كاندیده درێژخایه‌نه‌كه‌ی نۆبڵ كۆچی دوایی كرد و ئه‌و خه‌ڵاته‌ی هه‌ر وه‌رنه‌گرت
ئیسماعیل كاداری “كاندیده درێژخایه‌نه‌كه‌ی نۆبڵ” كۆچی دوایی كرد و ئه‌و خه‌ڵاته‌ی هه‌ر وه‌رنه‌گرت.
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
به‌ره‌بەیانی ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ی ڕابردوو 1ی ته‌موزی 2024، به گوێره‌ی هه‌واڵی ئاژانسی فرانس پرێس و ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی و یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كان، نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌لبانی و سیمبوله هه‌ره دیار و گه‌وره‌كه‌ی ئه‌و وڵاته ئیسماعیل كاداری له ته‌مه‌نی سه‌رو 88 ساڵیدا، كۆچی دوایی ده‌كات و ماڵئاوایی له نووسین و دونیای ڕۆمان و سه‌رجه‌م دۆست و هه‌وادارانی ئه‌ده‌ب به گشتی و ڕۆمان به تایبه‌تی ده‌كات.
به مردنی كاداری، ڕۆمانی جیهانی یه‌كێك له ڕۆماننووسه پڕ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ده‌ستدا، ئاخر ئه‌و ساڵی 1970 له دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ڕۆمانی به ناوی “جه‌نه‌ڕاڵی سوپای مردوو”، توانی وه‌ك نووسه‌رێكی خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی گه‌وره، به‌هره‌یه‌ك تێكه‌ڵكێش كرابوو به دیدگا و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕوناك و پرشنگدار، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌یله‌سوفه‌كانی گریك، خۆی له گۆڕه‌پانی نووسینی ڕۆماندا بسه‌پێنێت، ئاشكرایه كاداری به‌رده‌وام و هه‌میشه له نووسینه‌كانیدا ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ فه‌یله‌سوفه كۆنه‌كانی یۆنان.
سه‌باره‌ت به مردنه‌كه‌ی، نه‌خۆشخانه‌ی تیرانا رایگه‌یاند ئیسماعیل كاداری، به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه كۆچی دوایی كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕوونكردووه‌ته‌وه كاتێك ئیسماعیل كاداری گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه، هیچ نیشانه‌یه‌كی ئه‌وه‌ی پێوه دیار نه‌بووه ده‌ریبخات زیندووه و هێشتا له ژیاندا ماوه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه هه‌وڵی بوژاندنه‌وه‌ی دڵی ده‌ده‌ن، وه‌لی سه‌ركه‌وتوونابن و دڵی ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌یه، بۆ هه‌تا هه‌تایه له لێدان ده‌كه‌وێت و چیتر چاوه‌كانی بۆ ئه‌به‌د ناكرێنه‌وه و دونیای ڕووناكی پێنابینێت.
ئیسماعیل كاداری له ساڵی 2022، رایگه‌یاند حه‌ز ده‌كات و هیواداره ته‌مه‌نی بگاته نه‌وه‌د ساڵ، وه‌لێ به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا و ئه‌و هیوایه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برد و خستییه ژێر گڵ و له دوای خۆی میراتێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی به‌جێهێشت، میراتێك ئه‌ده‌بی ئه‌لبانی كه ئه‌ده‌بێكی نه‌ناسراو بوو، گواسته‌وه بۆ ئه‌ده‌بێكی جیهانی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای تێڕامانه، ئه‌وه‌یه ئه‌م نووسه‌ره مه‌زنه، ساڵانێكی زۆر له سایه‌ی حوكمڕانی ئه‌نوه‌ر خۆجه، ژیانی به‌سه‌ر بردووه، له كاتێكدا خۆجه یه‌كێك بوو له دیكتاتۆره‌كانی جیهان و سیستمی به‌رێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌ی، به سیستمێكی هه‌ره داخراو داده‌نرا. بگره به‌رده‌وام مشت‌ومڕ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كاداری به سیستمی تۆتالیتاری وڵاته‌كه‌یه‌وه ده‌كرا، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌بێت خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌دەبی وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌گه‌رچی له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا، هه‌میشه “كاندیده درێژخایه‌نه‌كه‌ی نۆبڵ” بوو.
كاداری مانگی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو، له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فرانس پرێس ده‌ڵێت: “دۆزه‌خی كۆمۆنیست، وه‌ك هه‌ر دۆزه‌خێكی دیكه وایه، خنكێنه‌ره. به‌ڵام له ئه‌ده‌بدا، ده‌گۆڕێت بۆ هێزی ژیان، هێزێك یارمه‌تیت ده‌دات بۆ مانه‌وه و زاڵبوون به‌سه‌ر دیكتاتۆریه‌تدا به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌رزانه”.
كاداری هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا، له ماڵه‌كه‌ی خۆی له تیرانا و له كاتێكدا ته‌ندروستیی به‌ره‌و خراپبوون ده‌چێت، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “هه‌مو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ من هه‌مه، ئه‌ده‌ب پێیبه‌خشیوم، ئه‌ده‌ب مانای به‌خشی به ژیانم، بوێری پێدام تا به‌رگه بگرم، دڵخۆشی و هیوای پێدام تا به‌سه‌ر ناخۆشی و سه‌ختییه‌كاندا سه‌ركه‌وم”.
لایه‌نێكی گرنگی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ڕۆماننووسه كۆچكردووه، ئه‌وه‌یه هه‌میشه په‌رۆشی ئه‌وه‌یه بووه، سه‌رجه‌م ڕۆمانه‌كانی و كورته چیرۆكه‌كانی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی وڵاته بچووكه‌كه‌ی بن، وڵاتێك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی كیشوه‌ره پیره‌كه، كیشوه‌ری ئه‌وروپا، خه‌ریكه بزرده‌بێت. وڵاتێك ئه‌نوره خۆجه (1908- 1985) بۆ ماوه‌ی زیاد له چل ساڵ به‌ڕێوه‌یده‌برد، به دیاریكراوی له ساڵی 1945و دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئیتالیا و له ڕۆژه‌كانی كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه، تا چه‌ند ساڵێكی كه‌م پێش هه‌ره‌سهێنانی دیواری به‌رلین له پایزی ساڵی 1989، له جیهانی دابڕیبوو، كردبووی به دورگه‌یه‌كی ته‌ریك و گۆشه‌گیر.
هه‌رچه‌نده كاداری له سایه‌تی ڕژێمی كۆمۆنیستی دۆگما و چه‌قبه‌ستوو ژیاوه و ته‌نها دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و ڕژێمه وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشتووه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توانی خۆی له ته‌ڵه و داوه‌كانی ڕێباز یان قوتابخانه‌ی “ڕیالیزمی سۆشیالیزمی” بدزێته‌وه و نه‌كه‌وێته ناو شێوازه ڕوكهشهكهیهوه. له‌مه‌شدا سوودی له‌و داهێنان و ئه‌فراندنه مه‌زنانه بینی كه ڕۆماننووسه گه‌وره‌كانی سه‌ده‌ی بیست، له‌گه‌ڵ خۆیان هێنایانه ئاراوه و ده‌یان و سه‌دان به‌رهه‌می ناوازه‌یان پێنووسی.
من (واته حه‌سونه میسباحی-و.ك) له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1987 له شاری میونشنی ئه‌ڵمانیا، ئیسماعیل كاداری-م بینی، ئه‌مه له‌و كاته‌دا بوو كه ڕۆمانه‌كه‌ی “زستانه گه‌وره‌كه”ی پێشكه‌ش ده‌كرد. كاداری له‌و ڕۆمانه‌دا، باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت یه‌كێتی سۆڤییه‌ت ده‌كات، هه‌روه‌ها باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چین-ی ماوتسی تۆنگ ده‌كات. بیرمه من زۆر دڵخۆش و شاگه‌شكه بووم به بینینی، ئاخر من له‌و كات و ساته‌دا، زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆمانانهیم خوێندبووه‌وه كه وه‌رگێڕدرابوون بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، له‌وێوه هێجگار پێی سه‌رسام بووم. ئه‌ڵبه‌ته ڕۆمانه‌كانی بۆ زیاد له 45 زمانی جیهانی وه‌رگێڕدراون.
كاداری له‌وێدا و له نێو ده‌هشه و واقوڕمانی هه‌مواندا، رازی نه‌بوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه كه سه‌رجه‌میان تایبه‌ت بوون به په‌یوه‌ندی كاداری به ڕژێمی كۆمۆنیستییه‌وه و بارودۆخی مافه‌كانی مرۆڤ له وڵاته‌كه‌یدا. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیشی بدایه‌ته‌وه، ئه‌وا زۆر له كورتی دهیبڕییهوه، یان قسه‌ی گشتی ده‌كرد، پاشان له نێو بێده‌نگییه‌كی قووڵدا نوقمدهبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆڵه‌كه چۆڵ و هۆڵ بێت و كه‌سی تێدانه‌بێت.
دواتر ڕووداوه‌كان زۆر به‌خێرایی ڕووده‌ده‌ن، له‌وانه دیواری به‌رلین ده‌ڕوخێت و له‌گه‌ڵیدا سیستمی به‌ره‌ی سۆشیالیزم هه‌ره‌سده‌هێنێت. ئینجا له پراگ نووسه‌ر و ڕۆشنبیری یاخی “ڤاتیسلاڤ هاڤل” ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه ده‌گرێته ده‌ست و له‌سه‌ر كورسی فه‌رمانڕه‌وایی داده‌نیشێت. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆشنبیره، به‌هۆی دژایه‌تیكردنی بۆ ڕژێمی كۆمۆنیستی، چه‌ندین ساڵی دوور و درێژی له زیندان به‌سه‌ر بردوو.
دواتر له ڕۆمانیا، دانیشتوانی داخ له دڵی وڵاته‌كه، سه‌ری چاوچیسكۆی دیكتاتۆریان له قوڕاوی ئه‌و ساته‌وه‌خته هه‌ڵكێشا. دوای ئه‌وه، هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به وڵاته‌كه‌ی كاداری، باسیان له‌وه ده‌كرد، درز و كه‌لێنی گه‌وره كه‌وتووه‌ته ناو ئه‌و دیواره ئاسنینه‌ی ئه‌نوه‌ر خۆجه، به ده‌وری ئه‌و وڵاته‌دا دروستی كردبوو، په‌رژینه پۆڵاینهكه له چه‌ندین لاوه شه‌به‌قی گه‌وره‌ی تێكه‌وتبوو. هه‌واڵه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌كرد له تیرانا به هه‌زاران هاوڵاتی ئه‌لبانی، په‌نایان بردووه‌ته به‌ر باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتانی خۆرئاوا. كه‌چی له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا، ئیسماعیل كاداری كه هه‌ندێك كه‌س به “ویژدانی ئه‌لبانیا” وه‌سفیان ده‌كرد، بێده‌نگ مایه‌وه. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، تاقه شتێكی باش كه كاداری ئه‌نجامیدا، ئه‌وه‌بوو لای ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌رمی، داوای كرد ڕۆمانی “چه‌قۆ” كه به‌رهه‌می هاوڕێكه‌ی “ئانشت تۆزاج” بوو، بڵاوبكه‌نه‌وه. ڕۆمانه‌كه سه‌ركۆنه‌ی هه‌واڵگری ئه‌لبانیا و سه‌ركوتكردنه تووند و دڕندانه‌كه‌ی ده‌كرد بۆ ئازادییه‌كان.
ئیسماعیل كاداری له پایزی ساڵی 1990، هه‌مو جیهانی شۆك كرد، بۆچی؟ چونكه داوای په‌نابه‌ری له فه‌ره‌نسا كرد كه زمانی فه‌ره‌نسی زۆرباش ده‌زانی. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته و ئه‌و لێدوانه كه‌م و كورتانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه داویه‌تی، زۆر به تووندی سه‌ركۆنه‌ی ڕژێمی ئه‌نوه‌ر خۆجهی كرد و ده‌رباره‌ی بڕیاری ڕۆشتنی بۆ تاراوگه و ژیانكردن له فه‌ره‌نسا ده‌ڵێت: “تا ئه‌مڕۆ هه‌وڵمدا به‌شداربم له‌وه‌ی وا بكه‌م ڕژێم نه‌رم و نیانتر بێت، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی تایبه‌تی ئه‌لبانیا. له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كانم له‌گه‌ڵ سه‌رانی ڕژێمه‌كه، هه‌روه‌ها له میانه‌ی ئه‌و نامانه‌ی بۆم ده‌ناردن، هه‌میشه پێداگریم كردووه له‌سه‌ر زه‌روره‌تی دیموكراسی به شێوه‌یه‌كی خێرا و قووڵ. به‌ڵام هه‌مو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی وه‌رمگرتبوو، هه‌رگیز رێزیان لێنه‌گیرا و جێبه‌جێ نه‌كران، بۆیه ته‌واو نا‌ئومێد ببووم”.
به‌ڵام هه‌ندێك له نووسه‌رانی ئه‌لبانیا، به‌و پاساوانه‌ی نووسه‌ری ڕۆمانی “زستانه گه‌وره‌كه” بۆ جێهێشتنی وڵات و ڕۆشتنی بۆ فه‌ره‌نسا هێنابوویه‌وه، ڕازینه‌بوون. له‌وانه شاعیر رۆدۆلۆڤ ماركۆ ده‌ڵێت: “من ناتوانم لێكدانه‌وه بۆ ئه‌و بڕیاره بكه‌م، ئاخر ئیسماعیل كاداری به منی ده‌وت، كاتێك گوێی لێ ده‌بێت نووسه‌رێك وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌جێده‌هێڵێت، تووشی هێڵنج ده‌بێت. ئه‌و هه‌میشه ده‌یوت و ده‌یوته‌وه نووسه‌ری گه‌وره و ڕاسته‌قینه، ده‌بێت له نێو هاوڵاتیانی خۆیدا بمێنێته‌وه”.
ئیسماعیل كاداری ساڵی 1936 له شاری گیجرۆ كاسترا هاتووه‌ته دونیاوه، ئه‌وه هه‌مان ئه‌و شاره‌یه كه ئه‌نوه‌ر خۆجه تێیدا له‌دایكبووه، هه‌روه‌ها ئه‌و شاره‌یه له ڕۆمانه نایابه‌كه‌یدا “به‌سه‌رهاتی شاره به‌ردینه‌كه” و له میانه‌ی منداڵێكی بچووكه‌وه كه چاودێری هه‌مو جووڵه و ده‌نگێك ده‌كات، به نه‌مریی باسی شاره‌كه ده‌كات. كاداری له‌م شاره‌دا كه ئیتالییه‌كان پاشان یۆنانییه‌كان و دواتر ئه‌ڵمانییه‌كان، یه‌ك له دوای یه‌ك داگیری ده‌كه‌ن، منداڵی به‌سه‌ربردووه. ئه‌و سه‌ر به خێزانێكی موسڵمان بوو. له هه‌ندێك له ڕۆمانه‌كانی دیكه‌یدا، باسی له بارودۆخی وڵاته‌كه‌ی كردووه له‌ژێر سایه‌ی ئیمپراتیریهتی عوسمانی و ڕه‌خنه‌ی له توندڕه‌وی و سته‌مگه‌ریی ئاینی گرتووه.
ئیسماعیل كاداری له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا، شكسپیر ده‌ناسێت و دواتر ده‌ڵێت: “من شێت و شه‌یدای ماكبێس و چیرۆكی تارماییه‌كان بووم”. سه‌روه‌ختێك ته‌مه‌نی ده‌گاته حه‌ڤده ساڵ، یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعری بڵاوده‌كاته‌وه و رێز و سه‌رسامی ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستده‌هێنێت. دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1958 زانكۆ ته‌واو ده‌كات، واته له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا، ده‌ڕوات بۆ مۆسكۆ، له‌وێ دوو ساڵ له په‌یمانگای “گۆركی” به‌سه‌رده‌بات، له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا، به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆمان و شیعر له وڵاتی پۆشكین، تۆرگینێڤ، تۆڵستۆی، دۆیستۆفیسكی، گۆگۆڵ، چیخۆف ده‌خوێنێته‌وه و كاداری سه‌باره‌ت به‌و قۆناغه، باس له‌وه ده‌كات وه‌ك خوێندكار سودی زۆری له‌و به‌رهه‌مانه وه‌رگرتووه. به‌ڵام وه‌ك نووسه‌رێك، رازینه‌بووه له‌و بارودۆخه‌ی خۆی كه تێیدابووه. ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌رێته‌وه، ئه‌و هه‌رگیز “ڕیالیزمی سۆشیالیزمی” قبووڵ نه‌كردووه.
ساڵی 1960، ئیسماعیل كاداری له مۆسكۆ، دژ به ڕژێمی كۆمۆنیستی یاخی ده‌بێت و ئاوا باسی خرۆشۆف ده‌كات: “بۆرجوازییهكی تهحریفییه”، لێره‌وه سه‌روه‌ختێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت یه‌كێتی سۆڤییه‌ت تێكده‌چێت و كۆتایی به‌و مانگی ههنگیوینهی نێوان مۆسكۆ و تیرانا دێت، كاداری مۆسكۆ به‌جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیرانا. ئیدی له‌و ساته‌وه‌خته‌وه، ئیسماعیل ده‌بێت به “نووسه‌رێكی فه‌رمی”، ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كانی هه‌رگیز و به هیچ شێوه‌یه‌ك، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی ئه‌نوه‌ر خۆجه و هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئاراسته‌كانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بووه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گه‌ل و جێگری سه‌رۆكی “گردبوونه‌وه‌ی دیموكراسی”.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وانه، چه‌ندینجار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، دووچاری ته‌نگپێهه‌ڵچنین بووه، له‌وانه ساڵی 1982 ده‌زگای سانسۆر هه‌ندێك له ڕۆمانه‌كانی و كورته چیرۆكه‌كانی قه‌ده‌غه‌كرد. له هه‌مان ئه‌و ماوه‌یه‌دا، ژماره‌یه‌ك له نووسه‌ر و شاعیر و ڕه‌خنه‌گری نزیك له پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، ڕه‌خنه‌ی زۆر تووندیان لێگرت، به‌و پێیه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دژایه‌تی ماركسیزم و چینی كرێكار ده‌كات.
به‌ڵام كاداری زۆر باوه‌ڕ و متمانه‌ی به‌وه بوو كه ده‌ینووسی، زۆرباش ده‌ركی به‌وه كردبوو خوێنه‌ره‌كانی له ئهلباینا و له سه‌رانسه‌ری جیهان، توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه بزانن ڕۆمانه‌كانی و كورته چیرۆكه‌كانی، باس له چی ده‌كه‌ن. له‌م باره‌یه‌وه جارێكیان له نووسینێكیدا ده‌ڵێت: “ئه‌و نووسه‌ره مه‌زنه‌ی له گۆشه‌گیریدا ده‌ژی، هیچی له‌سه‌ر نییه، ئه‌وه نه‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌و كات و ساته بكات كه ده‌نێردرێت بۆ ناو گۆڕ. ئه‌و تا له ژیاندابێت، ناتوانێت هیچ شتێك بكات، ته‌نها ئه‌و مردنه نه‌بێت كه جه‌لاده‌كانی بۆی هه‌ڵده‌بژێرن: ژههركردنه ناو قاوه، ڕووداوی هاتوچۆ، یان كه‌سێكی گوایه شێت له‌سه‌ر پلیكانه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی تاریك ده‌یداته به‌ر چه‌قۆ. له ململانێیه‌كی له‌و جۆره‌دا، له نێوان سته‌مگه‌ر و شاعیر، هه‌میشه سه‌ركه‌وتن بۆ شاعیره، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ی دواییان- شاعیره‌كه- بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ شكستی هێنابێت”.
سه‌رچاوه
1-دوو بایه‌تی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆشنبیریی و هونه‌ر له ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط 1ی ته‌موزی 2024
2- العربی الجدید، 3ی ته‌موزی 2014، www.alaraby.co.uk