ئەلفەرید  دو مۆسییە، وەک بۆدلێر، زۆر نەژیا. ساڵی 1810 لە پاریس هاتووەتە دونیا و ساڵی 1857 لە تەمەنی 47 ساڵیدا، هەر لە پاریس کۆچی دوایی دەکات. ژیانی لە نێوان ئەو دوو مێژووەدا، ساتێک بە هێمنی و ئارامی تێپەریوەو زۆربەی ساتەکانی دیکەی بە جەنجاڵی و پەرێشانی بردوەتەسەر.  لەراستیدا ئەو لە پاریس، چووەتە باشترین قوتابخانەکانی فەرەنسا، بۆ نموونە وەک ئامادەیی هێنری چوارەم. مۆسییە لەبەر ئەوەی سەر بە چینی ئەرستۆکراتی فەرەنسا بوو، ئەم چینەش منداڵەکانی خۆیان تەنها دەناردە باشترین قوتابخانەکان. دواتر بڕیار دەدات لە زانکۆ بڕواتە کۆلێژی ماف، پاشان پزیشکی خوێندووە. بەڵام خوێندنی توێکاری-التشریح- لە کۆلیژ، وایلێدەکات هەست بە ترس بکات، بۆیە ئەم پسپۆڕییە جێدەهێڵێت و لە شەقامەکانی ئەلسان جێرمان دی بری، وەک سەرگەردانێک و وێرانەحاڵێک دێت و دەچێت. باش بوو وایکرد. منیش رۆژێک لە رۆژان، لە زانکۆی حەلەب، هەمان شتم بەسەردا هات. ساڵی 1969 بۆ یەکجار رۆشتمە هۆڵی توێکاری و چیتر سەرم بەو هۆڵەدا نەکردەوە، لە دڵی خۆمدا بە خۆمم وت: مەحاڵە من ببم بە پزیشک. بۆ خۆشبەختی من حەزو مەیلێکی ئەدەبی زۆرم هەبوو، هەرگیز حەسرەت بۆ ئەوە ناخوازم کە لە خوێندنی پزیشکی بەردەوام نەبووم. من لە بری ئەوەی توێکاری بۆ مرۆڤ بکەم، توێکاریم بۆ قەسیدە کرد.

دواتر کەسێک مۆسییە بە فیکتۆر هیگۆ و ئەو گروپە رۆمانسییە دەناسێنێت کە لە دەوری فیکتۆر هیگۆ کۆببوونەوە. ئیدی مۆسییە لێرەوە دەست دەکات بە خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و گفتووگۆی فەلسەفی کە نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. جگە لەوە ساڵۆنە ئەدەبییەکانی پاریس دەناسێت و دەبێتە شەیدای ئافرەت و ئازادی و شیعر. ئەمەش باشترین شتگەلێکن کە مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە ئەنجامیان بدات. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دیوانە بەراییەکانی، سەرکەوتنێکی لەرادەبەدەر بەدەستدەهێنێت. دیوانی یەکەمی بەناونیشانی (گەشتێک لەژێر تریفەی مانگدا) بوو، ئەوە ناونیشانێکی رۆمانسییە بە پلەی نایاب. وەلێ سەرکەوتنەکانی، توڕەیی گروپی- بازنەی- رۆمانسییەکانی لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەم گروپە لەو بڕوایەدا نەبوون مۆسییە تا ئەو ئاستە بلیمەت بێت. ئێوە زۆرباش دەزانن، لە ناو شاعیراندا، چ ئیرەیی و حەسوودییەکی ترسناک لەئارادایە، شاعیران لە خانمان زیاتر غیرە لەیەکتر دەکەن. ئایا ئێوە بینیوتانە خانمێک ددان بە جوانی خانمێکی دیکەدا بنێت؟ مۆسییە خەریکبوو لە ئاسمانی شیعردا، شان لە شانی مامۆستاکەی بدات، واتە فیکتۆر هیگۆ. ئەمەش بە تەواوی قەدەغە بوو. لەبەر ئەوە پەیوەندی بەم گروپە پاریسییەوە پچڕاند و بە تەنها هەر خۆی لە دەرەوەی پۆل دەیخوێند.

ساڵی 1833 یەکتربینینێکی مێژویی لەنێوان مۆسییە و ئەو خانمە نووسەرە ناودارەدا دێتە ئارا کە ناوی پیاوێکی لەخۆینابوو: جۆرج ساند(٣). مۆسییە ئەم خانمەی بە جۆرێک خۆشویست وەسف ناکرێت و بەهۆی ئەم خۆشەویستییەشەوە تا دواسنور ئازاری چەشت. دەرئەنجامی ئەوەش جوانترین شیعرو قەسیدەی رۆمانسی هاتنەبەرهەم. رەنگە خۆشەویستییەکەی هۆکاری زوو مردنەکەی بووبێت، چونکە دوولبەرەکەی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا خیانەتی لێکرد، ئەمەش تابڵێی ئازاری دا. ئەم خانمە بوێرو چاونەترسە زۆر پێش سەردەمەکەی کەتبوو، بە چاوە سیحراوییەکانی کە زەحمەتە بەرگەی بگریت، لەیەکەم بینینەوە سەرنجی مۆسییەی رادەکێشێت. ئەویش بەو پەڕی هێز و پەرۆشییەوە مۆسییەی خۆشویست. خۆشەویستییەکەی نێوانیان عەشقێکی شێتانەی گڕگرتوو بوو، تێیدا هەمو ساتەکانی بەختەوەری و هەمو ساتەکانی نەهامەتی ژیان. ئا ئەمەیە خۆشەویستی و عەشقی رۆمانسی کە تەنها بە کارەساتی گەورەو دابڕانی تاڵ کۆتایی دێت.

هەندێک پێیانوایە خۆشەویستی بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبێنێت، پێویستە لە نێوان هەردوو عاشقەکەدا، جۆرێک لە جیاوازی ئاستی کۆمەڵایەتی یان رۆشنبیریی هەبێت. زۆر بەداخەوە ئەمە لە پەیوەندی نێوان شاعیری گەورەو و ئەو خانمە رۆماننووسە مەزنەدا رووینەدا. چونکە هەردووکیان لە بوارەکەی خۆیاندا بلیمەت بوون، هەردووکیان ئەدیبێکی پلە یەک بوون. لێرەوە مەحاڵ بوو خۆشەویستییەکەیان تا ئەبەد بەردەوامبێت. عاشقە فەرەنسییەکان کاتێ بیانەوێت لە کەشوهەوای خۆشەویستیدا چەند ساتێکی خۆش بەسەربەرن، روودەکەنە ئیتالیا، ئەمانیش هەمان شتیان ئەنجامداو پێکەوە سەفەریان کرد بۆ ئیتالیا. رۆشتن بۆ شاری بوندوقییە، جوانترین شاری دونیا بۆ شاعیرێکی عاشق و ئافرەتێکی خۆشەویست. بەڵام بۆ بەدبەختی و چارەڕەشی، مۆسییە دووچاری نەخۆشی و پەتای (تا) بەرزبوونەوە دەبێت، ناچار دەیبەن بۆ نەخۆشخانە. لەوێ لە نەخۆشخانە، جۆرج ساند ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو پزیشکەدا پەیدا دەکات کە هاتووە مۆسییە چارەسەر بکات. پزیشکەکە گەنجێکی ئیتاڵی قۆز بووە، جۆرج سند دەمودەست ئەو پزیشکە گەنجەی خۆشدەوێت، ئیدی مۆسییە جێدەهێڵێت کە بەتەنها لەسەر جێگای نەخۆشییەکەی دەیناڵاند و بەدەم هەڵکێشانی ئاه و حەسرەتەکانییەوە تاکو بەیانی دەتلایەوە. مۆسییە تا بەرەبەیان، تا هەڵهاتنی خۆر، چاوەڕێی دەکرد خۆشەویستەکەی لەو سەرکێشییە سۆزدارییەی لەگەڵ دڵدارە تازەکەیدا بگەڕێتەوە. ئێستا ئێوە بارودۆخەکە بێننە بەرچاوی خۆتان، مۆسییە لەو ماوەیەدا، جوانترین شیعری رۆمانسی لە زمانی فەرەنسیدا نووسی. شیعرەکانی بەناوی (شەوانی مۆسییە) بوو، چونکە لەو شەوانەدا نووسینی کە بەدیار هاتنەوەی خۆشەویستەکەیەوە، تا بەرەبەیان و دەرکەوتنی خۆر دادەنیشت. ئەو خانمە مەکربازە: جۆرج سند، مۆسییەی کوشت.

دواتر لە ساڵی 1855 بە تەواوەتی لەیەکتر دادەبڕێن و جیادەبنەوە، واتە دوای تەنها دوو ساڵ لەیەکتر ناسینەکەیان. بەم شێوەیە، ئەم خۆشەویستییە زۆری نەخایاند و درێژەی نەکێشا. تەمەنی خۆشەویستی بەلێشاو و چڕ، هێندەی تەمەنی گوڵەکانە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خۆشەویستییە کەم تەمەنە، لە دڵ و دەروونی مۆسییەدا مەزنترین کاریگەری بەجێدەهێڵێت و تا کۆتایی ژیانی لە بیرو ئەندێشەیدا دەمێنێتەوە، لە قووڵایی ناخیدا ببوە برینێک سارێژبوونی نەبوو. ئەم شاعیرە مەزنەمان، لەم بەڵاو کۆستە گەورەیەدا، بەتێکشکانێکی تەواوەتییەوە دێتەدەرەوە، ئالەو ساتەوەختەدا، جوانترین هۆنراوەی گۆرانی لە زمانی فەرەنسیادا نووسیوە. ئەی من پێم نەووتن خۆشەویستی دۆڕاو هەزار جار لە خۆشەویستی سەرکەوتوو باشترە؟

لێرەوە ئەلفەرید دو مۆسییە، سەبارەت بە خۆشەویستی، دەبێتە خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی و دەڵێ: خۆشەویستی تا سەر بڕ ناکات یان بەردەوام نابێت، خۆشەویستی رۆژێک لە رۆژان دووچاری خیانەت دەبێت. بەڵام ساتەکانی خۆشەویستی هەرگیز لەبیر ناکرێن، جوانترین شت لە خۆشەویستیدا، ئەو یادگارییەیە کە دوای کۆتایی هاتنی خۆشەویستییەکە، هەر دەمێنێت و ناسڕێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا دەنووسێت و دەڵێ: لەوانەیە یادگارییەکی خۆش لەسەر زەوی، لە خودی خۆشی-السعادە- جوانتر بێت. بەو مانایەی نموونەی ناو خەیاڵ لە واقیع خۆشترو باشترە. کەواتە بۆچی لە جیهانی ئایدیاڵی خەیاڵدا نەژین؟ بە مانایەکی تر: پێویستە ئێمە چیرۆکێکی خۆشەویستیمان هەبێت و بۆی بژین، نەک لە پێناو خۆشەویستیدا، بەڵکو لە پێناو ئەوەی دواتر بێتەوە بیرمان و یادی بکەین، بۆ ئەوەی بەردەوام بەدوای خۆمانەوە پەلکێشی بکەین، بۆ ئەوەی لەسەری بژین.

بەم جۆرە ئەلفەرید دو مۆسییە، سەلماندی ئەو بەڕاستی کەسێکی رۆمانسییە و لەسەر یادگارییەکان دەژی، لەسەر ئەو چرکە ساتانە دەژی کە تێپەڕین و چیتر ناگەڕێنەوە، ئەو لە ئێستادا ناژی، ئەو لەسەر ئەو چرکە ساتانە دەژی کە لە زمانی بیانیدا پێیدەوترێت: (نۆستالیژیا)، واتە پەرۆشی و سۆزێکی گەورە بۆ رابردوو، بۆ خۆشەویستی کۆنی لەدەستدەرچوو. شاعیری گەورە مۆسییە، لە سەرەتای ساڵی 1840وە، بەدەست کۆمەڵێ نەخۆشی زۆرەوە گیرۆدە دەبێت، لەوانە تا بەرزبوونەو نەخۆشی دڵ، هەمو ئەو نەخۆشیانە لە دواجاردا دەبنە هۆکاری زوو مردنەکەی. بەڵام چەند ساتێک پێش مردنی، ئەم گوزارشتەی لە دەم دەردەچێت: (دەمەوێت بنووم! دواجار دەنووم و بۆ هەتاهەتایە پشوو دەدەم). بە راستی ئەو لە سەرەتاوە تا کۆتایی، کەسێکی رۆمانسی بووە. ئایا مۆسییە، ئیبراهیم ناجی و جبران خەلیل جبران و ئەوانی دیکەتان بیرناخاتەوە؟

وەلێ مۆسییە پێش ئەوەی ماڵئاوایی یەکجاریی لە ژیان بکات، لە فەرەنسا بەرزترین پلەی ئەدەبی بەدەستهێنا، ئەو لە ساڵی 1852 لە تەمەنی 42 ساڵیدا، دەبێتە ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسا، ئەمەش شتێکی دەگمەن و ناوازەیە. داهێنانەکانی مۆسییە، تەنها تایبەت نەبوون بە شیعر، بگرە چەندین کتێبی گرنگی پەخشانئامێزی بڵاوکردووەتەوە، لە بەناوبانگترینیان کتێبی (دانپیانانەکانی یەکێک لە نەوەکانی سەدە- اعترافات احد ابناء القرن)، رەنگە ویستبێتی لاسایی دانپیانانە بەناوبانگەکەی جان جاک رۆسۆ بکاتەوە. مۆسییە لەو کتێبەیدا، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستییەکەی لەگەڵ جۆرج ساند، تێیدا لە چەندین لاپەڕەی پڕ خەم و پەژارەدا، باس لەو رۆژانە دەکات کە تێپەڕین و بەسەرچوون و لە ناخیدا تاڵترین و خۆشترین یادگارییان بەجێهێشتووە. هەروەها باس لە کەلتوورو داب و نەریت و جۆری بیرکردنەوەی سەردەمەکەی دەکات. لێرەوە ئەم کتێبە، بە تەنها وێنەیەکی گرنگمان لەسەر شاعیرو خۆشەویستە نامراد و شکستخواردووەکەی ناداتێ، بەڵکو وێنەیەکی گرنگمان لەسەر تەواوی سەردەمەکە دەخاتە بەردەست، ئەوە هاواری بە ئازاری یەکێک لە رۆڵەکانی سەردەمەکەیە. سەرەڕای ئەوانە، کتێبەکە دێکۆمێنتێکی قووڵە لەسەر ئەو برینە گەورەیە، یان لەسەر ئەو نائومێدییە تاڵەی، دوای کەوتنی ناپلیۆن، دووچاری نەوەی فەرەنسا ببوو. کەواتە ئەم کتێبە بە تەنها کتێبێک نییە گوزارشت لە حاڵەتی عەشقێکی تاکەکەسی بکات، بەڵکو کتێبێکە گوزارشت لە نەخۆشی سەردەمەکەی دەکات.

خانمە نووسەری تەڵەکەباز جۆرج ساند، دوای مردنی مۆسییە، بە کتێبێک کە ئەم ناونیشانەی هەیە (هی و هو) وەڵامی مۆسییە دەداتەوە. براکەی مۆسییە، پۆڵ دو مۆسییە، بە کتێبێکی پێچەوانە کە ئەم ناونیشانەی هەیە (هو و هی) وەڵامی جۆرج ساند دەداتەوە. ئەمەش مانای وایە چیرۆکی عەشق و خۆشەویستییەکەیان سەرتاپای سەدەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو. هەردووکیان یەکتریان وێرانکرد، لەم ئاڵوگۆڕەی یەکتر وێرانکردنەدا، جوانترین لاپەڕەکانی ئەدەبی فەرەنسی هاتنەئارا. هەندێجار زیادڕەویی دەکەم کە دەڵێم مۆسییە ئەوی وێرانکرد، لە راستیدا جۆرج ساند وەک چۆن پێلاوەکانی دەگۆڕی، ئاوا خۆشەویستەکانیشی دەگۆڕی. لەم لایەنەوە لە گۆرانیبێژی ناودار ئەدیس بیاڤ(٤)دەچێت.

مۆسییە کۆمەڵێک وتەی بەناوبانگی هەیە، لەوانە:

هیچ شتێک هێندەی ئازارێکی مەزن، مەزنمان ناکات!

دواتر شاعیری رۆمانسی فەرەنسی، ئەم دەستەواژە گرنگە دەڵێت: شیعر گرنگە، بەڵام مۆسیقا گرنگترە. ئەم وتەیە وامان لێدەکات ئەم پرسیارە بخەینەڕوو: بێ شیعر، مۆسیقا چ مانایەکی هەیە؟ یان راستتر شیعر چ مانایەکی هەیە بێ مۆسیقاو ئاواز؟ مۆسیقا جەوهەری هونەرو بوونە.

مۆسییە لە شوێنێکی دیکەدا دەڵی: ئەوە مۆسیقا بوو وایکرد بڕوا بە یەزدان بێنم. ئەم پەرەگرافە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر خۆشەویستی مۆسییە بۆ مۆسیقاو هۆگربوونی بە مۆسیقا. لە راسیتدا مۆسیقا زمانێکی گەردوونی نەمر پێکدەهێنێت کە هەمو مرۆڤەکان لێی تێدەگەن. تۆ بۆ ئەوەی لە شیعری ئەڵمانی تێبگەیت، پێویستە زمانی ئەڵمانی بزانیت. بەڵام تۆ بۆ ئەوەی چێژ لە مۆسیقای مۆزار یان بتهۆڤن یا باخ وەربگریت، هەرگیز پێویستیت بە زانینی زمانی ئەڵمانی نییە. مۆسیقا زمانی هەمو گەردوونە، مۆسیقا لە پشت هەمو زمانەکان و کەلتوورە زمانەوانی و رۆشنبیرییەکانەوەیە، مۆسیقا زمانێکی باڵایە لە سەرەوەی هەمو زمانەکان.


سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط ، 11 تەموز، 2017

ناردن: