و لە عەرەبییەوە: سەردەم

کامۆ و سارتەر، مارکیز و لۆسا، هۆگۆو سانت بۆف، هەمویان لەبەر چەندین هۆکاری ئایدۆلۆژی و شەخسی، لەگەڵ یەک ناکۆکبوون، وایانلێهات لە باشترین هاوڕێی یەکتر، بوونە نەیارو دوژمنی سەرسەختی یەکتر. بەسەرهاتی ناکۆکییەکانیان، چەندین ڕەهەندی گەورەی بەخۆیەوە بینی و ژمارەیەک نامەی تووندو ڕەخنەی بریندارکەری لێکەوتەوە کە بە درێژایی چەندین ساڵ بۆ یەکتریان دەنووسی، ئەو نامانە سەرنجی رۆژنامە تایبەتمەندەکانی ڕاکێشاو بووە بابەتێکی باش بۆ دەزگاکانی بڵاوکردنەوە.

ئیتیان کارنۆ لەگەڵ ئان بۆکل، لە کتێبە هاوبەشەکەیان بە ناونیشانی (چیرۆکی ڕق و کینەی نووسەرەکان لە شاتوبریانەوە بۆ برۆست) کە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای فلماریون، باس لە ڕق و کینەو ئیرەیی دەکەن کە پەیوەندییە شێواوەکەی نێوان هەندێک لە نووسەرەکانی پێجیادەکرێتەوە. کتێبەکە جەخت لەوە دەکات ئەو ڕق و ئیرەییە، بەشێکی دانەبڕواوە لە کەسایەتییان وەک پیاوانی ئەدەب، وەک ئەوەی یاسایەکی ئاسمانی بێت. داهێنەران خودی خۆیان لە رێگەی ڕوبەڕووبوونەوەی داهێنەرانی دیکەوە، بونیاددەنێن: بلزاک ئیلهامی ڕۆمانە جوانەکەی (گوڵە شلێرێک لە دۆڵەکەدا)، لە ڕۆمانی (چێژ)ی نووسەر شارل ئۆگۆستان سانت بۆف وەرگرتووە، دوای ئەوەی هێرشێکی تووندی کردە سەرو بەڵێنیپێدا دەرسێکی باشی دابدات و ڕایگەیاند: (وا دەکات پێنوسەکەی جەستەی یەکاڵا بکاتەوە).

سەتەندال ژیانی خۆی تەرخانکردن بۆ ڕەخنەگرتن لە هەمو ئەو شتانەی شاتوبریان ئەنجامیدەدا، بەو هیوایەی بتوانێت شاتوبریان تێپەڕێنێت. وەک ئەوەی فرناند بسان لە توێژینەوەیەکیدا بەناونیشانی (شاتوبریان لە دادگای سەتەندال دا) باسی دەکات. سەتەندال هێرش دەکات سەر شێوازە ئەدەبییەکەی شاتوبریان و بە هەڵئاوسان وەسفی دەکات. هەورەها هێرش دەکاتە سەر ئاراستە سیاسییەکەی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، تەنانەت پەلاماری ڕوخسارە دەرەکییەکەشی دەدات. سەتەندال خەونی بە وەرگرتنی وەزیفەی (دیبلۆماسی) بینیوە کە شاتوبریان تێیدا سەرکەوتوو بووە، کەچی ئەو تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. سەتەندال وەک دوو نەیار، خۆی بە شانوبریان بەراورد دەکرد.

مەسەلەکە ئەگەر لە لایەنی ئیرەیی یان لایەنی کێبڕکێوە بێت، ئەوا ڕەق و کینە- سەیرەکە لەوەدایە- لای هەندێکیان بنەمای داهێنانە ئەدەبییەکەی بووە. لەبەر ئەوەیە بەشێکی زۆریان دەبینین ستایشی ئەم هەستە- ڕق و کینە- دەکات. بۆدلێر بە زمانێکی بەڕێزەوە دەنووسێت: (ڕق و کینە شەرابێکی گرانبەهایە…لە ژەهری بۆرجیا گرانبەهاترە. چونکە لە خوێن و تەندروستیمان و نووستنمان و سێ بەشی هەست و سۆزەکانمان دروست بووە. بۆیە لەسەرمانە دەستی پێوەبگرین). هرەچی ئەمیل زۆلایە، لە دیوانەکەی (ڕق و کینەکانم/ ڕحقادی) دەنووسێت: (کینە پیرۆزە… کینە توڕەبوونی دڵێکی بەهێزو بەتوانایە… من ئەگەر لەمڕۆدا بەهایەکم هەیە، لەبەر ئەوەیە من تەنهام و ڕقاویم). سەروەختێک فیکتۆر هیگۆ وەسفی “سانت بۆڤ”ی نەیاری دەکات و بە (ماری زەنگۆڵەدار) ناوی دەبات. سانت بۆڤ وەڵامی دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت بە تەواوی لە فیکتۆر هیگۆ دابڕاوەو دەڵێت: (ڕق و کینەیەک لەخامدایە… حەزێکی گەورە لە ناخمدایە بۆ ئەوەی بتکوژم… لێرە بەدواوە من و تۆ دوژمنی یەکین…تا مردن دوژمنی یەکین).  هەرچەندە نووسەری (بێنەوایان) فیکتۆر هیگۆو نووسەری (چێژ) سانت بۆڤ، بۆ چەندین ساڵ هاوڕێی یەکتربوون. بەڵام نزیکبوونەوەی نووسەری چێژ، لە هاوسەری “ئادیل” کە هاوڕێی فیکتۆر هیگۆو بووەو بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەیوەندییەکەیان. وایکرد هاوڕێیەتی نێوان ئەو دوو ئەدیبە، تا کۆتایی بگۆڕێت بۆ دوژمنایەتییەکی ئەدەبی و کەسی زۆر تووند.

بەڵام بەناوبانگترین چیرۆکی دوژمنایەتی نێوان ئەدەیبان، ئەو چیرۆکەیە کە سارتەرو ئەلبێرت کامۆ پێکەوە کۆدەکاتەوە. سەرەتای هاوڕێیەتییەکی جوانی نێوان ئەو دوانە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1943، بەدیاریکراوی لەکاتی کردنەوەی شانۆگەری (مێش) لە نووسینی سارتەر. لەوێدا کامۆ زۆر بە سادەیی خۆی بە سارتەر دەناسێنێت و پێی دەڵێت: (چۆنی… من کامۆم)، لەو ساتەوەختەدا هیچ شتێک ئەو دووانەی پێکەوە کۆنەکردووەتەوە. کامۆ سەر بە ڕەچەڵەک و خێزانێکی میللی بووە، ساڵانی گەنجی لە جەزائیر بردووەتەسەرو لە جیهانی ئەدەبدا سەرەتای هەنگاونان و دەرکەوتنی بوو. بەڵام سارتەر ڕۆشنبیرو فەیلەسوفێکی سەر بە ڕەچەڵەک و خێزانێکی بۆرجوازی بەناوبانگ بوو. سارتەر لە کۆتایی ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، دوای بڵاوبوونەوەی شانۆنامەی (هێڵنج) ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردبوو.

هۆگربوون بۆ شانۆو خوێندنەوەو هەڵوێستی سیاسی ڕوون و ڕاشکاو، هەردووکیانی لەیەکتر نزیککردەوە. هەردوکیان دەستیان کرد بە مەدح و ستایش و سەنای کارەکانی یەکتر. ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کامۆ، لە ساڵی 1951 کتێبی مرۆڤی یاخی بڵاوکردەوەو تێیدا هێرشی کردە سەر سیستمە شمولییەکان، لەوانەش سیستمی کۆمۆنیزم. ئەمە توڕەیی سارتەر-ی لێکەوتەوەو لە گۆڤارەکەی (الازمنە الحدیپە) هێرشێکی تووندی کردە سەر کامۆ. لە دەرئەنجامی ئەوەدا، کامۆ کە هەیبەت و شکۆی بریندار ببوو، نامەیەکی بیست لاپەڕەیی بۆ دەنووسێت و سەرەتای نامەکە بەم جۆرە دەستپێدەکات: (بەڕێز بەڕێوەبەر… داوای لێبووردن دەکەم لە دڕێژ دادڕی، بەڵام من لە تۆ ڕوونترو ڕاشکاوتر دەبم…() بێزاربووم لەو ڕەخنانەی لەلایەن کەسانێکەوە لێم دەگیرێت، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی یاریکردن بە هەستی مێژوویی، سەرکەوتنی ئاسان بەدەستبێنن). سارتەر بە زمانێکی گاڵتەئامێز وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: (ئازیزم کامۆ، پێیم دەڵێت بەڕێوەبەر، هەرچەندە هەموان دەزانن پەیوەندییەکەمان دە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. سەروەختێک تۆم ناسی، کەسایەتیت ئومێدبەخش بوو… کەچی ئەمڕۆ بویتەتە جێگای نائومێدیی. باشە چی دەڵێت ئەگەر کتێبەکەت بەڵگەی ئەوەبێت لە ڕووی فەلسەفییەوە کۆڵەواریت؟). دابڕانی نێوان هەردوکیان تا ساڵی 1960 و مردنی کامۆ بەردەوام بوو. سارتەر بەبۆنەی مردنی کامۆوە، نامەیەکی لاواندنەوەی بۆ دەنووسێ، فەیلەسوفی فەرەنسی برنار لیڤی، سەبارەت بەو نامەیە دەڵێ ڕاستگۆترین نووسینە سارتەر لەسەر کەسێکی نووسیبێت. سارتەر لە نامەکەیدا نووسیویەتی: (من ئەو لەگەڵ یەک ناکۆک بووین، بەڵام ئەم ناکۆکییە، هیچ نەبوو جگە لە ڕێگایەکی دی بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ یەک… ئەو ناکۆکییە ڕێگری لێ نەکردم بۆ ئەوەی بیری لێنەکەمەوە، لە دوو توێی لاپەڕەی کتێبەکان یان رۆژنامەکان، لە نیگاکانیم دەڕوانی و وەک ئەوەی پێی بڵێم: سەبارەت بە هەمو ئەمانە دەڵێی چی؟ ئا لەم چرکەساتەدا دەڵێی چی؟).

چەند ساڵێک دواتر، جیهان لەسەر هەواڵی جەنگێکی دیکە بەخەبەرهات، جەنگی نێوان دوو بلیمەت لە بلیمەتەکانی ئەدەبی لاتینی: گابریل گارسیا مارکیز-ی کۆڵۆمبی و ماریۆ فارگاس-ی پیرۆیی کە هەردووکیان لە لووتکەدا بوون. مارکیز ساڵی 1967 بە شاکارە نایابەکەی (سەد ساڵ تەنهایی) جیهانی سەرسام کرد. یۆسا ساڵی 1963 بە یەکەم ڕۆمانی (شارو سەگەکان) سەرسامییەکی زۆری چنییەوە. ناکۆکی نێوانیان هەموانی دووچاری شۆک کرد، چونکە ئەو دووانە بۆ زیاد لە بیست ساڵ، هاوڕێی گیانی بە گیانی یەکتر بوون. پێکەوە لە پاریس، کاراکاس، بۆگۆتا، بەرشلۆنە ژیاون. یۆسا نامەی دکتۆراکەی لە 600 لاپەڕەدا تایبەت کردبوو بە کارەکانی مارکیز. دواهەمین یەکتربینین کە هەردووکیانی پێکەوە کۆکردەوە، لە شوباتی ساڵی 1976 لە مەکسیکۆو لە ڕۆژی (جەژنی خۆشەویستی) بوو، هەردووکیان هاتبوون بۆ بینینی یەکەم نمایشی فیلمی (داستانی ئانداز). ئەو یەکتربینینە بەوە کۆتایی هات کە یۆسا، مارکیز-ی دابووە بەر بۆکس و چاوی ڕاستی مارکیز شین و مۆر کردەوە. هۆکاری فەرمی ئەو شەڕە ناکۆکی ئایدۆلۆژی بوو: مارکیز پاڵپشتی ڕژێمی ڤیدڵ کاسترۆ بوو، دژ بە یۆساو مەیلی تازەی یۆسا بۆ سیستمە لیبرالییەکان. بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو شەڕە، وەک ئەوەی دواتر خزمانی نزیکی هەردوو نووسەر ئاشکرایان کرد: ئافرەتێک بوو کە ناوی “باتریسیا”یە و هاوژینی یۆسایە. باتریسا لەو کاتەی بۆ ماوەیەک لە یۆسا جیادەبێتەوە، پەیوەندی لەگەڵ مارکیز دەبەستێت. ئەمە وا دەکات مارکیزو یۆسا بۆ ماوەی سی ساڵ لەیەتر داببڕێن، لەو ماوەیەدا هەردووکیان هەوڵیانداوە لە ناوەندە ئەدەبییە نێو خۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، یەکتر نەبینن و کەسیان قسە لەسەر هۆکاری ڕووداوەکەی (جەژنی خۆشەویستی) نەکەن. چەند ساڵێک دوای مردنی مارکیز، پرسیار لەسەر هۆکاری ئەو ناکۆییە لە یۆسا دەکەن، ئەویش ئاوا وەڵام دەداتەوە: (من و گابریل گارسیا مارکیز، لە نێوان خۆماندا ڕێکەوتین، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەردووکمان، گوێ بە هیچ دەنگۆیەک نەدەین. ئەو مردو پەیمانەکەی خۆی بردەسەر، منیش دەمردم و پەیمانەکەی خۆم دەبەمەسەر).

سەرچاوە:

نووسینی: ئەنیسە مەخالدی، الشرق الاوسط، یەک شەممە، 3 ئازار، 2019، ژمارە 14677

ناردن: