ڕۆمانی کانڤاسە سپییەکە لە وتووێژێکدا

Loading

ڕۆمانی کانڤاسە سپییەکە لە وتووێژێکدا

ئامادەکردنی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی کانڤاسە سپییەکە، بەرهەمێکی چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، خانمە نووسەر و شێوەکاری هۆڵندی (سێلما پێرمێنتێر) نووسیویەتی و لە لایەن برای شێوەکار (عومەر ڕەسوڵ) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە زمانی هۆڵندییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە سەر بە ئەدەبیاتی گەنجانە و ڕەهەندێکی قووڵی پەروەردەیی هەیە، خوێندنەوەی هەم بۆ گەنجان و هەم بۆ بەتەمەنەکانیش چێژ و گرنگیی خۆی هەیە.

سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی ئەم نۆڤێلێتە )کانڤاسە سپییەکە)کردەوە و گرنگی تێکستەکە لە چیدایە بۆ خوێنەری کورد؟

عومەر ڕەسوڵ: لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تا ساڵی ٢٠٠٨ لێرە لە هۆڵەندا، لە خانەی مانەوەی ئەو کەسانەی بێ جێگا بوون. ئەمانە لە لای ئێمە وەردەگیڕدران زۆربەیان ئالودەی تلیاك و خواردنەوەی ئەلکهوول بوون. ئێمە لەم خانەیەدا فایلێکمان هەبوو هەموو پرسیارەکانی لەخۆ گرتبوو کە تایبەت بوون بە وەرگرتنیان لە خانەکە، یەکێك لەو پرسیارانە زانیاری وەرگرتن لەسەر هۆکاری ژیانیان بوو، بەو جۆرە زۆربەیان بە وەڵامی ئاژاوە و بە بەردوامی شەڕ و دەنگە دەنگ لە ماڵەکە، جیابوونەوەی دایک و باوک. بەکارهاتنی توندوتیژی بەرامبەریان، دەستدرێژی سێکسی. ئەم هۆیانە بوونە هۆی ئەوەی ڕوو لە بارهێنانی تلیاک، خواردنەوەی ئەلکهوول بکەن.

دواتر لە ٢٠٠٨ دا لەگەڵ هاوکارێکمدا سەنتەرێکی چالاکیمان دامەزراند. ئەو نەخۆشانەی لە خانەکەدا دەمانەوە دەبوایە بۆ چالاکی بێنە سەنتەرکە لای ئێمە، لەو سەنتەرەدا جۆرەها ڕێگەمان بەکاردەهێنا چارەسەری بارە دەروونیەکەیان، چارەسەر بە گفتووگۆکردن (تاکی و بە گرووپ) چارەسەر لە ڕێگای وێنەکێشانەوە. چارەسەر لە ڕێگای شانۆوە، هەروەها بە موزیك.

بەشی چارەسەر بە وێنەکێشانەوە لای من بوو. ڕۆژانە زیاد لە ١٠ نەخۆشم بەردەکەوت و بۆ هەریەکەیان بەگوێرەی نەخۆشییەکە پڕۆگرامی تایبەتم بۆ دادەنا.

نەخۆشییەکانیان بریتی بوو لە شیزۆفرینیا، بۆردەلاین، خەمۆکی،

یەکێك لەو خانمانەی لە خانەکەدا من سەرپەریشتیم دەکرد ڕۆژانە لام چالاکی وێنەکێشانی دەکرد. ئەویش یەکێك بوو لەوانەی دەستدرێژی سێکسی کرابووە سەر لە تەمەنێکی کەمی منداڵییەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر چێژی لە وێنەکێشان دەبینی، مەبەستیش لە وێنەکێشانەکە ئەو نەخۆشانە هەست بە نرخی خۆیان بکەن. متمانە بەخۆ بگەڕێتەوە بۆیان.کەمکردنەوە بەڵکو نەهێشتنی ئەو ترسەی لایان هەیە. جارێکی تر گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵ بە شێوەیەکی تەندروست.

ئەم خانمە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشبوون دەچوو، تا وای لێ هات دامەزرا لە یەکێك لەو خانانەی خۆیشی جاران لێی دەژیا، بەڵام ئەم جارەیان نەك بە شێوەی نەخۆش، بەڵکو بە سەرپەرشتیار لەو جێگەیەدا.

جا ئەم خانمە نەیدەزانی چۆن سوپاسم بکات ئاوا بووە بە کەسێکی تر. جا ئەو ناوی ئەم کتێبەی پێ دام تا بیخوێنمەوە، بە ڕاستی دوای خوێندنەوەی دەستم کرد بە وەرگێڕانی.

گرنگیی تێکستەکە بۆ خوێنەرانی کورد، ڕاستە لەوانەیە ئەمە توندوتیژی و دەستدرێژییە لە ناو خێزاندا، یان لە دەرەوی خێزاندا ڕوو بدات. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کەسەی حاڵەتەکەی بەسەردا هاتووە، چ کچ بێت یان کوڕ، بتوانێت قسەی لەسەر بکات و نەیهێڵتەوە لە لای خۆی و بۆ ئەوەی بە هەموان بتوانن ئەو کەسە لەو بارە دەروونیە ڕزگار بکەن، نەك بکەونە تانەلێدانی و سەرزەنشتکردنی.

سەردەم: دنیای ڕۆمانەکە چییە و بابەتەکانی بە دەوری چیدا دەسوڕێنەوە؟

عومەر ڕەسوڵ: خێزانێکە بریتییە لە چوارکەس(دایك و باوکێك و دوو کچ) سانایەکی ١٠ ساڵان لە گەڵ خوشکە گەورەکەیدا ١٦ ساڵ، خێزانێك پڕ لە ئاژاوە و ترس، باوکێك خۆی بە بەران دەزانی، نەدەبوایە کەس لە بەدرمیدا بوەستایە. هەرچی ڕێز بێت نە بۆ هاوسەرەكەی نە بۆ کچەکانی دانەدەنا، سووکایەتیکردن پێیان، گەر هاوسەرەکەی جار جار ویستبێتی دەم بکاتەوە و بەرامبەری بوەستێتەوە، بە لێدان دەمی پێ داخستووە، وەلاخستنی هاوسەرەکەی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچەکانی، ئەوەندە ترس باڵی ڕەشی کێشابوو بەسەر خێزانەکەدا دایکەکە بە هەموو شتەکانی دەزانی، بەڵام نەیدەوێرا باسی بکات و دەیشاردەوە.

جارێك باوکی (سانا) دەبات بە یەکەوە خۆیان بشۆن، دوای خۆشتنەکە سانا دەڵێت: ”خۆشتنەکەمان زۆری نەخایاند،گوتم گەڕامەوە ژوورەکەم لەسەر کانڤاسە سپییەکە بەردێکی ڕەشی زل دروست دەکەم و باوکم لە ژێریدا”

هەروەها سانا دەڵێت بیر لە دروستکردنی تابلۆیەك دەکەمەوە، تابلۆیەکی گەورەی خەتخەت دروستکرابێت و لە ناوەڕاستیدا دەرگایەکی گەورەی تێدا بێت، بێجگە لە من کەس بەو دەرگایە نەزانێت و کە دەرگاکە بکرێتەوە بچمە ئەودیوی دەرگاکە و دەرگاکە دابخەم بۆ ئەوەی کەس نەمبینێت، هیچ کام لەو دووکچە وەك منداڵ گەورە نەبوون لەو ماڵەدا. ئەرەینا تەمەنی بوو بە ١٦ ساڵ، نەیوێرا لای کەس باسی بکات سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت، سانای بەرە و نەخۆشخانەی دەروونی برد.

بە هۆی وێنەکێشانیەوە و خەڵک ناسین لە بواری هونەرەکەوە، سانا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوو، هەردەم خەمی بۆ دایکی دەخوارد کە چەند دایکێکی لاواز بووە، سانا بۆ خوێندنەکەی دەبوایە تابلۆیەك بکێشیت، بە خەیاڵیدا هات ئافرەتێك دروست بکات و پارچەیەك قوماشی سووری بداتە دەست بۆ دورینی، تابلۆکەی زۆر لا جوان دەبێت بەڵام هێشتا تابلۆکە مابووی تەواو بێت. دواتر وتی دەبێت ناوێکی لێ بنێم، ناوی تابلۆکەی نا دایك. لە نێوان ئەوانەی خەریکی کاری هونەری بوون، یان خاوەن گەلەرییەکان، دەیانویست تابلۆی دایك بکڕن لە سانا، بە هەرچی نرخێك بێت، سانا تابلۆکەی زۆر لا خۆشەویست بوو و نەیدەفرۆشت.

سانا تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو دایکی ڕۆژێکیان تەلەفوونی بۆ دەکات بۆ ئەوەی یەکتر ببینن و هەندێك شت هەیە پێی بڵێت، سانا داواکارییەکی قبووڵ دەکات و یەکتریان بینی.

دایکی سانا بە سانای گوت باوکت نەخۆشە و خەریکە دەمرێت، باشترە جارێك بێیت سەری بدەیت و چاوت پێی بکەوێت، سانا دەمی دەلەرزی و گوتی بەداخەوە دوای ئەو هەموو ساڵانە هاتویت بە من بڵێیت بێم سەری باوکم بدەم، هەستە بڕۆ جارێکی تر نامەوێت هەر بتبینمەوە و باسیشم بکەیت.

دوای چاوپێکەوتنەکە، خوا خوای بوو تابلۆی دایکەکەی لەکۆڵ ببێتەوە، تەنانەت تابلۆکە هێشتا تەواو نەبووبوو،گوتی تەواوی ناکەم، چونکە ئەو لای من تەواو بووە، سانا ئەوەندە متمانەی بە خۆی پەیدا کردبوو، کەڕەتێك بە دەنگێکی بەرز پڕ بە دەمی هاوار دەکات و دەڵێت: دەبێت تابلۆیەك دروست بکەم هیی ئەو جێگایە مەبەستی(زێی مێیە) جێگایەك ئازاری لێ وەربگریت، ئازارت بدات، جێگەیەك هەتا هەتایە بە سووری. خۆشحاڵم توانیومە ئەو چیرۆکە هەستیارە بخەمە ژێر چاڵەوە و بیسڕمەوە.

سەردەم: نووسەری ئەم ڕۆمانە نیگارکێشە، خۆشت نیگارکێشیت و پاڵەوانی نۆڤلێتەکەش هەر نیگارکێشە، ئەمە ڕێکەوتە یان پلانێکی پێشوەختەیە؟

عومەر ڕەسوڵ: ڕێکەوتە.

سەردەم: گەر بکرێ زیاتر نووسەرەکە و پێگە هونەرییەکەی بە خوێنەری کورد بناسێنیت؟

عومەر ڕەسوڵ :خاتوو سێلما پارمینیەر، لە ساڵی ١٩٦٤ و هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تووشی خەمۆکی و نەخۆشیی دەروونی بووە، ئەو زۆر جار چارەسەری بۆ کراوە، ئەو ئێستا وەک پسپۆڕێک کار دەکات لە سەنتەری پزیشکی دەروونی زانکۆی خرۆنیگن. خاوەنی حەوت ڕۆمانە و کۆمەڵێک چیرۆکی کورتی بڵاو کردۆتەوە،

وەك ئاشکرایە خاتوو سێلما، زۆر دەرناکەوێت و خەزی بە چاوپێکەوتن لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نییە و تەنانەت لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکانیدا حەز ناکات ئامادە ببێت.

لە گەڵ چارەسازی دەروونیی (ڕۆبێرت سخوڤەرس) کتێبێکیان نووسی بە ناوی (دەستنیشانکردنی خەمۆکی) ڕۆبێرت سخوڤەرس، زۆر یارمەتی خاتوو سێلمای دەدا.

سەردەم: ئەم جۆرە بەرهەمانە بۆ خوێنەر، بە تایبەت بۆ گەنجان و مێردمنداڵان تا چەند گرنگە؟

عومەر ڕەسوڵ: گرنگیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە باس لە خاتوونێك دەکات هەر لە منداڵییەوە بە هەموو بارە دەروونییە ناخۆشیەکانیەوە جەنگاوە بەرامبەر بە ژیان و کۆڵی نەداوە، دەستەوئەژنۆ دانیشێت بەرامبەر بە گرفتەکانی، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی بە خۆی داوە بۆ سەرکەوتنی بەسەر ئەو هەموو گرفتانەدا.

ناردن: