گه‌ڕانێك به پێشانگای كتێب له شاری ڕیبات
كڕینی ژماره‌یه‌ك كتێبی به‌هاداری تازه‌ی فه‌ره‌نسی.
گه‌ڕانێك به پێشانگای كتێب له شاری ڕیبات
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سێ ساڵه له ماڵه‌كه‌م، خه‌ریكه ده‌ڵێم له كولانه‌كه‌م، نه‌هاتوومه‌ته ده‌ره‌وه، ته‌نها دوو جار نه‌بێت: جاری یه‌كه‌م له مانگی ئازاری ڕابردوو بوو، كاتێك له پێشه‌نگا جوانه‌كه‌ی كتێب، له شاری شارستانییه‌تی دێرین هه‌ولێر ئاماده‌بووم. جاری دووه‌م ئاماده‌بوونم بوو له‌پێشه‌نگای كتێب له پایته‌ختی مه‌غریب: ڕیبات. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، هه‌ست به خۆشییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌یت، چونكه تۆ به‌م هه‌مو كتێب و سویت و ڕاڕه‌وانه ده‌وره‌دراویت. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت تۆ له زه‌ماوه‌ندایت، جا چ جۆره زه‌ماوه‌ندێك؟ زه‌ماوه‌ندی كتێب! خه‌ڵكینه ئه‌وه زه‌ماوه‌ندی موته‌نه‌بییه: كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤه.
من له‌م پێشانگای كتێبه‌دا، به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕام؟ به‌دوای كۆمه‌ڵێك كتێبدا ده‌گه‌ڕام كه به‌م دواییانه چاپكرابوون و تا ئێستا ده‌رفه‌تی بینین و ناسینیانم نه‌بووه. كتێبی یه‌كه‌میان ئه‌مه‌یه: “فه‌لسه‌فه و مه‌سیحییه‌ت بۆ تازه ده‌ستپێكه‌ران/ الفلسفة و المسیحیة للمبتدئین”، نووسه‌ره‌كه‌ی یه‌كێكه له گرنگترین فه‌یله‌سوفه هاوچه‌رخه‌كانی فه‌ره‌نسا: لۆك ڤێری. وشه‌ی (تازه ده‌ستپێكه‌ران) فریوتان نه‌دات و پێتانوابێت كتێبه‌كه بۆ منداڵانی بچووك نووسراوه. نا نه‌خێر، هه‌رگیز وا نییه. كتێبه‌كه بۆ گه‌وران نووسراوه، گه‌وره‌ی گه‌وره‌كان. ئه‌مه له گۆڕه‌پانی پاریس‌دا، زنجیره كتێبێكی به‌ناوبانگه و ئه‌م ناوه‌ی وه‌ك جۆرێك له نوكته و گاڵته وه‌رگرتووه، زنجیره كتێبه‌كه زیاد له‌وه‌ی وێنای ده‌كه‌ین جدییه.
ئه‌م كتێبه، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان فه‌لسه‌فه و دین، تیۆره‌یه‌كی ته‌واوه‌تی داهێناوه. كتێبه‌كه له دیدێكی فه‌لسه‌فی قووڵه‌وه، باس له دین ده‌كات، گرنگییه‌كه‌شی ئا لێره‌دایه. ڕاسته ته‌ركیزی كتێبه‌كه له‌سه‌ر ئاینی مه‌سیحییه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه ده‌یڵێت، به‌سه‌ر ئیسلام و دینه گه‌وره‌كانی دیكه‌شدا پراكتیز ده‌كرێت. لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه: بۆچی چیتر توانای ئیمان و باوه‌ڕمان نه‌ماوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی باو باپیرانمان هه‌یانبوو؟ بۆچی چیتر فه‌لسه‌فه خزمه‌تكارێكی گوێڕایه‌ڵ و سه‌ركزی زانستی تیۆلۆژیای ئاین نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له خۆرئاوا وابووه و تا ئێستا و ئه‌م چركه‌ساته‌ش له خۆرهه‌ڵات هه‌ر وایه؟ ئایا جیاوازی نێوان تێگه‌شتنی تاریكبین بۆ ئاین/ له‌گه‌ڵ تێگه‌شتنی ڕۆشنگه‌رانه‌ی ڕووناك به ڕووناكی عه‌قڵ و دره‌وشانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه چییه؟ له ئه‌وروپا ئه‌و فه‌یله‌سوفه گه‌ورانه كێ بوون، به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی و ڕادیكاڵانه، تێگه‌شتنیان بۆ ئاین تازه‌كرده‌وه؟ چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك توانییان تاریكی ئاینی و دادگاكانی پشكنین، له‌ناوبه‌رن؟ ئه‌و پرسیارانه و چه‌ندین پرسیاری دیكه، ئه‌م كتێبه گه‌وره‌یه‌ی لۆك ڤێری ده‌یانخاته‌ڕوو.
هه‌نووكه ده‌چمه سه‌ر كتێبێكی دی كه به‌و په‌ڕی سه‌بر و تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی بڵاوبوونه‌وه‌یم ده‌كرد. كتێبه‌كه له نووسینی فه‌یله‌سوفێكی دیكه‌یه كه له گۆڕه‌پانی فه‌ره‌نسیدا، ڕكابه‌ری به‌ڕێز لۆك ڤێری-یه و ناوی “ڕیمی پراگ”ه، ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی زۆر به ساده‌یی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: “ده‌رباره‌ی ئیسلام/ عن الاسلام”، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای گالیماره و له چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌ی گه‌وره‌ی جوان پێهاتووه. ئه‌م كتێبه له‌وانه‌یه له لایه‌ن ئێمه‌ی عه‌ره‌ب و موسڵمانانه‌وه، زریانێكی به‌هێز به‌رپا بكات. له‌وانه‌یه ئازارمان بدات و ده‌كرێت برینداریشمان بكات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناتوانین پرسیاره سه‌خته‌كانی، خه‌ریكه ده‌ڵێم پرسیاره سوتێنه‌ره‌كانی، كه ده‌رباره‌ی ئێمه و كه‌له‌پوره گه‌وره‌كه‌ی ئاینه‌كه‌مان ده‌یانخاته‌ڕوو، پشتگوێی بخه‌ین و نادیده‌ی بگرین. كتێبه‌كه شۆكمان ده‌كات، ده‌مانهه‌ژێنێت، ڕامانده‌وه‌شێنێت. كتێبه‌كه ده‌یه‌وێت باجی “داعش” به كاش بده‌ین. ئایا ئه‌و هه‌ڵه‌یه؟ به‌ڵام زیاد له پێویست دڵڕه‌قه به‌رامبه‌رمان. به‌ڕێز ڕیمی پراگ تۆزێك به‌زه‌یت پێمان‌دا بێته‌وه! ئاخر بارودۆخی ئێمه سه‌خته، بگره له سه‌خت زیاتره، به‌ڕێزم حاڵمان زۆر په‌رێشانه، لای ئێمه سه‌رده‌می داڕمان و تاریكی، ڕازینابن بكه‌ونه گیانه‌ڵا و دوا هه‌ناسه‌ی خۆیان هه‌ڵمژن. بگره هه‌نووكه له تاریكترین چركه‌ساته‌كانی خۆیدایه و له هه‌موو كات به‌هێزتره. شه‌قامی عه‌ره‌بی هی ئه‌وه، هه‌روه‌ها شه‌قامی توركی و ئێرانی و پاكستانی و…هتد، به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌یه.
ئه‌م كتێبه هه‌رچه‌نده دڵڕه‌قه، وه‌لێ ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بۆچی؟ چونكه یه‌كه‌م نووسه‌ره‌كه‌ی، له حاڵی حازردا، یه‌كێكه له گرنگترین فه‌یله‌سوفه‌كانی فه‌ره‌نسا. ئه‌و زانایه‌كی ئه‌كادیمی گه‌وره‌یه و تا دوا سنوری مومكین له زانست‌دا قاڵبووه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه ڕیمی پراگ ئاوا له‌خۆڕا و سه‌رپێیانه قسه فڕێندات. دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفێكی ئیمانداره. كێ باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات؟ ئه‌مه له گۆڕه‌پانی فه‌ره‌نسیدا بووه‌ته دراوێكی ده‌گمه‌ن، هه‌موان شه‌و و ڕۆژ شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه ئیماندارنین. وه‌لێ ئه‌مه هه‌ڵوێستی ریمی پراگ نییه. ئه‌و فه‌یله‌سوفێكی مه‌سیحی كاسۆلیكییه و به ڕۆژی ڕووناك و به ئاشكرا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، به‌لامه‌وه زۆر گرنگه تێڕوانینی ئه‌و سه‌باره‌ت به ئیسلام بزانم، ئه‌گه‌رچی هاوڕانیم له‌گه‌ڵیدا، یان بۆ ئه‌وه‌ی وردتر قسه بكه‌م ده‌ڵێم هاوڕام و هاوڕاشنیم. ئاخر ئه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا، نه‌ك گرنگترین فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسایه، به‌ڵكو گرنگترین فه‌یله‌سوفی هه‌مو جیهانه. پاشان ئه‌و به‌درێژایی ڕێگاكه، به‌رده‌وام زوڵممان لێ ناكات، ئه‌و ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه زمانی عه‌ره‌بی، خاوه‌نی كه‌له‌پورێكی فه‌لسه‌فی و زانستی ده‌وڵه‌مه‌نده. ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌وروپا له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، قه‌رزاری ئه‌و كه‌له‌پوره ده‌وڵه‌مه‌نده‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بوایه، ئه‌وروپا نه‌ده‌بووه خاوه‌نی ڕێنیسانسی خۆی. لێره‌وه ئه‌و مرۆڤێكی بابه‌تییه: ده‌بات و ده‌به‌خشێت. ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌نووكه قسه‌مان پێ ده‌ڵێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه زۆر په‌رۆشی ئێمه‌یه. ئه‌و ده‌یه‌وێت ئێمه له كه‌وتنه‌كه‌مان هه‌ستینه‌وه، ده‌یه‌وێت “داعشبوونمان” تێپه‌ڕێنین، ده‌یه‌وێت بگه‌ینه‌وه به كاروانی باو باپیرانمان، ئه‌و كاته‌ی مه‌شخه‌ڵی ڕووناكی بوون بۆ گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه.
ریمی پراگ ده‌یه‌وێت ئێمه شایه‌نی ڕابردووه نه‌مره‌كه‌مان بین، كاتێك شارستنییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی، ڕاقیترین شارستانییه‌ت بووه له جیهاندا. ئاخر كێ له ئێمه له دوای سه‌رده‌می ئه‌لره‌شید و مه‌ئمون و عه‌بدولڕه‌حمانی سێیه‌م له قورتوبه، خه‌ون به دووه‌م سه‌رده‌می زێڕینه‌وه نابینێت؟ پێویسته ئه‌وه بزانین كه ڕیمی پراگ، پسپۆڕێكی گه‌وره‌یه ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی و یه‌هودی، بێگومان فه‌لسه‌فه‌ی مه‌سیحیش له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌و بۆ ساڵانێكی زۆر نه‌ك ته‌نها له زانكۆی سۆربۆن، ئه‌وانه‌ی وه‌ك وانه وتووه‌ته‌وه، به‌ڵكو له زانكۆی “لویس و ماكسمیلیان”یش له شاری میونغی ئه‌ڵمانیا وتوویه‌تییه‌وه. به مانایه‌كی دی، ئه‌و له من و تۆ زیاتر، شاره‌زایی له فیكری فاربی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئیبن مه‌یمون هه‌یه. لێره‌وه ئه‌و ته‌نها زانیاری له‌سه‌ر مه‌سیحییه‌ت نییه كه ئاینی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌تی، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی زۆر ورد زانیاری له‌سه‌ر ئاینی جووله‌كه و ئیسلام هه‌یه.
ڕیمی پراگ به ته‌واوه‌تی ئاگاداری ئاینه یه‌كتاپه‌رستییه‌كانه یان سێ ئاینه ئیبراهیمییه‌كه، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ “ئیبراهیم ئه‌لخلیل”. ئه‌مانه ئه‌و ئاینانه‌ن كه وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، سه‌نته‌رێكی رۆحی گه‌وره‌ی به ناونیشانی “ماڵی خێزانی ئیبراهیمی” بۆ دروستكردوون. ئه‌م سه‌نته‌ره ده‌كه‌وێته دوورگه‌ی “السعدیات” له ئه‌بو زه‌بی. به‌مه‌ش ئیمارات سه‌لماندی عه‌ره‌ب هه‌مویان تاریكبین و ته‌كفیرچی نین، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵات باسیان لێوه ده‌كرێت. سه‌لماندی بۆ تێگه‌شتن له ئیسلامی پاك و ڕاسته‌قینه، جگه له رێگای ئیخوان موسلیمین و هه‌مو ئه‌و بزوتنه‌وه توندڕه و ته‌كفیریی و تیرۆریستییانه‌ی كه له‌وانه‌وه به‌رهه‌مهاتوون، رێگایه‌كی دی هه‌یه. ئیمارات به‌م هه‌نگاوه‌ی، سه‌لماندی دڵسۆز و وه‌فاداره به ڕۆحی قورئان و جه‌وهه‌ره مه‌زنه‌كه‌ی.
له كۆتایدا با قسه له‌سه‌ر كتێبی سێیه‌م بكه‌م، كه خاوه‌نه‌كه‌ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی “ڕیشار مالكا”یه، من سه‌رمسوڕما له وردی ده‌ستنیشانكردنی ڕیشار بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه دریژخایه‌نه‌ی كه ئێمه هه‌نووكه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنین، من پێشتر هه‌رگیز نه گوێم له ناوی خۆی بووه و نه ئه‌م كتێبه‌ی كه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی: “نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ده‌مارگیریی”، ئه‌و به‌م ناونیشانه، دژایه‌تی ناوی كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڤۆڵتێر ده‌كات: “نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی لێبورده‌یی”، ئه‌م كتێبه‌ی ڤۆڵتێر، له‌سه‌ر داوای دكتۆر محه‌مه‌د عبدولموته‌لیب ئه‌للهۆنی؛ كه یه‌كێكه له ڕابه‌رانی ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له‌لایه‌ن “هێنرییت عه‌بودی”یه‌وه به شێوه‌یه‌كی زۆر نایاب كراوه به عه‌ره‌بی.
وتم دژایه‌تی ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی ڤۆڵتێر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌م ته‌نها بۆ سه‌رنجڕاكێشان كرد، چونكه ئه‌ویش كه‌سێكی ڤۆڵتێری و ڕۆشنگه‌ریی ته‌واوه. ئاخۆ ئه‌م توێژه‌ره به توانایه، چۆن چۆنی ده‌ستنیشانی كێشه‌كه‌ی ئێمه ده‌كات؟ ئه‌و شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر و / ئیسلامی تاریكبین هه‌یه. ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر دوژمنی سه‌ره‌كی ئیسلامی تاریكبینه. ئیسلام هه‌ر هه‌مووی یه‌ك بارستایی كه‌ڕ و لاڵ و كوێر نییه. خۆرئاوا كه‌ی له‌وه تێده‌گه‌ن؟ ئیسلام ئاینێكی گه‌وره‌ی جیهانییه و له كه‌سایه‌تی مه‌زن و ڕه‌وتی جیاواز پێكهاتووه. ئیسلام ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌له‌پوری ئاینی و كه‌لتووری و شارستانی مرۆڤایه‌تییه. كێ گه‌نجینه‌كانی عه‌ره‌ب یان گه‌نجینه‌كانی كه‌له‌پوری بیرماوه؟ ئیسلامی فه‌یله‌سوفه‌كان و ئیسلامی واعیز و بانگخوازان هه‌یه. ئیسلامی نوێبوونه‌وه و داهێنان و ئیسلامی نه‌ریتخواز و جووینه‌وه هه‌یه. له ساته‌وه‌ختی ئێستاماندا، ئیسلامی مۆدێرنیسته ڕۆشنگه‌ره‌كان و ئیسلامی توندڕه‌وه تاریكبینه‌كان هه‌یه و جه‌نگه‌كه‌ش كراوه‌یه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، چوارشه‌ممه، 14-6-2023.