حەسونە ئەلمصباحی

و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

 

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردودا، لە فەرەنسا، ژمارەیەکی زۆر دەزگای بڵاوکردنەوە، کتێبگەلێکی زۆریان دەربارەی سپینۆزا (1632ـ 1677) و فەلسەفەکەی بڵاوکردووەتەوە. بەڵام کتێبەکەی ڤیلیپ لۆنوار کە لەم ساڵدا 2018، لە دەزگای (ڤایار) و بە ناونیشانی (پەرجووی سپینۆزا/ معجزە سبینوزا) بڵاوکرایەوە، چووە ریزی ئەو کتێبانەی باشترین فرۆشی هەبووە. هەروەها ئەم کتێبە لەلایەن رەخنەگرانەوە، وەک یەکێک لە باشترین ئەو کتێبانە دەستنیشانکرا کە قسەوباس لە فەلسەفەی سپینۆزا دەکات، فەلسەفەیەک تا ئەم ساتەوەختەی ئێستاش، بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بواری فەلسەفە دادەنرێت. پێشوازی لە رادەبەدەری خوێنەران بۆ ئەم کتێبە، رەنگە بۆ ئەو سادەییە بگەڕێتەوە کە دانەری کتێبەکە، کتێبەکەی پێنووسیوەتەوەو لەو رێگەیەوە توانیویەتی گرنگترین ئەو پایانە روونبکاتەوە کە فەلسەفەی سپینۆزای لەسەر بونیاد نراوە. سپینۆزا زۆرجار لە ترسی مقەستی رەقابە، پەنای بۆ ئاڵۆزی و ناڕوونی بردووە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ دەڵێت: بێ سپینۆزا فەلسەفە نییە. نیتچە پێیوابوو سپینۆزا رابەری فەلسەفەی مۆدێرنە. گۆتە دان بەوەدادەنێت سپینۆزا لە رووی فیکرییەوە، لە هەمو فەیلەسوفەکانی دیکە زیاتر کاریگەری لەسەر هەبووە. جیل دۆلۆزی فەرەنسی نازناوی (ئەمیری فەیلەسوفەکان)ی لێناوە. لای ئەنیشتاین فەلسەفەی سپینۆزا، نوێنەری جیهانێکە (فەزیلەتێکی هاوبەش لە نێوان زیندووەکانیدا هەیە کە هەوڵدەدەن توانایەکی رۆحانی بخەنەگەڕ)، هەروەها نمونەیە بۆ (پاڵەوانێکی رۆحانی قووڵ). جارێکیان ئەنیشتاین نوسینێک بۆ “فیلی ئارۆن” دەنێرێت کە ئەمەی دوایان ژیاننامەی سپینۆزای نووسیوەتەوەو دەڵێت: (تۆ راست دەکەیت کە دەڵێت ئەو بۆشاییە قووڵەی سپینۆزا لە ئاینی مەسیحی جیادەکاتەوە، بە رادەیەک گەورەیە، ناتوانرێت بازی بەسەردا بدرێت. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بۆ من وا دەردەکەوێت شێوازی بیرکردنەوەی سپینۆزاو تێگەیشتنی بۆ جیهان، هەردوکیان یەهودیانەیە). جگە لەوە ئەنشتاین بۆ گوزارشتکردن لە سەرسامبوونی بە سپینۆزا، شیعرێکی کورتی نووسیوەو تێیدا دەڵێت:

سپینۆزام چەند خۆشدەوێت

هێندەم خۆشدەوێت وشە ناتوانێت دەریبڕێت

لەگەڵ ئەوەشدا دەترسم هەر خۆی و خەرمانە درەوشاوەکەی

بەتەنها بمێننەوە

سپینۆزا دەڵێت: (ملکەچی هیچ دەسەڵاتێکی فەلسەفی نییە) بە دەسەڵاتی ئەفلاتون و ئەرستۆ=شەوە. ئەوانەی کاریگەرن بە سپینۆزا، باس لەوە دەکەن و دەڵێن پێگەو بەهای راستەقینەی سپینۆزا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەردەمی توندڕەوی و فیتنەی ئاینی و ستەمی سیاسیدا دەرکەوت، تا رێگای ئازادی بۆ خەڵکی روناکبکاتەوە.

سەروەختێک فەیلەسوفانی ئەم رۆژگارە، قسەوباس دەربارەی سپینۆزا دەکەن و دەهێننەوە بۆ ئێستا، بۆ ئەوەیە بە پشتبەستن بە سپینۆزا، سەرلەنوێ بەهای ئازادی بچەسپێنن. چونکە لەم رۆژگارەدا، لە سەرتاپای جیهاندا بە چەندین شێوە، هەڕەشە لە ئازادی مرۆڤ و لە ئازادی بیرکردنەوەو لە ئازادی پەرستن دەکرێت. هەروەها بۆ ئەوە دەیهێننەوە، چونکە سپینۆزا بە تەنها بیرمەندێکی سەربەخۆ نەبوو، بەڵکو ئەو دانایەکیش بوو، کاری بۆ ئەوە دەکرد تێڕوانینمان بۆ خۆمان و بۆ جیهان بگۆڕین، تا ئازادو بەختەوەربین.

سپینۆزا کە سااڵی 1632 هاتووەتە دونیاوە، سەر بە خێزانێکی جولەکە بوو، ئەم خێزانە ساڵی 1592 لە ئیسپانیا دەردەکرێت، پاشان بۆ ماوەیەک لە پورتوگال دەمێننەوە، دواتر دەڕۆن بۆ ئەمستردام و لەوێ بەیەکجاری نیشتەجێدەبن. باوکی بازرگانی بەرهەمی وشکەو زەیتی زەیتون بوو، خاوەنی رۆشنبیرییەکی فراوان بووە. سپینۆزا لە قوتابخانە فێری زمانی عیبری و ئارامی دەبێت، بە قووڵی ئینجیل و تەورات دەخوێنێتەوە. هەورەها فێری زمانی ئیسپانی و پورتوگالی و ئەڵمانی و ئیتاڵی و فەرەنسی و هۆڵەندی دەبێت. ئەم زمانە جۆراوجۆرانە، یارمەتیدەدەن رۆشنبیرییەکی بەرفراوان بەدەستبێنێت و شاکارە ئەدەبی و فەلسەفییەکان بە زمانی ئەسڵی خۆیان بخوێنێتەوە.

ساڵی 1647 “ئۆریاال دو کۆستا”ی فەیلەسوف کە بە جولەکەیی لەدایکدەبێت، پاشان دەستبەرداری ئاینی جولەکەدەبێت و دەچێتە سەر ئاینی مەسیحی، لەسەر ئەو هەڵوێستەی دارکاری/ جەڵدکاری دەکرێت، ئەم فەیلەسوفە کوڕی مامی سپینۆزایەو سپینۆزا ئامادەی ساتەوەختی جەڵدکردنەکەی دەبێت. ساڵی 1652 سپینۆزا دەستدەکات بە فێربوونی زمانی لاتینی، دواتر بەرهەمەکانی بەم زمانە دەنووسێت. لە هەمانکاتدا دەڕوات بۆ گوێگرتن لەوانەکانی بیرمەندی ئازادو سەربەخۆ “فرانسیکۆس ڤان ئاندن”، سەروەختێک پاشای فەرەنسا لە ساڵی 1672 هۆڵەندە داگیر دەکات، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، ئەو بیرمەندە لەسێدارە دەدات. سپینۆزا بە کۆمەک و هاوکاری فرانسیکۆس بەرهەمەکانی گەورە فەیلەسوفانی وەک هۆبز و بایکۆن و دیکارت دەخوێنێتەوە. سپینۆزا یەکەم کتێبی دەربارەی دیکارت-ی فەیلەسوف بەم ناونیشانە دەنووسێت: (پرنسیپەکانی فەلسەفەی دیکارت). سپینیۆزا لە ساڵی 1656دا، کاتێک لە یەکێک لە هۆڵەکانی ناوجەرگەی ئەمستردام دێتەدەرەوە، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت، ئەو کەسە هەوڵیداوە بە چەقۆ سپینۆزا بکوژێت، بەڵام چەقۆکە تەنها پاڵتۆکەی دەبڕێت و ناگاتە سەر سنگی. سپینۆزا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت توندڕەوی ئاینی، لە دواجاردا دەگات بە توندوتیژی شێتانەو تاوان، تا ساڵانێکی دوورو درێژ پاڵتۆ کوناوییەکەی هەڵدەگرێت. دواتر دەگات بەوەی توندڕەوانی ئاین (بەرابیرە تازەکانن).

لێرەوە لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە بە کافر تۆمەتبار دەکرێت، هەر بۆیە لە تائیفەی جولەکە دەردەکرێت، بەوەش بە درێژایی ژیانی وەک کەسێکی نەفرەتلێکراو ژیان بەسەردەبات. سپینۆزا لە ترسی سەرەڕۆیی نەیارو دوژمنەکانی، ئەمستردام بەجێدەهێڵێت و لە نێوان چەندین شاردا ژیان بەڕێدەکات و خۆی بە خوێندنەوەو نوسینەوە سەرقاڵ دەکات. بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، تەنها کاری چاویلکەسازی دەکات. ئا لەو ماوەیەدا، دەستدەکات بە نووسینی بەرهەمە گرنگەکانی، یەکەمینی ئەو بەرهەمانەی بریتییە لە (نامەیەک بۆ چاککردنی عەقڵ)، تێیدا بە دوای سروشتی مەعریفەو جۆرەکانیدا دەگەڕێت، باس لەو رێگا گونجاوانە دەکات کە پێویستن بۆ تێگەیشتنی راستەقینە، بۆ گەیشتین بە هەمو ئەو شتانەی دەکرێت لێیانەوە بەختەوەری مرۆڤ بەدەستبێت. هەمو ئەوانەش بە دەستنایەت، تەنها بە رزگاربوونی مرۆڤ نەبێت لە وەهەمەکانی، هەڵەکانی، باوەڕە باتڵ و ساختەکانی، خۆپاکردنەوە لە خۆشەویستی بۆ دەسەڵات و سەروەت و سامان و نەمری. سپینۆزا لەم کتێبەدا، یەکگرتنی عەقڵ و سروشت دەسەلمێنێت و روونیدەکاتەوە هیچ جۆرە لێکجاکردنەوەیەک لە نێوان رۆح و جەستە، فیکرو ماددەدا نییە. بەمەش هەمو ئەو دوانەییانەی هەڵوەشاندەوە کە کۆنترۆڵی فەلسەفەی دیکارت-یان کردبوو. لە کتێبەکەی دیکەیدا (نامەیەک دەربارەی تیۆلۆژیاو سیاسەت)، ئەوە دەردەخات کە فەلسەفەو ئیمانی ئاینی لێکتر جیاوازن و عەقڵ نابێت خزمەتکاری ئاین بێت و پاساوێک بێت بۆ باوەڕە ئاینییەکان. سەبارەت بەوە نووسیویەتی و دەڵێت: (ئازادی و فەلسەفاندن، هەرگیز هەڕشە نین بۆ سەر تەقوایەکی راستەقینە و بۆ سەر ئاشتی لە چوارچێوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. بگرە رەتکردنەوەی ئازادی و فەلسەفە، بە پێچەوانەی ئەوەی باسدەرێت، پەلدەهاوێت بۆ لەناوبردنی ئاشتی و تەقوا). سەرجەم بەرهەمە فەلسەفییەکانی سپینۆزا، شۆڕێک بوو لە بواری فەلسەفی، سیاسی، ئاینی، ئەخلاقی، سایکۆلۆژیی، ئەنترۆپۆلۆژیی. چونکە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و بەدەستهێنانی خۆشبەتی، تەنها پشتی بە عەقڵ دەبەست. ئەم شۆڕشە ئەلەنگارییەکی گەورە بوو بۆ سەردەمەکەی، سەردەمی فیتنەو ناکۆکی و جەنگی ئاینی، شۆڕشێک مرۆڤی لەو نەریتانە رزگار کرد کە هانیدەدا بۆ دەمارگری و داخستن و رەتکردنەوەی ئەوی دیکەی ئاینی یان سیاسی یا رەگەزپەرستی.

سەرچاوە: ئیلاف، 26 دێسەمبەر، 2018

ناردن: