
“ئایین بۆ بێئایینەکان” کتێبێکی نوێی دەزگای سەردەمە، کە ئالان دە بۆتۆن، فەیلەسووف و نووسەری بەریتانیی بە ئەسڵ سویسری نووسیویەتی و سەڵاح حەسەن پاڵەوان لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە.
لەڕێی ئەم کتێبەوە دە بۆتۆن دەیەوێت بۆمان شیبکاتەوە کە ئەگەرچی بانگەشە و حوکمەکانی ئایین و ئەقیدە ڕوحانیەکان هەڵەن، بەڵام هێشتا لە هەندێک لایەندا دەشێت بەکەڵکی ژیان و کۆمەڵگای هاوچەرخمان بێن. ئەم کتێبە ڕوونیدەکاتەوە کە لە کۆمەڵگایەکی سێکۆلار و هاوچەرخدا، چۆن دەکرێت سوود لە ئایین وەربگیرێت بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونییمان. “ئایین بۆ بێئایینەکان” هەوڵی داڕشتنی جێگرەوەیەکی نوێیە بۆ دیبەیتی دوورودرێژ و لەمێژینەی نێوان باوەڕدار و بێباوەڕان سەبارەت بە ئایین، هەوڵی داڕشتنی ڕێگایەکە لەنێوان باوەڕهێنانی تەواو و ڕەدکردنەوەی تەواوی ئاییندا.
چی دەبێت گەر ئایینەکان نە بە تەواوی هەڵە و نە بە تەواوی ڕاستیش بن؟ چی دەبێت گەر ئایین نە ئەو حەقیقەتە ڕەهایە بێت کە باوەڕدارە فەندەمێنتالیستەکان بانگەشەی دەکەن و نە ئەو وەهمە ڕەهایەش بێت کە بێباوەڕە فەندەمێنتالیستەکان دژایەتیی دەکەن؟ لەودیو هەریەک لەم دوو تێڕوانینەوە، دە بۆتۆن لەم کتێبەیدا، بە سوودوەرگرتن لە چەند فەیلەسووفێکی گرنگی وەک ئۆگەست کۆمت، ماتیۆ ئارنۆڵد و جۆن ستیوارت میل، ئەو وانە گرنگانە دەخاتە ڕوو کە ئایین دەتوانێت فێرمان بکات؛ ئایین، کە لە دیدگای دە بۆتۆندا، ڕەها و بانسرووشتیی و خودایی نییە، بەڵام تەواو بێکەڵک و بێماناش نییە.
ئەم کتێبە ٢٨٩ لاپەڕەیە و نرخەکەی ٦ هەزار دینارە…