ئاوڕ لە نیگایەکی ڕەخنەیی چل ساڵ لەمەوبەری مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی
ئاوڕ
لە نیگایەکی ڕەخنەیی چل ساڵ لەمەوبەری مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی
بەختیار حەمەسوور
(١)
لەو پێناسە زۆرانەی بۆ چەمکی “ڕەخنە” کراون، لەگەڵ دانەیەکیان، زیاد لە هەموویان، تەباترم؛ ئەویش ئەوەیانە کە پێی وایە کاری ڕەخنە پەیوەستە بە توانستی کەشفکردن و دۆزینەوەوە، بەو واتایەی کاتێک لە هەر کایەیەکدا دەقێک دەخوێنینەوە، بتوانین کۆمەڵێک لایەنی پەنهان و شاراوە و نەگوتراو کە دەق دایشاردوون، کەشف بکەین و بەوەیش یارمەتی تێگەیشتنێکی هەمەلایەن و فراوان لە بەردەم خۆمان و خوێنەرانیشدا واڵا بکەین، هەڵبەت مەرج نییە ئاشکراکردن و کەشفکردنی لایەنە نادیار و نەبینراوەکانی دەق هەر بەتەنیا لایەنی باش یان خراپ بێت، بەڵکوو دەتوانێت زیاد لەوە بڕوات و پتر دەق هەڵبکۆڵێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەقی ڕەخنەی نووسراو لە دەقی لەسەرنووسراو تێپەڕ بێت و وەک دەقێکی نوێزاد و خۆبژێو، درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
میتۆد و ڕێبازەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە زۆرن، جیا لەوەی کە توانای مەعریفی ڕەخنەگر و چەمانەوەی بەسەر بابەتی ڕەخنە و کەشفکردندا، هەروەها هەڵبژاردنی میتۆد و ڕێبازێکی گونجاو و دیاریکراویش بۆ خوێندنەوەی بابەتێک، بەشێکی تری کارەکەیە و سەلیقە و سەرکەوتوویی و لێزانی ڕەخنەگر پێشان دەدات، خاڵێکی تر کە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕەخنەگر و ڕادەی سەرکەوتن لە کارەکەیدا، ئاگاداربوونیەتی لە ڕەخنەی نوێ و ئەو هەنگاوانەی ڕەخنە بڕیویەتی و دەیبڕێت، ئەمەیش کارێک دەکات کە پێگەی ڕەخنەگر قاییم و پتەو لەسەر دەق کاریگەریی دانێ و نووسەریش لەبەر ڕۆشنایی سەرنج و تێبینییەکانی ڕەخنەگردا سڵ بکاتەوە و بە ترسەوە بنووسێت.
لە ڕەخنەی بابەتی و جددیدا، دەستەواژەگەلێکی سواوی وەک ڕەخنەی ڕووخێنەر و بونیادنەر بوونی نامێنێت، ئەوەی هەیە سەنگ و بارستایی ڕەخنەیە وەک هەوڵێکی پڕکەرەوە و کەلێنگر، پەیبردن و دۆزینەوەی ئەو خەوش، زیادە و کێماسییانەیە وا کەوتوونەتە دەقەوە، یان ئەو بەها و جوانییانەیە دەق هەڵی گرتووە و لە خانەی داهێنان نزیکی دەکاتەوە. ڕەخنەگر دوورونزیک کاری بەسەر ژیانی تایبەتی نووسەری دەقەوە نییە، بەڵکوو لەناو بازنەی دەقدا دەمێنێتەوە و کار دەکات، بە واتایەکی وردتر؛ دەق هەڵدەکۆڵێت.
ڕەخنەگر تا وردتر و کونجکۆڵانەتر بابەتی ڕەخنەکەی ڕەپێش ببات، لای خوێنەر پتر دڵنیایی دەستەبەر دەکات، قەناعەتی زیادتر دەبەخشێ و متمانە پەیدا دەکات، چەندان پەنجەرەی ڕوو بە هەتاو و تیشکپرژێن بەسەر دەق و خوێنەردا دەکاتەوە، چاومان پڕ دەکات لە بزۆکی و جووڵە و ڕووناکی، نایەڵێت لە تاریکیدا بمێنینەوە و لە تەنیا جێیەدا قەتیس بین، ئایدیاکانمان هەڵدەکێشێ و نایەڵێت گەرد و تۆزی فەرامۆشیی لەسەر دەق بنیشێ. لەو نووسراوە بە ناو ڕەخنەییانەی کە بە کۆمەڵێک وتەی کڵێشەیی ئاوقای دەق دەبن، هەمان ئەو بۆچوون و بیروڕا گشتیانەی دەتوانرێت بەسەر هەموو دەقێکدا بسەپێنرێت، دەڵێنەوە، ناتوانن لە بەرینکردنەوەی ئاسۆی ڕوانین و جیهانبینیمان کاریگەریی دابنێن، ئەم جۆرە خوێندنەوانە لە دەرۆچکەیەکی تەسک و باریکەوە لە دەق دەنۆڕن، کەم توانستن لە کەشفکردن و دۆزینەوەی دوورگە نەناسراو و پەنهانەکانی دەقدا؛ بە کورتی هیچ بە دەق زیاد ناکەن.
مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی ناوێکی دیار و جددی ناوەندی ڕۆشنبیری کوردییە و لەوە ناسراوترە من بیناسێنم، لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژووییدا خاوەنی قەڵەمێکی بەبڕشت و چەند کتێبی ناوازە و سەرچاوەییە. مامۆستا عومەر لەو نووسەر و ڕەخنەگرانەیە کە بەوپەڕی جددیەت و بەرپرسیاریەتییەوە قەڵەمەکەی دادەگرێ و دەنووسێت. لەگەڵ ئەوەی تەمەنێکە، نزیک بە شەست ساڵ (لە کۆتایی پەنجاکان و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٥٩ یەکەم بابەتی لە ڕۆژنامەدا بڵاو کردووەتەوە)، لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا دەنووسێت و بڵاو دەکاتەوە، بەڵام کاتێک ئاوڕ لە نووسراوەکانی، کتێب و بابەتەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤاردا، بەراورد بەو تەمەن و ئەزموونە دەەوڵەمەند و خەمڵیوەی، دەدەینەوە، دەبینین ژمارەیەکی ئەوتۆ نین و دەبوو پتر لە نووکی قەڵەمە بەبڕشتەکەیەوە، دابکەوتایە.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی نووسینی مامۆستا عومەر، بوونی زاکیرە و بیرەوەرییەکی تیژ و بەهێزە، ئەمە نەک هەر لە نووسیندا، بەڵکوو لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵیدا کراون (بە تایبەت ئەو گفتوگۆ درێژەی ئازاد عەبدولواحید، سەرنووسەری گۆڤاری ‘ڕامان’، لەگەڵی ئەنجام داوە)، لەو باس و بەسەرهاتانەی کەسانی نزیکیشی لێی دەگێڕنەوە، ئاشکرا دیارە و حاشاهەڵنەگرە، من بەم لایەنەی مامۆستا عومەر تا ڕادەی ئیرەییبردن، سەرسامم. لەم ڕووەوە، وەک خاڵی هاوبەش، لەناو نووسەرانی کورددا، سێ نووسەرم پێ شک دێت کە خاوەنی هەمان زاکیرە و بیرەوەریی تیژ و بەهێز بن، ئەوانیش، مامۆستایانی کۆچکردوو دکتۆر جەمال نەبەز و مامۆستا کەمال ڕەووف محەمەد، هەروەها دکتۆر عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ، هەریەک لەم نووسەرانە کاتێک باسی ڕووداوێک یان کەسێک دەکەن، ڕووداو یان کەسەکە دەبەنەوە سەر ڕیشە و بنەوان، بە هەمان ئەم میتۆدەیش دەق شیتاڵ دەکەن و دەوروخولی دەدەنەوە.
(٢)
لێرەدا، هەوڵ دەدەم بە گەڕانەوە و گەشتێکی کورت بە وتارێکی ڕەخنەیی مامۆستا عومەر مارف بەرزنجیدا، شێوازی لێکۆڵینەوە و تەماشاکردنی ئەو بۆ دەق و ڕەخنە و هاوکات کەسێتیی ڕەخنەگر لای ئەو، دیاری بکەم، ئەمەیش بە مەبەستی پێشنیارکردنی جۆرێکی تر لە نیگا و ڕوانین بۆ خوێندنەوەی دەق، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەزموونی مامۆستا عومەر لە کایەی ڕەخنەدا، دانان و خوێندنەوەی لە جێی شیاو و شایستەی خۆیدا؛ کە بە دڵنیایی بۆ ئێمەمانان، هەمیشە چون مامۆستایەکی سەرچەشن و فێرگەیەک دەمێنێتەوە.
شەنوکەوێکی وتاری «بیبلیۆگرافیاکەی نەریمان و شەنوکەوێکی خۆمانە»[١]
ئەم وتارە لە ژمارە (٤٦)ـی گۆڤاری (بەیان)، لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ـدا بڵاو کراوەتەوە، لەم وتارەدا مامۆستا عومەر کۆمەڵێک ڕەخنە لە کتێبی «بیبلیۆگرافیای کتێبی کوردی ١٧٨٧ – ١٩٧٥»ـی مامۆستا مستەفا نەریمان (١٩٢٥ – ٢٧/٥/١٩٩٤) دەگرێت. سەرنج و ڕەخنەکانی مامۆستا عومەر بە زمانێکی تیژ، بڕەڕ و بە توانجگەلێکی ئێسکشکێن، لە حەڤدە خاڵدا چڕ کراونەتەوە و ئاراستە کراون، زمانێک کە ڕەحم بە بچووکترین هەڵەوپەڵە ناکات و پەردەی لە ڕوو هەڵدەماڵێت. سەرەتا وەک ناساندنێک وشەی بیبلیۆگرافیا پێناسە و ناسێنراوە و لە سیاقە مێژووییەکەیدا دیاری کراوە، بیبلیۆگرافیا پەیوەندی بە ڕێکخستن و ڕیزبەندی کتێبەوە هەیە، وەک مامۆستا عومەر تەعبیری لێ کردووە، دەتوانین بڵێین “کلیلی ئاڵتوونی”یە بۆ کتێب، وەها پێناسەی دەکات: «بیبلیۆگرافیا هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و وردکردنەوانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ڕووە ماددیی و بیرییەکانی کتێبەوە هەیە.» بیبلیۆگرافیا، لە دۆزینەوەی سەرچاوە و کتێبی پێویستدا یارمەتیمان دەدات، یەکێکە لە ڕێکارە ئاسانەکان، کە ڕێیە دوورودرێژەکان قەدبڕ دەکات، ئەمڕۆ بیبلیۆگرافیا لەوە ترازاوە هەر لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ بێت، بەڵکوو گواستراوەتەوە بۆ ناو دنیای بەرپێنەگیراوی دیجتاڵ و کۆمپیوتەر، لە کورتترین ماوە و خێراترین کاتدا، بە کلیکێک، ئەو کتێبەی داوای دەکەیت، بۆت دەدۆزێتەوە.
بیبلیۆگرافیا بەتەنیا هەر ناوی کتێبەکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو وردتر لەوەیە؛ بۆ نموونە: ناوی نووسەر، پێشەکینووس، کورتەی ناوەڕۆک، شوێنی چاپ، ژمارەی چاپ و لاپەڕەکان، ساڵ و زۆر وردەکاری تریش. هەر بۆیە پێویستە بیبلیۆگرافیانووس کاتێک بیبلیۆگرافیا بۆ کتێبێك ئامادە دەکات، بەوپەڕی وردبینییەوە هەموو لایەنەکانی کتێبەکە لەبەرچاو بگرێت، حساب بۆ هەموو ئەو بەشانە بکات کە پەیوەندییان بە کتێبەکەوە هەیە و کارەکەی بە پڕبڕواییەوە پێشکەش بکات؛ بۆ نموونە بیبلیۆگرافیایەک ماوەی نێوان (١٩٠٠ – ١٩٥٠) بۆ سنووری کارەکەی دەستنیشان دەکات، ڕەنگە کەسێک بیەوێت لێکۆڵینەوەیەک لە لایەنی ناو و شوێنی چاپ و چاپخانانەی ئەو ماوەیە بکات کە بیبلیۆگرافیاکە دەستنیشانی کردووە، دەبێت بیبلیۆگرافیانووس ناوی هەموو ئەو چاپ و شوێنی چاپخانانە بە دڵنیایی و ڕاستگۆییەوە تۆمار بکات، ئەگەرچی ئەمە کارێکی زەحمەتە، بەڵام مەرجێکی بنەڕەتی سەرکەوتنی ئەم جۆرە کتێبانەیە.
مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی لەم ڕووەوە زۆر ورد کاری هەڵسەنگاندن و شەنوکەوەکەی ئەنجام داوە، لێرەدا، بە وەستان و هەڵبژاردنی چەند خاڵێک لەو حەڤدە خاڵەی مامۆستا عومەر، ئاستی وردبوونەوەی ئەو پێشان دەدەین.
ئەلف// کاتێک نووسەر لە دەستپێکی کتێبەکەیدا چەند خاڵێک وەک چوارچێوە، میتۆد و ڕێباز دیاری دەکات، مەرج و پێویستە لە ناواخنی کتێبەکەدا بەوپەڕی ئەمانەتەوە ڕەچاوی ئەو خاڵانە بکات و پێیانەوە پاپەند بێت، ئەگەر وانەبوو، بە دڵنیایی شەبەق و کەلێن دەکەونە کارەکەیەوە و ڕێ بۆ ڕەخنە و ڕاستکردنەوە خۆش دەکات، مامۆستا عومەر ڕستەیەک لە پێشەکیی کتێبەکەی مامۆستا نەریمان دێنێتەوە، کە تێیدا نووسیویەتی: «ناوی پێشەکینووسی هەر کتێبێکی تێدایە ئەگەر خۆی نەبێت.» بەڵام لە وردبوونەوە و کێوماڵکردنی بیبلیۆگرافیاکەدا، مامۆستا عومەر کۆمەڵێک ناوی کتێب دێنێت، کە پێشەکییان لە لایەن نووسەرەکانیانەوە نەنووسراوە و نەیشکەوتوونەتە ناو بیبلیۆگرافیاکەی مامۆستا نەریمانەوە، وەک: «’ئازار و ئاوات’ـی هەوری (ل٨٤) و ‘خانزاد’ـی جەمال بابان (ل٩٢)، هەردووکیان مستەفا ساڵح کەریم پێشەکی بۆ نووسیون. ‘هۆنراوەی نووری شێخ ساڵح’ (ل١٠١)، پێشەکییەکەی کامەران نووسیویەتی. کۆمەڵەچیرۆکی ‘شەهیدانی قەڵای دمدم’ـی مستەفا ساڵح کەریم (ل١٢٤) پێشەکییەکەی بە قەڵەمی محەڕڕەم محەمەدئەمین نووسراوە. کتێبی ‘فێرکردن بە یاری’ لە دانانی مەحموودی حاجی ڕەحیم (ل٢١٩)، بەهجەت سەعید کابان نووسەری پێشەکییە. ‘چیرۆکەکانی مەم’ (ل١٨٦) پێشەکییەکی کورتی دکتۆر مارف خەزنەداری لەگەڵدایە. کۆمەڵەشیعرەکەی خالید دلێر ‘ئاگر و گوڵ’ (ل١٨٣) پێشەکییەکەی زەبیحی نووسیویەتی بە ناوی “عیسا”ـوە. کتێبی ‘گەردەلوول’ (ل١٣١) پێشەکی وردییە. کۆمەڵەچیرۆکی ‘بەهاری ژیان’ (ل١٢١) عومەر عارف بە نازناوی ‘ع.ع’ پێشەکی بۆ نووسیوە. ‘بەرهەمی خەبات’ـی هەوری (ل١١١) پێشەکیی فازیل. کۆمەڵەچوارینەکەی بابەتاهیری هەمەدانی، کە دڵزاری شاعیر بە ناوی ‘گەنجینە’ـوە کردی بە سۆرانی (ل١٢٣) کامیل بەسیر پێشەکییەکی درێژی بۆ نووسیوە.»
لە جێیەکی تری کتێبەکەیدا، مامۆستا نەریمان دەنووسێت: «ئەگەر چەند کەسێک لە هێنانەدیی بەرهەمی کتێبێکدا بەشدارییان کردبێت، چون یەک لەو کتێبەدا لێپرسراون و بە بەرهەمی هەموو لایەکیان دەناسرێت.» بەڵام وەک مامۆستا عومەر سەرنجی داوە ئەم وتەیە تەنیا لە پێشکەشکردن و باسی کتێبەکەدا نووسەر لەسەری ڕۆیشتووە، ئەگینا لە فەرهەنگەکەیدا چەند کتێبی کەلا خستووە، لەوانە: «کتێبی ‘چەکەرە’ (ل٢٢٤) لە فەرهەنگەکەیدا بۆ یەکێکیانی تۆمار کردووە و دوانی پشتگوێ خستوون. یان ‘ڕێباز’ (ل١٦١) لە فەرهەنگەکەدا بۆ ساجید ئاوارە و ئەمینی میرزا کەریم حیساب کراوە و ‘ڕەشید هەورانی و جەعفەر بەرزنجی و مەدهۆش و جەمال شارباژێڕی’ نەخراونەتە فەرهەنگەکەوە.»
باء// لە ئامادەکردنی بیبلیۆگرافیادا، ناساندنی ژانر و بەشەکانی ناو کتێب، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان، کە یارمەتی خوێنەران دەدات بە ئاسانترین شێوە بەو کتێبە ئاشنا بن کە دەیانەوێت، ئەویش بە چوونەسەر ئەو خانەیە و گەڕان تێیدا، لەم ڕووەوە، وەک مامۆستا عومەر دیاری کردووە، لە بیبلیۆگرافیاکەی مامۆستا نەریماندا چەند هەڵە ڕوویانداوە، بۆ نموونە: دەڵێت: «کتێبی ‘فرە وەگیانم خۆشە’ـی جەلال مەحموود بریتییە لە دوو چیرۆک، کە لە ڕاستیدا سێ چیرۆکە. کۆمەڵەچیرۆکی ‘دارەکەی بەرماڵمان’ لە (ل ١٦٠)ـدا دەڵێ: کۆمەڵەچیرۆکێکە، ئەوەی دەرنەخستووە کە هەندێکیان چیرۆکی کوردین و ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل نووسیونی و دوو چیرۆکیشیان لە بەرهەمەکانی مەکسیم گۆرگین و نووسەری ناوبراو وەریگێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی. یان بۆ کتێبی ‘ڕەشەبا’ـی عەبدوڵڵا عەباس لە (ل١٣٤)ـدا دەڵێ: چەند کورتەچیرۆکێکە، کە لە ڕاستیدا بریتییە لە کۆمەڵەپەخشانێکی کورتی کوردی.» و… .
پاء// سەبارەت بە شوێنی چاپ و جۆری چاپکردن، مامۆستا عومەر کۆمەڵێک کەموکووڕی لە بیبلیۆگرافیاکەی مامۆستا نەریماندا دەستنیشان دەکات؛ مامۆستا نەریمان «لە (ل٢٢١)ـدا دەڵێ: ‘من تینووێتیم بە گڕ ئەشکێ’ـی شێرکۆ بێکەس بە یارمەتی بەڕێوەبەرێتی گشتی خوێندنی کوردی چاپکراوە، کە لە ڕاستیدا ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیریی کوردییە. هەروەها لە (ل٢٢٩)ـدا بۆ کتێبی ‘فۆنەتیکی زمانی کوردی’ دەڵێ: لە چاپخانەی ‘کۆڕ’ چاپکراوە، کە وا نییە و لە ‘دار الجاحظ’ چاپ کراوە، کۆمەڵەشیعرەکەی دڵزاریش ‘ئاوازی ئاشتی ئازادی’ لە (ل١١٠)دا دەڵێ: لە چاپخانەی ‘لیوا’، بەڵام ڕاستییەکەی چاپخانەی ‘دار السلام’ـە. و… .»
تاء// هەندێ وردبوونەوەی سەرنجڕاکێش: مامۆستا عومەر لە مشتومڕ لەگەڵ کتێبەکەی مامۆستا نەریماندا، کۆمەڵێک خاڵی زۆر ورد و بەجێ خەتکێش دەکات، کە شیاوی خستنە بەرچاون:
بۆ وێنە، لە دیاریکردنی شوێنی چاپ و ژمارەی لاپەڕەدا، دەنووسێت: «بۆ چاپی دووەمی دیوانی ‘حەریق’یش نووسیویەتی کە لە چاپخانەی (دار الحریە) لە چاپ دراوە، کە هەڵەیەکی ئاشکرایە، بەڵکوو لەسەر ئەرکی (مەحموود خاکی) و لە چاپخانەی (الجمهوریە)ـی کەرکووک چاپ کراوە. بۆ دیوانی ‘تایەر بەگ’یش کە لە ساڵی ١٩٣٦ـدا لە چاپدراوە، نووسەر لە (ل٤٦)ـدا وای دەرخستووە کە (٤٦) لاپەڕەیە، بەڵام لە ڕاستیدا (٥٧) لاپەڕەیە.» «نووسەر هەندێ کتێبی دوو جار باس کردووە و هەر جارەیشی لە ساڵێکی تایبەتیدا داناوە، وەک کۆمەڵەچیرۆکی ‘سمکۆڵی ئەهریمەن’ـی کاکەمەم بۆتانی لە (ل٢٠١)ـدا بە چاپکراوی (١٩٧١)ـی داناوە و قەوارەی (٢٢*١٥ سم)ـی داوەتێ و کەچی لە (ل٢٢٤)ـدا جارێکی تر بە چاپکراوی ساڵی (١٩٧٣)ـی لەقەڵەم داوە و بە قەوارەی (٢٣*١٧سم)، کە دیارە ئەمەی دواییان ڕاستە، لە هەموویشی سەرسووهێنەرتر ئەوەیە کە هەرجارەی پانی و درێژی کتێبەکەی گۆڕیوە.» لەوانەیش سەیرتر نرخی کتێبە، کە مامۆستا عومەر ئەمەیش نابوێرێ و نیگای تیژی تێدەگرێ؛ ئەویش کتێبێکی جەمال نەبەز(زەردەشت)ـە، کە لەسەر کتێبێکی کامیل ژیر لە ساڵی ١٩٦٠ـدا نووسیویەتی، مامۆستا نەریمان لە بیبلیۆگرافیاکەیدا وای داناوە کتێبەکە بایی (١٥٠ فلس)ـە، بەڵام وا نییە و بایی (١٣٠ فلس) بووە. بۆ کۆمەڵەشیعرێکی (ع.ع. شەونم) لە دیاریکردنی چاپی یەکەم و دووەمدا بەلاڕێدا چووە. یاخود هەندێ دەربڕین کە مامۆستا عومەر ناوی ناوە “جیڕ” وەک: «چەند فۆلکلۆرێکی کوردییە لە قاڵبی فۆلکلۆردا.» و لە بارەی ‘تاریک و ڕوون’ـەکەی ‘هێمن’ـی شاعیرەوە دەڵێ: «دکتۆر قاسملو پێشەکی کردووە.» یان ساخ نەکردنەوەی نازناوی هەندێ نووسەر، کە مەرجێکە لە بیبلیۆگرافیادا. یەکێکی تر لە خاڵەکان، قسەکردنە لە بارەی ناوەڕۆکی دەقگەلێکەوە کە نەخوێنراونەتەوە، ئەمە دیاردەیەکی کوشندەیە و لەمڕۆیشدا برەوی هەیە، بەڵام لە بیبلیۆگرافیادا ئەم دەردە کوشندەتر دەکەوێتەوە، چونکە دەبێت بە سەرچاوە و دەچێتە بەردەستی لێکۆڵیار، بۆ نموونە: «لە چەند چیرۆکێک دواوە بێئەوەی بیانخوێنێتەوە، بە شێوەیەکی دەستبڵاو سیفەتی ڕامیاری و ڕیالیزمی و کۆمەڵایەتی بەسەردا بەش کردوون، بۆ نموونە ‘ئەنجامی تەماحکاری’ (ل١٨٦) هەروەها ‘کاسەی جەژن’ (ل٢١١) ئەم سیفەتانەی داونەتێ، کە لە ڕاستیدا چەند باسێکی گوێ ئاگردانن و بە ئاشکرا شیرازەیان پچڕاوە و لەژێر هەرەسی نوقتە و فاریزەدا هەناسەیان لێبڕاوە.» یەکێکی تر لە خاڵەکان پشتگوێخستنی ناوی کەسانی پێشەنگە لە بوارێکدا، بۆ وێنە لە بوارەیلی زانست، ڕەخنەی ئەدەبی، منداڵان و فۆلکلۆردا، ناوی هیچکام لەم دەستپێشخەرانە نایەنێت: ڕەووف حەسەن، ڕەفیق حیلمی، کاکەی فەللاح و جەعفەر شێخ حسین بەرزنجی، لە بەرانبەردا ناوی کەسانێک دەهێنێت کە لە دوای ئەوانەوە لەو بوارانەدا کتێبیان نووسیوە، لەم بارەوە دەنووسێت: «خۆ هیچ نەبێت بیبلیۆگرافیاکەی نەریمان باشترین سەرچاوەیە و دەتوانرێت پەنجە لەسەر ئەوانە دابنرێت کە پێشڕەوی کارەکە بوون.» نەگەڕان و نەپشکنینی ورد، لەو خاڵانەن کەلەبەر دەخەنە بیبلیۆگرافیاوە، بۆ وێنە نەتوانراوە مێژووی چاپبوونی کتێبی ‘چێتراو، کەشتی خەو’ ساخ بکرێتەوە، وەک مامۆستا عومەر دەڵێت: «چاپکراوی ساڵی (١٩٦١)ـە. بۆ زیادتر ڕوونکردنەوەیش هەق وابوو نووسەری بەڕێز چاوێکی بخشاندایە بە گۆڤاری هیوای ژمارە (٣٣)ـی ساڵی (٥)ـی تەمووزی (١٩٦١)ـدا (ل٥٠)، کە مامۆستا –عەبدولڕەزاق محەمەد بیمار- لەم کتێبە و دوو کتێبی تری کۆڵیوەتەوە.»
لە کۆتایی وتارە ڕەخنەیەکەیدا، مامۆستا عومەر دەنووسێت: «ئەمانە بوون هەندێ لەو وردەسەرنجانەم کە لە ئەنجامی خوێندنەوەی کتێبەکەوە دەستگیرم بوو، هیوادارم ئەرکێکم بەجێهێنابێت.»[٢].
(٣)
مامۆستا مستەفا نەریمان یەکێکە لە نووسەر و ڕۆشنبیرە دیارەکانی گەلەکەمان، لە بواری لێکۆڵینەوە و ساخکردنەوەی ئەدەب و مێژوودا، خاوەنی چەند کتێبی گرنگ و بەپێزە، جیا لە کتێبی ‹یادداشتەکانم›ـی، کە یەکێکە لەو کتێبە دەگمەن و پڕئەزموونە ناوازانەی بەهەق شیاوی خوێندنەوە و لەسەروەستانە. چەند ساڵێک پاش ئەو بیبلیۆگرافیایەی وا بووەتە جێی ئەو وتارە ڕەخنەییەی مامۆستا عومەر و ئەم نووسینەی بەردەستتان، مامۆستا مستەفا نەریمان بیبلیۆگرافیایەکی تر، بە مەودایەکی فراوانترەوە ئامادە دەکات و لە ساڵی (١٩٨٨)ـدا چاپی دەکات، لە پێشەکی ئەو کتێبەیدا، مامۆستا نەریمان پاش ئەوەی ناوی کۆمەڵێک نووسەری دیار و بەرچاو دێنێت کە ستایشی بیبلیۆگرافیاکەی پێشوویان کردووە، دێتە سەر تاقەنووسەرێک کە ڕەخنەی توندی لێ گرتووە، ئەویش مامۆستا عومەر مارف بەرزنجییە و لە (ل١٢)ـدا دەنووسێت: «مامۆستا عومەر مەعرووف بەرزنجی بە پێچەوانەی هەموو ئەو نووسەرانەی پێشوو لە گۆڤاری (بەیان)ـی ژمارە (٤٦)ـی ساڵی ١٩٧٨دا شەنوکەوێکی خۆیئاسای دەربارەی بیبلیۆگرافیاکە کردووە و بێئەوەی لایەنی باشی بخاتەڕوو، بەسەر وێرگۆل و نوختەیشدا بازی نەداوە و خەتێکی ڕاستوچەپی بەسەر بەرهەمەکەدا کێشاوە.»[٣] لەم نووسراوەدا، بێئەوەی خەتی ڕاستوچەپ بەسەر هیچکام لە بەرهەمەکاندا بهێنم، هەوڵم داوە بەشێک لەو نیگا ڕەخنەییە پێشان بدەم، کە لەلام بایەخدار و جێی سەرنجە، لە کۆتاییشدا منیش وەک مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی دەڵێم: «هیوادارم ئەرکێکم بەجێهێنابێت.»
سەرچاوەکان:
١/ بیبلیۆگرافیاکەی نەریمان و شەونوکەوێکی خۆمانە، عومەر مەعرووف بەرزنجی، گۆڤاری (بەیان)، ژمارە (٤٦)، کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨.
٢/ سەرجەم نووسراوی ناو جووتکەوانەکان، لە هەمان سەرچاوەی یەکەمەوە وەرگیراون.
٣/ بیبلیۆگرافیای دوو صەدساڵی کتێبی کوردی (١٧٨٧ – ١٩٨٦)، مصطفی نەریمان، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، چاپخانەی الزمان، بەغداد ١٩٨٨.