
داڤید گۆمیس
و. ئەحمەدی مەلا
داڤید گۆمێس شاعیرێکی لاوە، ئەم دەقانەی لە ئیسپانییەوە وەردەگێڕمە سەر زمانی کوردی و پێشکەش بە خوێنەرانی دەکەم. ئەم دەقانەی ئێرە لە دووتوێی نامیلکەیەکدا بە فۆتۆکۆپیو بە کاری دەستیی ئامادە کراون. گۆمێس تەمەنی ٣٤ ساڵە و لە تەمەنی ٩ ساڵییهوە دەنووسێ، لە بەرشەلۆنە لەدایک بووەو لە کاستییا لامانچا خوێندنی ئۆمانیتێی خوێندووە. نووسین بەشێکی گەورەیە لە ژیانی و دەڵێ نووسین «پێداویستی»یە.
نامیلکە نوێیەکەی نێو ناوە «ئەنتۆلۆژیا ١» و بنەمایەکی پتەوی هەیە. ٩ ناونیشان و هەر دەقێکیشی بە «پیست» ناو دەبات. «پیست» چەند مانایەک لەخۆ دەگرێ، یەکێکیان ئهو ڕێڕەوەیە کە فڕۆکەی لەسەر دەنیشێتەوە، یا پاسکیلسواران وەرزشی لەسەر دەکەن، وەرزشی ئوتومبێلیش هەڵبەتە «پیست» بەکار دەهێنن بۆ کێبڕكێ، هەروەها «پیست» بەو ڕەگەزە و ئەلمیتەش دەوترێت، کە ئاسانکاریمان بۆ دهكات بۆ ئەوەی مەتەڵێک هەڵبهێنین، نهێنییەک بدۆزینەوە.
سەرەتا بە دەقێک دەست پێ دەکات، کە ناونیشانی نییە، لە خوارەوەش نووسراوە «سەرنجی نووسەر» و کۆتایی بەو دەقە هێناوە.
ئەم «سەرنجە» بۆچوونی شاعیرە لەمەڕ کردەی شیعرنووسینەوە. داڤید شیعر دەنووسێ و گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێ و لە دەرگای ماڵان دەدا و پێیان دەڵێ : «ئەم نامیلکەیە تەنها یەک ئیرۆی تێچووە و من بە دوو ئیرۆ دەیفرۆشم».
بازدانێکە بەسەر هەموو شــتێک و هەوڵێکی تایبەتی لــە خۆناساندنو ناساندنی شیعرەکانی. سەرنجی ناوبراو بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:
دەقی یەکەم
«کاتێک ڕووناکیی شیعر دڵ و دەروونت داگیر دەکات و ژیانێکی نوێ دەبەخشێتە دڵت، کە جاران وەکو ماکینەیەکی کۆن ترپەترپی دەکرد، بارستایی ڕۆژگاری لەسەر دادەنیشت؛ کاتێک ڕووناکیی شیعر یەک بە یەک خانەکانت بەسەر دەکاتەوە، هەموو ئەتۆمێکی جەستەت داگیر دەکات و شیعر لە پێستەکەت دادەچۆڕێ، ئا ئەم ڕووناکییە ڕێنماییت دەکات و بەرەو شیکلی جیهانێکی دیکە ئاڕاستەت دەکات، بە ئیرادەیەکی نوێیەوە، کە تەواو هی تۆ نییە (…) نازانم، بەڵام شتگەلێک هەن، بە تەواوی ژیانت و بۆ هەتاهەتایی تووشی وەرچەرخان دەکەن. نابێ وەکو یەک بێت دوای سەفەری یەکەمی پیاوانی فەزا، یا ئەو سەربازەی دوای جەنگ و کوشتار دەگەڕێتەوە ماڵ. هەمووان، کەم تا زۆر، لە دوای ئەو ڕووناکییەوە، ئیدی وەکو جاران نین. کاتێک ئەزموونی سیحری شیعر دەکەین، شتێکی لەم جۆرە ڕوو دەدات. بەشێک لەو سیحرە، دەمەوێ، لێرە، لە دووتوێی ئەم نامیلکەیە، لەگەڵ ئێوە بەسەری بکەمەوە، چونکە بەڵێ سیحر بوونی هەیە… لێرە ئامادەیە. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، لەگەڵ یەکەمین ڕوانین بەرچاومان دەکەوێت».
ئێپیگراف (دەسپێک)
«لەم ساتەوەختەدا پێی دەڵێم: وچانێک! تۆ زۆر جوانی!»
گۆتە
لێرە…
لەو شوێنەی ساڵان لەیەک دەدەن و…
گێژاوی ژیانەکان
لە نێو مەرکەبدا دەتوێنەوە،
ئا ئەمە ڕەچەڵەکی هەموو شتێکە.
ساتەوەختیک…
تاقە کاتی ڕاستەقینەیە
کە هەیە.
وەکو ئەوەی ئێستا هەین…
(کاتێک دەنووسم
یا ئەو دەمەی ئەمە دەخوێنیتەوە…)
ئەو دەمە… بە هەققەت
ئەمە شیعرە بوونی دەبێ و
تۆش لە مندا دەژیی.
پیستی(١)
«تۆ دەبیتە شاعیر» ڕامبۆ
خەونم بینی تۆ ون ببووی لە گەردوون…
منیش لەو نێوەندە بۆت گەڕام – وەک چۆن لە چارەنووس دەگەڕێین-
هەرگیزیش لە سووچی کۆڵانیش نەدۆزرایتەوە،
بەڵام نەم بینیت…
لەو جیهانە شیکل ڕەهایە بۆ خۆت ون بووی.
لەو شوێنانە بۆت گەڕام کە تاق بوون…
لە نێو خەونە ناخۆشەکان ون ببووی، کە شوێنەکەی پێ نازانن،
بەڵام نەم بینیت…
هەروەها چاوم بە قەدەری خۆشم نەکەوت.
گریمانی ئەوەم کرد کە لە دەرەوە تۆ نادۆزمەوە…
وازم لە گەڕانت هێنا،
بەڵام تۆ لەوێ بەردهوام بووی؛
ئەوەشم زانی کە تۆ ئیدی ئەوەی لە مندا دەژی
و منیش دەژیم،
ئەو شەوانە زانیم، لەنێو بێدەنگیدا،
بە ئاستەم لەنێو هاواردا لێت دەگەڕام،
وەکو نوزانەوەی زارۆڵێک
کە نایەوێ ونت کات…
کاتێک لێت نەدەگەڕام، ئەودەم زیاتر تۆم دەدۆزییەوە.
لە ناوی تۆم پرسی
– ناوێک بوو کە کەس لە توانایدا نەبوو ڕوونی کاتەوە-
بە کوولەکەی ڕۆحم خەونم بە گۆرانییەکی مەزنەوە بینی،
لە زارمەوە، بە هێوری، بەبێ ئەوەی پێی بزانم، بێدەنگ…
ناوتی هێنا؛
ناوەکە… لە لاپەڕەی داهاتووە.
(پیستی ٢)
ئایا سەیری ڕابردووی هەتاهەتا دەکەی؟
دەگەینە خەونی شین!
بۆ لاورا
١
ڕچەیەکی هەتاهەتا کە پیتەکان دەیگرنە بەر
چەشنی شوێنپێی بەبێ ئاڕاستە کە هەردووک سەیری دەکەین
دەکرێنەوە لە نێو هەوا درزەبارانێکی سووک
بە شیکل و شێوە خۆیان بە جەستەی ڕووناکییەوە هەڵواسیووە.
ئارەزوومەندم وێنەکێش بوومایە -لە گەڵ ئەوەی کە دادەنیشتی
بۆ ئەوەی ئەم هۆنراوانە بخوێنیتەوە- شێوەیەکی ورد نییە
دوورتر لە سنووری خۆشەویستی، بەڵام دەزانم کە ناتوانم
بە وشە گوزارشتی لێبکەم ئەوەی دەمەوێ پێتی بڵێم؛
تۆ جوانتر گوزارشتی لێدەکەی. تۆ هەستی منی.
وەکو مەرەکەبی ڕژاو، دێڕ بە دێڕ، کەوتبێتە بەر با
شێوەی عیشقێک کە لەگەڵ کاتدا دەمێنێتەوە.
٢
(پیستی ٣)
تەنها کاتێک تۆ ئەم شیعرە دەخوێنیتەوە
بوونی دەبێ، ئەگەر حەز دەکەی بوونی هەبێ،
کەواتە لە نێو بوونی خۆت نیشتەجێ بە
-وەکو من- هەمیشە نوێ، سەرباری تێپەڕینی ساڵ لە دوای ساڵ…
تۆ شیعری منی بەرزتر لەم هۆنراوانەی من
کە ڕۆژێک لە ڕۆژان نووسیمن، ماچ بە ماچ، لەسەر پێستەکەت
وەکو چۆن گەمییەکی چارۆكەدار ڕێڕەوی خۆی لەسەر زەریا جێدەهێڵێ
ناوبەناویش شەپۆلیش ڕابردوو دەسڕێتەوە.
کارمەن
١
(پیستی ٤)
چۆن بتوانم سەرجەم وشەکانی دونیات بۆ بنووسم…
پەیامەکان شیتەڵ کەم، سەرجەم دەرگاکان بکەمەوە؟
ئەوەم کەشف کرد کە لە جەستەتدا خەرەندێکی بچووک هەیە
بۆ هەتاهەتایی دەکرێتەوە و ڕام بپێچێ تاکو خۆی؛
جیهانێکی نوێ لەپێش چاوم دەکرێتەوە…
هەست دەکەم کە شتەکان شیکلیان گۆڕاوە.
ئێستێک دەکەم -تەنها ساتێکە- لە نێو مەرگدا پێچراوەتەوە.
هەسارەکان دەورانی بێوچانی خۆیانیان هەیە.
ئەستێرەکان لە نیوهشەودا ڕادەوەستن.
کات ئیدی ناخولێتەوە لە نێو کاتژمێرەکانیشدا؛
کەچی تۆ هەر لەوێی…
وێڕای چاوە ڕۆشنەکانت، وەکو زەریا لە ناومدا لێدەدا،
حەز ناکەی لە نیوەڕێگای خەرەنددا بەجێم بهێڵی؛
ڕووتیشم، لە عەدەمدا، بەرەو خۆت ڕاپێچم دەکەی
وەکو ئینسانی یەکەم دوورتر لە بن و بنەچەی.
هەنووکە دەزانم ئەتۆ کێی.
پێویستیم بەوە نییە بەدووتدا بگەڕێم.
تاقە وشەیەک هەموو سیحرەکان هەڵدەوەشێنێتەوە؛
تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش کۆتایی بێ…
تەنانەت ئەگەر بێت و تا ئاستی ئەم وجودە لێڵە دابەزی،
سەیری چاوانت بکەم، کاتێک هەموو شتێک دەگوزەرێ،
لەم کاتە ئەبەدییە ڕێگای هەڵهاتنت پێشنیاز دەکەم…
پێکەوە دەبین
جارێکی دی بە ئاسوودەیی…
٢
(پیستی ٥)
بە خەوتووی نێو خەوەنەکانم دەچیت
بە نووکی ڕووناکییەک دەکەیت کە شەو بارگاوی دەکەی…
نزیکی دواسنووری فەزام دەبیتەوە و
تەلاشی ونکردنت دەکەم.
تەنها سێبەر هەن بەبێ ژیان،
بەتاڵی لە ئامێز دەگرم…
خۆم بە دەستی خۆم ڕۆحی خۆم دەتوقێنم،
دەمرێت و خەونەکانم هەڵدەلووشێ -تا دێتیش تاریکتر-
وەکو بوونەوەرێک کە نەبێ.
من تەنها لە گەڵ خەونێک کە پێکەوە دادەخرێین؛
هێدی هێدی دەمرم و تێدەگەم –درەنگیشە-
من خۆم ئەو خەونەم.
لە پڕێکدا دێمەوە ئاگا و دەستت لێدەدەم، ڕووت…
«بە خۆشییەوە!»
ترپەترپت جارێکی دی بە نێومدا دەگەڕێ ؛ دەست لە خۆم دەدەم،
دڵنیا نیم کە لە مەرگ ڕزگارم بێ…
لە نێو زەریایەکی پرسیاردا دەتوێتەوە
نەوازش لەگەڵ پێستت دەکەم.
…………………………..
دەستلێدانێک کە دەخزێ، چەشنی ئاگر،
لەسەرخۆ نەوازش لەگەڵ لەشت دەکەم
لەشی بڵێسەیەکی نادیاری
ئەڤینێکی بەگوڕ.
بارانە ماچەکانم پرسیار دەکەن:
ئایا تۆ وەڵامی؟ هەر خێرا
داتدەنیشێنم، دەبێتە وەڵام و پرسیارگەلێک -عیشق-
وێرای نەوازش هەمدیسان هەمان پرسیار.
ئەی زمانی هاوبەش، خۆی دەدا بە دەستەوە، لێوانلێو!
عیشقی هەناوم خاوەن هیچ زمانێک نییە تا بەرگەی ماچێک هەڵگرێ…
یا بۆ نەوازشێکی سادەی دووبارەبوو
بۆ هەتا هەتا…
سنووری هەردووکمان تەی کات!
٣
(پیستی ٦)
نغرۆم دەکەی، جارێکی دی بەرەو خەرەندی دەمت بەرزم دەکەیتەوە،
بەرەو هەوا پەلکێش دەبم و توڕ هەڵدەدرێم.
ماچەکانی تۆن، وەکو پەڕەمووچی نێو سەرین
لە نێو شەڕی زارۆڵاندا پەڕشوبڵاو بوونەوە، لێومان شکستبارن.
چرپەچرپێکی نەرمونیان فشار دەخەنە سەر پێستەکەت.
لە ناوەوە دەتوروشێنێ وەک سەهۆڵی ئاگر.
ئاهەنگێکی ماچ بە ڕووتی هەڵدەقرچێن
لە نێو پەڕگاڵی چارۆكەیەک لەسەر جەستەت ڕەنگی داوەتەوە
لە ناوەوەت دەسووتێن وەکو ڕۆح…
منیش لە نێو ڕووبارەکە ڕادەگری.
ڕێڕەوەکەت بەرەو زەریا ڕام دەپێچێ و کریستاڵی
دەستەکانت، جارێکی دیش لە نێو ئاگر دەمسووتێنێ و
دەتسووتێنێ لەو شوێنەی کە ئارەزوو نیشتەجێیە…
دووتر لە مەرگ، دوورتر لە ژیان
بەرەو ژیانێکی دی کە لەگەڵ تۆ دەبێ…
تۆ زەریای… منیش با-م کە شەپۆلەکانت دروست دەکا.
تۆ عەردی، منیش ڕووناکی ڕۆ دەچمە بوونتەوە.
ئێمە بەشێکی جیهانین کە هەردووک پێکی دەهێنین
کە شەوان وەردەچەرخێ، لە نێو چەرچەفە سپییەکان،
لە نێو ئەڤیندا.
(پیستی ٧)
«ڕەسیدم پێشکەشی پێکەنینت کرد…»
لۆس ڕۆدریگێس
تەنها زەردەخەنەیەک بە ڕووی ئاسمان
بە نێو سیما غەمگینەکانی بەرامبەری مندا تێدەپەڕن،
تۆ بە تەنها، تەنها تۆ بزە دەکەی -وەکو درزە تیشکێک-
وا دەکات کە هەموو لەگەڵ ژیانی تۆدا بدرەوشێتەوە.
تۆ تەنها نیت، خۆشەویست، من لەگەڵ تۆدام.
تۆ تەنها نیت، خۆشەویست، ئەگەر دەستبەردارم نەبیت…
بۆچی تەنها ئامادەگیی تۆ ڕووناکم دەکاتەوە و
لە عەردەوە تا تۆ بەرزم دەکاتەوە.
ئەمە زەردەخەنەی تۆیە هێمن وەکو زەریا
کە هێدی هێدی لە نێو لمدا گیانی دەدات بە دەستەوە.
زەردەخەنەکانت شینن وەکو شەپۆلی زەریا
شەوان چاوەکانت ڕۆشن دەکەنەوە…
وەک فەنەری سەر منارە بەرزەکانی کەنار
تاکو بەرەو تۆ خۆم داڵدە بدەم لە کاتی باوبۆراندا…
هەندێ جار خەون بەوەوە دەبینم کە خۆم نغرۆ کەمە نێو بوونت
لە نێو خەرهندە بێبنەکانی تۆدا وێڵ بم.
ببمە ئەو بیرۆکە لێڵەی کە خۆی دەرباز دەکات
بۆ ئەوەی لە ناوی تۆ نیشتەجێ بێ کاتی دەنوویت،
بەڵام من تەنها زەردەخەنەی تۆم دەوێ…
لە نێو ئامێزت ببمە خۆشەویست
توند لە نێو خۆیم بگرێ
بۆ ئەوەی بە نێو ژیاندا گوزەر بکەم
ئەوەی تۆ هەستی پێدەکەیت.
بەڵێ، من بە هێزم، خۆشەویست، کاتێک تۆ لاواز بووی،
کاتێک تەنها دڵۆپەبارانێک بەسە بۆ ئەوەی بریندارت بکا
من بۆ تۆ قەڵغان و جەنگاوەرم
بزە و ژیانت دەپارێزم.
خۆشەویست، خۆت حەشار نەدەی.
خۆشەویست، بە نیوەچڵ خۆت پێشکەش ناکەیت
بەبێ چارەنووس.
خۆشەویست، ئەوەی هەموو دەدا
ئەوه هەموو خۆمم کە هەم
ئەوەی دەمدەیتێ دووپات و دووپاتی دەکەمەوە.
خۆشەویست… لە ژیانم زیاتر
بە زەردەخەنەت ڕۆشن دەبێتەوە.
بە ڕۆح خۆشت بوێم
ئەو برینانەی کە ماچەکانی تۆ دروستیان کرد
لەگەڵ خۆت بۆ بەهەشتم بەرە.
بە لەش خۆشت بوێم، بە میهرەبانی،
بە لێکخشاندن من لە خەونی تۆوە پەیدا بووم
کە دەکەوێتە ژێر پێستەکەمەوە.
لەگەڵ جیهان خۆشمت بوێ.
خۆشمت بوێ بە چاو و بە دەستەکانت
بوونت لە هەر ماچێکدا دەدۆزیتەوە
هەمیشە نوێی و جودا…
وەکو خۆت دەتەوێ، خۆشمت بوێ…
ئیدی من هی تۆم، خۆشەویستەکەم، لە هەموو بارێکیشدا
دەست بەسەر ڕووناکییەکانی زەردەخەنەکانت دەگرم.
سەرچاوە
https://www.facebook.com/david.gomezgomez.127?fref=ts