ڕۆمانی گەڕان بەدوای زەمەنی ونبوودا…گەشتێکی نائومێد بۆ دۆزینەوەی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە

چۆن دەزگاکانی بڵاوکردنەوەو چاپکردنی کتێب، شکستیان هێنا لە ئاشکراکردنی بلیمەتی برۆست؟

نووسینی: ئەنیسە مەخالیدی

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

ڕۆمانی گەڕان بەدوای زەمەنی ونبوودا، لە ڕووی ژمارەی وشەوە کە زیاد لە ملیۆنێک وشەیە، درێژترین ڕۆمانە لە جیهاندا. جگە لەوە ڕەخنەگران کۆکن لەسەر ئەوەی لە ڕووی بەهای ئەدەبی و جوانی شێواز و قووڵی شیکارییەوە، مەزنرتین ڕۆمانی سەدەی بیستەمە. بەڵام ئەم ڕۆمانە زۆری نەمابوو ڕوناکی نەبینێت، بەهۆی ئەوەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ڕەتیانکردەوە بڵاویبکەنەوە و ناڕازیبوون لەوەی بەشی یەکەمی بڵاوکراوەتەوە.

مارسێل برۆست ساڵی 1908، دەستیکرد بە نووسین لەم کارە قەبەیەیدا، لە ژوری دایکە مردووەکەی دەمایەوە، هەمو کاتی خۆی بۆ نووسینی ڕۆمانەکە تەرخان کردبوو، تا لە ساڵی 1911 توانی بەشی یەکەم بە ناونیشانی (جانب منزل سوان) تەواو بکات. دوای ئەوە کەوتە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی بڵاوکارێک، ئەم ئەرکە لەسەرەتادا زەحمەت دیار بوو، چونکە برۆست لە ناوەندی ئەدەبی، ڕێزی لێنەدەگیرا. ئەم ناوەندە ئەدەبییە وایدەبینی برۆست، ڕۆشنبیرێکی لەخۆبایی سەر بە خێزانێکی بۆرجوازییە کە بۆ کات بەسەربردن، هاتوچۆی یانە ئەدەبییەکان دەکات، بێ ئەوەی لە تەواوکردنی کارێکی جوان و بەهاداردا سەرکەوتوو بووبێت. لویس ئاراگۆن-ی شاعیر ئاوا وەسفی دەکرد: (لەخۆباییەکی لوتبەرزە)، ئەناتۆل فرانس سەبارەت بە برۆست نووسیویەتی و دەڵێت: (ژیان زۆر کورتە و برۆست زۆر بێزارکەرە)، ئەندرێ جید بەهۆکاری ڕەفتارو هەڵسوکەوتی ئەرستۆکراتیانەی خۆبەگەوەرەزانی برۆست، ئەم نازناوەی لێنابوو: (دۆق/ الدوقە). هەرچی فێردیناند سیلین و باریز فاکان-ە، بەهۆکاری ئەوەی برۆست ئەسڵی جولەکەیە و مەیلێکی هاوڕەگەزبازی هەیە، پەلاماریاندەدا و هێرشیان دەکردەسەر. جگە لەوە، برۆست بەرهەمی کەم بوو، پێشتر دوو ڕۆمانی بڵاوکردبوەوەو پێشوازی باشی لێنەکرابوو، هەروەها کۆمەڵێ وەرگێڕانی سەرنەکەوتووی هەبوو. ئەمانە وایانکرد دەزگاکانی بڵاوکردنەوە، بە ساردو سڕیی و زۆر بە نەرێنی پێشوازی لە ڕۆمانە تازەکەی بکەن. یەکەم نامەی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ئەندرێ جید-ەوە پێگەیشت کە سەرۆکی دەزگای ڕەسەنی (گالیمار) بوو بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. برۆست هیواخواز بوو بەرهەمەکانی لەو دەزگایە چاپ و بڵاوبکاتەوە.

ئەندرێ جید پێیوا بوو برۆست، کەسێکی لوتبەرزو ڕۆح زلە، هەر بۆیە ڕۆمانە تازەکەی برۆست-ی نەخوێندەوە. بەڵکو تەنها دوو لاپەڕەی ڕۆمانەکەی کردەوە: لاپەڕە 62 کردەوەو تێیدا پەرەگرافی (زەیزەفۆن-ی لەئاو هەڵکێشراو و حەڵواکەی مادلین)ی بینی، ئەمە پەرەگرافێکی بەناوبانگە و بەهۆکاری تەفاسیلە وردەکەیەوە، خوێندنەوەی زەحمەتە. پاشان لاپەڕە 64 دەکاتەوە، تێیدا ئەو دەستەواژانەی بینی کە بۆ وەسیفکردنی کاراکتەری خاڵۆژنە “لیۆنی” نووسرابوون. هەڵدانەوەیەکی خێرای لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە کە پێنج خولەکی نەخایاندووە، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەندرێ جید بڕیاری کۆتایی دەربکات: (لە گالیمار شوێنێک بۆ ڕۆمانەکەی برۆست نییە)، ئەندرێ جید بێ ئاگایە لەوەی بەو بڕیارەی، یەکێک لە شاکارەکانی ڕۆمانی ئەدەبی کلاسیک ڕەتدەکاتەوە.

پێش جەژنەکانی سەری ساڵ، برۆست لەلایەن دەزگای (ڤاسکاڵ) بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ڕەتکردنەوەیەکی دیکەی بەدەست گەیشت. ئەم ڕەتکردنەوەیە هاوپێچکرابوو بە ڕەخنەیەکی زۆر توند. ڕەخنەکە بە دیاریکراوی لەلایەن “جاک مادلین”ەوە نووسرابوو ، مادلین یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی خوێندنەوەی سەر بە دەزگاکە. زۆر بە خراپی پەلاماری ڕۆمانەکەی برۆست-ی دابوو، لەو ڕاپۆرتەدا کە لەسەر ڕۆمانەکە نووسیبووی هاتووە: (دوای خوێندنەوەی 712 لاپەڕەی ئەم دەستنووسە، دوای ژمارەیەکی هێجگار زۆر لە نائومێدیی و نقومبوون لەناو چەندین کێشەکە کە هیچ دەریچەیەکیان نییە، کەچی تا ئێستا، پەی بە کرۆکی بابەتەکە نابەیت). دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (مرۆڤ بەڵگەی نییە، تەنها یەک بەڵگەی بەدەستەوە نییە، بۆ ئەوەی لەوە تێبگات کە چی لێرەدا ڕوودەدات؟ مەبەست لەم هەمووە چییە؟ چ ئاراستەیەکی هەیە؟). دواتر ڕاپۆرتەکەی بە ڕەخنەگرتن لە شێوازی نووسینی برۆست کۆتایی پێدێنێت و دەڵێت: (ڕستەی دوورو درێژ کە کۆتایی نایەت، کاتێک ئەو ڕستانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ڕستەکان لە هەمو لایەکەوە ڕادەکەن).

تووندی و ڕەقی ڕەخنەکان، هیمەتی برۆست-یان نەشکاند و ڕۆمانەکەی برد بۆ دەزگای (ئەلندۆرف) کە لەو ڕۆژگارەدا دەزگایەکی ناسراو بوو. بەڕێوەبەری دەزگاکە “ئەلفرید هاملۆ” چاپکردنی ڕۆمانەتە ڕەتدەکاتەوە، ئەرلفرێد لە ڕەتکردنەوەکەیدا شێوازێکی سوکایەتی پێکردن بەکاردەهێنێت و دەڵێت: (لەوانەیە من گەمژە بم، بەڵام لەوە تێناگەم کەسێک، چۆن سی لاپەڕە تەرخان دەکات، تا باسی ئەوەمان بۆ بکات، پێش ئەوەی بخەوێت، چۆن چۆنی لەسەر قەرەوێڵەکەی ئەم دیو و ئەو دیوو دەکات). دواتر ڕەتکردنەوەی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی بەدوادا هات. برۆست نەیویست نائومێدییەکان چۆکی پێدابدات، هەوڵیدا ڕیکلام بۆ ڕۆمانەکەی بکات، بەوەی چەند بەشێکی ڕۆمانە بنێرێت بۆ ڕۆژنامەکان، تا سەرنجی بخرێتەسەر. پێشنیارەکەی نارد بۆ ڕۆژنامەی ئەدەبی (لا نۆفێل روفۆ فرانسیز)، بەڵام ڕەتکرایەوە. دواتر چەند پەراگرافێکی سوکی هەڵبژارد، تا جەماوەرێکی بەرفراوان بە باشی لێی تێبگەن و ناردی بۆ ڕۆژنامەی (ئەلفیگارۆ)، بەو هیوایەی بۆی بڵاوبکەنەوە. وەلێ ئەویش ڕەتیکردەوە. لەم بارەیەوە برۆست ئەم ڕووداوە خۆشە بۆ “ڕیناڵدۆ هان”ی هاوڕێی دەگێڕێتەوە کە لەیەککاتدا برۆست-ی خستووەتە پێکەنین و شەرمکردن. برۆست سەروەختێک ڕۆمانەکە دەنێرێت بۆ بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی (ئەلفیگارۆ)، وەک واستەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، دیارییەکی گرانبەهاشی لەگەڵدا دەنێرێت، کەچی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەکە دیارییە گرانبەهاکە بۆ خۆی هەڵدەگرێت، بێ ئەوەی داواکەی برۆست جێبەجێ بکات و تەنانەت پەیوەندیشی پێوە ناکات.

دواجار و دوای ئەوەی هەمو دەرگان بە ڕووی برۆستدا دادەخرێت، بڕیاردەدات ڕۆمانەکە لەسەر ئەرکی خۆی چاپ و بڵاوبکاتەوە. لەم ڕووەوە بۆ “لویس ڕۆبێرت”ی هاوڕێی دەنووسێت و دڵنیای دەکاتەوە کە ئیمانێکی گەورەی بە کارەکەی هەیەو دەڵێت: (سروشتییە چی وزەو توانای خۆم هەیە، لەپێناو ڕۆمانەکە بخەمە گەڕ. هەڵسوکەوتی من وەک هەڵسوکەوتی باوێک وایە لەگەڵ کچەکەی). برۆست ئەم ئەرکەی لە بەرامبەر بڕی 1750 فرەنک کە بۆ ئەو ڕۆژگارە پارەیەکی باش بوو، سپارد بە “برنار گراسی” کە لەو کاتەدا بڵاوکارێکی تازە دەستپێکردوو بوو.

“فرانک لۆمۆ”ی نووسەر، لە کتێبەکەیدا (مارسێل برۆست و گەڕانی بەدوای بڵاوکارێکدا، دەزگای ئەروبان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە)، باس لەوە دەکات هەرچەندە برۆست، کتێبەکەی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ دەکرد، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەر خۆی سەرپەرشتییەکی چڕی پرۆسەی چاپکردنەکەشی دەکرد بە هەمو وردەکارییەکانییەوە. بۆ نمونە، ژمارەی دێڕەکانی لە هەر لاپەڕەیەکدا بە 35 دێڕ  دادەنا، ژمارەی وشەکانی بە 45 بۆ 50 وشە دادەنا. جگە لەوە بڕیاریدا نرخی ڕۆمانەکە تەنها بە سێ فرەنک و نیو بێت. هەر خۆی چەندینجار سەرجەم هەڵەکانی چاککردووەتەوە. ئەمە وایکرد 500 فرەنکی زیادە بدات بە “برنار گراسی” بڵاوکار/ ناشر.

کاتێک ڕۆمانەکە لە 14 تشرینی دووەمی ساڵی 1913 بڵاوبوەوەو سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بڵاوکارەکان هەستیان بە هەڵەکانی خۆیان کرد، لەسەرو هەمویانەوە ئەندرێ جید کە نامەیەکی لێبوردنی/ ئیعتیزاری دوورو درێژی بۆ برۆست نووسی، دواتر لە جیهانی ئەدەبدا دەبێت بە بەناوبانگترین نامەی لێبوردن. هەر بۆ زانیاری ڕەشنووسی ئەم نامەیە، لە مەزادی (سوزبیز)ی هونەری بە زیاد لە 145 ملیۆن یۆرۆ فرۆشرا. لە نامەکەدا هاتووە: (ئازیزەکەم برۆست، چەند رۆژێکە ناتوانم بۆ چرکەیەکیش بێت ڕۆمانەکەت بەجێبێڵم. بەداخەوە، هەست بە ئازار دەکەم، چونکە ڕۆمانەکەم زۆر خۆشدەوێت، ڕەتکردنەوەم بۆ ئەم کتێبە، دەبێتە گەورەترین هەڵە لە مێژوی دەزگای گالیمار. هەست بە شەرمەزاری دەکەم، چونکە خەتای من بوو. ئەوە گەورەترین پەشیمانییە لە ژیانمدا). ئەندرێ جید هۆکاری ئەوەی کە نەیتوانیوە بەهای کارەکەی برۆست بدۆزێتەوەو پەی پێنەبردووە، دەگەڕێنێتەوە بۆ هەندێک بڕیاری پێشوەخت کە برۆست ببووە قوربانی ئەو ئەحکامە پێشوەختانە. ئەندرێ جید لەم بارەیەوە دەنووسێت: (لە هەندێک بۆنە و ئاهەنگی ڕاقیدا تۆم بینی، وامزانی زۆر لوتبەرزی، نەدەبوو من بکەومە ژێر کاریگەری بڕیاری پێشوەخت). برۆست دوای سێ ساڵ، پەیوەندی کرد بە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی گالیمار، ساڵی 1919 ڕۆمانەکەی (لە سێبەری کچەکاندا) خەڵاتی کۆنکۆرد-ی بەدەستهێنا. لەم ڕۆژانەدا فەرەنسییەکان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو بەروارەدا، یادی دەکەنەوە.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، چوار شەممە، 5 حوزەیران، 2019، ژمارە 14799

ناردن: