
نووسینی: میرزا ئەلخویلدی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند
لە کاتێکدا ئاگر کەلەپور و نامەکان و کتێبەکانی ئیبن ڕوشد-ی دەسووتاند، خەڵکانی دەوروبەری ئاگرەکە، بەو پەڕی خۆشی و شادییەوە هاواریان دەکرد، خۆشحاڵ بوون بەوەی کوفر و گومڕایی لەناوبران و لە دەست فیکر ڕزگاریان بووە! ئیبن ڕوشد یەکێک لە قوتابییەکانی بینی، زۆر بە کوڵ دەگریا بۆ ئەو (فیکرەی/ الفکر) ئاگرەکە دەیسووتاند. ئیبن ڕوشد هێمنی کردەوەو پێی وت: (ئەگەر تۆ بۆ حاڵی موسڵمانان دەگریت، ئەوە بزانە دەریاکانی جیهان بەشی فرمێسکەکانت ناکات. بەڵام ئەگەر بۆ کتێبە سووتاوەکان دەگریت، ئەوە بزانە فیکر باڵی هەیە و دەفڕێت بۆ لای هاوەڵەکانی).
ئیبن ڕوشد دەیان کتێبی لە بوارەکانی فەلسەفە و گەردوون و فیزیا و ئەدەب و پزیشکی و فقهدا نووسی. لەسەر ئەو بنەمایەی ئاین ناکۆک نییە لەگەڵ فەلەسەفە، دەستیکرد بەلێکدانەوەو شەرحکردنی کەلەپوری ئەرستۆ. سەروەختێک دەسەڵات لێی توڕە بوو، پیاوانی ئاینی کرد بە گژیدا. ئەوانیش بە تۆمەتی کوفر و گومڕایی و سەرقاڵبوون بە فەلسەفە، خەڵک و خوایان لەدژی هاندا. فەتوایان بۆ حەرامکردنی کتێبەکانی دەرکرد. هەندێک کە بەلایدا دەڕۆشتن، لێیاندەداو قسەی سوکیان پێدەوت. ئەمە لە کاتێکدا بوو بۆ دڕاندن و لەناوبردنی کتێبەکانی، پەلاماری ماڵەکەی دەدرا. ئا بەم شێوەیە کاتێک “مەنێور ئەلموەحەدی” ویستی کەلەپوری ئیبن ڕوشد لەناوبەرێت، شێخ و پیاوانی ئاینی ڕۆڵی خۆیان لە سووتاندنەکەدا بینی.
فیکر باڵی هەیە، وەک ئەوەی ئیبن ڕوشد وتی. فیکرەکان دایان لە شەقەی باڵ و فڕین بۆ لای هاوەڵەکانیان. فیکری ئیبن ڕوشد دەربارەی عەقڵ و فەلسەفە، گەشتنە ئامێزی زانست و شارستانییەت و ئەم وتەیەی گەیشت بە ئێمە: (لەو کۆمەڵگایانەی نەزانین/ جهل تێیدا بڵاوبووەتەوە، بازرگانی بە ئاینەکانەوە، بازرگانییەکی گەرمە و برەوی هەیە. ئەگەر ویستت کەسێکی نەزان/ جاهل کۆنترۆڵ بکەیت، پێویستە لەسەرت هەمو کارێکی خراپ/ باتڵ بە بەرگێکی ئاینی داپۆشیت).
فیکر نامرێت! لەوانەیە قەدەغەکردن و زیندان و سووتاندن، بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست بێت لە گەیشتنی فیکر. بەڵام دواجار هەر دەگات. ساڵی 1258 زاین، واتە 656 کۆچی، مەغۆلەکان بەغدادیان داگیر کرد، 36 کتێبخانەیان تێکدا، لەوانە کتێبخانەی (بیت الحکمە) کە پڕ بوو لە شاکارەکانی فیکری مرۆڤایەتی لە ئەدەب، فق، فەلسەفە، دەستنووس، وەرگێڕان. جگە لەوە سەکۆی زانستی بۆ توێژینەوەو دیبەیت و ڕوانگەیەکی گەردوونی-شی لەخۆگرتبوو. مەغۆلەکان هەزاران کتێب و دەستنووسی دەگمەن-یان فڕێدایە ناو ڕووباری دیجلە، ڕووبارەکە ڕەنگی مورەکەبی لێنیشت و ئاوەکەی ڕەنگی گۆڕا بۆ ڕەش. لە 24 ئابی ساڵی 1814 بەریتانییە داگیرکەرەکان، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان داگیر کرد، ئاگریان بەردایە گومەزی (ئەلکابیتۆل) کە بووە هۆی سووتاندنی 3000 کتێب کە لە کتێبخانەی کۆنگرێسدا بوو.
کەلەپوری فیکریی جیهانی عەرەبی، لەسەر دەستی داگیرکەران، دووچاری لەناوبردن بووە. بەڵام کارەساتی کتێب و فیکر لەم ناوچەیە، لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی خۆی بووە. بیرمەندی فەرەنسی “لوسیان بۆلاسترۆن” لە کتێبە گرنگەکەیدا (کتێبەکان دەسووتێن، مێژویی وێرانکردنی کتێبخانەکان) ڕوماڵێکی ورد، سەبارەت بە وێرانکردنی گرنگرتین کتێبخانەکانی جیهان دەخاتەڕوو، لەوانە کتێبخانەی ئەسکەندەرییە و وێرانکردنی کتێبەکانی بەغداد لەسەر دەستی جەنگیز خان. جگە لەوە کارەساتی کەلەپوری شارستانی و کولتوری دزراو و تێکشکاوی ئەم دوایانەی عێراق دەخاتەڕوو.
توێژەری سعودی “مەنێور ئەلمشوح” لە کتێبەکەیدا (بەسەرهاتی قەدەغەکردنی کتێب… ڕووداوی مێژویی و پاڵنەری ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی) ئاماژە بەوە دەکات قەدەغەکردنی کتێب، لە عەرەبەوە دەستی پێکردووە، ئەویش لەسەردەمی عەباسییەکان و لە ساڵی 167 کۆچی بوو. “ئەلمەهدی” کە لە ساڵی 169 کۆچی، ماڵئاوایی لە دونیا کردووە، هەوڵیدا فەیلەسوفەکان سەرکوت بکات و کتێبەکانیان بدڕێنێت. پاشان هارونە ڕەشید هات کە ساڵی 193 کۆچی مردووە، فەرمانی دەرکرد بە زیندانیکردنی تەنها زانایانی زانستی کەلام. دوای ئەو مەئمون هات کە ساڵی 218 کۆچی مردووە، ئازادی بەرقەرار کرد، ئیدی زانایانی زانستی کەلام و فەیلەسوفان و ئەوانی دیکە، خۆشترین چێژیان لە خۆشییەکانی ئازادی ڕەها وەرگرت.
فیکر باڵی هەیە، بە نێو ئاسۆکاندا دەفڕێت و لە ئاسماندا مەلە دەکات، تا دەگۆڕێت بۆ دۆزێک/ قەزیەیەک، عەقیدەیەک، پرۆگرامێک و دەبێت بە سەرچاوەی ئیلهام. دەکرێت کەسەکان لەناوببرێن، وەلێ فیکرەکان ئازادن و نامرن. شاعیری ئەڵمانی “برێخت” شیعرێکی جوانی هەیە بە ناونیشانی (سووتاندنی کتێب)، شیعرەکە پشت بە ڕوداوێکی ڕاستەقینە دەبەستێت، ڕوداوێک بەسەر نووسەرێکی دیموکراسی نەمسایی دا هاتووە کە لە ڕۆژگاری هێتلەری فاشیزمدا، بە هەڵە ناوی لە لیستی قەدەغەکراوەکاندا نییە و سڕاوەتەوە:
(ڕۆژێک ڕژێم بڕیاریدا
بە ئاشکرا
بسوتێنن کتێبەکان
هەموو گاکان
ناچار کران،
عارەبانەی پڕ لە کتێب
بەرەو کورەی سووتاندنەکە ڕاکێشن
یەکێک لە باشترین ئەو نووسەرانەی ڕاودەنران
لیستی کتێبە سووتاوەکانی پشکنی
سەری سوڕما
لەوەی کتێبەکانی ئەمیان بیرچووە
زۆر تووڕە بوو
بەپەلە ڕۆشت بۆ کتێبخانەکەی
بەخێرایی دێڕێکی بۆ دەسەڵاتداران نووسی:
بم سووتێنن! بم سوتێنن!
سوکایەتی بە من مەکەن
ئایا لە نووسینەکانمدا حەقیقەتم نەوتووە؟
بۆچی وەک درۆزن
مامەڵەم لەگەڵ دەکەن؟
فەرمانتان پێدەکەم بمسوێنن)
سەرچاوە
الشرق الاوسط، چوار شەممە، 5 حوزەیران، 2019، ژمارە 14799