
ئاڵتۆسێرو راڤەكردنەوەی ماركسیزم
ئا: د.عەبدولعەلیم محەمەد
و: كامیل محەمەد قەرەداغی
ئاڵتۆسێر بەخەسڵەتێكی وەك ئوستادی فەلسەفەو، خەسڵەتێكی دیكەی وەك ئەندامێكی حزبی شیوعی فەرەنسی، ئەركێكی گرتۆتە ئەستۆی خۆی، زۆر قەبە دێتە پێشچاو، ئەو ئەركەش هەوڵی دۆزینەوەی (بیركردنەوە رەسەنەكەی ماركسە) لەپشتی ئەو شێواندنانەوە كە ماركسیزم لەناو كۆمەڵگەی بۆرژوازی و تەنانەت لەناو خودی حزبەكەی ئاڵتۆسێریشدا، واتە حزبی شیوعی فەرەنسی بەدەستیانەوە ناڵاندوویەتی.
ئاڵتۆسێر ئەم ئەركە گەورەیەی لەساڵی 1960ەوە دەست پێكردووە، دەست پێكردنەكەی بەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبەی بووە كەناوی (لەپێناوی ماركسدا)یەو كۆمەڵە وتارێكە كەپێشتر لەماوەی نێوان 1960و 1965دا بڵاوكراونەتەوە.
لەناو ئەم وتارانەدا ئاڵتۆسێر خۆی وەك پشتیوانیكەرێك لەماركسو بیركردنەوە رەسەنەكەی پیشان دەدات، نەك تەنها بەرامبەر بەوانەی كەلەڕووی پرەنسیپەوە بەماركسیزم نەیارن، بەڵكو بەرامبەر بەو ماركسیستانەش كەهەلی لە(ماركسیزم تێگەییشتنیان) بۆنەڕەخساوە.
دیارە ئاڵتۆسێر سەرباری ئەندامەتیی خۆی لەحزبی فەرەنسیدا، قسەو باسەكانی- ئەگەر بەرواڵەتیش بێ- پەیوەست نیە بەهیچ كام لەڕەوتەكانی ناوبزوتنەوەی كرێكارییەوە، بەڵكو هەوڵی دۆزینەوەی هزرە رەسەنەكەی كارڵا ماركس بەشێوەیەكی بنەڕەتی لەسەر خوێندنەوەی (سەرمایە) بنیات دەنێ.
فۆجێر وڵاسیش بەچاوپێداگێڕانێكی خێرای بارودۆخی بزووتنەوەی كرێكاریی جیهانیو پەرەسەندنو گەڵاڵە بوونی ماركسیزم لەچێوەی ئەم پرۆسە مێژووییەدا دەست پێدەكاتو، جەخت لەسەر كۆمەڵەو تەزایەك دەكات كەبێگومان ئاڵتۆسێر لێیان بێئاگا نیە، بەڵام لەشوێنەكەی خۆیەوە لەناو حزبە فەرەنسیەكەدا ناتوانێ بەدروستی بیان بینێت.
دەركەوتنی ماركسیزمو دۆزینەوەی مەتریالیزمی مێژوویش بەنوێ دادەنرێنو لەساڵی 1845وە دەستیان پێكردووە. وروژاننامەكانی تایبەت بەتیۆری ململانەی چینایەتیو چەمكی زانستیانەی سۆشیالیزمو ستراتیژیەتی شۆڕشی پرۆلیتاریش بۆساڵی 1848 دەگەڕێنەوە.
ئەم دۆزینەوانەش هاوكات بوون لەگەڵا دەركەوتنی چینی كرێكاری ئەوروپاو گەڵاڵەبوونی وەك چینێكی شۆڕشگێرو لەگەڵا هەڵكشانی بۆرژوازیەتو پێكهاتنی رێكخراوە خەباتگێڕیەكانی پرۆلیتاریای وەك كۆمەڵەی شیوعیەكان كەماركسو ئەنگلز رۆڵی گرنگیان تێدا گێڕا.
لەو بەروارەشەوە شیكردنەوەی زانستیانەی ماركس بۆشێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدرای بەپەیوەندییەكی راستەوخۆ پەیوەستبووە بەدامەزراندنی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كرێكارانەوە لە1864 هەروەها ماركس لەساڵی 1867دا بەشداریی لەدامەزراندنی نێونەتەوەیی یەكەمیشدا كردووە، ئەوەبوو یەكەم كتێبی (سەرمایە)ی بڵاوكردەوە.
لەمەوە نووسەر ئەوە هەڵدەهێجێ كەپەرەسەندنی ماركسیزمو مەتریالیزمی مێژوویی لەپەرەسەندنی بزووتنەوەی كرێكاری جیا نەبۆتەوەو هەریەكە لەوروژاننامەكانی ماركسیزمو مەتریالیزمی مێژوویی لەچێوەی مومارەسەی خەباتگێڕانەی كرێكاریدا گەڵاڵە كراون، وروژاننامەكانی هەریەكە لەماركسو ئەنگلزو، ئەوانەی كاوتسكی لەڕووبەڕووبوونەوەی برنشتاینو ئەوانەی لینین لەڕووبەڕووبوونەوەی سۆشیال دیموكراتو، ترۆتسكی لەڕووبەڕوو بوونەوەی ستالیندا، ئەوانیش هەربەهەمان شێوەن.
لێرەوەیە كەفۆجێر وڵاس جەخت لەسەر ئەوەدەكات كەگەڵاڵەبوونی ماركسیزمو ئەو پەرەسەندنانەی كەلەسەر دەستی لینینوترۆتسكیو خەڵكی دیكەوە بەدوایدا هاتن تەنها راڤەكردنو ئیجتیهادی ئاوەزیانەی كارەكانی ماركسو ئەنگلز نەبوون، لەچێوەیەكی ئەكادیمیانەدا رووبدەن، بەڵكو لەبنەڕەتدا چەند گوزارە لێكردنێكی هەستەوەرانی ئەو پەرەسەندنە بوون كەبزووتنەوەی كرێكاریی شۆڕشگێڕ لەخەباتیدا دژبە كۆمەڵگەی بۆرژوازی بەخۆیەوەی دەبینێ.
وروژننامەكانی كاوتسكی لەدژی برنشتاینو هاریكاریی نێوان چینەكانیش بەم شێوەیەبوو، ئەگەرچی ئەمە ئەو رێگەیەی لەبرنشتاین نەگرت كە پاشتر بكەوێتە داوی سۆشیال دیموكراتەوە. وروژاننامەكانی لینین لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەم رەوتەی دوایین لەناوبزووتنەوەی كرێكاریو، وروژاننامەكانی ترۆتسكی لەدژی ستالینیزمیش بەم شێوەیە بوون، لێرەوە نووسەر لایەنە تیۆریەكانی پەرەسەندنی ماركسیزمو واقعی پراكتیكیانەو مومارەسەی خەباتگێڕانە بەیەكەوە گرێدەدات.
لێرەوە دەگات بەڕەخنەگرتن لەو هەوڵەی ئاڵتۆسێر كەلەبارێكی (ئەكادیمیانە)ی (كەلتوریانە)وە بەڕاڤەكردنەوەی ماركسیزم هەڵدەستـێو بەدوور لەچێوە مێژووییەكەی بزووتنەوەی كرێكاری جیهانی، بەدوای ماركسە ونبوەكەی ناو واقعی كۆمەڵگاكانی ئێستادا دەگەڕێ. بەتایبەتیش لەوەدا (واتە رەخنەكە لەوە دەگرێ) كەهەوڵەكە واپێشكەش دەكرێ كە گوایە ئەمە تەنها (خوێندنەوە)یەكە، ئەگەر خوێندنەوەیەكی نەخۆشانەیش نەبێ.
گەڕان بەدوای خاڵی دەست پێكردندا
كۆنگرەی بیستەمی حزبی شیوعی سۆڤیەتی فەبرایەری 1956 خاڵی دەستپێكی هەوڵی ئاڵتۆسێر بوو بۆ راڤەكردنەوەی ماركسیزم. لەمەدا ئەویش وەك رۆشنبیرە ستالینیەكانی دیكە وایە. پێشتریش ئاڵتۆسێر نوقڵانەی ئەوەی لێدابوو كەسەردەمێكی نوێ بۆحزبە ماركسیستەكانو بەتایبەتیش بۆرۆشنبیرەكانیان لەدەست پێكردندایە. ئەو سەردەمە نوێیە راستیەك دەبێ، پەتی ئەو بێدەنگیە دەپسێنێ كەساڵانێكە باڵی بەسەر حزبەكەیدا داداوە.
ئاڵتۆسێرلەسەرەتاوە سەركێشی بەوەوە نەكردووە كەڕەخنە لەسەراپای ستالینیزم بگرێ بەڵكو بەڕەخنە لێگرتنی رەوشێكی وازی هێناوە- كەڕەنگە ئەوەیان خەتەرترینیان بێ- ئەویش دۆگماییە، بەتایبەتیش سەبارەت بەرۆشنبیران.
بۆدژایەتیكردنی دۆگمایی، ئاڵتۆسێر (گەڕانەوە بۆ دەقە ڕەسەنەكان)ی هەڵبژاردووە، یان ئەگەر بڵێین گەڕاوەتەوە بۆ ڕەسەنترینی دەقەكان كە ئەویش (سەرمایە)ی ماركسە. لێرەدا ئەوە بەسەر فۆجێر وڵاسدا تێپەڕ نابێ كەئاگایی لەوەبدات بانگەشەكردن بۆ (حەجكردنو گەڕانەوە بۆدەقە رەسەنەكان) بانگەشەیەكە بۆگومانكردنو زۆربەی جاریش بەدووركەوتنەوە لەڕەسەنەكان، یان دابڕان لەگەڵیان كۆتایی دێ. پێویست نیە شارەزاییەكەی لای (لاكان)و گەڕانەوەكەی ئەو بۆ(فرۆید)مان لەیاد بچێت كەتائێستا گەڕانەوەیەكی زیندووە.
بانگەشەكەی خرۆشۆف بۆرەخنەگرتن لە(كەسێتی پەرستن)و ستالینو گردبوونەوە لەدەوری پرەنسیپی سەركردایەتی بەكۆمەڵی، كلیلێك بوو كەوتە دەستی ئاڵتۆسێرو لەوێوە هەستا بەبڵاوكردنەوەی (لەپێناوی ماركسدا)و (سەرمایە بخوێنەرەوە)و رایگەیاند كە ئەمانە بەرهەمی گەڕانەوەن بۆسەر (رەسەنەكان) ئەوكاتەش پسپۆرانی بواری كاری ئایدۆلۆژی واتێگەیشتن كە كارەكانی ئاڵتۆسێر شتە بنەڕەتیو جەوهەریو ئەوشتانە دەپارێزێ كەپێویستە پارێزگارییان لێبكرێ، ئەمەش لەبەرئەوەی كە لەڕووی سیاسیەوە ستالینیزمی نەخستۆتە پای تۆمەت پێكردنەوە. هەروەها خۆیشی لەشێوە كرێكاریو دەستەڵاتە بیرۆكراتیەكانی دەوڵەت نەداوە. بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەو ئاگایی رۆشنبیرە بەرهەڵستكارەكان بەرەو گێژاوێكی تیۆری دەشێوێنێ كەبابەتەكەی ماركسیزمە.
كۆتایی فەلسەفە
كە ئاڵتۆسێر لەخوێندنەوەی ماركسو بەتایبەتیش فەلسەفەكەی لە(سەرمایە)دا بۆوە گەیشت بەوەی كە بە فەلسەفەیەكی نوێ گەیشتووە هێشتا دەركی پێنەكراوە، یان بەتەواوی هەستی پێنەكراوە. فۆجێر وڵاس ئەم وتەزایە دەخاتە پای تۆمەتپێكردنەوە: چونكە چۆن دەكرێ ماركسیستێك كەدەڵێ ماركسیزمی خوێندۆتەوەو بەباشی تێیگەیشتووە، لەو خوێندنەوەیەوە فەلسەفەیەكی نوێ دەربێنێ؟ چونكە فەلسەفە لەتێڕوانینی ماركسدا لەئایدۆلۆژیایەك بەولاوە شتێكی دی نیە، یان –لەباشترین باریدا- شێوازێكی نموونەییە لەئایدۆلۆژیا، هەردەبێ وابێ، بەكۆتایی هاتنی فەلسەفەی كلاسیكی ئەڵمانی فەلسەفەش كۆتایی هاتووە. لێرەدا نووسەر رایەكی ماركس دێنێتە گۆڕێ، لەئەترووحەی (ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی)ی وەرگرتووە، دەربڕێنێكی دیاری نا ئەتروحەی یانزەی سەر فیورباخە، دەڵێ (فەیلەسووفەكان لە راڤەكردنی جیهان پتریان نەكردووە، بەڵام كاری سەرەكیی گرنگ گۆڕینی جیهانە).
فەلسەفە لەتێڕوانینی بزووتنەوەی كرێكاریی شۆڕشگێڕییەوە پەیوەندیی بە ڕابوردوەوە هەیە. میراتێكە لەسەدەی شەشەمو سێیەمی پێش زایندا لەئەسینا رۆڵی هەبووە، لەسەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەشدا لەئەڵمانیا دەربڕینی ئایدۆلۆژیانەی چینو توێژە كۆمەڵایەتەكان بووەو ناكرێ بە تێڕامانی ئایدۆلۆژیانە، یان فەلسەفیانە بەسەر ئەم كەلەپوورەدا هەنگاو بنێین.
فۆجێر وڵاس دەگاتە ئەو دەرەنجامەی كەبیرۆكەی حەشاردراوی پشت ئاڕاستە فەلسەفیەكەی ئاڵتۆسێر، نائامادەیی ئاڵتۆسێرە بۆئەوەی ماركسیزم وەك دەربڕینێكی زانستیو تیۆریی بزووتنەوەی كرێكاریی شۆڕشگێڕو كۆتایی فەلسەفە ببینێت. بەڵكو دەگات بەوەی بڵێت پەیوەندییەك لەنێوان كتێبی (مەتریالیزمی دیالەكتیكو مەتریالیزمی مێژوویی)ی ستالینو نووسینەكانی ئاڵتۆسێردا هەیە. رەنگە بەڕای ئەو، نادۆگماییەك لەڕووی رواڵەتەوە لەنووسینەكانی ئاڵتۆسێردا هەبێ، بەڵام لەناوەڕۆكیداو بەئاڕاستەی گەڵاڵە كردنی فەلسەفەیەكدا كەبەخۆی دەڵێ ماركسیستە، بەڵام لەڕاستیدا بەماركسیستی ناكۆكە لەیەكچوونێكی لەگەڵا ئەو رەخنە رادیكاڵیانەدا هەیە، كەنەك لەلایەن ماركسو ئەنگلزەوە بەڵكو لەلایەن لینینو ترۆتسكیشەوە لەفەلسەفە دەگیرێ.
ئاڵتۆسێر چۆن دەتوانێ ئەوە نەبینێ، یان خۆی نایەوێ ئەوە ببینێ كەخۆی لەژێرپەردەی ئەم ڕواڵەتە تەلەفزیە ماركسیانەوە بەشداری لەپتەو كردنی دەماری ئایدۆلۆژیای بیرۆكراتیی ستالینیدا دەكات؟
ئاڵتۆسێر وا باس لەكارەكانی ماركس دەكات كەئەوانە كاتی لاویی ماركس، واتەپێش ساڵی 1845 كاری (بڕین) بووبێتنو لەسەرەتای 1845 وە بووبن بەدابڕان واتە Coupure ولەپێش نوسینی سەرمایەشەوە (1845- 1847) بووبن بەكاری رەسیو (ناچج) وكارە ڕەسیوەكانیش لە 1857 بەدواوە دابڕانی ئەبستمۆلۆژیانە Coupure Epistemologique یان دروست كردبێ. مەبەستی ئاڵتۆسێر لەمانە ئەوەیە كە پێویستە لەئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا واتە مەتریالیزمی مێژوویی تێبگەین كەهێڵێكی جیاكەرەوە بێ لەنێوان شێوازی بیركردنەوەی پێش زانستی (Pre- Scietifique)و شێوازی بیركردنەوەی زانستیدا.
لێرەدا دەبێ ئیشارەتێك بەوەش بدەین كەئاڵتۆسێر زاراوەی دابڕانی ئەبستمۆلۆژیانەی لەگاستۆن باشلار خواستوە، مەبەستی باشلاریش لەم زاراوەیە پرۆسەیەكی دیالەكتیكیانە بووە كەلەچێوەیبیركردنەوەداو تەنها لەڕێگەی بیركردنەوە رووبدات، كەوابێ زاراوەیەكی خۆبەخۆیەو لەبۆچوونێكی ئایدیاڵیانەی باڵابونو گەڵاڵە بوونی زانستو مەعریفە Avenementبەو لاوە چیدیكە نیە، و لەبیركردنەوەی ماركسو ئەنگلزیشدا شتێكی وانیە كەلەگەڵا ئەوشتەدا یەك بێتەوە كەهەریەكە لە ئاڵتۆسێرو باشلار بۆی چوون، چونكە بیركردنەوەی هەریەكە لەماركسو ئەنگلز لەسەر چەمكی پەیوەندی نێوان بیركردنەوەو كار، یان تیۆرو پراكتیك دامەزراوەو تەواو پێچەوانەی بۆچوونە باوەكانی پێش خۆیان بووە.
لەو رەخنە لەخۆگرتنەدا كەئاڵتۆسێر لەساڵی 1974دا پێی هەستاوە، خۆی دانی بەوەدا ناوە كەتووشی ئینحرافی تیۆری هاتووە، لەهەمان كاتدا وازی لەچەمكی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی نەهێناوە، بەڵكو لەدواشیكاریدا هەوڵی داوە وەك چەمكێكی سیاسیش بەكاری بهێنێ، نەك ئەبستمۆلۆژی. بەڵام نە لە ئەمیانداو نە لە ئەمیشیاندا ئەوەمان پێناڵێ كەئەو ئینحرافەی لەكوێوە هاتووەو رەگەكانی چینو ئەوەشمان پێناڵێ كەمانای دابەزاندنی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی بۆ دابڕانێكی سیاسی مانای چی؟
سەرباری ئەوەش ئەم رەخنە لەخۆگرتنە ئەوە لەئاڵتۆسێر نابوورێ كەبیەوێتو نەیەوێ، بەشێوەیەك چەمكی دابڕانی ئەبستمۆلۆژیانەی بەكارهێناوە كە نیازی بەشاردنەوەی مۆركی شۆڕشگێڕانەی ماركسیزم هەیە، ئەو مۆركەی كەماركسیزم گوزارەكردنێكە لەململانەی چینەكانو ئامزارێكە بۆرێكخستنی چینی كرێكار لەبەرامبەر پاوانكارانی. لەسەرووی ئەمەشەوە بەكارهێنانی ئەم چەمكە باشلاریو ئایدیالیانە دەربارەی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی لەلایەن ئەوەوە وای كردووە كەمەتریالیزمی مێژوویی وەك تەنها نوێكردنەوەیەكی ئاوەزیانە پێشكەش بكرێو گەیشتن بەو (واتە بەمەتریالیزمی مێژوویی) لەڕێگەی وردبینییەوە سازاو بێ.
ئەم هەوڵەی ئاڵتۆسێر كەدەیەوێ دەقەكانی ماركسی لاو لەماركسی پاش 1845 جیا بكاتەوە، بەرسەنگی ئەو حەقیقەتە دەكەوێ كەناكرێ تێزەكانی ماركسیزم لەیەكتر جیابكرێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو تێزانە یەكگرتوو بەیەكەوە گرێدراونو پەیوەستن بەو مەرجە مێژووییانەوە كەلەچێوەیاندا خەمڵیون.
ئاڵتۆسێر لەڕەخنە لەخۆگرتنەكەیدا كەئەنجامی داوە دانی بەوەدا ناوە كەبە ئیحایەكی سپینۆزیزم لەگوتاری (فەلسەفەی ماركسی) سپینۆزادا كەوتۆتە هەڵەوە، بەڵام فۆجیرۆ وڵاس لەو بڕوایەدایە كە ئاڵتۆسێر كەوتبێتە سەر ڕەوتی كانتیزمی نوێ، ئەو كانتیزمەی كەسەر چاوەی سەرەكی وزەپێدانی (ئەبستمۆلۆژیا)ی فەرەنسییەو بروشچیڤیچ Brushchvicgوە باشلار نوێنەرایەتی دەكەن.
مەتریالیزمی مێژووییو
پێداچوونەوەی ئاڵتۆسێریانە
فۆجێر وڵاس دێ بەراوردێك لەنێوان داڕشتنەكەی ماركسو ئەنگلزی مەتریالیزمی مێژووییو ئەو وێنە بونیاد گەرییە شێوێنراوەیدا دەكات كەئاڵتۆسێر دایڕشتووە، مەبەستی لەمە ڕوونكردنەوەی ئەو جیاوازیە گەورەیەیە كە لەیەكیان جیادەكاتەوە، لەگەڵا ڕوونكردنەوەی ئەو ئەنجامانی كەهەوڵەكانی ئاڵتۆسێر بۆ (گەڕانەوە بۆ دەقەرەسەنەكان)پێیگەشتووە. راڤەكردنی ئاڵتۆسێریانەی مەتریالیزمی مێژوویی پشت بەو وتەیە دەبەستێت كەگوایە ماركسو ئەنگلز لەناو كۆگیریی كۆمەڵایەتیدا هەڵاواردنیان لەنێوان سێ بونیادی (بونیادی ئابووری، بونیادی یاسایی سیاسی، و بونیادی ئایدۆلۆژی)دا كردووە. ئەمجا ئاڵتۆسێر دێت گرفتی پێكەوە گرێدانی نێوانی ئەم بونیادانە، یان بەهەند وەرگرتنی یەكیان لەبەرامبەر ئەوی تریاندا دەورووژێنێ، ئەم هەوڵەش بەشێوەیەكی چار هەڵنەگر دەكات بەكێشەیەكی ئەكادیمی وا كەبەتەواوی لەپراكتیك دابڕاوە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئاڵتۆسێر هاتووە چەمكی (چركە سات- اللحڤە- (Instantی لەدەروون شیكاری خوازراوی لە دەست نیشانكردنی چەمكی (منو بەرزەمنو پشتەمن- Moi, surmoi, ca) وەك ئاستەكانی كەسێتی بەكار هێناوە، كەئەم چەمكە خۆی، لەپاش دۆزینەوەی نەرجسیەتەوە، یارمەتی پێشكەش بە دامەزراندنو پەرەپێدانی فرۆیدیزم كردووە. خوازە كردنی چەمكی (چركەسات)و ئامبازكردنی بەماركسیزم لەلایەن ئاڵتۆسێرەوە، رێگایەكی بونیاد گەریی نموونەیی لێ بەرپا بوو لەبری ئەو مۆركی دیالەكتیكیەتەی كەلەمەتریالیزمی مێژووییدا هەبوو، بەڵام ئەوڕێگایە بەمەتریالیزمی مێژوویی نەیارو ناكۆك بوو.
ئەم راڤە كردنە بەتەواوی لەگەڵا ئەوشێوازە رەسەنەی مەتریالیزمی مێژووییدا ناكۆكە كە ماركسو ئەنگلز تەرحیان كردووە، بەتایبەتیش لەو ڕووەی مەتریالیزمدا كەڕێبازێكی مەعریفەی زانستیی كۆمەڵگەیەو لەڕووی ئەو ئەنجامەشەوە كە لە ئەنجامی پێكەوە گرێدانی نێوانی پەرەسەندنی بزووتنەوەی كرێكاریی شۆڕشگێڕیو پەرەسەندنی تیۆری، مەتریالیزمی مێژوویی بەرپای كرد.
لەناواخنی ئەم ڕێگایەشدا ئەو بیرۆكە سەرەكیە حەشاردراوە كەدەڵێ مرۆڤ بەبەرهەمهێنانی پێویستیە مادیەكانی خۆیو ئامرازەكانی بەرهەمهێنان خۆشی وەك بوونەرێكی كۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێو لەچێوەی كۆمەڵە پەیوەندیەكی كۆمەڵایەتیی دیاریكراودا بەشێوەیەكی مێژوویی باری خۆی دەست نیشان دەكات.
لەڕاستیدا مەتریالیزمی مێژوویی وەك رێبازێكی ئەبستمۆلۆژیی زانستی، بەدیسپلینە ئەبستمۆلۆژییە زانكۆییەكانی وەك ئابووری سیاسیو كۆمەڵایەتیو زانستی سیاسەتو مێژوو ناكۆكەو هیچیان لەوی دییان جیاناكاتەوە، هەروەها رەوشە ئابوورییەكان لەڕەوشە كۆمەڵایەتیو مێژووییو سیاسیەكان جیاناكاتەوە. لەمەوە، كە دێت كۆمەڵگەو مرۆڤ دەخاتە بەر تاوتوێ كردن لەمیانەی هەموو ئەو پرۆسانەوە سەیریان دەكات كە چالاكیەكانی كۆمەڵگە، یان مرۆڤ چێوەبەند دەكەن، دیارە ئەو پرۆسانەش وەك ئەوەی كەكۆمەڵایەتیو ئابوورین، سیاسیو مێژووییشن.
لەوێدا كەپەیوەندیە كۆمەڵایەتیو بەرهەمهێنیەكان ئەو بنەما ماددیەی كۆمەڵگەن كەبونیادی ئایدۆلۆژیی دامەزراوەیی كەلتوورییان لەسەر ڕادەوەستێ، وەك ئەوەی نووسەر (مەبەست لە فۆجێر وڵاسە) دەڵێ دەكرێ هەڵاواردن لەنێوان دووشێوەی دیالەكتیكدا بكەین: (هێزە بەرهەمهێنەكان، كرێكارانو ئامرازەكانی كاركردن، لەگەڵا پەیوەندیەكانی بەرهەمدا لە بەیەكدا چوونێكی بەردەوامدان)(ئەو چركە ساتەش كەزێدە ئابووری (الفائچ الاقتصادی)ی تێدا دەر دەكەوێ، هەرهەمان ئەو چركە ساتەیە كەچینە بەیەكدا هەڵپژاوەكانی تێدا دەردەكەوێ).
لەلایەكی دییەوە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی بەرهەمهێنان لەگەڵا دامەزراوە ئایدۆلۆژیەكانی هاوكۆك لەگەڵا ئەو پەیوەندییانەدا لەپەیوەندیەكی بەیەكدا چوونی بەردەوامدان.
لەنێوان ئەم دوو دیالەكتیكەدا شێوازێكی بەرهەمهێنانو تێكەڵكێشبونێكی نێوانی بنەمای مادیی كۆمەڵگەو ئەو دامەزراوە ئایدۆلۆژیانە هەیە كەململانەی چینەكانیان لێدێتە بەرهەم. ئەمەش ئەو پرۆسە بنەڕەتیەیە كەسەیرورەی كۆمەڵایەتی مێژوویی بڕیار لێدەدات.
لێرەدا ناكۆكیی نێوان بۆچوونەكانی ئاڵتۆسێر لەراڤەكردنی مەتریالیزمی مێژووییدا نمایشكردنی هەمان ئەو سەرچاوەیە بەپێیرانانی نووسەر دەردەكەوێ، ئەوەتا دیارە كەئاڵتۆسێر نیازی بەپووچكردنەوەی ناوەڕۆكی مەتریالیزمی مێژوویی هەبووە.
لەسەر ئاستێكی تر- وەك ئەوەی فۆجێر وڵاس وادەڵێ- لەوەدەچێ كە لەیەك جیاكردنەوەی نێوان بونیادی یاسایی سیاسیو بونیادی ئایدۆلۆژی دوژمنایەتیەكی ناڕەوای ئاڵتۆسێر بێ بۆ سەر (تیۆری سەرخانی) ماركسیزم. چونكە ئەو دامەزراوانەی كەلەسەرخاندا هەن لەو ئایدۆلۆژیایانە دابڕاو نین كەپەیوەستن بەسەرخان (البناو الفوقی)یەوە، ئەمە جگە لەوەی كەئەم سەرخانە دامەزراوەییو ئایدۆلۆژیەش ئەگەر سەر بە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی بەرهەم نەبێ، ئەوا پەیوەستە پێیانەوە.
هەروەها ئاڵتۆسێر بەخواستی چەمكی (چركەسات) وازی نەهێناوە، بەڵكو چەمكی (بڕیاری فرەفاكتەر Surdetemination)یش خواستوە. لەوێدا كە ئەو راڤەكردنێكی ئەبستمۆلۆژیانەی ئاوەزیانە بۆماركسیزم دەكات، چ شەرمێكی تێدانیە ئەم چەمكەش بخوازێ.
ئاڵتۆسێرو گرفتەكانی سەرخان
تێڕوانینی ئاڵتۆسێر بۆگرفتەكانی سەرخان پشتی بەجیاكردنەوەی رواڵەتیانەی نێوان ئایدۆلۆژیاو دامەزراوەكان بەستووەو هەردووكیانی كردووە بەدوو بونیادی جیاكراوە. ئەمە ئەو جیاوازیكردنەیە كە ئاڵتۆسێری خستۆتە هەڵوێستی پێداچوونەوە بەماركسیزمدا.
ئاڵتۆسێر لەمڕوەوەو لەڕێگەی ئەوەوە كەخۆی ناوی ناوە تیۆری كاریگەریی بنەڕەتیی سەرخان La theorie del,efficace des Supersructures) هەوڵیداوە كەسەبارەت بەئایدۆلۆژیا گومان لەتیۆری ماركسیزم بكات، وەك ئەوەی كەئەم تیۆرە بۆ تاوتوێ كردنی گرفتەكانی سەرخانی ئایدیۆلۆژی بەس نەبێو ئەو لە ڕێگەی تێكردنی چەند وشەیەكی وەك: كاریگەر efficaceو كرۆك essenceو ئۆتۆنۆمی autonomie وە ئەم كەموكورتیە چارەسەر بكات.
ئەوەتا ئەو جیاكردنەوەی كە ئاڵتۆسێر لە نێوان لایەنی یاسایی سیاسیو لایەنی ئایدۆلۆژیدا كردوویەتی هەر ئەوەی كردەوە كەئەوەی جاران لەبیركردنەوەی ماركسدا روون بوو، ئەم لێڵاو تەمومژاویی كردۆتەوە. چونكە ماركس دەزگا دامەزراوەییەكانی كۆمەڵگایەكو شێوازی هۆشیاریە كۆمەڵایەتیە بەرقەرارەكانی ناو ئەو كۆمەڵگایە لەیەك جیا ناكاتەوەو یاساش لەكۆمەڵگادا بەشێكی دانەبڕاوە لەچێوەی دامەزراوەییو ئایدۆلۆژی.
راڤەكردنی تەنزە ئایدۆلۆژییەكان لەوەوە دەبێ كە لەگەڵا ئەو دامەزراوانەدا بەهاوكوفی سەیریان بكرێ كە تەنزەكانیان لەسەر رادەوەستێ. كەوابێ تاوتوێكردنی فەلسەفەو شێوە هونەریو سیاسەكانیش پەیوەستە بەتاوتوێكردنی دامەزراوەكانو ناوەڕۆكە كۆمەڵایەتیەكەیانەوە.
ئایدیۆلۆژیاش بەدەر لەو دامەزراوانەی كەگوزارەی لێدەكەنو چالاكی دەكەن، بوونینیە، سەرخانی دامەزراوەییو ئایدیۆلۆژیش بەدەر لەو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەی بەرهەم كە ململانەی كۆمەڵایەتی بە ڕەهەندەكانیەوە دەجوڵێنێو وزەی پێدەدات، بوونی نیە. ئەمجا لە نێوان بنچینەی مادیی كۆمەڵگەو بونیادی دامەزراویی ئایدیۆلۆژیدا جۆرە پەیوەندیەكی وەك پەیوەندیە هیگڵیەكان (كرۆكی ڕواڵەتەكان)و پەیوەندیە ئاڵتۆسێریەكانی(لە بونیادەوە بۆ بونیاد) نین. بەڵكو كۆمەڵە پەیوەندیەكی دیالەكتیكی لە نێوان هێز و گرووپە مرۆییەكاندا هەیە.
ئاڵتۆسێر هەوڵیداوە بەدوای سەربەخۆ بوونێكی(ونی) سەرخانی دامەزراویی و ئایدۆلۆژی لە بەرامبەر بنچینەی مادیی كۆمەڵگەدا بگەڕێ، بەڵام ئەم گەڕانە بەرەو چەند پایگەیەكی ناكۆك بەماركسیزم و بگرە ناكۆك بە ڕێبازی زانستیشی بردوە، ئەگەرچی نیازی ئەو سەربەخۆ بوونە( سەربەخۆبونێكی رێژەیی)ش بووبێ، چونكە لەنێوان دامەزراوە ئایدۆلۆژیەكان و كەلتووریەكان و بنەمای مادیی كۆمەڵایەتیدا چەند پەیوەندیەكی دیالەكتیكی گرێچن هەن و ئەم پەیوەندیانەش دەچنە بەرباری تاوتوێ كردنی زانستیی مێژوییەوە، نەك ئەو تێڕامانە فەلسەفیە ئەبستراكتەی كە دەگات بەجیاكردنەوەی ئەو شتانەی كەلەرووی بابەتیەوە بەیەكەوە بەستراون.
نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو ئەو لێك جیاكردنەوەیەی كە ئاڵتۆسێر لە نێوان لایەنی یاسایی سیاسیو لایەنی ئایدۆلۆژیدا كردوویەتی، گەیاندویەتی بەوەی كەچەمكێكی تر بەكار بهێنێ كەهێندەی چەمكەكانی تری تەمومژاوی و شێوێنراوە ئەویش (دەزگا ئایدۆلۆژیەكانی دەوڵەت) (Appareil ideologique de, Etat) (د. ئا. د)ە، ئەم چەمكەشی بەرەو ئەوەی بردووە كەوەك ئەوەی لینین (لەكتێبی دەوڵەتو شۆڕش) دا باسی كردووە بچێتە سەرئەو بڕوایەی كەچەمكی ماركسیزم بۆدەوڵەت بەس نیە، لینین لەتێڕوانینی خۆیەوە تەنها لایەنە سەركوتكارەكەی دەوڵەتی بینیوەو لایەنە قایلكاریەكەی (واتە ئایدیۆلۆژیەكەی) فەرامۆش كردووە.
چەمكەكانی ئاڵتۆسێر سەبارەت دەزگا ئایدۆلۆژیەكانی دەوڵەت (د. ئا. د)و دەزگا سكولاریستیەكانو خێزانویاساییەكانو سیاسەتو سەندیكاییو زانیارییو كەلتووریەكانیش هەر لەم پێگەیەوە دەردەچن.
هەر ئاڵتۆسێر رۆڵی دژایەتیكردنی توندوتیژیو سەركوت بەدەزگا سەركوتكارەكانی دەوڵەت دەسپێرێتو رۆڵی قایلكارانەو ئایدیۆلۆژیانەش بەدەزگا ئایدیۆلۆژیەكانی دەبەخشێ. لێرەدا وادیارە زاڵبوونی چینی باو بەسەر هەموو چینەكانیتردا توندوتیژیەكی كەمتری هەبێ لەڕێوڕەسمە حكومەتیەكانو رێكخستنی ئیدارەو كاری سوپاو پۆلیسو دادگاكان.
تێڕامانێكی ئاڵتۆسێر سەبارەت بە(د. ئا. د) نیازی بەئەنجامدانی دوو ئەرك هەبووە، یەكەمیان لۆژیكیو ئەویتریان سیاسی. نیازی یەكەمیان گەڵاڵە كردنی چەمكێكی كۆگیرانە بووە كە بڵێ ئەمە ماركسیانەیەو ئەو لەیەك جیاكردنەوەیەی پێبكات كەخۆی بۆ نێوانی بونیادی یاسایی سیاسیو بونیادی ئایدۆلۆژی پێشنیار كردووە. بەڵام وەزیفە سیاسیەكەش ویستوویەتی گرنگیەكی تایبەت بدات بەئایدۆلۆژیاو سەربەخۆی بكاتو لەبەرامبەر بونیادی كۆمەڵایەتیدا سەربەخۆییەكی زاتیی پێببەخشێت.
فۆجێر وڵاس لەكۆتاییدا دەگات بەوەی كەئاڵتۆسێر لەهەوڵاو كارەكانی خۆیدا نە دابڕانێكی معریفیو نە دابڕانێكی سیاسی لەگەڵا ستالینیزمدا (ستالینیزم وەك ئەودامەزراو و ئایدۆلۆجیایەی كەگوزارەی لێ دەكات) بەرپا نەكردووە، نەشیتوانیوە ئەو مەرزە سیاسیو تیۆریو فكریانە تێبپەڕێنێت كەدەوریان لەهەوڵەكانی راڤەكردنەوەی ماركسیزمو دۆزینەوەی ئەو رەسەنایەتیە ونە داوە كە لە سەرەتای شەستەكانەوە ئاڵای بانگێشەكردنی بەرزكردۆتەوە. ئەم نە لەمیانو نە لەویان نەیتوانیوە رەخنەیەكی رەگاژۆی سەراپاگیر بۆ ستالینیزمو دامەزراوە حیزبیو ئایدۆلۆژییەكانی دروست بكات بۆیە هەوڵەكەی ئەو لەڕواڵەتدا (رەسەنكردنەوەی ماركسیزمو پاراستنی بوو لەو شێواندنەی كە پێوەیی لكێندرابوو لەگەڵا رەخنەگرتن لە ستالینیزم بەڵام ناوەڕۆكی هەوڵەكەی نوێكردنەوەی ستالینیزمو درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەكەی بوو، ئەمەش وای لێكرد كەلەناوبازنەی ستالینیزمدا رابوەستێتو نەتوانێت تێیبپەڕێنێ.
ئێمە نازانین كەخوێنەر تاچەند لەگەڵا ئەو قەواڵەدایە كەلەمیانەی رانانی ئەم بیرانەو ئەم رەخنانەوە هاتنە زەینمانەوە كە فۆجێر وڵاس لە لیڤی شتراوسو لاكانو ئاڵتۆسێری گرتووە*. ئەوسیانە هەرسێكیانو هەریەكەیان بەشێوازی خۆی ئاڵای گەڕان بەدوای دەقە رەسەنەكانیان بەرزكردۆتەوە، كەچی سەرباری ئەوەی كەهەوڵەكانیان كاریگەریان لەسەر چەند ناوەندێكی زانستیو ئەكادیمیو رۆشنبیران داناوە ئەو هەوڵانە بەرەنجام لەدەقەڕەسەنەكان دوور كەوتوونەتەوە.لێڤی شتراوس بە شێوازەكەی خۆی لەمرۆڤایەتیی بەراییداو بە دوور لەگرێچنییەكانی كۆمەڵگای نوێ بەدوای رەسەنایەتی دەقدا بگەڕێ، وهەوڵی لێبڕاوانەی بۆدۆزینەوەی یاسا نەستیو كاریگەرەكانی سەر رەوانیمرۆڤایەتی خستۆتەگەڕ: (وەك سیستمی خزمایەتیو بیركردنەوەی بەراییو ئەفسانە) جاك لاكانیش بەهەمان شێوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەرپوت بوونی فرۆیدیزم لەسەردەستی دەروونناسە ئەمریكیەكان ئاڵای گەڕانەوە بۆسەر فرۆیدیزمی رەسەنو فرۆیدی وەك دامەزرێنەری تاكڕەوی قوتابخانەی دەرونشیكاریی بەرزكردەوەو كاری ئەمیش گەشت بەشێواندنی ئەو چەمكە سەرەكیانەی كەدامەزرێنەری قوتابخانەكە بە گرنگ وەریگرتبوونو بەكاریهێنابوون. ئەو ناوەڕۆكە زانستیەی لێتەكاندنەوە كەكاتی خۆی دۆزینەوەیەكی گەورەی ناو مێژووی پێكهاتنی كەسێتی مرۆڤایەتی بوو لەسەر ئاستی دەروونی بایۆلۆجیو كۆمەڵایەتی.
ئاڵتۆسێریش ئەركی دۆزینەوەی بیركردنەوەی رەسەنی ماركسی گرتە ئەستۆی خۆی. ئەمجا هەوڵە ناودارەكەی بۆ دۆزینەوەی بیركردنەوە (رەسەن)ەكەی ماركسو بەتایبەتیش (سەرمایە)كەی خستەگەڕ بۆئەوەی ناسنامە رەسەنایەتیەكەیان بەرجەستە بكات.
پاش ئەوەش كە دامەزرێنەرەكەی مەتریالیزمی مێژوویی خوێندەوە كۆمەڵێك چەمكی تەبەنی كرد كەناوەڕۆكە زانستیو سیاسیەكەیان لەگەڵا چەمكەكانی ماركسدا ناكۆك بوو.
باشە بڵێی ئەو گومانەی كە فۆجێر وڵاس بەرامبەر بەوەی كەناوی گەڕانەوە بۆئەسڵەكانەو وڵاس خۆی پێیدەڵێ(حەج) كردویەتی بۆ بانگەشە ئسوڵیەكانی كۆمەڵگا نائەورووپیەكانیش دەشێ؟
یان ئایا دەتوانین بەرەنجامێكی گشتیی وای لێهەڵهێنجین كەهەموو بانگەشەیەكی گەڕانەوە بۆ ئسوڵا بەدووركەوتنەوە لەئەسڵەكان كۆتایی دێ؟ باشە ئەگەر ئەمە وابوو ئایا ئەو هۆكارانە چین كەئەم دووركەوتنەوەیە دەنوێنن؟ ئایا لەپێداچوونەوەی یاسا كاریگەرەكانی جاراندان؟ یان لەسروشتی رەوتە كۆمەڵایەتی، ئابووریەكەدا حەشاردراون بەوپێكهاتە بنەڕەتیانەیانەوە كەكار بۆلادانی ئەم هەوڵانە لەسەر ئامانجە رەسەنەكەیان دەكەن؟ یان ئەوەیە كەبۆ راژە گەیاندن بە بەرژەوەندیی هێز وگرووپە باڵادەستەكان دەخرێنە گەڕ؟ یان بەحوكمی ئەو لۆژیكەی كەبەشێوەیەكی ئەندامی پێوەیان لكاوە؟
پرسیارەكان لێرەدا بێشومارنو دیارە وەڵامەكانیشیان زۆر ئاڵۆزنو ئێمەش لێرەدا لەهەوڵی وەڵام پێدانەوەیاندا نین، هێندەمان دەوێ كەخوێنەریش لەگەڵا ئێمەدا بەوردی دیقەت لەو قەواڵەیە بدات كەلەمیانەی رانانی هزری ئەم رەوتو كەسێتیانەوە گەڵاڵە بوون.
پەڕاوێز:
• ئەم بابەتە لەڕاستیدا درێژەی بابەتێكی رەخنەیی بیریاری مۆدێرنە (پیێر فۆجێر وڵاسە كە لە هزری هەریەكە لە شتراوسو لاكانو ئاڵتۆسێر دەدوێ. وتارەكە لەلایەن (د. عبدالعلیم محمد)ەوە ئامادەكراوەو لەگۆڤاری (المنار)دا بڵاوكراوەتەوە، وتارێكی درێژە، لەبەر درێژیەكەی بەپێی نووسەرە رەخنە لێگیراوەكان كردم بە سێبەشەوە كەئەم دەقە دواین بەشیەتیو بەشی یەكەمو دووەمیشی لەپێشترەوە بڵاوكراونەتەوە، بەم شێوەیە:
1- بەشی یەكەم- پیێر فۆجێر ولاسو تاریكخوازیی هاوچەرخ- گۆڤاری سەردەم- ژمارە چوار – ئابی 1999 لاپەڕە (59-75) –كامیل محەمەد قەرەداخی.
2- بەشی دووەم – جاك لاكانو راڤەكردنەوەی فرۆیدیزم- گۆڤاری گەلاوێژی نوێ- ژمارە شانزە- 1999 لاپەڕە (53-57)- كامیل قەرەداخی.
سەرچاوە: گۆڤاری (المنار) ژمارە (34) ساڵی 1989 لاپەڕە (136-143).