
چوارشه‌ممه‌ی خۆڵه‌مێش(١)
تی ئێس ئیلیۆت
له ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم
I
چونکه ئومێده‌وار نیم جارێکی دی وه‌رسووڕێم
چونکه ئومێده‌وار نیم
چونک ئومێده‌وار نیم وه‌رسووڕێم
ئاره‌زووی دیاریی فڵان پیاو و ئامانجی فیسار پیاو بکه‌م
من چیدی هه‌وڵ بۆ ئه‌م جۆره شتانه ناده‌م
«پیره‌هه‌ڵۆ بۆچی ده‌بێت باڵه‌کانی ئاوه‌ڵا بکات؟»
بۆ ده‌بێت من شیوه‌ن بکه‌م
بۆ ده‌سه‌ڵاتی پایه‌ماڵکراوی سه‌رده‌می عاده‌تیی؟
چونکه من ئومێده‌وار نیم جارێکی دی
شکۆی ئوفتاده‌ی ساتی ئه‌رێنی بزانم
چونکه من پێم وانییه
چونکه من ده‌زانم که ده‌سه‌ڵاتێکی ڕاگوزه‌ری حه‌قیقی ناناسم
چونکه ناتوانم بخۆمه‌وه
له‌وێ، که دره‌ختی گوڵه‌کانی لێیه و کانیاوه‌کان هه‌ڵده‌قوڵن،
ئیدی شتێکی دی نابێت
چونکه ده‌زانم ئه‌و کاته هه‌میشه هه‌ر کاته
شوێنیش هه‌میشه هه‌ر ئه‌و شوێنه و ته‌نیا شوێنه
و ئه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه، ته‌نیا بۆ یه‌ک جار ڕاسته‌قینه‌یه
و هه‌ر بۆ یه‌ک شوێن
من ئاهه‌نگ بۆ شته‌کان ده‌گێڕم وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ن و
ده‌ستبه‌رداری سیمای ته‌به‌ڕوککراو ده‌بم
هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌رداری ده‌نگیش ده‌بم
چونکه ناتوانم ئومێده‌وار بم جارێکی دی وه‌رسووڕێم
پاشان ئاهه‌نگ ده‌گێڕم بۆ ئه‌وه‌ی که شتێکم بنیاد ناوه
ئاهه‌نگی بۆ بگێڕم
دوعاش بۆ ئه‌وه‌ی خوا ڕه‌حممان پێ‌بکات
دوعای ئه‌وه‌ش که ڕه‌نگه من له یادیان بکه‌م
ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆمدا زۆر ده‌یانڵێمه‌وه
زۆر لێکیان ده‌ده‌مه‌وه
چونکه من ئیدی ئومێد ناخوازم جارێکی تر وه‌رسووڕێم
با ئه‌و وشانه وه‌ڵام بن
بۆ ئه‌وه‌ی که ڕووی داوه، جارێکی دی ڕوو نه‌داته‌وه
به‌ڵکو حوکمه‌که(2) زۆر قورس نه‌بێت له‌سه‌رمان
چونکه ئه‌و باڵانه چیدی باڵ نین بۆ فڕین
به‌ڵکو ته‌نیا په‌روانه‌ن به‌ر هه‌وا ده‌که‌ون
هه‌وایه‌ک که ئێستا زێده که‌م و وشکه
که‌م و وشکتره له وه‌سیه‌ته‌که(٣)
فێرمانکه بایه‌خ بده‌ین و ئه‌رخه‌یان بین
فێرمانکه له جێی خۆمان ڕۆنیشین
دوعا بۆ ئێمه‌ی گوناهبار بکه‌ن، ئێستا و کاتی مردنمان
دوعامان بۆ بکه‌ن ئێستا و کاتی مردنمان
II
خانمه‌که‌م، سێ به‌وری سپی له‌ژێر داری عه‌رعه‌ردا وه‌رکه‌وتن
له فێنکایی ڕۆژدا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌تا تێر بوون خواردیان
له قاچه‌کانم، له دڵم، له جگه‌رم
هه‌روه‌ها له‌و شته‌ش که له ناو خڕایی جومجومه‌مدا بوو.
خواش وتی
ئه‌و ئێسقانانه بژین؟ ئه‌و ئێسقانانه بژین؟
ئه‌و شته‌ی له‌ناو ئێسقانه‌کانمدا بوو «که پێشتر وشک ببووه‌وه»
به چرپه‌وه وتی:
له‌به‌ر چاکه‌ی ئه‌و خانمه، له‌به‌ر له‌به‌ردڵانییه‌که‌ی،
چونکه له ڕامانه‌کانیدا پاکیزه ستایش ده‌کات،(٤)
ئێمه له ڕه‌ونه‌قدا ده‌دره‌وشێینه‌وه. ئه‌وه‌تام لێره پارچه‌پارچه‌م
چاکه‌کانم به له‌بیرچوونه‌وه ده‌سپێرم، عه‌شقیشم
به زوڕیه‌تی بیابان و به‌ری کوله‌که.
ئه‌مه ئه‌وه‌یه که هه‌ناوم چا‌ک ده‌کاته‌وه
ڕیشاڵه‌کانی چاوم و ئه‌و به‌شانه‌ی که هه‌رس ناکرێن
لەلایه‌ن به‌وره‌کانه‌وه وه‌لا ده‌نرێن.
خانمه‌که به فستانێکی سپییه‌وه، خۆی خزاندووه‌ته
ناو ڕامانه‌کانه‌وه، به فستانێکی سپییه‌وه.
با سپیایه‌تیی ئێسقانه‌کان تۆبه‌ی بیرچوونه‌وه بکه‌ن.
زینده‌گیان تێدا نییه. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌یاد کرابم
له‌یاد ده‌کرێم، بۆیه منیش له‌یاد ده‌که‌م
به‌مه‌ش سه‌رنج ده‌ده‌مه مه‌به‌سته‌که‌م و خۆمی بۆ ته‌رخان ده‌که‌م.
خواش وتی پێشگۆیی با بکه‌ن، ته‌نیا با، چونکه ته‌نیا
با ده‌ژنه‌وێت. ئێسقانه‌کانیش جریوه‌جریو گۆرانیان گوت
به قورسایی کولله‌یه‌ک ده‌ڵێن
ئه‌ی خانمی بێده‌نگییه‌کان
په‌شۆکاو و هێمن
پارچه‌پارچه و ته‌واو
ئه‌ی گوڵی یاده‌وه‌ری
ئه‌ی گوڵی فه‌رامۆشی
ئه‌ی ماندوو و ژیانبه‌خش
ئه‌ی قه‌له‌قێکی دڵنیا
گوڵێکی ته‌نیا
ئێستا باخچه‌یه‌که
که عه‌شق تیایدا کۆتایی دێت
که ژانی عه‌شقێکی ناکام تیایدا ته‌واو ده‌بێت
ژانێکی گه‌وره‌تری عه‌شقێکی به‌ئاکامگه‌یشتوو
کۆتایی ناکۆتا
سه‌فه‌ر به‌ره‌و کۆتایی
کۆتایی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی
کۆتای‌یان نایه‌ت
قسه‌ی به‌بێ وشه و
وشه‌ی به‌بێ قسه
ستایش بۆ دایک(٥)
بۆ باخچه‌یه‌ک
که عه‌شق تیایدا کۆتایی دێت.
له‌ژێر دره‌ختی عه‌رعه‌ردا ئێسقانه‌کان گۆرانی‌یان گوت،
پارچه‌پارچه و دره‌وشاوه
ئێمه شادین که پارچه‌پارچه بین،
ئێمه زۆر که‌م چاکه‌مان به‌رامبه‌ر یه‌کتر کرد
له‌ژێر دره‌ختێکدا له فێنکایی ڕۆژدا، له‌گه‌ڵ به‌ره‌که‌تی لمدا
خۆیان و یه‌کدی له یاد ده‌که‌ن، ئاوێته‌بوو
له سکوونی بیاباندا. ئه‌مه ئه‌م خاکه‌یه که ئێمه
به قورعه دابه‌شی ده‌که‌ین.
نه یه‌کبوون و نه پارچه‌پارچه بوون ئیدی مه‌سه‌له‌یه‌ک نین.
ئه‌مه خاکه‌که‌یه. ئێمه میراتی خۆمان هه‌یه.
III
له پێچی یه‌که‌می پله‌ی دووه‌مدا
وه‌رچه‌رخام و ژێر خۆم بینی
هه‌مان ئه‌دگار به‌سه‌ر مجه‌ره‌که خۆی شۆڕ کردبووه‌وه
له‌ژێر هه‌ڵم و له ناو هه‌وایه‌كی كه‌سکووندا
له ململانێدایه له‌گه‌ڵ شه‌یتانی پلیکانه‌که که
سیمایه‌کی گومڕاکه‌ری هیوا و بێهیوایی ده‌پۆشێ
له پێچی دووه‌می پلیکانه‌ی دووه‌مین
لێیان گه‌ڕام بچه‌مێنه‌وه و به‌ره‌و خوارێ خۆیان شۆڕ بکه‌نه‌وه؛
چیدی ئه‌دگاری دیکه‌ی لێنه‌بوو و پلیکانه‌که تاریک بوو،
شێ‌دار، دادڕاو، وه‌ک ده‌می پیاوێکی پیر لیکی لێبێت و
چا‌ک نه‌بێته‌وه،
یاخود وه‌کو دا‌نه که‌لوکۆمه‌کانی قرشێکی پیر.
له پێچی یه‌که‌می پلیکانه‌ی سێیه‌م
په‌نجه‌ره‌یه‌کی که‌لێندار هه‌بوو، که وه‌کو هه‌نجیر ورگی دابوو
له پشت شکۆفه‌ی دڕک و دیمه‌نی له‌وه‌ڕگایه‌ک
فیگه‌رێکی پان، سه‌وز و شینپۆش
به فلوتێکی دێرین زه‌مه‌نی گوڵانی ژه‌نی
پرچی په‌رێشان شیرینه، پرچی قاوه‌یی به‌سه‌ر ده‌مدا په‌رشوبڵاوه
ئه‌رخه‌وان و پرچی قاوه‌یی؛
که‌یفوسه‌فا، سه‌دای فلوته‌که ده‌وه‌ستێت و هه‌نگاوه‌کانی عه‌قڵ به‌سه‌ر پلیکانه‌ی سێیه‌مدا
دیار نامێنێت، دیار نامێنێت؛ هێزی ئه‌ودیو هیوا و بێهیوایی
به پلیکانه‌ی سێیه‌مدا سه‌رده‌که‌وێت.
خوداوه‌ندا، من شایسته نیم
خوداوه‌ندا، من شایسته نیم
به‌ڵام ته‌نیا وشه‌كه بڵێ.
IV
ئه‌وه‌ی له نێوان وه‌نه‌وشه و وه‌نه‌وشه‌دا ڕێی کرد
ئه‌وه‌ی بەنێوان چینه جیاوازه‌کانی سه‌وزییه جیاوازه‌کاندا ڕۆیشت
به جلی سپی و شینه‌وه، ڕه‌نگی مریه‌م
ده‌رباره‌ی شتگه‌لی ناپێویست ده‌دوێت
به جه‌هل و زانینی خه‌می ئه‌به‌دییه‌وه
ئه‌وه‌ی به نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا ڕابرد که ڕابردوون
ئه‌وه‌ی که ئیتر وای کرد فواره‌کان به‌هێز بن و کانییه‌کان بژێنه‌وه
وای کرد به‌رده وشکه‌کان سارد بن و لمه‌که تۆکمه بێت
به جلی شینی عایقییه‌وه، شینی ڕه‌نگی مریه‌م،
سۆفێگنافۆس(٦)
ئه‌مه ئه‌و ساڵانه‌ن که به نێواندا ده‌ڕۆن،
له‌گه‌ڵ خۆیدا که‌مانچه و فلوته‌کان هه‌ڵده‌گرێت
له‌گه‌ڵ خۆیدا ژنێک ده‌گێڕێته‌وه که له کاتدا،
له نێوان خه‌و و بێداریدا ده‌جوڵێت،
له ڕووناکییه‌کی سپییه‌وه پێچراوه
ساڵه‌کان ده‌گێڕێته‌وه له ڕێگای هه‌ورێکی ڕوونی فرمێسکه‌کان،
سه‌روا کۆنه‌کان له شیعری تازه‌دا ده‌گێڕێته‌وه
قوربانی بۆ زه‌مه‌ن
قوربانی بۆ دیدی نه‌خوێنراوه‌ی خه‌ونه باڵاکه
له کاتێکدا یه‌ک قۆچی به زێڕ و زه‌مبه‌له‌ک ڕازاوه
که‌ژاوه‌ی زێڕینی مردوان ڕاده‌کێشێت
خوشکی بێده‌نگ به سپی و شین خۆی داپۆشیوه
له نێوان دره‌ختی ته‌قسووس، له پشت خوای باخچه‌وه
که بێهه‌وایه فلوته‌که‌ی، سه‌ری دانه‌واندووه و ئاه
هه‌ڵده‌کێشێت به‌ڵام قسه‌یه‌ک ناکات
به‌ڵام فواره‌که ته‌قییه‌وه و باڵنده‌که گۆرانیی چڕی
قوربانی بۆ زه‌مه‌ن، قوربانی بۆ خه‌ون
میرنشینی قسه‌ی نه‌بیستراو و نه‌وتراو
تاکو با هه‌زار چرپه له دره‌ختی ته‌قسووس ده‌ته‌کێنێت
ئینجا مه‌نفای ئێمه‌ی به‌دوودا دێت
V
ئه‌گه‌ر وشه‌ی ونبوو ون بوو، قسه‌ی سه‌رفکراو سه‌رف کرا
ئه‌گه‌ر قسه‌ی نه‌بیستراو و نه‌وتراو
نه‌وترا و نه‌بیسترا
وشه‌ی نه‌وتراو و نه‌بیستراو
وه‌ک وشه‌ی بێ وشه ده‌مێننه‌وه،
وشه له جیهاندا و بۆ جیهان
و ڕووناکایی له تاریکیدا دره‌وشایه‌وه
و له به‌رامبه‌ر وشه‌دا جیهانی پڕ هه‌یه‌جان ده‌خولێته‌وه
به ده‌وری سێنته‌ری وشه‌ی بێده‌نگدا
ئاهـ ئه‌ی قه‌ومی من، چیم له ئێوه کرد
له کوێ وشه بدۆزرێته‌وه، له کوێ وشه هاوار ده‌کات
لێره نا، بێده‌نگی کافیی لێنییه
له‌سه‌ر ڕووی ده‌ریا یاخود له دوورگه‌کان نا،
له‌سه‌ر وشکایی نا، له بیابان یاخود خاکی
باراناوی نا،
بۆ ئه‌وانه‌ی له تاریکیدا ڕێ ده‌که‌ن(٧)
له ڕۆژدا بێت یان شه‌و
کاتی دروست و شوێنی دروست لێره نییه
شوێنی ناز و نیعمه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه نییه که خۆیان له ‹سیما› لاده‌ده‌ن
کاتی گوشاد نییه بۆ ئه‌وانه‌ی به ناو ژاوه‌ژاودا
ده‌ڕۆن و ئینکاری ده‌نگه‌که ده‌که‌ن
ئایا خوشکی په‌چه‌پۆش دوعا ده‌کات بۆ
ئه‌وانه‌ی به ناو تاریکیدا ده‌ڕۆن، ئه‌وه‌ی تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت و دژت ده‌وه‌ستێت،
ئه‌وانه‌ی له ته‌پڵی سه‌ره‌وه دابه‌ش بوون
له نێوان وه‌رزێک و وه‌رزێکی تردا،
نێوان کات و کاتدا، نێوان کاتژمێر و کاتژمێردا،
وشه و وشه‌دا، هێز و هێزدا، ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێن
له تاریکیدا؟ ئایا خوشکی په‌چه‌پۆش دوعا ده‌کات
بۆ منداڵانی به‌رده‌م ده‌روازه‌که
ئه‌وانه‌ی ناڕۆن و ناتوانن دوعا بکه‌ن:
دوعا بکه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێرن و دژ ده‌وه‌ستن
ئۆهـ قه‌وم و قیله‌ی من، چیم له ئێوه کرد.
ئایا خوشکی په‌چه‌پۆشی نێوان دره‌خته زراڤه‌کانی
ته‌قسووس دوعا ده‌کات بۆ ئه‌وانه‌ی ئازاری ده‌ده‌ن
تۆقیون و ناتوانن ته‌سلیم بن
پێداده‌گرن له به‌رامبه‌ر دنیا و له نێوان تاوێره‌کاندا ئینکاری ده‌که‌ن
تاوێره‌کانی دواهه‌مین سه‌حرا پێش دواهه‌مین باخچه‌ی بیابان لەبیابانی
وشک و برنگدا، ده‌نکه سێوه کۆنه‌که تف ده‌که‌نه‌وه.
ئۆهـ قه‌وم و قیله‌ی من.
VI
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم جارێکی دی وه‌رسووڕێم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم وه‌رسووڕێم
له نێوان قازانج و زیاندا دێم و ده‌چم
له‌م ڕێگوزه‌ره کورته‌دا که خه‌ونه‌کان پیایدا تێده‌په‌ڕن
ئێواره‌یه‌کی خه‌ونگرتوو له نێوان له‌دایکبوون و مردن
«موباره‌کم بکه باوکه»(٨)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من حه‌ز ناکه‌م دڵم بۆ ئه‌و شتانه بچێت
له په‌نجه‌ره‌ی کراوه‌وه به ڕووی که‌ناری به‌ردیندا
هێشتا چارۆگه سپییه‌کان ڕووه‌و ده‌ریا ده‌ڕۆن
ڕووه‌و ده‌ریا ده‌ڕۆن به باڵی ساغ و سه‌لیمه‌وه
و دڵی ونبوو ڕه‌ق ده‌بێت و گوشاد ده‌بێت
له ئه‌رخه‌وانی ونبوو و ده‌نگی ونبووی ده‌ریا
و ڕۆحی لاواز به پرتاو ڕاده‌په‌ڕێت
چون تووڵی چه‌ماوه‌ی زێڕین و بۆنی ونبووی ده‌ریا
ڕاده‌سێن بۆ ده‌ستخستنه‌وه‌ی
گریانی قه‌تێ و سووڕانه‌وه‌ی زیقاوڵه
و چاوانی کوێر ده‌یخولقێنێت
دیمه‌نگه‌لی خاڵی له نێوان ده‌روازه‌گه‌لی عاجی و
بۆن تامی نمه‌کینی زه‌وی لماوی نوێ ده‌کاته‌وه
ئه‌مه کاتی گرژیی نێوان مردن و ژیانه،
شوێنی دووره‌په‌رێزییه ئه‌و شوێنه‌ی سێ خه‌ون لەنێوان
تاوێرگه‌لی شین‌دا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام
کاتێک ئه‌و ده‌نگانه‌ی له دره‌ختی ته‌قسووسه‌وه ده‌که‌ونه خوارێ، ده‌له‌رزن
لێگه‌ڕێ دره‌خته ته‌قسووسه‌کانی دی بله‌رزن و وه‌ڵام بده‌نه‌وه
ئه‌ی خوشکی موباره‌ککراو، دایکی پیرۆز، ئه‌ی ڕۆحی فواره، ڕۆحی باخچه،
مه‌هێڵه خۆمان به زه‌یف و درۆ داپۆشین
فێرمان بکه به ڕه‌حم بین، فێرمان بکه ئه‌رخه‌یان بین
فێرمان بکه به هێمنی دابنیشین
ته‌نانه‌ت له ناو ئه‌و تاوێرانه‌شدا،
ئاشتی ئێمه له ئیراده‌ی ئه‌ودایه
و ته‌نانه‌ت له ناو ئه‌و تاوێرانه‌شدا
ئه‌ی خوشکێ، ئه‌ی دایه
ئه‌ی ڕۆحی ڕووباره‌که، ڕۆحی ده‌ریاکه،
مه‌هێڵه داببڕێم
ڕێگه بده گریان و فوغانم بۆ لات بێت(٩)
پەراوێزەکان
١. چوارشه‌ممه‌ی خۆڵه‌مێش به دواهه‌مین چوارشه‌مه‌ی ساڵی تازه ده‌ڵێن، که ده‌که‌وێته پێش جه‌ژنی ئیسته‌ر و کریستیانه‌کان له‌و ڕۆژه‌دا ده‌ست به ڕۆژووگرتن ده‌که‌ن. ئیلیۆت ئه‌م شیعره‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئایینی مه‌سیحی نووسیوه.
٢. ئیلیۆت لێره‌دا مه‌به‌ستی حوکمی خودایه له ڕۆژی قیامه‌تدا.
٣. ئیلیۆت لێره‌دا ده‌بێت مه‌به‌ستی له وه‌سیه‌ته‌که هه‌ر ئه‌و دوعایه بێت، که له که‌نیسه‌دا و به تایبه‌ت له که‌نیسه‌ی کاسۆلیکی له کاتی نوێژدا ده‌خوێنرێت: فێرمانکه بایه‌خ بده‌ین و ئه‌رخه‌یان بین، فێرمانکه له جێی خۆمان ڕۆنیشین، دوعا بۆ ئێمه‌ی گوناهبار بکه‌ن، ئێستا و کاتی مردنمان، دوعامان بۆ بکه‌ن ئێستا و کاتی مردنمان.
٤. مه‌به‌ستی مه‌ریه‌می دایکی عیسایه.
٥. مه‌به‌ستی مه‌ریه‌می پاکیزه‌یه.
٦. لێره‌دا ئیلیۆت ئه‌م وشه ئیتالییه کۆنه‌ی به‌کار هێناوه، که ئاماژه‌یه به دێڕێکی دانتی، مانای وشه‌که جوڵانه‌وه و ڕه‌فتارکردن و قسه‌کردنه به هۆشیاری و وریاییه‌وه، که بێگومان تۆنێکی ئایینی هه‌یه و مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه، که ده‌بێت وریا و هۆشیار بین که چی ده‌که‌ین.
٧. ئاماژه‌یه بۆ ڤێرسێک له کتێبی پیرۆز. وه‌رگێڕ
٨. له کڵێسا‌ی کاسۆلیکیدا له کاتی دانپیاناندا ده‌وترێت.
٩. له کاتی نوێژدا له کڵێسا ده‌ووترێت.
سەرچاوە
‹Ash-Wednesday›, from Collected Poems 1909-1962
by T S Eliot, © T S Eliot 1963, Faber & Faber Limited