ژان زێگله‌ر: برسییه‌تی یه‌كێكه له چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ
فه‌یله‌سوفی سویسری هێرش ده‌كاته سه‌ر خۆرئاوا و جیهانگیری سه‌رمایه‌داری
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ژان زێگله‌ر (له‌دایكبووی ساڵی 1934) یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا، خاوه‌نی ویژدانێكی گه‌وره‌یه. ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا فه‌یله‌سوف و به‌رپرسێكی سیاسی و نائیبێكی سویسریه. هه‌روه‌ها ئه‌و فه‌رمانبه‌رێكی گه‌وره‌ی جیهانییه، چونكه بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ (2000-2008)، بڕیارده‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو بۆ كاروباری خۆراك له جیهاندا. هه‌نووكه جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه.
پێشتر چه‌ندین كتێبی سه‌رنجڕاكێشی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌وانه: “كتێبی ڕه‌شی سه‌رمایه‌داری”، “باسكردنی برسییه‌تی له جیهان بۆ كوڕه‌كه‌م/ الجوع فی العالم مشروحأ لابنی”، “ئاغا نوێیه‌كانی جیهان و ئه‌وانه‌ی به‌ره‌نگاریان ده‌بنه‌وه/ اسیاد العالم الجدد و أولئك الذین یقاومونهم”، “ئیمپراتۆریه‌تی شه‌رمه‌زاریی/ امبراطوریة العار” (واته ئیمپراتۆریه‌تی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوا و كۆمپانیا فره ڕه‌گه‌ز و كیشوه‌ر بڕه‌كان كه دانیشتوانی باشور برسی ده‌كه‌ن و وڵاته‌كانیان به قه‌رز وێران ده‌كه‌ن و سه‌رشۆڕ و ملكه‌چیان ده‌كه‌ن)، “مافی مرۆڤ له خۆراك”، “بۆچی ئه‌وانی دی ڕقیان له خۆرئاوایه؟”، “چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ: جوگرافیای برسییه‌تی له جیهاندا”، پاشان كتێبی “باسكردنی سه‌رمایه‌داری بۆ منداڵه بچوكه‌كه‌م”…هتد. ئه‌وانه كۆمه‌ڵێ كتێبی سه‌ره‌كین، حه‌قیقه‌تی سه‌رمایه‌داری دڕنده ئاشكرا ده‌كه‌ن و نه‌خشه‌ی تاوانكاری برسییه‌تی ده‌خه‌نه‌ڕوو كه له ئێستادا جیهانی وێرانكردووه.
دانه‌ری ئه‌و كتێبانه، پێمان ده‌ڵێت دوو تیۆری پێچه‌وانه بۆ سه‌رمایه‌داری هه‌یه: تیۆری مێژوونووسی به‌ناوبانگی هۆڵه‌ندی “ڕۆجێر بریگمان”، ئه‌م مێژوونووسه هۆڵه‌ندییه به‌رگری له سه‌رمایه‌داری ده‌كات و شتێكی له‌م جۆره ده‌ڵێت: به درێژایی مێژووی جیهان، له سه‌دا 99% ئه‌و مێژووه، تێیدا له سه‌دا 99% خه‌ڵك هه‌ژاربوون، برسی بوون، پیس و پۆخڵ بوون، گه‌مژه‌بوون، ناشرین بوون، نه‌خۆش بوون… به‌ڵام له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی سه‌رمایه‌داری، هه‌مو شتێك گۆڕا. به‌هۆی سه‌رمایه‌دارییه‌وه، چه‌ندین ملیار خه‌ڵك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له ڕووی خۆراك و جلوبه‌رگه‌وه ئاسووده و پۆشته و په‌رداخ بوون، پاكوخاوێن و سه‌لامه‌ت و هه‌ندێكجار جوان و قه‌شه‌نگ بوون. بگره ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه پێیان ده‌ڵێین هه‌ژاره‌كان، ده‌توانن بخۆن و بخۆنه‌وه و بژێوی ژیانیان ده‌ستكه‌وێت و چتر له برسا نامرن. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه، سیستمی سه‌رمایه‌داری، باشترین سیستمی ئابورییه كه مێژووی جیهان ناسیویه‌تی. ئه‌م سیستمه ته‌نها خۆشگوزه‌رانی بۆ مرۆڤایه‌تی فه‌راهه‌م نه‌كردووه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئازادی و لیبرالیزمی بۆ فه‌راهه‌م كردووه.
له جیهاندا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه چه‌نده به‌هۆی برسییه‌تییه‌وه ده‌مرن؟
به‌ڵام جان زیگله‌ر وه‌ڵامی ئه‌و مێژوونووسه هۆڵه‌ندییه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ئه‌م تیۆره‌یه به ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی له سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا ڕوویداوه، پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. من ده‌ڵێم سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌رپرسه له‌و هه‌موو تاوانانه‌ی كه نه سنوری هه‌یه و نه له ژماردن دێت. ئاخر ئه‌وه‌تا له هه‌ر پێنج چركه‌یه‌كدا، منداڵێك پێش ته‌مه‌نی ده ساڵی، له‌به‌ر برسیه‌تی ده‌مرێت. وتم له هه‌ر پێنج چركه‌یه‌كدا، نه‌ك له هه‌ر پێنج خووله‌كێك یان پێنچ كاتژمێرێك. هه‌مو ساڵێك سێ ملیۆن و نیو منداڵ، له‌به‌ر برسییه‌تی ده‌مرن. واته تێكڕای مردنی منداڵ له ڕۆژێكدا و له‌به‌ر برسییه‌تی، بریتییه له ده هه‌زار منداڵ. هه‌ر چوار خووله‌ك جارێك، كه‌سێك به‌هۆی نه‌بوونی ڤیتامین A، كوێر ده‌بێت. هه‌مو ساڵێك سی ملیۆن كه‌س به‌هۆی برسییه‌تییه‌وه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. سه‌دان ملیۆن كه‌سی دی، له لێواری برسییه‌تیدا ده‌ژین: واته به ده‌ست كێشه‌ی نه‌بوونی خۆراك و خراپی كوالێتییه‌كه‌یه‌وه ده‌ناڵێنن.
هه‌مو ئه‌وه له كاتێكدا ڕووده‌دات كه مرۆڤایه‌تی، هێنده‌ی ئێستا پڕ نه‌بووه له سه‌روه‌ت و سامان و به‌روبووم. ئا لێره‌دا تاوانی سه‌رمایه‌داری خۆرئاوا یان جیهانگیری سه‌رمایه‌داری، چ ناوێكی لێ ده‌نێیت لێینێ، ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌تا ڕێكخراوی جیهانی خۆراك، به ده‌نگی به‌رز و به پیتی درشت ده‌ڵێت: حاڵی حازر به‌روبووم و سه‌روه‌ت و سامانی جیهان، زۆر به ئاسانی ده‌توانێت خۆراكی 12 ملیار كه‌س بدات. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئێستادا، ژماره‌ی دانیشتوان، زیاتره له 8 ملیار كه‌س، ئێمه ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه، ئاراسته‌ی سه‌رانی جیهانگیری سه‌رمایه‌داری و كۆمپانیا فره ڕه‌گه‌ز و كیشوه‌ر بڕه‌كان ده‌كه‌ین: بۆچی به ملیۆنان مرۆڤ له‌برسا ده‌مرن، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی باشور؟ كێ به‌رپرسه له‌م تاوانه قێزه‌ونه؟ ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، ئه‌م دروشمه‌ی خواره‌وه‌مان به‌رزكردووه‌ته‌وه: برسییه‌تی گه‌وره‌ترین فه‌زیحه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌مانه. برسییه‌تی یه‌كێكه له چه‌كه كۆكوژه‌كان و هیچ كه‌سێك قسه‌ی له‌باره‌وه ناكات. برسییه‌تی تاوانێكه دژ به مرۆڤایه‌تی. ئه‌وه‌شی لێی به‌رپرسیاره، سیستمی جیهانگیری سه‌رمایه‌دارییه كه له ئێستادا ته‌حه‌كوم به جیهانه‌وه ده‌كات. هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانی جیهانه، چونكه ئه‌وان سه‌رۆكی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و فره ڕه‌گه‌ز و كیشوه‌ر بڕه‌كانن. ئه‌وانه كه‌سانێكن، هیچ خه‌مێكیان نییه، جگه له كۆكردنه‌وه و كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانج و سه‌رمایه نه‌بێت له گیرفانه‌كانیان. ئه‌وان نوێنه‌ری به‌كرێگیراویان هه‌یه، خۆیان خزاندووه‌ته نێو ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی، بانكی نێوده‌وڵه‌تی، سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. من خودی خۆم، به گوێره‌ی ئه‌زموونم و پێگه‌م له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌م ئاشكرا كردووه و ڕیسوام كردوون و به ناو ده‌یان ناسم.
فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌كه‌ی سویسرا، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: له‌سه‌ر هه‌موان پێویسته، ئه‌م ڕاستییه‌ی خواره‌وه بزانن: له حاڵی حازردا، زیاد له هه‌شت ملیار كه‌س، له‌سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌یه: دوو له‌سه‌ر سێیان له وڵاتانی باشور ده‌ژین كه به شێوه‌یه‌كی گشتی وڵاتانی هه‌ژارن، به به‌راورد كردنیان به وڵاتانی باكوری ئه‌وروپی-ئه‌مریكی پڕ له سه‌روه‌ت و سامانی زۆر. نزیكه‌ی 5 ملیار كه‌س له باشور ده‌ژین، له نێویاندا زیاد له سه‌دان ملیۆن كه‌س، له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌كی كوشنده‌وه، ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. ئه‌وان له بارودۆخێكی ترسناكدا ده‌ژین كه ته‌نانه‌ت شایه‌نی ئاژه‌ڵیش نییه. ڕۆژانه دایكه‌كان له‌وه ده‌ترسن، توانای ئه‌وه‌یان نه‌بیت هیچ شتێك بۆ منداڵه‌كانیان لێبنێن. له وڵاتێكی هه‌ژاردا، یه‌كێك له دایكه‌كان، چه‌وی لێده‌نا و به ده‌م گریانه‌وه، كاتژمێر دوای كاتژمێر، مندڵه‌كانی غافڵ ده‌كرد! ئه‌وانیش چاوه‌ڕێی خواردن بوون و نه‌یانده‌زانی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاگره‌كه‌یه و لێده‌نرێت چه‌وه. دایكه‌كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوو، منداڵه‌كانی ورده ورده، باوێشك بده‌ن و له كۆتایدا به سكی برسی، خه‌ویان لێ بكه‌وێت! برسییه‌تی كافره. پێویسته ئه‌م شتانه بووترێت، ئه‌گه‌رچی له ناوه‌وه وێران و هه‌لا هه‌لات بكات.
سوپاس بۆ پرۆفیسۆر ژان زێگله‌ر و هه‌زار سوپاس. به دڵنیاییه‌وه، ئه‌و نه‌وه‌ی ژان ژاك ڕۆسۆیه. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌ویش وه‌ك ڕۆسۆ سویسریه. سه‌باره‌ت به پیاوه‌كان یان باوكه‌كان، ئه‌وا ئیش و كاریان ده‌ست ناكه‌وێت. له‌به‌ر ئه‌وه، له‌به‌رده‌م هاوسه‌ره‌كانیان و منداڵه‌كانیان، هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ن. هه‌ست به شه‌رمه‌زاری و ڕیسوایی ده‌كه‌ن، چونكه له دۆخێكی بێ ئیشی هه‌میشه‌یدان. هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌وان وه‌ك پیاو، هه‌مو نرخ و به‌هایه‌كی خۆیان له‌ده‌ستداوه.
به كورتی و پوختی: سه‌رمایه‌داری سیستمێكی ئاژه‌ڵی دڕندانه‌ی به‌رهه‌مهێناوه كه گۆشی مرۆڤه‌كان ده‌خوات. سه‌روه‌ت و سامان به‌ختی دانیشتوانی باكوره، یان به‌ختی به‌شی زۆری دانیشتوانی باكوره. هه‌رچی برسیه‌تی كوشنده و نه‌هامه‌تیه، به‌ختی به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه له وڵاتانی باشور ده‌ژین، مه‌گه‌ر خودا ڕه‌حمیان پێبكات!
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌ڵمه‌ته توونده بۆ سه‌ر سیستمی سه‌رمایه‌داری، فه‌یله‌سوفه سویسریه‌كه‌مان، ددان به یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی سه‌رمایه‌داریدا ده‌نێت كه بریتییه له: سیستمی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، بێ هیچ گومانێك، دینامیكیترین و داهێنه‌رترین سیستمه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. سه‌رمایه‌داری به درێژایی سه‌ده‌ی نۆزه و سه‌ده‌ی بیست، چه‌ندین شۆڕشی نایابی یه‌ك له دوای یه‌كی به‌رپاكردووه، وه‌ك شۆڕشی پیشه‌سازی و شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژی و به‌م دواییانه‌ش شۆڕشی زانیاری ئه‌لیكترۆنی له نمونه‌ی ئینته‌رنێت و شتی دی. هه‌مو ئه‌و شۆڕشانه، خۆشگوزه‌رانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان بۆ زۆرینه‌ی دانیشتوانی باكور هێناوه‌ته ئاراوه. به‌ڵام له باشور، ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه ته‌نها بۆ چینه باڵاده‌سته‌كان به‌دیهاتووه. هه‌مو داهێنانه پزیشكییه‌كان و ده‌رمانه‌كان، به‌هۆی سه‌رمایه‌دارییه‌وه به‌دیهاتوون. بگره ته‌نانه‌ت دۆزینه‌وه‌ی بۆشایی ئاسمان و قووڵایی ده‌ریاكانیش، هه‌ر به‌هۆی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه‌وه به‌دیهاتوون…هتد.
سه‌رمایه‌داری له هه‌موو كایه‌كاندا، سوپایه‌ك له كه‌سانی بلیمه‌ت و داهێنه‌ری ته‌یار‌كردووه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ژێی كێبڕكێ و پێشبڕكێی نێوان مرۆڤه‌كان، كار ده‌كات، تاكو باشترینه‌كانی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن. جگه له‌وه به‌رهه‌مهێنان له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا، چه‌ندین سه‌روه‌ت و سامانی زه‌به‌لاحی داهێناوه كه پێشتر مرۆڤ، ته‌نانه‌ت خه‌ونیشی پێوه نه‌ده‌بینی. هه‌ر هه‌مو ئه‌وه ڕاسته. به‌ڵام گرفته‌كه لێره‌دا نییه. گرفته‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه، له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی ئۆلیگارشی بچوكی بانكییه‌وه، قۆرخ و كۆنترۆڵكراوه (ئۆلیگارشی واته حوكمی چه‌ند كه‌سێك یان كه‌مینه‌یه‌ك).
فه‌یله‌سوفی سویسری بۆ ئه‌وه، ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌هێنێته‌وه: 500 كۆمپانیای زه‌به‌لاحی كیشوه‌ر بڕ هه‌یه. ساڵی 2017، كۆنترۆڵی زیاد له نیوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مه‌وادی خامی هه‌مو مرۆڤایه‌تی كردبوو. خاوه‌نی ئه‌م كۆمپانیا زه‌بلاحانه، ده‌سه‌ڵاتێكی هێجگار گه‌وره‌یان هه‌یه، له ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆر و پاشا و پاپاكانی پێشتر زیاتره. سه‌رۆكی وڵاتان و ڕابه‌رانی جیهان، له به‌رده‌میاندا مل كه‌چ ده‌كه‌ن. ئه‌وان سه‌ركردایه‌تی جیهانگیری سه‌رمایه‌داری ڕه‌وا و ناڕه‌وا ده‌كه‌ن. ئه‌م ئۆلیگاریشه سه‌رمایه‌دارییه جیهانگیرییه، سیستمێكی ناڕه‌وای دامه‌زراندووه كه گۆشی مرۆڤه‌كان ده‌خوات. ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز ئه‌خلاقیان هه‌بوایه یان كه‌مه‌كێك مه‌یلی مرۆڤدۆستییان هه‌بوایه، ئه‌وا ڕازی نه‌ده‌بوون، نیوه‌ی دانیشتوانی جیهان، برسیان ببێت و سوكایه‌تیان پێبكرێت. هه‌مو ئه‌مانه، له به‌رده‌م بینین و بیستنی ئه‌واندا ڕووده‌دات. وه‌لێ ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزیان مردووه، گوێ به هیچ شتێك ناده‌ن. ئه‌وه سه‌رمایه‌دارییه‌كی سارد و سڕی خاڵییه له هه‌مو هه‌ست و سۆز و گه‌رموگوڕییه‌كی مرۆڤدۆستانه. كه‌س گوێی له هاوار و ناڵه‌كان نییه. هه‌ر بۆیه گه‌وره‌ترین ناته‌واوی له شارستانییه‌تی ئێستای خۆرئاوا، ئا لێره‌دایه.
پرۆفیسۆر زێگله‌ر پێمان ده‌ڵێت: له ساته‌وه‌ختی ئێستادا، له جیهان هه‌زار ملیاردێر یان تۆزێك زیاتر هه‌یه. ئه‌مه له كاتێكدایه له ساڵی 1991، ته‌نها 25 ملیاردێر له جیهاندا هه‌بوو. له نێو ئه‌و هه‌زار ملیاردێره، هه‌شت ملیاردێریان، خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامانێكی هێجگار گه‌وره‌ن. سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و هه‌شت ملیاردێره، یه‌كسانه به سه‌روه‌ت و سامانی نزیكه‌ی چوار ملیار مرۆڤ. كه‌واته دۆخه‌كه بێننه به‌رچاوی خۆتان: 8 كه‌س، به‌رامبه‌ر 4 ملیار كه‌س! یان به مانایه‌كی دی: چوار ملیار مرۆڤ به‌رامبه‌ر هه‌شت دز!
لێره‌وه ئیدی ئه‌م جیهانه چۆن ناته‌قێته‌وه؟ ئه‌و “تیمساحانه” چ پێویستییه‌كیان به‌م هه‌مو ملیاره هه‌یه؟ ئایا له‌گه‌ل خۆیان ده‌یبه‌نه ناو گۆڕه‌كانیانه‌وه؟ كوا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له كوێیه؟ كوا به‌ها ڕۆحانییه به‌رز و باڵاكان له كوێن؟ چۆن شارستانییه‌تێكی له‌م جۆره، به‌رده‌وام ده‌بێت؟ له بنه‌ڕه‌تدا ئایا ڕه‌وایه و مه‌عقوله به‌مه بووترێت شارستانی؟ هیچ شارستانییه‌تییه‌ك به‌بێ مه‌یلێكی هیومانستی هاریكارئامێز بوونی نییه كه ڕێز له ئازاره‌كانی گه‌لان بگرێت و ڕه‌تیبكاته‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ی، له‌به‌ر برسییه‌تی، بگه‌نه ئاستی مردن.
سەرچاوە:
الشرق الاوسط، 16 ئاب، 2023.