هونەری خۆشویستن و پرسیارەکان

Loading

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (هونەری خۆشویستن) ئەریک فرۆم نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناودار (کەریم پەڕەنگ) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕداوەتە سەر زمانی کوردی، بابەتی ئەم کتێبە دەروونشیکارییە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە: ئاخۆ خۆشەویستی هونەرە؟ تیۆری خۆشەویستی، خۆشەویستی وەک وەڵامی کێشەی بوونی مرۆڤ، خۆشەویستی لە نێوان دایباب و منداڵدا، ئۆبژێکانی خۆشەویستی، خۆشویستنی ئەوانی دیکە، خۆشویستنی دایک، خۆشویستنی ئیرۆتیکی، خۆخۆشویستن، خۆشویستنی خودا، خۆشەویستی و لەناوچوونی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ڕۆژاوادا، پێڕەوی خۆشەویستی.

هەر وەک خودی ئەریک فرۆم، لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ داوە: نابێت مرۆڤ چاوەڕێی ڕێنماییەکی سانای هونەری خۆشەویستی لەم کتێبە بکات، ئەوا نائومێد دەبێت، زۆر بە پێچەوانەوە، ئەم کتیبە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە خۆشەویستی هەستێک نییە هەر کەسێک بەبێ گوێدان بە ئاستی پێگەیشتوویی خۆی، بە ئاسانی خۆی ڕادەستی بکات، ئەم کتێبە دەیەوێت قەناعەت بە خوێنەر بکات کە هەموو هەوڵەکان بۆ خۆشەوسیتی شکست دەهێنن ئەگەر کارا هەوڵ نەدات، دەبێ تەواوی کەسایەتیی خۆی پەرە پێ بدات.

فرۆم لە بابەتێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا دەپرسێت “ئاخۆ خۆشەویستی هونەرە؟” دواتر باس لەوە دەکات ئەگەر خۆشەویستی هونەر بێت، ئەوا ئەو کەسەی دەیەوێت بەسەر ئەم هونەرەدا زاڵ بێت، داوا دەکرێت شتێک بزانێت و سڵ لە ماندووبوون نەکاتەوە، یان خۆشەویستی تەنها هەستێکی خۆشە، کە مرۆڤ تەنها بە ڕێکەوت ئەزموونی دەکات، شتێکە کە ئەگەر کەسێک بەختی هەبێت، وەکو بڵێیت دەکەوێتە باوەشیەوە.؟

 ئەم کتێبە بچووکە گریمانەی ئەوە دەکات کە خۆشەویستی هونەرە، لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان زۆربەی مرۆڤەکان ئەمڕۆ گریمانەی دووەم دەکەن: نەک ئەوەی خەڵک وا بیر بکەنەوە کە خۆشەویستی گرنگ نییە، مرۆڤەکان تامەزرۆین، سەیری لە ژمارەنەهاتوو فیلم دەکەن لەبارەی چیرۆکی خۆشەویستییەکی بەختەوەر یان ناکامەوە، گوێ لە سەدان گۆرانیی ساکاری ئەڤین دەگرن، بەڵام بە دەگمەن خەڵک هەن گریمانەی ئەوە بکەن کە دەبێت شتێک بکەن.

لە بابەتێکی دیکەی کتێبەکەدا بە ناوی (خۆشەویستی وەک وەڵامی کێشەی بوونی مرۆڤ) ئەریک فرۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموو تیۆرێکی خۆشەویستی دەبێت بە تیۆری مرۆڤ، تیۆری بوونی مرۆڤ، دەست پێ بکات، ئەگەر ئێمە خۆشەویستی لە لای ئاژەڵانیش ببینین، ئەوا پەیوەندییە خۆشەویستییەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی بەشێکن لە پێکهاتەی ڕەمەکی: مرۆڤ ئاوەزی پێ دراوە، مرۆڤ ژیانە و هۆشمەندیی بۆ خودی خۆی هەیە، خودان ئاگایی خۆی و مرۆڤەکانی دەوروبەری و ڕابردووی و ئەگەرەکانی داهاتوویەتی، ئەم هۆشیارییەی بۆ خۆی، وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، ئەو ئاگاییەی کە ژیانێکی کورتی لە بەردەمدایە کە بەبێ ویستی خۆی لەدایک بووە و بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە دەمرێت، کە پێش ئەوانەی خۆشیانی دەوێت، دەمرێت (یان ئەوان پێش ئەم دەمرن)  کە بە تەنیا و تەریکە و دەستەوەسان ڕادەستی هێزەکانی سروشت و کۆمەڵگە کراوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا، ئەریک فرۆم، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە خۆشەویستی بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە کەسێکی دیاریکراوەوە نییە، خۆشەویستی هەڵوێستە، ئاڕاستەگەرییەکی کارەکتەرە کە پەیوەندیی مرۆڤێک بە جیهانەوە دیاری دەکات وەک سەرجەم، نەک پەیوەندیی مرۆڤ بە تاکە یەک (ئۆبژێ)وە، ئەگەر کەسێک تەنها یەک کەسی دیکەی خۆش بوێت و مرۆڤەکانی دیکەی بە لاوە گرنگ نەبێت، ئەوا خۆشەویستییەکەی ئەو کەسە خۆشەویستی نییە: پەڕگیرترین جۆری خۆشەویستی، کە بنەمای هەموو خۆشەویستییەکانی دیکەیە، خۆشویستنی ئەوانی دیکەیە، بەمەش مەبەستم هەستی بەرپرسیارێتی، خەمخۆری، ڕێز و پێزانینە، کە بۆ هەموو بوونەوەرێک دەبێ، ئەو حەزەی پشتگیریی ژیانی بکات، ئەمە ئەو جۆرەی خۆشەویستییە کە ئینجیل قسەی لەبارەوە دەکات، کاتێک دەڵێت “ئەوانی دیکەی وەک خۆت خۆش بوێت” خۆشویستنی ئەوانی دیکە خۆشویستنی هەموو مرۆڤەکانە، خەسڵەتی ئەم خۆشەویستییە ئەوەیە کە هەرگیز بۆ کەسێکی دیاریکراو نییە.

وەک زانراوە ئەریک فرۆم ناوێکی دیارە لە بواری دەروونناسی و سۆسیۆلۆژیدا، لە هەمانکاتیشدا یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەتا کۆتایی ژیانی، پێنووسەکەی لە دژی ستەم و دەسەڵاتی فاشیزمدا بەکاردەهێنا، فرۆم خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە، کە زۆر جار هەوڵ دەدات بۆ شرۆڤەکردنی پرسە زانستی و دەروونییەکان بە زمانێکی بەرزی ئەدەبییەوە بنووسێت، هەوڵیش دەدات مرۆڤ بە ناخی خۆی بناسێنێت.

نووسەر و وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) کە هەندێک لە کتیبەکانی فرۆمی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، لەبارەی فرۆمەوە نووسیویەتی: ئەریک فرۆم بە یەکێک لە تیۆریستە گرنگەکانی بواری دەروونشیکاری دەژمێردرێ. ئەو لە کتێبەکانیدا بایەخیکی تایبەتیی بە شیکردنەوەی کۆمەڵگای هاوچەرخ داوە و بە پشتبەستن بە تیۆری و شیکردنەوەکانی فرۆید و مارکس و لە هەمانکاتیشدا ڕەخنەگرتن لێیان، توانیی تیۆرییەکی تایبەت بە خۆی لە بوارەکانی شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆڵۆجیای دەروونناسی و کەلتوورناسی و کەسێتیناسی و شیکردنەوەی مەیلەکانی ژیاندۆستی و مەرگدۆستی و خۆشەویستی و شەڕەنگێزیدا، بخاتە ڕوو.

فرۆم تیۆریی فرۆیدی و تیۆریی مارکسی پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەڵام ڕەخنەی توند لە فرۆید دەگرێت کە غەریزەی سێکسیی کردووە بە تاقە فاکتەری کاریگەر لە پێکهێنانی کاراکتەر و ژیان و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤدا و، لە هەمانکاتدا ڕەخنە لە مارکسیش دەگرێت بەوەی کە لە شیکردنەوەکانیدا ڕەهەندی سایکۆلۆجی و ڕۆڵی ئەو ڕەهەندەی لە پێکهاتەی مرۆییدا فەرامۆش کردووە. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە سەرباری ئەم ڕەخنانە، فرۆم هەم فرۆید و هەم مارکس بە دوو گەورە بیرمەندی ڕۆشنگەر لە قەڵەم دەدات  کە توانیویانە لەڕێی نووسینەکانیانەوە ڕەخنەی توند لە بونیادی کۆمەڵگای خۆرئاوایی و ئایدیۆلۆجیای باڵادەست لەو کۆمەڵگایەدا و هەروەها لە وەهمە زاڵەکانی بگرن.

فرۆم پاش توێژینەوەکانی سەبارەت بە کەسێتیی مرۆڤ لای فرۆید و مارکس، بۆچوونێکی جیاواز لە بۆچوونی فرۆیدی و مارکسی بۆ “سروشتی ئادەمیزاد” دەخاتە ڕوو و، بەلای ئەوەوە کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە ڕۆڵیان لە پێکهێنانی سروشتی ئادەمیزاددا هەیە، لەوانەش فاکتەری بایۆلۆجی و ژیاری و ئەنترۆپۆڵۆجی و هەروەها فاکتەری ئابووری- کۆمەڵایەتی- دەروونی. هەریەک لەمانەش ئەنگێزە و پێداوستیی خۆیان هەیە.

بە بڕوای فرۆم، بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ و ناسینی، دەبێ ئەو پێداویستییانە لەبەرچاو بگرین و شی بکەینەوە کە لە مەرجەکانی بوونییەوە هەڵدەقوڵێن. ئەو پێداویستییانەش بریتین لە: پێداویستی بۆ ئینتیما، پێداویستی بۆ باڵایی( ترانسندنس)، پێداویستی بۆ پەوەستبوون بە ڕەگوڕیشەوە، پێداویستی بۆ شوناس و دواجاریش پێداویستی بۆ چواچێوەیەکی ئاڕاستەیی. ئەم پێداویستییانەش تایبەتن بە مرۆڤ بە درێژایی پرۆسەی پەرەسەندن و گەشەسەندنی مرۆیی، بوون بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ.

پێویستە لیرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە جگە لە فرۆید و مارکس، ئەریک فرۆم لە هزر و بیروبۆچوونەکانیدا کاریگەریی ” پەیمانی کۆن” و زن بوودیزم و هیراکلیتس و هیگڵ و سپینۆزا و کیرکەگۆر و فیۆرباخ و کانت و نیتچە و هایدیگەر و چەند فەیلەسووفێکی تریشی لەسەر بووە.

فرۆم لە تەواوی نووسینەکانیدا جەخت لەسەر هێنانەدیی کۆمەڵگایەکی ساغ( نەک نەخۆش) دەکاتەوە، کۆمەڵگایەک کە تیایدا مرۆڤ توانا و وزە شاراوەکانی خۆی بخاتە گەڕ و لە تەنیایی و نامۆبوون قوتاری ببێت و بە عیشقەوە سەرگەرمی هەر کارێک بێت کە ئەنجامی دەدات. کۆمەڵگایەک خاڵی لە چەوساندنەوە و زەوتکردن و کەڵەکەکردنی سەروەت و سەرمایە و ڕزگاربوو لە زنجیرەکانی وەهم. کۆمەڵگایەک کە پرسیپە ئینسانییە باڵاکان تیایدا باڵادەست بن. بۆیە بێ هیچ گومانێک دەتوانین بڵێین ئەریک فرۆم یەکێک بوو لە بیرمەند گەورەکانی هیومانیزم. ئەم کتێبەش پوختەیەک لە بیروبۆچوونەکانی ئەم بیرمەندە ناوازەیە سەبارەت بەو مەسەلە جۆراوجۆرانە پێشکەش بە خوێنەر دەکات کە لە  کتێبەکانیدا لێیان دواوە.

ئەریک فرۆم

– لە مارتی ١٩٠٠ دا لە فرانکفۆرت هاتۆتە دونیاوە.

– دەروونناسی و کۆمەڵناسیی لە زانکۆکانی هایدڵبێرگ و فرانکفۆرت خوێندووە.

– ساڵی ١٩٢٢ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هایدڵبێرگ بەدەست هێنا.

– هەر لە ئەڵمانیا ئاشنایەتی لەگەڵ دەروونشیکار خانم ” کارین هۆرنای” پەیدا کرد.

– ساڵی ١٩٣٣ لە دەستی نازییەکان هەڵهات و بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچی کرد.

– لەوێ کارین هۆرنای بینییەوە کە ئەویش لە دەستی نازییەکان هەڵهاتبوو و پێکەوە ئاشنایەتییان لەگەڵ لەگەڵ دەروونشیکاری ئەمەریکی “سۆلیڤان”دا پەیدا کرد و لەبەر نزیکیی بیروبۆچوونەکانیان لە یەکترەوە، پێکەوە لە سەنتەرێکی چارەسەری دەروونیدا کاریان کرد کە سۆلیڤان لە واشینگتۆن دایمەزراند.

– لە ساڵی ١٩٣٤-١٩٣٩ بوو بە ئەندامی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە نیویۆرک.

– لە ١٩٤٠ تا ١٩٤١ وەک مامۆستای میوان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وانەی وتەوە.

– لە ١٩٤١ تا ١٩٥٠ وەکو وانەبێژ لە کۆلیجی بینینگتۆن دامەزرا.

– لە ساڵی ١٩٥١ دا وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانیی مەکسیک دەسبەکار بوو.

– لە ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦١ وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی میچیگان کاری کرد.

– لە دوا ساڵانی ژیانیدا چوو بۆ سویسرا و هەر لەوێ لە ١٨ ی مارتی ١٩٧٩ دا کۆچی دوایی کرد.

ناردن: