ئەحلام مەنسوور لە ساڵی (١٩٥١)، لە گەڕەکی هەژارنشین و لانکەی خەباتی شیوعی، (عەبدوڵڵا بەگی خانەقین) لە تەنیشت پیسی (کۆردەوە) لەدایک بووە، بەڵام نزیک لە باخی هەنار و پرتەقاڵ و لیمۆ و خورما و توو و گوڵەباخەکەی (مەحمود مەسعود) لەدایک بوو، لەو گەڕەکەدا کە چەندین ڕابەری شیوعیی وەک (نەسرەدین مەجید، محیدین دای زادە، کەمال یاسین و ئیبراهیم نایف) لەدایک بوون و ژیان. ئەڵوەن ڕۆحی یاخیبوونی بە ناوی (نان و ئاو و کاری هاوبەش) لە گیانی کچەکەیدا ڕواند و ئەمیش هەر لە منداڵییەوە ڕوخساری قێزەونی زوڵم و زۆرداریی ناسییەوە و لە نێو ئازار و نەهامەتییەکانی هەژاراندا پێ گەیشت و پاشان جانتاکەی پێچایەوە و ملی ڕێگەی هاتونەهاتی گرتە بەر. باوکی ئەحلام (مەنسوور عەلی ئەکبەر) لە (پاڵاوگەی ئەڵوەن کارمەند بوو، دایکیشی (ڕەسمیە محەمەد ساڵح) کچی (حاجی محەمەد ساڵح بەزاز) بووە، چوار برا و خوشکێکی هەیە. ئەحلام لە ساڵی (١٩٥٦) دەخرێتە بەر خوێندن و لە ساڵی (١٩٦٢) قۆناغی سەرەتایی و ساڵی (١٩٧٠) قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی لە (خانەقین) تەواو کرد و هەر لەم دەمەیشدا بوو بە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.

لە ساڵانی خوێندنی ئامادەیدا لەگەڵ هاوڕێکەی (لەیلا قاسم) پێکەوە چالاکیی قوتابخانەیان بە ڕێوە دەبرد. پاشان ساڵی (١٩٧٠) لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆی (بەغدا) وەرگیرا و هاوڕێکەیشی (لەیلا قاسم) لە بەشی کۆمەڵناسی وەردەگیرێت. ئیدی لەوەیش بەدواوە ئەحلام هۆگری ئەلفبای زمانی کوردی بوو، هاوڕێکەیشی ئاشنایەتیی لەگەڵ کتێبەکانی (عەلی ئه‌لوردی) پەیدا کرد و لە بەشی ناوخۆیی کۆلێژی ئاداب پێکەوە درێژەیان بە خوێندنەکەیان داوە.

هاوکاتیش ئاشنایەتیی لەگەڵ هەردوو مامۆستا (ڕەفیق سابیر) و (هێمن)ی شاعیردا پەیدا کرد کە بێگومان ڕۆڵیان لە پێگەیاندنیدا دەبێت و فێری چیرۆکنووسین و خوێندنەوەی مارکسیزمیان کردووە. هەر لەم دەمەیشدا ئەحلام چەند شیعرێکی کورتی بە زمانی عەرەبی و چەند کورتەچیرۆکێکی بڵاو کردەوە.

شاعیری عێراقی، حەمید قاسم لەبارەی ئەحلامەوە دەڵێت: “ئەحلام زۆر ماندوو بوو، وەکو هەر جەنگاوەرێک لە زۆر بەرەدا دەجەنگا، بەدبەختیی زۆر پاڵی پێوە نا بەرەو بێدەنگی و سەرقاڵبوون دوور لە داهێنانەکەی.”

وەک یەکەمین ژنەڕۆژنامەوانی کورد لە ساڵی (١٩٧٤-١٩٧٥)دا لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. یەکەم نەوبەرەشی بە ناوی (ئامە ڕەش)ەوە بڵاو کردەوە کە باسی لە ڕووداوەکانی شاری (خانەقین)ی کردووە.

لە ساڵی (١٩٨٥)دا کۆمەڵەچیرۆکێکی کورتی نووسی و لەژێر ناونیشانی (پرد)دا، کە وەک ڕۆمان لە قەڵەم دراوه‌، بڵاوی کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناحەزی زۆر بوون، پێی نەکرا بەرهەمەکانی لە چاپ بدا.

لە ساڵی (١٩٨٨)یشدا ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەڵوەن)ەوە نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری (ڕۆمانی فێمینستیی سۆسیالیستی)دا. لەم ڕۆمانەدا قارەمان (ئامە ڕەش) و دەیان ژن و کچی هەژار بە هەموو کێشە و ئاریشەکانیانەوە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا دێنە گۆ.

هەر لەم ساڵانەدا تووشی چەندین کێشە و گرفت بووە. لەم کاتەدا لە گۆڤاری (وعی العمال) کار دەکات و پاشان کە فەرمانگەی کشتوکاڵ دامەزراوە، لە کارەکەی دەرکراوە.

ئەحلام لە ساڵی (١٩٨٦)دا هەگبەکەی هەڵگرت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد. چوو بۆ (پاریس) و لە زانکۆی (سۆربۆن) وەرگیرا کە ماوەی دوو ساڵ لەوێ لە خوێندن بەردەوام بوو، وەلێ بە هۆی دەستکورتی و سەرنەکەوتن و بێزاربوونیەوە (پاریس)ی جێ هێشت و گەڕایەوە بۆ (عێراق).

پاش گەڕانەوەی بۆ (عێراق) تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بوو، پاشان سەردانی پزیشکی کردووە و نەخۆشییەکەی چارەسەر کراوە، هەر لەم ماوەیەشدا کاری بۆ دەزگای (ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی) کردووە.

پاش ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١) لە شاری (سلێمانی) جێگیر بووە و هەر لە (زانکۆی سلێمانی) لە بەشی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی دامەزراوە و درێژەی بە بەرگریکردن لە ژنان و هەژاران دا.

ئەحلام مەنسوور جگە لە ڕۆمانی (ئەڵوەن) و (پرد)، چەند کتێبێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: (خەون و خوێن)، هەروەها (دیس تۆپیا) و کتێبی (ئەزموون). ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی ماجستێری لە کورتەچیرۆکدا وەرگرتووە و دواتریش دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم بۆی بڵاو کردووەتەوە.

پاشان لە ساڵەکانی (٢٠٠٠) بەدواوە وەکو نووسەر لە ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) دادەمەزرێت و پاشان دەست دەکات بە نووسینی وتار، لە ساڵی (٢٠٠٩)ەوە لە دەزگای (چەتر) بەردەوام دەبێت و گۆشەیەک بە ناوی (خەون و خوێن)ەوە دەنووسێت.

ئەحلام وەک خۆی لە کتێبی (ئەزموون)دا دەڵێت: “لووتم بەرزە، لە کەلی شەیتان نایەمە خوارەوە، خاوەن قسە و هەڵوێستی خۆمم.” کچەکەی ئەڵوەن هەر بەو شێوەیە و بە لووتبەرزی لە بەرانبەر پارە و دەسەڵات مایەوە، تا لە ڕێککەوتی (١٠/١/٢٠١٣) دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە لێدان ڕاوەستا و ماڵئاوایی لێ کردین.

دەتوانن تەواوی ژیان و بەرهەمەكانی ئەحلام مەنسوور لە ژمارە (90)ی بڵاوكراوەی ڕۆڤاردا بخوێنەوە.

ناردن: