرچوو بخەمە ژێر پرسیارەوە، کات زۆر لەوە ئاڵۆزترە”. هەندێ جار پرسەکە بازنەییترە، زەمەنی گێڕانەوەی بەسەرهات وەک بوونی چیرۆک لە ناو چیرۆکە، بازنە لە ناو بازنەیە، زەمەنی درەختیش زۆر جیاوازە، جارێکی تر بازنەیە لە نێو بازنەدا. بۆیە حەز دەکەم ئەم ڕاستەهێڵەی زەمەن بخەمە بەردەم پرسیارەوە، کە من پێموایە ئەمە تەنیا وەهمێکە. پێم وانییە هزری مرۆڤ بەم شێوەیە کار بکات. ” ئەو شێوەیەی یادەوەرییەکانی ڕابردوو دەکاتە ئێستە، کە ئەمەش تێگەیشتنمان بۆ کات دەشێوێنێت، بە تایبەت کاتێک کە شەفەق کاتی گێڕانەوە دەشێوێنێت. هەروەها وامان لێدەکات لە شوێنە جیاوازەکانی ژیانیان زیاتر لە کارەکتەرەکانی نزیک ببینەوە. پرسیارم لە نووسەر کرد چۆن دەستی کردووە بە هەڵبژاردنی کارەکتەرەکانی تا ڕۆمانەکەی پێ پڕبکاتەوە. هەورەها ئەو کارەکتارانە چۆن بە پیرییەوە چوون. ”بەڕاستی بڕوام وایە لە دڵی چیرۆکنووس توانای هاوسۆزی هەیە، بۆ ئەوەی بەڕاستی ببیت بەو کەسەی کە لەسەری دەنووسیت. بۆیە هەوڵ دەدەم لە سەرەوە نەڕوانمە کارەکتەرەکانم، ئێمە هەر هەموومان لە یەک ئاستداین. ئێمە هەر هەموومان بوونەوەری مرۆیین لەگەڵ خاڵە سست و هەروەها خاڵە ئاڵۆزەکانمانیشمان. ئەوە ئاڵۆزی بوونی مرۆڤە کە هەمیشە سەرسامم دەکات. بەڵام پاش ئەمەش دەبێ بڵێم، دەبێ ئەوەش زیاد بکەم من لە لایەن ژنانەوە گەورەکراوم، لە خێزانێکی دایکسالاریدا گەورەبووم، پڕ بوو لە کەسایەتییە ژنەکان، ژنە زۆر بەهێزەکان، بەڵام کۆمەڵێ کارەکتەری مێیانەی ناکۆک لەگەڵ یەکتری، کە ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری لەسەر دروست کردم.”
لە زۆر ڕوەوە دورگەی درەختە ونبووەکان بەرهەمێکی خەیاڵی مێژووییە. ئەلیف شەفەق پێشینەیەکی خوێندنی ئەکادیمی هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و توێژینەوەی جێندرەی خوێندوووە و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان بەدەستهێناوە، هەروەها وەک کەسێک هەم خولیای بۆ بواری لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و هەم بۆ بەرهەمی خەیاڵی مێژوویی بووە، من زۆر حەزم لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو بوارەیە، چون بەڕاستی هەست دەکەم شتێکی سیحرئامێز ڕوودەدات کاتێ نووسەران لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی وەردەگرن و وادەکات لە میانەی نووسینی خەیاڵییەوە ژیان خۆی بخزێنێتە نێو ئەو بابەتەوە. شەفەق هاوڕایە و پێی وایە کە تێکەڵبوونی فرەپسپۆڕی وەک پێویست پێنەگییوە. ” هەمیشە باوەڕێکی گەورەم بە گفتوگۆی نێوان زانستەکان هەبووە. پێموایە نووسەرانی چیرۆکی خەیاڵی، دەبێ بڕێکی زۆر کتێبی ناخەیاڵی بخوێننەوە، بەڵام ئەو کەسانەی لە بواری ئەکادیمی یان بوارە ناخەیاڵییەکان کاردەکەن، ئەوان دەبێ شتی خەیاڵی بخوێننەوە. ئێمە دەبێ بەردەوام شتەکان لەگەڵ یەکتریدا کۆبکەینەوە، ئەمەیان بۆ هزر تەندروستترە.” لەو ساڵانەی کە شەفەق لە بواری ئەکادیمی کاری کردووە، پارێزگاری لە پێگەی خۆی کردوو بۆ زانین و لێکۆڵینەوە، وەک پرۆسەیەکی بەردەوام، بۆ فێربوونی شتێک کە بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت. ” پێم دەڵێت: ” تۆ هەرگیز لە فێربوون ناوەستیت، هەمیشە قوتابی ژیانیت.من حەزم لەمەیە.” بێگومان نووسینی ئەکادیمیی و خەیاڵی دوو هاوەڵی ئاسان نین پێکەوە ( واتە بە ئاسانی پێکەوە هەڵناکەن) بە هۆی جیاوازییەکانیان ، هەندێکجار تەنانەت دژ بەیەکیشن، لە ڕووی ستایل و زمانەکانەوە. بەڵام ئەلیف حەزی لەم سەرکێشییە. ” هەرشتێک و هەمووشتێک کە لەگەڵمدا بدوێ دەیخوێنمەوە، حەزم لە نێوان و دووربوونی نێوان ئەو شتە نییە کە پێی دەوترێ ئەدەبی باڵا و ئەدەبی پاین. تەنیا بەردەوامبە لە خوێندنەوە، لە فێربوون، ئەمە ئەو شتەیە کە من باوەڕم پێیەتی.”
لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، هەندێ جار ئیستێکم کردووە لەو پەیوەندییانەی کە تێیدا وشە پەیوەندیدارە ناچاوەڕوانکراوەکان ڕووبەڕووم بونەتەوە، ڕستەیەک نۆرەیەک دەگرێت چاوەڕوانی نەبووم ، پەخشانێکی شیعری وێنەیەکی نوێ لەبەر چاومدا دێنێتە دنیاوە. شەفەق بە تورکی و ئینگلیزی دەنووسێت، تورکی زمانی دایکییەتی، بۆیە پرسیار دەکەم دەمەوێ بزانم چۆن هەست بەکاریگەری دەکات لەسەر زمانی نووسینی. ” بۆ من ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئینگلیزی بۆ من مەعریفەیەکە وەرمگرتووە و فێری بووم، دواجار لە ژیانمدا فێری بووم. واتە کاتێ کە منداڵ بووم فێری بووم، لە نێو ماڵێکدا نەدەژیام کە بە دوو زمان قسە بکەن، واتە من کەسێکی کۆچبەری ئەم زمانەم، من کەسێکی دەرەکیم. پێموایە وەک کۆچبەر هەمیشە دەتەوێت زیاتر بڵێیت و لە کۆتاییدا کەمێک کەمتر دەڵێیت، کەلێنێک لە نێوان عەقڵ و زماندا هەیە. ئەو بۆشاییە دەکرێ بێزارکەربێت، هەندێ جار دەکرێ ببێتە هۆی دروستکردنی بێهیوایی، بەڵام ئەگەر فێربین نەهێڵین وامان لێ بکات، دەکرێ لەو کاتەدا ئیلهامبەخش بێت، پاڵت پێوە دەنێت زیاتر گرنگی بە ڕیتم و جیاوازییە وردەکانی نێوان زمان بدەیت. ئەمە شیکردنەوەی بۆ نەتەوەپەرستان ئاسان نییە، لەبەرئەوەی ئەوان بیریان زۆر تەسکە، لە تورکیا، ناسیۆنالیستەکان بێزاربوون کاتێ من یەکەمجار بە زمانی ئینگلیزی دەستم بە نووسین کرد. بەڵام پێموایە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین دەتوانین بە زمانێک زیاتر خەون ببینین. ئەمە مانای وایە ، ساڵانێکی دوورودرێژ تێگەیشتم، کە نووسینەکانم پڕن لە حوزن و خەم و پەرۆشی، ئەمەیان بۆ من ئاسانترە کە بە تورکی دەریببڕم. بەڵام کاتێ پرسەکە پەیوەست دەبێت بە گاڵتەجاڕی، ساتیر، لاقرتێ، پێمموایە ئەمەیان دەربڕینی بە ئینگلیزی ئاسانترە.” ئازادییەکە کە لەنێوان چەندین زماندا بتوانیت بێیت و بچیت، پرسیارم لە شەفەق کرد، ئایا بۆ ئەو ئاسانە هەندێ شت بە ئینگلیزی بڵێت لەبەرئەوەی زمانی دایکی خۆی نییە. ”هەندێ جار هەست دەکاتە ئەوەندە قورس نییە. ڕەنگە بڕێک هەستی ئازادی زیادە بێت، یان هەستکردن بە سوکێتی و مەودای مەعریفی، دەزانی هەندێک جار پێویستم بەو مەودای مەعریفییە هەیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لێی بڕوانم.”بەتایبەتی بۆ ئەو کتێبانەی لە ساتی لۆکداوندا نووسراون، ئەو کاتەی کە هەموو بونیادە دەرەکییەکان وا دەهاتنە بەرچاو خەریکبوو لەناودەچوون و دەبوون بە هەڵم و کەچی داواکارییەکانی ڕۆژانە وا دەردەکەوت پێویستتر بوون، وا دەردەکەوێت ڕۆتینی نووسین زۆر سەیرونامۆیە. لە ئەلیف شەفەقم بپرسی چۆن تەحەمول دەکات و شێت نەبووە. وەڵامی دایەوە و وتی: ” ئەمەش کلیلی ئەو پرسیارەیە، چۆن وا شتەکان ببەینە ڕێوە کە تووشی شێتی نەبین؟ بەڵام هەندێ ڕۆژ ئەو عەقڵە لە دەست دەدەین، وەک دەزانن، نایەقینی و دڵەڕاوکێ منی نوقم کردووە، ئەمەش شتێکە تا بڵێی ڕوویەکی مرۆڤانەی هەیە. بە بێهیچ بێڕوویەک، بڕوام وایە تەنیا هەندێ کەسانی زۆر جیاواز دەتوانن ڕایبگەیەنن کە هەموو ڕۆژ نەخشەیەکی زەمەنی ڕێکیان هەیە. هەرگیز ناتوانم وابم، چون من شتگەلێکی تری زۆرم لە ژیاندا هەیە تا ئەنجامی بدەم. بۆیە لە جیاتی ئەوە هەندێ ساتی زەمەنی بۆ خۆم تەرخان دەکەم، چ لە ڕۆژ بێت یان لە شەو. ئەمەش لەسەر ڕۆژەکان وەستاوە، بەڵام ئەوەی کە هەموو ڕۆژ ئەنجامی دەدەم خوێندنەوەیە. شەفەق باسی لە تۆنی مۆریسۆن کرد، کە چۆن باسی لەوە دەکرد کە چۆن بە هەڵدانی چەندین تۆپ، وەک نوسەرێک، ئامادەکارێک، دایکێکی تەنیا، بە ئاسانی دەبوایە کات و شوێنی بۆ خۆی دروست بکردایە، کە ئەمەش هەرگیز نەدەکرا نەخشەی کات و شوێنی وردی بۆ دابنرێت.
پەیوەست بەم نیگەرانییە بۆ ئەوەی خۆی وەک نووسەرێک پێشکەش بکات، بۆ من لایەنی سیاسی کاری ئەلیف شەفەق گرنگ بوو. نووسینەکانی، چ ئەوانەی خەیاڵئامێز بوون چ ئەوانەی ناخەیاڵ، دەربارەی چەندین بابەتی هەمەچەشن لە ململانێی سیاسییەوە تا دەگاتە ئاین، یان سێکس و خەمۆکی پاش لەدایکبوون. کاتێ ئەم بابەتەم وروژان شەفەق وتی: ” بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بم، بڕوام وایە ئەگەر بەڕێکەوت سەر بە دیموکراتییەکی بریندار بیت، سیاسیبوونت لەو شوێنەدا شتێکی جوان و باڵا نییە. ئەگەر لە دەرەوەی پەنجەرەکەت ئەوەی کە ڕوودەدات، ئازارتان دەدات، دەبێ قسە بکەیت و شت بڵێیت. هەروەها وای بۆ دەچم نووسەرە کەمایەتیەکان لە ڕۆژئاوا، کاتێ ئەوانیش کە سیاسی نەبوون، بارێکی باڵاو جوانیان نەبووە، کاتێ بڕێکی زۆر نایەکسانی ڕەگەزی، دانەشبوونی ناوچەیی، دابەشبوونی چینایەتی هەیە، مەبەستم ئەوەیە تۆ لە نێو ئەوانەدا دەژیت و ئەو بارە ئازارت دەدات، بۆیە قسەی لەسەر دەکەیت.
بەڵام پێموایە، جیهان لە گۆڕاندایە و ڕەنگە بڕێکی زۆر زۆری نووسەرانی زۆرینەی ڕۆژئاوایی خەریکن هەست بەوە دەکەن کە پێویستە قسە لەسەر ئەو شتانە بکرێت کە لەجییهاندا ڕوودەدات، ئەمەش زۆر گرنگە.
پاش ئەمە، من قسە لەسەر سیاسەتی حیزبی ناکەم، من گرنگی بە هیچ یەک لەوە نادەم. من فیمینیستێکم، بۆیە بە مانا فیمینیستییەکەی وشەی سیاسەت بەکاردەهێنم. بۆیە، کاتێ دەڵێم سیاسەت، کەسایەتیش هەر سیاسییە، ڕەنگە تۆ لایەنی سیکسوالیتی، کۆدی جێندەر بخەیتە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمەش خۆی سیاسەتە. بۆ من لە هەر شوێنێک کە ناهاوسەنگی دەسەڵات و نایەکسانی هەبێت سیاسەت لەوێیە، ئێمەش وەک نووسەر، ناتوانین تەنیا ئەم شتانە پشتگوێ بخەین”.
هەروەها شەفەق لە دروستکردنی ڕوانگە سیاسییەکانماندا بەشێوەیەکی گشتی بڕوای بە گرنگی ڕۆمان و هەروەها چیرۆکی درێژ هەیە. ” من وا لە ڕۆمان دەڕوانم دوا بنکەیەکی دیموکراتیمانە کە ماوەتەوە. بڕوام وایە ئەرکی نووسەر ئەوە نییە ببێتە فێرکەر و فرماندەر، یان وەڵامدەرەوەی ( پرسیارەکان بێت)، گرنگی نووسەر پرسیارکردنە، لەوانە پرسیاری سەخت و گران لەسەر پرسە سەخت و گرانەکان. بەمەش تۆ ڕووبەر و شوێن دروست دەکەیت، ڕووبەروو شوێنی کراوە، لەو فەزایە کە دەکرێ بۆچوونی جۆراوجۆری تێدا ببیسترێت. هەروەها دەبێت هەمیشە وەڵام بۆ خوێنەر بەجێنهێڵین. چون هەر خوێنەرێک بڕیارە تروکاندن و نیگای خۆی بخاتە نێو چیرۆکەکەوە، منیش دەبێت ڕێز لە لێکدانەوەکانیان بگرم.”
لە کاتێکدا کۆتایی پێ دێنین، لە شەفەق دەپرسم پاش ئەمە چی دێت، بە دواین پرسیارم کۆتایی بە وەڵامەکەی دێنێت، کە چ ئامۆژگارییەک پێشکەش بە نووسەرانی لاو دەکات. ”بەگشتی، کاتێ ڕۆمانێکم کۆتایی دێت، ناچم یەکسەر دەست بە ڕۆمانێکی تر بکەم. کاتێ دەست بە نووسین دەکەم کارەکە زۆر چڕ و پڕە، بۆیە کاتێ کتێبەکە تەواو دەبێت، دێمە سەرەوە و دووبارە دەبمەوە مرۆڤێکی ئاسایی، مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی. تەنیا حەز دەکەم بچمە دەرەوە و گوێ لە گەردوون بگرم، دەزانی، شتگەلێ بکەم کە ڕانەهاتووم بیانکەم، فێربوونی ئەو بوارانەی کە هیچیان دەربارە نازانم، هەروەک دەمارناسی، یان تەنیا بەتەوای سەرقاڵ بم بە خوێندنەوەی شتە جیاوازەکان. هەروەها هەوڵ دەدەم ببینم ئەو ساتی زەمەنە هەست بە چی دەکەم. بۆیە پەلە ناکەم لە دەستپێکردنی کتێبێکی تر، لە جیاتی ئەوە هەوڵ دەدەم چیرۆکەکان لە خۆمدا جێ بکەمەوە و هەڵیانمژم، هەروەها دەکرێ تەنیا گوێگرێکی باش بم و گوێ لەو شتانە بگرم کەسانی تر دەیڵێن”. بیرۆکەی هاتووچۆ وەک بەندۆڵی ( کاتژمێر) لە نێوان نووسین و خوڵقاندنی جیهانگەلێک و گوێگرتن و هەڵمژینی جیهانی دەوروبەرمان و جێگرتنەوەی لە خۆماندا، بەڕاستی ئەمە بەهێزم دەکات. هەروەها شەفەق دەڵێت : ” ئێمە دەبێ ئاگاداری باخچەکەی ناخمان بین. کتێبەکان لە باخچەکانی ناخەوە دێنە دەرێ، بۆیە دەبێت ڕێگایەک بدۆزینەوە و ئەوەی خەڵکی دەیڵێت نیگەرانت نەکات. با هەمیشە بەڕووی ڕەخنەی بونیادنەردا کراوە بین، بەڵام هەندێ کات هەیە، تۆ پێویستتە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆتدا لە نێو باخچەکەتدا بەخەرجی بدەیت. بۆ ئەوەی ئەم دوانە پێکەوە ئەنجام بدەیت تاقە ڕێگا ئەوەیە ئەویندار وئاشقی ئەو شتە بین کە دەیکەیت، هەمیشەش ئەمە ئەو شتەیە کە گرنگە”.
سەرچاوە:
Elif Shafak , Written by Sophie Marie Niang
ناردن: