گۆڤاری (لۆبران) پاشکۆیەکی گەورەی بۆ کانت تەرخانکردووە.

بۆچی دەگەڕێینەوە بۆ کانت کە پێش زیاد لە 200 ساڵ لەمەوبەر، ژیاوەو مردووە؟ چونکە گەورەترین فەیلەسوفی سەردەمی مۆدێرنەیە، وەک ئەوەی “لۆک ڤێری” کە شارەزای دیوی ناوەوەی مەسەلەکانە و دەڵێت: (ئێمە لەو بڕوایەدابووین دیکارت یان هیگڵ یا نیتچە یان هایدگەر گەورەترین فەیلەسوفە، بەڵام پێدەچێت ئێمە هەڵە بووبین). هەرچەندە هەندێک پێیانوایە هیگڵ، ئەرستۆی سەدەکانی مۆدێرنەیە، نەک کانت. بەڵام ئاساییە، هەردووکیان گرنگن. ئێمە بۆیە بۆ کانت دەگەڕێینەوە، چونکە ئەو فەیلەسوفە گەورەکەی ڕۆشنگەرییە لە خۆرئاوا. ئەوە کانت بوو ئاینی مەسیحی ڕوناککردەوەو لەگەڵ مۆدێرنەو عەقڵ ئاشتیکردەوە. ئەمە دوای ئەوەی ئاینی مەسیحی ئاینێکی تووندڕەویی تائیفی تەکفیریی بوو. بۆی دەگەڕێینەوە بە بۆنەی دەرچوونی پاشکۆیەکی گەورەی گۆڤاری ناسراوی فەرەنسی(لۆبوان) لەسەر کانت. ئاشکرایە ئەم گۆڤارە هەفتانەیە، ناو بەناو، ژمارەیەکی تایبەتی قەبەو زۆر نایاب، تەرخاندەکات بۆ داهێنەرە مەزنەکانی فەرەنساو جیهان.

لەم ژمارەیەدا، چەندین وتار دەبینین کە لەلایەن مامۆستا گەورەکانی زانکۆکانی فەرەنساوە نووسراون. هەر لە دەستپێکەوە، سەرنووسەری گۆڤارەکە خاتوو “کاترین گۆلیۆ” لە پێشەکی گۆڤارەکەدا پێمان دەڵێت: (بۆچی گرنگی بە کانت دەدەین؟ بۆچی ژمارەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەین؟ لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە کانت فێرمان دەکات چۆن چۆنی عەقڵمان بە شێوەیەکی ڕاست بەکاربێنین؟ هەروەها فێری ڕەوشت بەرزیمان دەکات. ئەو بە پلەی یەکەم فەیلەسوفێکی ئەخلاقییە. بێگومان دەتوانین کۆمەڵێ ڕەخنەی زۆر لە کانت بگرین، وەک وشک و برینگی فیکرو بیرکردنەوەی و شێوازی ئەبستراک و زەحمەتی فەلسەفەکەی. بەڵام کانت باس لە کۆمەڵێ بەهای ئەخلاقی دەکات لە زێڕ بەنرخترە. بە تەواوی ماناو بە شێوەیەکی کردەیی پەیڕەوی لەو ئەخلاقە کردووە، نەک تەنها بە شێوەیەکی تیۆریی باسیکردبێت. ئەمین و دەستپاک و ڕاستگۆ بووە. فێریکردین بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شەهوەت و غەریزەکانمان بکەین، پێویستە عەقڵمان بەکاربێنین، نەک ئەوەی لێگەڕێین شەهوەت و غەریزەکان، کۆنترۆڵمان بکەن و ئەوان زاڵبن بەسەرماندا. ئەوەش شتێکی قورس و سەختەو تەنها خەڵکێکی کەم لەقەرەیدێن. هەروەها فێریکردین، دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان، بگەینە جیهانێکی باشتر، جیهانێک ئاشتی تێیدا بەرقەراربێت و برایەتی و پێکەوەژیان باڵی بەسەردا کێشابێت. ئەم بیرۆکانە بۆ سەدەی هەژدە، وەک کۆمەڵێ بیرۆکەی شۆڕشگێڕ دەبینران. ئێمە کە تەواوی ئەم ژمارەیەی بۆ تەرخان دەکەین، لەبەر ئەوەیە کانت مانای جێبەجێکردنی ئەرک، ڕێزگرتنی ئەوی دی، پەرۆشی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی-مان فێردەکات. وا دەکات عەقڵمان کۆنترۆڵی غەریزەکانمان بکات. نەک بە پێچەوانەوە، وەک ئەوەی ئێستا لە خۆرئاوا بەربڵاوە، بەوەی لادان و جڵەو شلکردن و تەسلیمبوون بە شەهوەتەکان، گەشتووەتە دوا ئاستی خۆی. گرنگی بایەخدان بە کانت ئا لێرەوەیە. لەپێناو گەڕاندنەوەی خۆرئاوایە بۆسەر ڕێگا ڕاستەکە، ئەگەر بکرێت).

لە نێوان ئەو بەشداریکردنە زۆرەدا، قسەکانی پرۆفیسۆر “کریستۆف بۆریۆ” دەهێنینەوە کە لە خۆرهەڵاتی فەرەنسا و لە زانکۆی لۆرین مامۆستای فەلسەفەیە، ئەم پرۆفیسۆرە دەپرسێت: (فەلسەفەی کانتیزم مانای چییە؟ جەوهەرو ناوەرۆکەکەی چییە؟ ئەو فەلسەفەیە بریتییە لە دەستپێکێکی تازەی فیکریی و ئەخلاقی بۆ مێژوو. ئەم دەستپێکە وا لە مرۆڤ دەکات، بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر لەوەی ڕابردوو، جیهان رێکبخاتەوە. وا دەکات مرۆڤ خۆی گەورەی خۆی و خاوەنی چارەنووسی خۆی بێت. بەو مەرجەی بزانێت چۆن چۆنی توانا عەقڵییەکانی، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بەکاربێنێت. بەڵام فیکری کانت، ئەگەرچی فیکرێکی مەزن و بلیمەتانەو داهێنەرانەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دابڕوان نییە لەسەردەمەکەی خۆی، بەڵکو بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی ئەو شۆڕشە زانستییە بوو کە لە ئەوروپاو لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمەوە، لەسەر دەستی کۆپەرنیکۆس هاتبووەئارا. پاشان شۆڕشەکە لە سەدەی حەڤدەهەم لەسەر دەستی گالیلۆو دیکارت بەردەوامبوو. دواتر لەسەر دەستی گەورەترین بلیمەت “ئیسحاق نیوتن” گەیشتە ترۆپک. لەبەر ئەم هۆکارەیە هەندێک دەڵێن: ئەگەر نیوتن نەبوایە، کانت نەدەبوو. ئەم وتەیە بووە بە پەند. نیوتن سەبارەت بە عەقڵی مرۆڤایەتی و تواناکانی، متمانەیەکی گەورەی بەخشییە کانت، ئەویش ئەو کاتە بوو نیوتن توانی ئەو یاسایانە بدۆزێتەوە کە گەردون ڕادەگرن و تەحەکومی پێوەدەکەن، وەک یاسای کێشکردن و ئەوانی دیکە. ئا لەو ساتەوەختەدا، کانت لەگەڵ خۆیدا دەکەوێتە قسەو دەڵێت: ئەگەر نیوتن توانیویەتی لە بواری زانستی فیزیاو گەردوون، بگاتە ڕاستی یەقین و نهێنی گەردون و یاساکانی دۆزیبێتەوە. ئیدی بۆ من ناتوانم هەمان شت لە بواری فەلسەفەو میتافیزیکدا بکەم؟ بەو خوایە کانت نیم و شایەنی نازناوی فەیلەسسوف نیم، ئەگەر بێت و فەلسەفە لە ڕگوڕیشەیەوە تازە نەکەمەوە، دروست وەک ئەوەی نیوتن لەگەڵ فیزیای فەلەکیدا ئەنجامیدا).

ئا بەم شێوەیە کانت فەلسەفەی خۆرئاوای لە دوو مەترسی گەورە پاراست کە هەرەشەیان لێدەکرد: یەکەمیان مەترسی گومانکردنێکی عەدەمیانە بوو، لەسەر شێوازی فەیلەسوفی ئینگلیز “دێڤید هیوم”، مەترسی دووەم دۆگماتیزمی داخراویی پەڕگیریی چەقبەستوو بوو، لەسەر شێوازی “ۆڵف” خوێندکارەکەی “لایبینتز”. کانت لە نێوان ئەو دوو ڕێبازە تووندڕەوەدا، ڕێبازێکی میانڕەوی هەڵبژارد. ڕەنگە هۆکاری سەرکەوتنەکەی لەیەککاتدا بەسەر عەدەمییەت و دۆگماییدا، بۆ هەڵبژاردنی ئەو رێبازە میانەڕەوە بگەڕێتەوە. فەلسەفە لە ڕۆژگاری کانتدا، گەشتبوو بە دەرگایەکی داخراو، کانت بە لێدانێکی گۆچانە سیحرییەکەی یان بلیمەتییەکەی، فەلسەفەی لە قەیران و داخرانەکەی ڕزگارکرد. مەزنی بیرمەندە گەورەکانی مێژو ئا لێرەدایە. بیرمەندی گەورە ئەو کەسەیە داخرانی مێژوویی، بۆ سەرجەمی نەتەوەکەی یان تەنانەت بۆ کۆی مرۆڤایەتی، دەکاتەوە.

دواتر ئەم توێژەرە پێمان دەڵێت کانت فەلسەفەی خستە سەر ڕێگا ڕاستەکەی، وەک ئەوەی کۆپەرنیکۆس لەگەڵ زانستی فەلەکناسیدا ئەنجامیدا. کانت شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسی لە بواری فەلسەفەدا بەرپاکردو وەک دەوترێت: (توانی خۆشی ڕزگار بکات). ئێمە بە تایبەتی ئەمە دەڵێین، چونکە لەو رۆژگارەدا داخرانی فەلسەفی زۆر بەربڵاوبوو. وەک وتمان گەشتبووە دیوارێکی داخراو، تەنها کانت توانی داخرانە مێژوییەکە بکاتەوەو چارەسەرێک بۆ کێشەی فەلسەفەی سەردەمەکەی بدۆزێتەوە. لەسەر بنەمای ئەم پێودانگە، مەزنی بیرمەندە گەورەکان دەپێورێت. بەڵام بیرمەندێکی دیکە هەبوو کە کاریگەری لەسەر کانت هەبوو، ئەویش جان جاک رۆسۆ بوو. ئا لەبەر ئەمەیە کانت دوای خودا، سوێندی بە ناوی ئەم دوو کەسە دەخوارد: نیوتن و رۆسۆ. یەکەمیان نهێنییەکانی جیهانی مادیی بۆ ئاشکرا کرد. دووەمیان نهێنییەکانی جیهانی ڕۆحی و  ئەخلاقی بۆ ئاشکرا کرد. لەبەر ئەوە کانت تا هەتا هەتایە قەرزاری هەردوکیانە. بگرە لەکاتوساتی نووسین و کارکردنیدا، بۆ خۆشی و دڵکرانەوە، وێنەیەکی جان جاک رۆسۆی لەسەر مێزی نووسینەکەی دادەنا. دەوترێت کانت هەرگیز دەستبەرداری پیاسە رۆژانەییە بەناوبانگەکەی نەبووە کە بە سەعات و بە خولەک دیاریکرابوو. تەنها ئەو کاتە نەبێت کە لە ساڵی 1762، هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێکی تازەی ڕۆسۆ دەبیسێت، کتێبی (ئیمێل)، لەو کاتەدا پیاسە رۆژانەییەکەی پچڕاندووەو ڕاستەوخۆ رۆشتووە بۆ کتێبخانەو هەواڵی کتێبەکەی پرسیوە، تا دەمودەست نوسخەیەکی بۆ دابنێن و بیخوێنێتەوە.

لەبەر ئەم هۆکارەیە پرۆفیسۆر “رافائیل ئیهرسام” مامۆستای زانکۆی سۆربۆن، وتارێکی تایبەتی بەم ناونیشانە بۆ نووسیوە: (بوومەلەرزەی رۆسۆ/ زلزال روسو)، بەو مانایەی دۆزینەوەی فیکری رۆسۆ، وەک بوومەلەرزەیەک وابوو بەر کانت کەوت. کانت بە مانای تەواوی وشە دەڵێت: (رۆسۆ بەئاگای هێنامەوەو منی خستە سەر ڕێگا ڕاستەکە، پێشتر من تەنها ڕێزی زاناکان و فەیلەسوفەکان و ڕۆشنبیران و خوێندەوارانم دەگرت. بەڵام ئێستا ڕێز لە کەرامەت و مۆراڵی هەموو مرۆڤێک دەگرم). لەم قسانەی کانت-ەوە تێدەگەین، کەسێکی سەرشەقامەکان، لەوانەیە کەسێکی باش و ڕەوشت بەرزبێت، ئەخلاقی زۆر لە ئەخلاقی مامۆستایەکی خوێڕی زانکۆ، بەرزتربێت کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیە. لێرەوە نابێت ڕقمان لە خەڵکانی سادە، لە جۆری کرێکارو جوتیارو خزمەتکار ببێتەوە، گوایە ئەوانە خوێندەوارنین یان ڕۆشنبیرنین، ئەوە هەڵەیەکی کوشندەی لەڕادەبەدەرە. پێویستە ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤبوونیان بگرین. نابێت لە ماڵەوە ڕقمان لە خزمەتکارەکەبێت، لەبەر ئەوەی خزمەتکارە. بەڵکو دەبێت وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت مامەڵەی بکەین. سیمای ئەخلاقی فەلسەفەکەی کانت ئا لێرەوەیە، هەر بۆیە ڕەنگە لە مێژودا، دوای ئەرستۆو ئەفلاتون، کانت گەورەترین فەیلەسوفی ئەخلاق/مۆراڵ بێت. لەم بارەیەوە وتەیەکی بەناوبانگی هەیەو دەڵێت: (دوو شت هەیە بە بەردەوامی دڵ پڕ بکات لە خۆشی و سەرسوڕمان، ئەوانیش ئاسمانی پڕ ئەستێرەی پرشنگداری سەر سەرم، لەگەڵ ئەو یاسا ئەخلاقییەی کە لە ناوەوەمدا هەڵکۆڵراوەو جێگیربووە. ئەوەندەشم بەسە). ئەم دەربڕینە شاعیرانەیە، هی فەیلەسوفێکە تا بڵێی دوور بووە لە شیعرەوە، ئەو وتەیە تاکو ئێستاش لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە.

هەنووکە با بڕۆینە لای توێژەر”پییر فرانسوا مۆرۆ” کە لە زانکۆی لیۆن مامۆستایە. ئاخۆ ئەم سەبارەت بە کانت چی دەڵێت؟ ئەو ئەمەی خوارەوەمان پێدەڵێت: (بۆ ئەوەی لە کانت تێبگەین، پێویستە دەرک بەوە بکەین ڕۆشنگەریی ئەڵمانی، زۆر جیاوازترە لە ڕِۆشنگەریی فەرەنسی. فەیلەسوفانی ڕۆشنگەریی فەرەنسی، زۆرجار نەیاری ئاینی فەرمی باوبوون. بەڵام فەیلەسوفانی ڕۆشنگەریی ئەڵمانی، بێ پەروا هەوڵیاندەدا بیسەلمێنن ئەگەر بەباشی لە عەقڵ تێبگەین، ئەوا لەگەڵ ئاین ناکۆک نابێت. بگرە عەقڵ دەتوانێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئیمان ببەستێت، بە ئامانجی ئەوەی پێکەوە بگەن بە ڕاستییە ئاسمانییە باڵاکان. بەم شێوەیە، لە سەدەی هەژدەهەم، جۆرێک لە هاوسەنگی ئایدۆلۆژی لە نێوان عەقڵ و ئاین هاتەئارا. ئەم هاوسەنگییە لەیەککاتدا، هەم ڕاستڕەویی تووندڕەویی ئاینی کە ڕقی لە عەقڵ و عەقڵانییەتە، هەم چەپی تووندڕەویی فەلسەفی کە ڕقی لە هەموو شتێکە پەیوەندی بە ئاین و ئیمانەوە بێت، هەردوکیان خۆیان لێلادەداو لێی نزیک نەدەبوونەوە. دواتر لە دەوروبەری ساڵی 1780 کێشەیەکی گەورە سەبارەت بە فیکری سپینۆزاو بێباوەڕی/ئیلحاد، ڕوویدا. ئەم کێشەیە ڕۆشنبیرانی ئەڵمانیای کرد بە دوو بەشەوە: بەشێک لەگەڵ سپینۆزادابوون، بەشەکەی دی دژیبوون. داوایان لە کانت کرد، بیروڕای خۆی دەربڕێت و کێشەکە یەکلایی بکاتەوە. بەڵام کانت ڕازینەبوو لایەنگری هیچ بەشێکیان بکات. بەڵکو چارەسەری سێیەمی خستەڕوو کە تێیدا ئەم ئیشکالییەتە سەختەی تێپەڕاند: ئایا تۆ لەگەڵ عەقڵی یان لەگەڵ ئاینیت؟

کانت شتێکی ئاوای گوت: عەقڵ بواری خۆی هەیە و ئاینیش بواری خۆی هەیە و نابێت تێکەڵیان بکەین. عەقڵ مافی خۆیەتی هەمو ئەو شتانە سەروبن بکات کە پەیوەستن بە مەعریفەی دنیایی هەستپێکراو. وەلێ مافی ئەوەی نییە قسە لەسەر ئەو شتانە بکات دەکەونە ئەودیوی ئەو مەعریفەیەوە. ئەوەی دەکەوێتە ئەودیوی مەعریفەوە، تایبەتە بە ئاین. بۆ نموونە عەقڵ ناتوانێت بیسەلمێنێت دنیایەکی دیکە دوای مردن هەیە، تەنها ئاین دەتوانێت ئەوە بکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە کانت وتە بەناوبانگەکەی خۆی ڕاگەیاند: (عەقڵ-م لە سنوری خۆی ڕاگرت، تا بوار بۆ ئیمان بکەمەوە).

ئێستا دەڕۆمە لای نیتچەی هاوڕێمان و ئەم خۆشی و لەزەتەی لەگەڵ “کانت” هەتانبوو، تێکیدەدەم. چونکە من ناتوانم بێ کێشە بژیم. خاوەنی هەمو کێشەکانیش نیتچەی مامۆستامانە کە بە هیچ شتێ ڕازی نییەو لە ناڵیش دەداو لە بزماریش. تا ئێستا ئێمە لەگەڵ پرۆفیسۆر کانت، گونجاو و تەبابووین، سەرسامبووین بە بلیمەتییەکەی و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیدا نەبوو. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەمە هەڵوێستی ئەو ئاژاوەگێڕە گەورەیە نییە: فریدریک نیتچە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەو هەوڵدەدات کانت لێکهەڵوەشێنێتەوە، بگرە دەیەوێت ئەفسانەی کانت تێکوپێک بشکێنێت. جا کێ دەتوانێت خۆی لەژێر دەستوپەنجەی نیتچە بدزێتەوە یان خۆی لە چەپۆکی دەربازبکات؟ سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین نیتچە، چل ساڵ دوای مردنی کانت، لەدایکبووە. کەواتە نیتچە لە ئەڵمانیاو لە ڕووی فەلسەفییەوە، یەکێکە لە نەوەکانی کانت. باشە ئەی بۆچی دژی ڕادەوەستێت؟ بۆچی لە هەموو لایەکەوە پەلاماری دەدات؟ لەبەرچی دەیەوێت تێکوپێکی بشکێنێت؟ چونکە هەڵچوونە ناعەقڵانییەکانی نیتچە، ناتوانێت بەرگەی سەنگینی عەقڵی کانت و هاوسەنگییە تووندەکەی بگرێت. وەلێ ئەم وەڵامە بە تەنها بەس نییە. لە ڕاستیدا نیتچەش فەیلەسوفێکی گەورەو مەزنە، دەزانێت چۆن خاڵە لاوازەکانی کانت بگرێت و لە زۆرانبازێی فەلسەفی ئازادا، دەستێکی باڵاو شارەزاییەکی گەورەی هەبوو! زۆرێک باجێکی قورسیاندا، چونکە لەگەڵ نیتچە دووچاری مشتومڕی فیکری بوون. یان راستتر ئەوە نیتچە بوو ئەوانی دووچاری ئەو مشتومڕە کردو دەستدرێژی کردە سەریان، ئەگەر ئەو دەربڕینە شیاوبێت.

بۆ نموونە بیرمەندی ڕێزدار “دێڤید شتراوس” دوای تەنها سێ مانگ، لەو وتارەی نیتچە کە بە تووندی هێرشی دەکاتەسەر، کۆچی دوایی دەکات. ئەو نەیتوانی بەرگەی ئەو وتارە بگرێت و لە خەم و خەفەتدا سەرینایەوە. ئا لێرەوەیە نیتچە وتە ترسناکەکەی خۆی وت: (بەڵێ، من تاوانبارم، چەند دڵۆپێک خوێن لەسەر دەستمە! ئەوەندە بەسە یەک وتار دژ بە هەر کەسێک بنووسم، تا دەمودەست بمرێت). ئەمە مانای ترسناکی نیتچەی تیرۆریست دەگەیەنێت، بەتایبەت شێوازی نووسینی، لە تەقینەوەی گڕکان دەچێت، وەک هەورە بروسکە بەرتدەکەوێت. ئەسڵەن شورەییە دوای نیتچە بنووسیت! هەمو ئەدیبەکانی ئەڵمانیا، دوای نیتچە، سەریان لێتێکچووەو نازانن چۆن و بە چ شێوازێک بنووسن. نیتچە سەرجەم ئەو وزە (بەیانییەی/البیانیە) کە لە زمانی ئەڵمانیادا هەیە، بەیەکجار هەمووی بەکارهێناوە. بۆیە ئەگەر بە ڕاستی دووچاری پەتایەک بوویت، ئەوا ئەو تێکوپێکت دەشکێنێت و بە یەک لێدان لەناوتدەبات، ئیدی ئاو بێنەو دەست بەشۆ.

ئێستا ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو: نیتچە چ ڕەخنەیەکی لە کانت هەیە؟ بۆچی دوای ئەو هەمو دەستکەوتە زەبەلاحانەی کانت بەدەستهێنا، نەک تەنها بۆ فەلسەفەی ئەڵمانی، بەڵکو بۆ کۆی فیکری مرۆڤایەتی، کەچی نیتچە لێیڕازی نییەو پێی سەرسام نەبووە؟ ئایا کتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی) بەدرێژایی چەندین سەدە، گرنگترین کتێب نییە لە مێژووی فەلسەفەدا دەرکەوتبێت؟ یان تەنانەت لە سەردەمی ئەفلاتون و ئەرستۆوە تا ئێستا دەرکەوتبێت؟ سەبارەت بەو پرسیارانە پرۆفیسۆر “گیوم تۆنینگ” مامۆستای فەلسەفەو کولتوور لە یەکێک لە پەیمانگاکانی پاریس، ئاوا وەڵامدەداتەوە: نیتچە گلەیی ئەوە لە کانت دەکات لە ڕەخنە فەلسەفییەکیدا بۆ ئاین، ڕادیکاڵ نەبووە، پێویست بوو کانت مەسیحییەت لە ڕەگوڕیشەیەوە هەڵکێشێت، نەک لەگەڵ عەقڵ و ڕۆشنگەریی ئاشتی بکاتەوە. لێرەوە کانت لە کەسێکی لاهوتی زیاتر هیچی دیکە نییە کە لە پشت دەمامکی فەلسەفەوە خۆی شاردووەتەوە. کانت کەسێکی (دووڕووی ترسنۆکی جەبانە، ناپاکی لە دۆزی فەلسەفە کرد). دواجار کانت لەژێر سایەی پادشای فێندەمینیتاڵیستی تووندڕەو “فریدریک گیومی دووەم” تەسلیمی ئاین و کاهینەکان بوو کە هەڕەشەیان لێکردو ترساندیان.

سەرچاوە:

الشرق الاوسط، 21 نیسان، 2019، ژمارە 14754

ناردن: