هیوا عەزیزی: هەموو چیرۆکەکان نهێنییەکی سەیریان لە هەناودایە

Loading

هیوا عەزیزی: هەموو چیرۆکەکان نهێنییەکی سەیریان لە هەناودایە

کۆمەڵەچیرۆکی مانگی نیوەڕۆ لە وتووێژێکدا

سازکردنی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ،کۆمەڵەچیرۆکی (مانگی نیوەڕۆ)ی چاپ و بڵاوکردەوە، ئەم کۆمەڵەچیرۆکە (شەهریار مەندەنی پوور) نووسیویەتی و لە لایەن (هیوا عەزیزی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لەم وتووێژەدا (هیوا عەزیزی) لەسەر گرنگی و لایەنە جیاجیاکانی کتێبەکە قسە دەکات.

سەردەم: نووسەری کۆمەڵەچیرۆکی مانگی نیوەڕۆ، خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێکی ترە، بەڵام چی وای لە تۆ کرد بە دیاریکراوی ئەم کۆمەڵەچیرۆکەی هەڵبژێریت بۆ وەرگێڕان؟

هیوا عەزیزی: پێشەکی سپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ناسینی من بۆ شەهریار مەندەنیپوور دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە بیست ساڵێک لەمەوبەر. وەکو مەراق حەزم دەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانم بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕم و بە دووی هەلدا دەگەڕام. بەڵام ئەوکات زمانە کوردییەکەم هێشتا ئەمەندە بەهێز نەبوو تا بتوانم دەڕۆستی وەرگێڕانی دەقەکانی بێم، لەبەر ئەوە خۆم لە قەرەی نەدەدا. بە ئیشی تریشەوە سەرقاڵ بووم. زمانی مەندەنیپووریش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و کەسێکی ئەوێت ئەبێت زۆر شارەزای هەم زمانی فارسی و هەمیش زمانەکەی خۆی بێت. تا ئەوەی هەلم بۆ هەڵکەوت و ساڵی ٢٠١٨ سەرلەنوێ ڕۆژهەڵاتی وەنەوەشەم خوێندەوە و بڕیارم دا بە زنجیرە بەرهەمە باشەکانی بکەمە کوردی. ئەوە بوو سەرەتا ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە و پاشان مانگی نیوەڕۆم وەرگێڕا. ئێستاش وەرگێڕانی ڕۆمانێک و نۆڤلێتێکی دیکەیم ئامادەیە کە بەم زوانە بۆ چاپی دەنێرم. دەرفەتیش هەبێت هەوڵ ئەدەم ئیش لەسەر چەند بەرهەمێکی دیکەشی بکەم.

سەردەم: گرنگی و تایبەتمەندیی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە چیدا دەبینیتەوە؟

هیوا عەزیزی: کۆمەڵەچیرۆکی مانگی نیوەڕۆ لەپاڵ کۆمەڵەچیرۆکەکانی دیکەی مەندەنیپووردا، لەوانە “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” و “شینی ئەوبەر ئاوان” و “مۆمیا و هەنگوین”، دەچنە خانەی بەرزترین کۆمەڵە چیرۆکە هاوچەرخەکانی زمانی فارسییەوە.  یەکێک لە ختوورەت و تایبەتمەندییەکانی مەندەنیپوور بەکارهێنانی ئەفسانەیە لە بۆتەقەی چیرۆکدا کە لەم کۆمەڵەچیرۆکە و بەرهەمەکانی دیکەشیدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها گرنگیدان بە زمان و داهێنانی زمان و نائاساییکردنی شتە ئاساییەکان زۆر شوێنی سەرنجە. چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکە چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت و گرنگی بە کاراکتەری تایبەت و دەگمەن دەدات کە ورد و داهێنەرانە داڕێژراون. کۆتایی  سەیر و مکوومی چیرۆکەکان خوێنەر بۆسەگیر دەکات؛ کاریگەرییەکی وەها لەسەر خوێنەر دادەنێت بەوەی تاسەر لەگەڵ چیرۆکەدا بڕوات و هەتا دوای تەواوبوونیشی لە مێشکیدا بمێنێتەوە. چیرۆکەکان بە هەستی داهێڵان و تەمتوومان و گرێ و گۆڵەوە، داوا لە خوێنەر دەکەن هەتا بەشداری ئاواکردن و ئەفراندنی مانا و ناوەرۆک و ستراکتووری چیرۆکەکان بن و تەنێ بەردەنگێکی پاسیڤ و ناچالاک نەبن بۆ خوێندنەوەی چیرۆکێکی کورت.

سەردەم: بە گشتی دنیا و بابەتی نێو چیرۆکەکان چین و چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟

هیوا عەزیزی: هەموو چیرۆکەکان نهێنییەکی سەیریان لە هەناودایە چوون نهێنی دەرکەوتنی کاڵی مانگ لە کاتی نیوەڕۆدا. چیرۆکەکان قسە لە بابەتی هەتاهەتایی و بێزەمەنی مرۆڤ و سروشت دەکەن و دەتوانین ئەمەش لە ناونیشانی کۆی چیرۆکەکاندا ببینین. لە هەر چیرۆکێکدا شەڕێکی، جا بە ئەندێشە یان بە ڕاست، لەنێوان توخم و ڕەگەزە هەمەجۆرەکانی چیرۆکدا شێوە دەگرێت و زمانێکی شاعیرانەی پەخشانئامێز کە هەندێکجار شان لە شانی شیعر دەدات، لە فۆرمی سادەی و ئاسایی چیرۆک دەیباتە دەرەوە. هەر یەک لە چیرۆکەکان سەربەخۆن و سەربوردی خۆیان هەیە، بەڵام دەتوانین خاڵی هاوبەش لە بینینیان بۆ شت و دیاردەکان لەنێو تێکڕایاندا ببینین.  تێماکانی عەشق و قەدەر و بێدەرەتانی مرۆڤ بەشێوەیەکی ئەفسانەیی لە هەر یەک لەم چیرۆکانەدا خۆیان دەردەخەن.

سەردەم: هۆکار چییە تۆ زیاتر چیرۆک هەڵدەبژێریت بۆ وەرگێڕان؟

هیوا عەزیزی: ئەوەی ڕاستی بێت من حەز دەکەم جگەلە ئەدەبیات، ئەویش زیاتر چیرۆک و ڕۆمان، کە بەڕای من بۆ ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن، لە چەند بوارێکی دیکەدا ئیش بکەم کە بە کێشەشی نازانم وەک هەندێک کەس بۆی دەچن. لەوانە لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و سیاسەتدا کە لەمەی دواییاندا بەرهەمێکم وەرگێڕاوە. هەندێک بەرهەمیشم دەستنیشان کردووە کە ئەگەر ژیان مەودا بدات دوایی ئیشیان لەسەر دەکەم. بەڵام سەبارەت بە پرسیارەکەی جەنابت وایە. من لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زیاتر ئیشم لەسەر چیرۆک و ڕۆمانی فارسی کردووە و ئەمەوێت چەند بەرهەمی باشی ئەم زمانە وەربگێڕم. بەداخەوە من تەنیا زمانەکانی فارسی و کوردی دەزانم و بە زۆر هۆکار کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە، نەمتوانی یەکێک لە زمانە سەرەکییەکانی دیکەی وەک ئینگلیزی، فەرەنسی یان ئەڵمانی فێر ببم. بە کوردی و کرمانجی، ئەم چەند ساڵەی پێشوو پتر لەسەر ڕۆمان و چیرۆک گیرساومەتەوە و هەوڵ ئەدەم چەند کارێکی باش وەربگێڕم.

سەردەم: وەرگێڕانی ئەزموون و ئەدەبیاتی بێگانە چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێنەری کورد هەیە و گرنگیی وەرگێڕان لە چیدا دەبینیتەوە.

هیوا عەزیزی: بێگومان وەرگێڕانی هەچ دەقێکی باش لە هەچ زمانێک و لە هەچ بوارێکدا بۆ سەر زمانی کوردی دەرگای دونیایەکی نوێ بەڕووی خوێنەری کورد و کولتووری کورددا دەکاتەوە. وەرگێڕان پردێکی پەیوەندییە لەنێوان گەل و شارستانییەت و کولتوورەکاندا و گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە. بەهۆی وەرگێڕانەوە ئاسۆی خەیاڵ و بینین و بیرکردنەوە و داهێنان و داڕشتنمان بەرفراوان دەبێتەوە. کێشە و گرفت و کەموکوڕیی و ئاڵنگارییەکانی خۆمان جوانتر دەبینین و دەناسین. دەتوانین پتر ڕوانین و دونیابینی خۆمان و گەلانی دیکە هەڵسەنگێنین و گەلەک شتی دیکەش کە دەتوانین زۆری لەسەر بڕۆین.

سەردەم: بە گشتی هەوڵەکانی دەزگای سەردەم چۆن دەبینیت لە چاپکردنی کتێب و خزمەتکردنی کولتووردا؟

هیوا عەزیزی: سەردەم وەک یەکێک لە ناوەندە جیدییەکانی ئێمە سامانێکی نەتەوەییە و ئەبێت بە هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆمان بتوانین بیپارێزین و پەرەی زیاتری بدەینێ. جێدەست و کارتێکەریی دەزگای سەردەم دوای زیاد لە دوو دەیە بەسەر دونیای ڕۆشنبیریی کوردەوە دیار و ئاشکرایە و هیچ نکوڵی لێ ناکرێت، هەرچەند ئەم دەزگایەش وەکوو هەموو ناوەندەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بێ کەموکورتیی نییە. بەڵام پێشنیارێکی من ڕێگا بە خۆم بدەم و بتوانم بیکەم ئەوەیە کە بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، ئەبێت سەردەمیش بتوانێت هەم لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوە خۆی تازە بکاتەوە، هەمیش هەوڵ هەوڵ بدات بە هێز و شەنگەوە بێتە نێو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بە خوێنەر و بەردەنگەکانی کەڵک لە هەموو ئەپڵیکەیشنەکان وەربگرێت، هەوەها لەڕێی دروستکردنی گرتەی ڤیدیۆیی و پۆدکەست و شتی دیکەی لەم بابەتە گڕوتینێکی نوێتر بەم ناوەندە گرنگە ببەخشێتەوە.

سەردەم: بە بۆچوونی تۆ مەرج و پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو  چین؟

هیوا عەزیزی: بەڕای من سێ شت بۆ هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو زۆر گرنگن: یەکەم ناسین. دووهەم تێگەییشتن. سێهەمیش یادەوەریی. هەر سێک ئەمانەش بە قۆناغێکی دوورودرێژدا تێپەڕ دەبێت. واتە ئەبێت ساڵانێکی زۆری خوێندنەوە و ئیشکردن و شەونخوونی و پشکنین و هەوڵ و بەدواداچوون و تەرکیز و تێفکرین و ماندووبوونی بەسەردا بڕوات تا وەرگێڕێک بتوانێت لە هەر سێی ئەمانەدا قاڵ ببێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم سێ بابەتەش با هەر بە چیرۆک دەست پێبکەین. هەچ وەرگێڕێک ئەگەر بیەوێت چیرۆکێک یان ڕۆمانێک وەربگێڕێت ئەبێت هەم زمانی یەکەم، هەمیش زمانی دووهەم بە باشی بناسێت. جا مەبەست لە زانینی زمانیش وشیارییە لەمەڕ هەموو کون و کەلەبەرێکی هەرتک ئەو زمانانەی کاریان تێدا دەکات. هەروەها دەبێت دونیای چیرۆک و قوتابخانە و بەریانە ئەدەبییە کۆن و نوێکان بناسیت. دەبێت کاراکتەر و داڕشتنی کاراکتەر و شێوازی گێڕانەوە و توخمەکانی دیکەی پێکهێنەری چیرۆک بناسێت. وەتر لەپاڵ ئەمانەش لە مانا و ناوەرۆکی ئەو چیرۆک، نۆڤلێت یان ڕۆمانە تێبگات کە ئیشی لەسەر دەکات. وەکیتر یادەوەرییەکی باشی لەسەر وشە و دەستەواژە و زاراوە و ئیدیۆم و ڕەگەزەکانی دیکەی زمان هەبێت کە ئەمەش لە پرۆسەیەکی بەردەوامی پراوە و ئیشکردندا بەدیدێت. ئەتوانین قسەی جیاوازیش لە بوارەکانی دیکەی وەک کۆمەڵناسی و فەلسەفە و ئابووریی و سیاسەت و دەرووناسی و کایەکانی دیکەشدا بکەین

ناردن: