
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەوارمان وریا قانع
ناوی کتێب: فەرهەنگی فەلسەفەی سیاسی
لە بڵاوکراوەکانی دەزگانی زانکۆی فەرەنسی- پاریس 2006
ژمارەی لاپەڕە: 928 لاپەڕەی قەبارە گەورە
هەر دوو پرۆفیسۆری فەرەنسی “فیلێپ رینۆ” و “ستیڤان ریالس” سەرپەرشتی نووسینی ئەم کتێبە قەبەیەیان کردووە. توێژەری یەکەم یەکێکە لە فەیلەسوفە دەگمەنەکانی وڵاتی دیکارت، هەروەها نووسەری چەندین کتێبە دەربارەی ماکس ڤێبەر و نیتچە و چەندانی دیکە. توێژەری دووەم مامۆستای زانکۆی سۆربۆنە. ئەم کتێبە قسەوباس سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی دەکات لە قۆناغە جیاوازەکانیدا، هەر لەسەردەمە کۆنەکانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ. کتێبەکە سەرەتا بە خستنەڕووی فیکری سیاسی لای یۆنان و بە تایبەت لای گەورە فەیلەسوفانی، وەک سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ، دەستپێدەکات.
کتێبەکە پێوایە ئەفلاتون دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسییە لە مێژودا. دوای ئیدانەکردنی “سوقرات”ی مامۆستای و ناچارکردنی بە خواردنەوەی ژەهرەکە، ئەفلاتون دەستیکرد بە خستنەڕووی کۆمەڵێ پرسیار: چۆن دەکرێت حکومەتێکی هەڵبژێردراو بە ڕێگای دیموکراسی، باشترین مرۆڤ بکوژێت؟ ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە کێشەیەک لە دیدو تێڕوانینیدا بۆ حوکمڕانی هەیە، پاشان بە شێوەیەکی تایبەت کێشەیەک لە تێڕوانینیدا بۆ خێر و شەڕ هەیە؟ ئەی ئەوە کارێکی خراپ نییە، فەیلەسوفێکی حەکیم بکوژین کە هەمو ژیانی خۆی بۆ هوشیارکردنەوە و پەروەردەکردن و ڕۆشنبیرکردنی مرۆڤ تەرخانکردبوو؟ ئەی دڵێ سوقرات پڕ پڕ نەبوو لە خێرو چاکە و خۆشەویستی بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگا و هەمو نەوەکانی میللەت، بێ جیاوازیی؟ کەواتە بۆچی کوشتیان؟
ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە، وایانکرد ئەفلاتون بایەخ بە سیاسەت بدات. ئاشکرایە ئەفلاتون لە تەمەنی لاویەتیدا بوو، کاتێک فەرمانی مردن بۆ “سوقرات” مامۆستا نەمرەکەی ئەفلاتون دەرکرا. لەو کات و ساتەدا ئەفلاتون تەمەنی 28 ساڵ بوو. ئیدی لەو بەروارەوە، دەستیکرد بە بیرکردنەوە لە کاروباری گشتی و چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و دروستکردنی دەوڵەت، بە جۆرێک چیتر دەوڵەت گەمژەیی و حەماقەتێکی گەورەی لەو جۆرە ئەنجامنەدا. ئا لەم بیرکردنەوە قووڵەوە کە چەندین ساڵی خایاند، بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەفلاتون دەربارەی سیاسەت هاتنەبەرهەم، بۆ نمونە وەک کتێبی “کۆمار/ الجمهوریە یان کتێبی یاساکان یاخود کتێبەکانی دیکە و نامە فەلسەفییەکان.
ناوەرۆکی فەلسەفە سیاسییەکەی ئەفلاتون، بریتییە لە مەسەلەی دادپەروەریی. ئەو لەمڕووەوە چیتر نایەوێت دەوڵەت، بڕیاری زاڵمانە دژ بە هەر کەسێک دەربکات، ئەمە دوای ئەوەی بەسەر سوقرات-ی مەزندا هات. ئەفلاتون دەوڵەتێکی دەوێت سزای تاوانبار بدات نەک بێتاوان، خەڵاتی مرۆڤی چاکەکار بکات نەک خراپەکار. دەوڵەت ئەگەر ئەو کارەی نەکرد، ئەوا پێوانەکان لە دەوڵەت و لە کۆمەڵگادا بۆگەن دەکەن، مەسەلەکان بەجۆرێک سەرەوژێردەبن هەمو شتێک تێکدەچێت. لێرەوە لای ئەفلاتون دادپەروەریی بنەمای سەرەکی حوکمڕانییە. دادپەروەریی لە فەلسەفە سیاسییەکەیدا، یەکەم پرنسیپ پێکدەهێنێت. وەک تێبینی دەکەین ئەو دادپەروەرییە، سیمایەکی کۆیی هەیە نەک تەنها فەردیی. لە کتێبی کۆمار هەستدەکەین، دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی، مافی موڵکایەتی، تەنها دەبەخشێت بە چینە زەحمەتکێشەکان: واتە بە جووتیارەکان، پیشەوەرە دەستییەکان، بازرگانەکان. هەرچی فەرمانڕەوەکان و جەنگاوەرەکانە، ئەوا لە مافی موڵکایەتی بێبەشیان دەکات. چونکە ئەوان موڵکی دەوڵەتن، لەبەر ئەوە نابێت ئەوان موڵکی تایبەت بەخۆیان هەبێت. دەوڵەت خەرجییان لە ئەستۆ دەگرێت و هەر موچەیەکیان بێت پێیاندەدات. ئیدی دوای ئەوە چ پێویستییەکیان بە موڵکایەتی تایبەت هەیە؟
بەڵام ئەفلاتون دواتر لە کێبی یاساکان، کەمەکێک لەو دیدەی پاشگەزدەبێتەوە و بۆ ئەوانیش دان بە موڵکایەتی تایبەتدا دەنێت، وەلێ لە سنورێکی دیاریکراودا. لە دیدی ئەفەلاتون دا باشترین حاکم فەیلەسوفە. وەلێ لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێش تەمەنی پەنجا ساڵی، ناتوانێت ببێت بە فەیلەسوفێکی دانا، بۆیە پێش ئەو تەمەنە ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و مومارەسەی بکات. جگە لەوە باشترە بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە دانایەکی/ حەکیمێکی دیکە بڕواتە شوێنی. بۆچی؟ چونکە دەسەڵات، لە دیدی ئەفلاتون دا، مەزنترین مرۆڤ گەندەڵ دەکات. لێرەوە دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە.
دواتر لە کتێبەکەدا هاتووە: ئەفلاتون پێش مۆنتسکیۆ، لەوە تێگەیشتبوو تەنها دەسەڵات، دەتوانێت جڵەوی دەسەڵات بکات و ڕێگربێت لەوەی لە ستەم و زۆردارای، سنور ببەزێنێت. لێرەوە نابێت دەسەڵات و حوکمڕانی بۆ ویست و ئارەزووەکانی کەسی دەسەڵاتدار بەجێبهێڵرێت، تا بە ئارەزووی خۆی چی بووێت ئەنجامی بدات و وڵات بەرەو ستمگەریی و کارەسات ببات. بەڵکو پێویستە لە ڕێگەی یاسا و تەشریعەکانەوە، سنوری بۆ دابنرێت یان جڵەوبکرێت. ئەفلاتون پێیوایە تەنانەت دیموکراسیش دەکرێت لە دوتوێی خۆیدا، تۆوی ستەمگەریی و دەمارگیریی و ستەمی هەڵگرتبێت، ئەگەر کۆمەڵێ یاسای دادپەروەرو حەکیمانە ڕێگریی لێنەکات. ئەی سوقرات-یان بە ژەهری دیموکراسی نەکوشت؟ ئەی ئەوە نییە سوقرات لە دادگایەکی جەماوەرییدا کە بەشی هەرە زۆری چینەکانی ئەسینا بەشداری تێداکرد، دادگایی کراو و بڕیارایاندا دەبێت ژەهرەکە بخواتەوە؟ باشە بڕیارەکە پاڵپشت بە دەنگدانی ئازادانەی میللەت، دەرنەکرا؟ کەچی لەگەڵ هەمو ئەوانەدا، ئەو بڕیارە، بڕیارێکی زاڵمانە بوو. چونکە خەڵکی سەرلێشێواو بوون و ملکەچی کۆمەڵێ یاسای هەڵە بوون. ئەگەر یاساکان دادپەروەرانە بوایە، ئەوا هەرگیز بڕیاری مەرگیان بۆ کەسێکی وەک سوقرات دەرنەدەکرد. یاسا دادپەروەرییەکان، ناتوانێت ئیدانەی بێتاوانێک بکات و تاوانبارێکی ڕاستەقینە بێتاوان بکات.
پاشان دوای ئەفلاتون، ئەرستۆ هات کە قوتابی ئەفلاتون بوو، لەسەر هەمان ڕێچکە فەلسەفییەکەی مامۆستاکەی بەردەوام بوو، ئەگەرچی جیاوازییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەبوو. ئەرستۆ بۆ ئەوەی دیدو تێڕوانینی خۆی بۆ دەسەڵات و چۆنیەتی حوکمڕانی مرۆڤەکان بخاتەڕوو، کتێبە بەناوبانگەکەی لەسەر سیاسەت بڵاوکردەوەو شتێکی ئاوا دەڵێت: حوکمی عادل و دادپەروەر، ئەوەیە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی یان بۆ زۆرترین ژمارەی خەڵک، لەسەر ئەم گۆی زەوییە بەدیبێنێت. ئەرکی ڕاستەقینەی حوکمڕانی، بریتییە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی و کاری چاکە بۆ مرۆڤ. حوکمڕانی پێویستە ژیانی مرۆڤەکان تا ئەو سنورەی پێیدەکرێت، خۆشترو باشتر بکات. ئەرستۆ وەک ئەفلاتون-ی مامۆستای، پێیوایە حوکمی یاسا، ئەوە دەوڵەت لە ڕێکار و هەڵسوکەوت و بریاری زاڵمانە و ستەمکارانە دەپارێزێت. دەوڵەتی بێ یاسای دادپەروەرانە، دووچاری هەمو جۆرە زوڵم و ستەمێک دەبێت.
ئەرستۆ سیستمی حومکڕانی بۆ سێ بەش دابەشدەکات: یەکەمیان سیستمی پاشایەتییە کە تێیدا تەنها یەک کەس فەرمانڕەوایە، ئەو کەسە بریتییە لە پادشا و لە باشترین حاڵەتدا، ئیش بۆ بەرژەوەندی گشتی دەکات. دووەمیان سیستمی ئەرستۆکراتییە کە تێیدا خێزانە دەوڵەمەندەکان فەرمانڕەوان، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیش بۆ بەرژەوەندی گشتی دەکەن. سێیەمیان سیستمی دیموکراسییە کە تێیدا جەماوەر یان لە باشترین حاڵەتەدا، هەمو میللەت فەرمانڕەوان. خراپترین جۆری ئەو سیستمانە پادشایەتییە، چونکە پادشا دەبێت بە کەسێکی زۆردارو تەنها گرنگی و بایەخ بە بەرژەوەندی خۆی دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە سیستمی ئەرستۆکراتی، دەگۆڕێیت بۆ سیستمی ئۆلیگاریشی، لێرەدا تەنها گرنگی و بایەخ بە بەرژەوەندیی کەمینەی فەرمانڕەوا و خزم و کەسەکانیان دەدرێت. بەڵام سیستمی دیموکراتی، لە خراپترین حاڵەتەدا دەگۆڕێت بۆ سیستمی پۆپۆلیزمی دیماگۆکی کە بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی ناکات، بەڵکو بەرگری لە بەرژەوەندی چینەکانی ژێرەوەی کۆمەڵگا دەکات. دواتر کتێبەکە دەچێتە سەر قۆناغی مۆدێرنە، تاکو قسەوباس دەربارەی دیدی گەورە فەیلەسوفانی وەک جان جاک رۆسۆ و ئیمانۆێل کانت و هیگڵ و …هتد بکات.
ڕۆسۆ نووسەری کتێبی “پەیمانی کۆمەڵایەتی”یە، ئەم کتێبە بە ئینجیلی شۆڕشی فەرەنسی دادەنرێت و تێیدا دەڵێت: حوکمڕانی دەبێت لە ئەنجامی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بێت، لە نێوان دەسەڵاتداران و میللەتدا، نەک ئەوەی لەسەرەوە سەپێنرابێت بەسەر میللەتدا. وەک ئەوەی لە سیستمە ستمگەراکاندا ڕوودەدات. لە ڕاستیدا شۆڕشی فەرەنسی، کاتێک سیستمی کۆنی پاشایەتی تێکشکاند کە لەسەر تیۆرەی مافی یەزدانی بۆ پادشاکانی فەرەنسا بونیادنرابوو، دیدو تێڕوانینەکانی ڕۆسۆی لەسەر زەمینی واقیع پیادەکرد. دواتر لە شوێنی ئەو سیستمە ستەمگەرە، یەکەمجار سیستمی پاشایەتی دەستوری دانا، پاشان سیستمی کۆماری کە هەمو پەیوەندییەکانی لەگەڵ پادشاکانی پێشوتری فەرەنسادا پچڕاند. لە راسیتدا شۆڕشی فەرەنسی کاریگەرییەکی یەکلایکەرەوەی لەسەر فەلسەفەی سیاسی هەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە خودی فیکری کانت-ە. کانت زۆر پەرۆش و لایەنگری شۆڕشەکە بوو، پێوا بوو دابڕانە لەگەڵ هەمو ئەوانەی پێشتر. هەروەها پێیوا بوو بەرجەستەی پرنسیپە ئایدیالەکانی مێژووە. ڕاستە دواتر شۆڕش لە ڕێگای راستەقینەی خۆی لادەدات و؛ ڕۆدەچێتە ناو ئەوەی پێیدەوترێت قۆناغی تیرۆری شۆڕشگێڕی. وەلێ ئەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. ئەم شۆڕشە سەلماندی مرۆڤ، دەتوانێت کۆت و بەندەکانی بشکێنێت و بە ئازادانە ژیان بکات، بێ هیچ ترسک و لەرزێک لە سیستمی ملکەچی و ستەمی ڕەها. سەلماندی مرۆڤ لە ناخیدا، خاوەنی خۆشەویستییە بۆ پێشکەوتن یان بۆ بەرەو پێشکەوینی زیاتر. مرۆڤ ئەگەر بارودۆخی گونجاوی بۆ ڕەخسا، دەتوانێت ئەوە لە مێژودا بەرجەستە بکات. جگە لەوە ئەم شۆڕشە سەلماندی نمونە باڵاکانی وەک ئازادی و یەکسانی و برایەتی، نێوان مرۆڤەکان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی مادیی و کامەرانی لەسەر ئەم گۆی زەوییە، شتگەلێکەن دەکرێت بەدیبهێنرێن. ئەو شتگەلە نە خەونە و نە وەهمە کە بەدیهێنانی مەحاڵ بێت. لە واقیعدا سەرجەم ئەو نمونە باڵایانەی لە ئاینەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، هاتنەخوارەوە بۆ سەر زەوی و بوون بە حەقیقەتێکی ڕاستەقینە. ئا ئەمەیە شۆڕشە سیاسی و فەلسەفییە گەورەکە کە لەسەردەمی مۆدێرنەدا ڕوویدا و؛ بووە هۆکاری بەدیهێنانی ڕەفاهییەتی مادیی و ئازادی بیرکردنەوە و هەمو جۆرە جیاوازەکانی لەزەتی هەستی و بەرخۆریی بۆ هاوڵاتییەکانی هێنایەئارا. لەبەر ئەوەیە کۆی دانیشتوانی گەلانی سەر زەوی، ئیرەیی بە سەردەمی مۆدێرنە دەبن و ئومێدەوارن، ئەگەر بتوانن پێیبگەن یان بگەنە ئاستی ئەو لە پێشکەوتن و گەشەپێدان، وەک ئەوەی هەر دوو نووسەری کتێبەکە باسی دەکەن. هەر ئەوەیە لەمڕۆدا چین یان هند یا ڕوسیا یاخود گەلانی گەورەی دونیا، هەوڵدەدەن ئەنجامیبدەن. لێرەوە مۆدێرنیزمی سیاسی، تەنها وشەیەک نییە لە هەوادا بووترێت، بەڵکو لە جیهانی پێشکەوتوودا، حەقیقەتێکی هەستپێکراوە. هەر کەسێک لە سیستمە ستمگەرەکانەوە، بڕوات بۆ سیستمی دیموکراسی لیبرالی دەستوری ئازاد، بە تەواوی هەست بەو حەقیقەتە دەکات و پەی بەو پێشکەوتن و گەشەسەندنانە دەبات. هەمو ئەوانە لە ئەنجامی تێکۆشانی گەلان لە پێناو ئازادییەکەیدا، بەدیهاتووە. هەروەها تێکۆشانی فەیلەسوفان لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی فەلسەفەی سیاسی مۆدێرن بە درێژایی چەندە سەدەن، ڕێگای لەبەردەم تێکۆشانی گەلان کردەوە. ئا لێرەدا دەکرێت جیاوازی بکەین لە نێوان، ئەو فەلسەفە سیاسییەی لە سەردەمی ڕۆشنگەرییە گەورەکەدا دروستبوو، لەگەڵ ئەو فەلسەفە سیاسییەی پێشتر لە سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحی و تاریکی لە ئارادا بوو.
سەرچاوە: البیان، 14/ 5/ 2019