
نووسینی: هاشم ساڵح
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
ئەو کتێبانە چین کە دەمەوێت لە دەستپێکی ئەم ساڵە تازەیەوە، بیانخوێنمەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەم دوایانە لەخۆمم کردووە. لەبەر ئەوەی کتێبخانەی فەرەنسی و فرانکۆفۆنییەکان، هەفتانە دەیان، بگرە سەدان کتێب بڵاودەکەنەوە، بۆیە دەبوایە هەڵیانبژێرم. نیتچە شتێکی ئاوا دەڵێت: (شتگەلێکی زۆر هەیە نامەوێت بیانزانم، چونکە دانایی/حیکمەت، تەنانەت سنوریش بۆ مەعریفە دادەنێت)، ئەوە دەربڕینێکی زۆر جوان و رەوانە، بەیەکجار چەندین مانا لەخۆدەگرێت. سەرەتا مانای وایە بیرمەند، تەنانەت ئەگەر بە قەبارەی نیتچە مەزنیش بێت، ناتوانێت هەمو شتێک بخوێنێتەوە یان ئاگاداری هەمو شتێکبێت. چونکە لە حاڵەتێکی وادا لەوانەیە مێشکی تا ئاستی تەقینەوە پڕببێت.
لێرەوە کارێکی حەکیمانەیە، ئەگەر سنورێک تەنانەت بۆ تێگەیشتن و فیکرو مەعریفە دابنێین. هەروەها ئەو گوزارشتەی نیتچە دەکرێ ئەم مانایەشی هەبێت: پێش ئەوەی دەست بە پرۆسەی خوێندنەوە بکەم، پێویستە سەرەتا دەستنیشانی ئەو کتێبانە بکەم کە شایەنی خوێندنەوەن و ئەو کتێبانەش کامانەن کە شایەنی خوێندنەوەنین؟ کەواتە حیکمەت لەوەدایە سەرەتا سەرجەم ئەو کتێبانە لابدەم کە شایەنی ئەوەنین پێنج خولەک لەکاتی خۆمیان بۆ بەفیڕۆبدەم. چونکە هەم تواناکانی کڕین سنوردارەو هەم تەمەنیش کورتە. ئەگەر خۆم بە کتێبە خراپەکانەوە سەرقاڵکرد، ئیدی چ کاتێکم بۆ دەمێنێتەوە تا تەرخانی بکەم بۆ خوێندنەوەی کتێبە هەرە باشەکان؟ جگە لەوە ئەو گوزارشتەی نیتچە دەکرێت مانای ئەوەبێت لە مەعریفەدا ئەولەویات هەیە، هەندێک شت هەیە دەبێت بیزانیت و هەندێ شتی دیکە هەیە، دەکرێت دەستبەرداری ببیت و بیخەیتە ئەولاوە. دەوترێت تا سەردەمی هیگڵ، فیکر دەیتوانی سەرجەم زانستی سەردەمەکەی لەخۆبگرێت. بەڵام دوای ئەو قۆناغە، مەعریفە بە شێوەیەکی هێجگار گەورە پەرەیسەندو پەلوپۆی هاویشت و فراوان بوو، تا وایلێهات بیرمەند هەرچەندە گەورەو مەزنیش بێت، مەحاڵە بتوانێت ئاگاداری هەمو لایەنەکانی مەعریفە ببێت. کەواتە بژاردە(الاختیار) و پسپۆڕیی پێویستە.
بەو بۆنەیەوەو بە مەبەستی خستنەڕوی گرنگی خوێندنەوەو چێژی خوێندنەوە، رێگەمبدەن ئەم بەسەرهاتە کورتەی خوارەوەتان بۆ بگێڕمەوە. دەوترێت بیرمەندی ناوداری مەغریبی “محمد عابد الجابری” کاتێک هەستی کردووە ئەجەلی نزیکبووەتەوە، ئەم پەرەگرافە کاریگەرو نایابەی وتووە: (ئاه، ئەگەر تەمەن کەمەکێکی دیکەش درێژ بوایەتەوە، ئەوا تێر تێرم لە مەعریفە دەخوارد. کتێبگەلێکی زۆر هەیە خەون بە خوێندنەوەیان دەبینم، بەڵام مەرگ زۆری بۆهێناوم)، ئەوە جوانترین ئاواتە، فەیلەسوف پێش جێهێشتنی ئەم دونیای فانییە، دەریببڕێت و گوزارشتی لێبکات. بازرگان پێش مردنی، خەون بە سەفقەی تازەو مەلاینی تازەوە دەبینێت. بەڵام پیاوی فیکر، تەنها خەون بە کتێبخانەکانەوە دەبینێت، تەنها حەسرەت بۆ ئەو کتێبانە دەخوات کە کاتی نەبووە بیانخوێنێتەوەو بزانێت چیان تیانووسراوە. کەواتە ئەو کەسە راستی وتووە کە دەڵێت: دوو زۆر خۆر تێرناخۆن، ئەوەی داوای مەعریفە دەکات و ئەوەی بە دوای پارە کەوتووە.
دوای ئەم پێشەکییە کە تا رادەیەک درێژ بوو، ئێستا دێمە سەر کرۆکی بابەتەکە و سەرلەنوێ پرسیارەکە دەخەمەوە ڕوو: ئەو کتێبانە چین خەون دەبینم لە دەستپێی ئەم ساڵە تازەیەدا 2019 بیانخوێنمەوە؟ ئەمە وەڵامەکەیەتی: یەکەم کتێب کە خەون بە خوێندنەوەیەوە دەبینم، کتێبی فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسی لۆک ڤێری (فەرهەنگی عاشقی فەلسەفە/ قاموس عاشق للفلسفە). ئەوە کتێبێکی گرنگە و شایەنی ئەوەیە کەمەکێک لەبارەیەوە بدوێین. سەرەتا ئەوە کتێبێکی تابڵێی قەبەیەو زیاد لە هەزارو شەش سەد لاپەڕەیە! سەرجەمی کتێبەکە تەرخانە بۆ فەلسەفەو فەیلەسوفانی رابردو و داهاتوو. تایبەتمەندی کتێبەکە لەوەدایە فەیلەسوفانی رابردوو، تەنها لەسەردەمەکەی خۆیاندا نایانخاتەڕوو، بەڵکو بە بەراورد بە سەردەمی ئێستامان دەیانخاتەڕوو. بەو مانایەی چی لەو فەیلەسوفانە ماوەتەوە؟ ئەی چی کۆن بووەو بە کەڵکی ئێستا نایەت؟ بۆ نموونە چی لە کانت ماوەتەوە؟ یان لە هیگڵ یا لە نیتچە یاخود لە هایدگەر…هتد. ئەمە کارێکە کەس ناتوانێت خۆی لە قەرەی بدات، تەنها بیرمەندێکی ئەکادیمی وەک لۆک ڤێری نەبێت کە شارەزاییەکی تەواوی لە مێژووی فەلسەفەدا هەیە.
کتێبی دووەم کە دەمەوێت بیخوێنمەوە، ئەویش وەک کتێبی یەکەم فەرهەنگە و بریتییە لە (فەرهەنگی نیتچە)، ئەمە گەورەترین فەرهەنگە لەسەر نیتچەو تیۆرە فەلسەفییە سەرەکییەکانی نووسرابێت و زیاد لە هەزار لاپەڕەیە. لانی کەم نزیکەی سی توێژەر کە پسپۆڕن لە فەلسەفە، بە تایبەت لە فەلسەفەی نیتچە، بەشدارن لە نووسینیدا. ئەوە فەرهەنگێکە واتلێدەکات رۆبچیتە نێو جیهانی نیتچەو زاراوە سەرەکییەکانی، وەک زاراوەی ئیرادەی هێز، زاراوەی سۆپرمان یان مرۆڤی باڵا، زاراوەی گەڕانەوەی ئەبەدی و چەندان زاراوەی دیکە. ئەمە نابێت دۆزینەوەکانی دیکەی نیتچەمان لەبیربچێت سەبارەت بە جیهانی تراژیدی، زانستی خۆش، هەڵکۆڵینی جینالۆجی سەبارەت بە باوەڕو هەواو هەوەس، نمونەی باڵا، تەنانەت هەڵکۆڵین سەبارەت حەقیقەتی خود. ئەم کتێبە ئینسایکلۆپیدیایە، بەڵگەی داهێنانەکانی نیتچەیە کە وشکناکات و کۆتایی نایەت. ئاشکرایە نیتچە لە یەککاتدا کەسێکی تەنهاو ئازاد بوو. بێبەزەیانە وەک یەک، رەخنەی لە رابردوو و ئێستا دەگرت، بیرمەندێکی تەقینەوەئامێز بوو، هەمو کەلەپوری رابردوی لێکهەڵدەوەشاندەوەو رێگای بۆ فەلسەفەی ئایندە خۆشدەکرد. بەڵام توندڕەویش بوو، بە تایبەت لە رەخنەگرتنی لە ئاین. لەم بارەیەوە من ئەو عاقڵەی دیکەیان بە باشتر دادەنێم، کانت، گەورەترین فەیلەسوفی رۆشنگەر لە ئەوروپا.
هەرچی کتێبی سێیەمە کە دەمەوێت بیخوێنمەوە، کتێبی بیرمەندی ناسراو جان کلۆد غیبۆیە کە ئەمە ناونیشانەکەیەتی: (ئەو ئیمانەی دەمێنێتەوە)، هەر لە سەرەتاوە سەرسامبووم بە ناونیشانەکەی و سەرنجی راکێشام. لە راستیدا ئەوە ناونیشانێکی جوان و کاریگەرە. جان کلۆد بە درێژایی ژیانی، وەک زۆرینەی فەیلەسوفان و بیرمەندانی فەرەنسا، دوور بووە لە ئاین. ئەوانە بە زۆری یان ئەوەتا کافر بوون یان لە باشترین حاڵەتدا هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاینەوە نەبووە. هەرچۆنێک بێت، ئاین لای ئەوان، لە پاشماوەکانی رابردووەو شایەنی باسکردن نییە. بگرە میدیای فەرەنسا، بیستوچوار کاتژمێر سوکایەتی بە ئاین و ئاینداران دەکات. بگرە سوکایەتی تەنانەت بە پاپا و بە مەسیح-یش دەکات! لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، ئاین چەند پیرۆزەو رێزی لێدەگیرێت، لە وڵاتی ڤۆڵتێر و مۆلێر، هێندە ئەوە سوکایەتی و گاڵتەی پێدەکرێت. پیاوانی ئاینی لای ئێمە تا چەند کەناڵە ئاسمانییەکانیان داگیر کردووەو فەتوا بۆ هەمو شتێک دەردەکەن، لە وڵاتانی رۆژئاوا- جگە لە ئەمریکا- بە هەمان ئاست قەشەو کاهینەکان نابینرێن و لەبەرچاونین.
دانەر شتێکی ئاوا دەڵێت: لە وڵاتانی ئێمە، کڵێساکان چۆڵبوون و گۆڕاون بۆ بنکەی رۆشنبیریی یان مۆزەخانە، بگرە تەنانەت کراون بە ئوتێل! لە وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا چتر کڵێسا تا رادەیەکی زۆر بوونی نەماوە، ئەمە بە پێچەوانەی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵاتە کە بە مەسیحی ماونەتەوە، بۆ نمونە پۆلۆنیا. لەم بارەیەوە دانەر ئەم بەسەرهاتە دەگمەنە دەگێڕێتەوە: پێشتر کتێبێکی بە ناونیشانی (بۆچی سەرلەنوێ بوومەوە بە مەسیحی) نووسیوە، سەروەختێک کتێبەکە دەخاتە بەردەست بڵاوکارە پاریسییەکان، سەرەتا رازینەبوون بڵاویبکەنەوەو وتویانە: مامۆستا ئەم بابەتە کۆنەپەرستانەیەو شایەنی بڵاوکردنەوە نییە! مامۆستا بابەتی ئاین کۆتایی هاتووەو چووەتە مۆزەخانەی مێژووەوە. رۆژگار ئەو بابەتەی تێپەڕاندووە. ئیدی داویانەتە قاقای پێکەنین. ئێمە بۆیە ئەمە دەڵێین، چونکە نووسەری ئەو کتێبە، فەیلەسوفێکی گرنگەو خاوەنی چەندین کتێبی بەناوبانگە کە کتێبخانەکانیان پڕکردووە. لەناو ئەو کتێبانەیدا تەنها ناوی ئەم کتێبەی بۆ نمونە دەهێنینەوە: خیانەتی رۆشنگەری کە خەڵاتی جان جاک رۆسۆ-ی لەسەر وەرگرت. هەرچۆنێک بێت دەمەوێت ئەزمونی ئەم نوسەرە بەڕێزە بخوێنمەوە، ئەو لە وڵاتێکدا بۆ ئاین گەڕایەوە کە بە تەواوی لە ئاین بەتاڵکرابوەوەو کەلتوری عەلمانییەت، بگرە کەلتوری بێباوەڕی هەمو شتێکی ئاینی راماڵیبوو. وەلێ لە راستیدا ئەو ناگەڕێتەوە بۆ ئاین لە تایپە فێندەمێنیتاڵیزمە تاریکبینەکەی سەدەکانی ناوەڕاست. بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ تایپە رۆشنگەرو ئەخلاقی و رۆحانییە باڵاکەی ئاین. گرنگی کتێبی لەم جۆرە، لەوەدایە جیاوازی نێوان حاڵەتی ئاین لای ئێمە و حاڵەتی ئاین لای ئەوان-ت بۆ دەردەخات کە بە تەواوی پێچەوانەی یەکترن. توندڕەوی سەدەکانی ناوەڕاستی تاریکبین، لە بەرامبەر توندڕەوی مادیی و بێباوەڕی و لادان. هەرچەندە هۆکارەکان فرەجۆرو هەمە ڕەنگن بەڵام مردنەکە هەر یەک مردنە!
ئێمە ئازایەتی ئەوەمان نییە رەخنە لە ئاین یان لە پیاوانی ئاینی بگرین، بگرە بە هەزار ئەملاو ئەولا ئینجا رەخنەیەکی بچوک لە پیاوانی ئاینی دەگرین. کەچی ئەوان بە درێژایی بیستوچوار کاتژمێر، پەلاماری پیاوانی ئاینی دەدەن. لە راستیدا ئەوان بە تەواوی قۆناغی تاریکبینی ئاینییان تێپەڕاندووە، بەڵام ئێمە هێشتا تا بینەقاقامان تێیدا نوقمبووە. جیاوازییە هەرە سەرەکییەکەی نێوان جیهانی عەرەبی و جیهانی ئەوروپی ئا لێرەدایە. ئەوان لە رەخنەگرتن لە ئاین و لە چوونە دەرەوە لە ئاین، زیادەڕۆییان کرد. ئێمە لە دەستگرتنمان بە دۆگماکانی ئاین و حەرفییەتی ئاین و نەبوونی بوێریی بۆ رەخنەلێگرتنی، زیادەڕۆیمان کرد! جگە لەوە دانەر نوکتەیەکی دیکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: رۆژێکیان مامۆستاکەی “رێنیە جیرار” کە فەیلەسوفێکی گەورەی مەسیحییە، پێدەڵێت: ئامۆژگاری دەکات نیتچە بخوێنێتەوە. مەسەلەکەی زۆر بەلاوە سەیربووەو دووچاری سەرسوڕمانێکی گەورە بووە. چونکە نیتچە گەورەترین دوژمنی ئاین و ئاینداران بووە. ئەوە نیتچە بوو بە تێزە ترسناکەکەی سەبارەت بە مەرگی یەزدان و بەرتەسکبوونەوەی مەسیحییەت، ناوبانگی پەیداکرد. نیتچە یەکێکە لە گەورە فەیلەسوفانی ئیلحاد لە خۆرئاوا. ئیدی چۆن و بە چ شێوەیەک ئامۆژگاری دەکات نیتچە بخوێنێتەوە؟
دروست ئا لەو کات و ساتەدا رێنیە جیرار وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: تەنها یەک خاڵ هەیە ئێمەو نیتچە پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئەگەرچی بە پێچەوانەشەوە بێت. پێی دەڵێت: ئەو خاڵە چییە؟ وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: نیتچە تا دوا سنور ئینجیل بە جدیی وەردەگرێت، بەڵام پێیوایە ئینجیل (کارەساتە)، وەلێ ئێمە پێمانوایە ئینجیل مەزنترین رووداوە کە مێژوی بۆ دوو بەش دابەشکرد: پێش ئینجیل و دوای ئینجیل. ئێمە پێمانوایە ئینجیل پەیامە دڵخۆشکەرەکەیە یان هەواڵە خۆشەکەیە یا پەیامی رزگاربوونە.
رێگەم پێبدەن قسەیەک لەسەر وتەکانی پرۆفیسۆر رێنیە جیرار بکەم و دەڵێم: ئێمەش پێمانوایە قورئانی پیرۆز، روداوە هەرە مەزنەکەیە کە مێژومانی- بگرە مێژوی مرۆڤایەتی- کرد بە دوو بەشەوە: مێژوی بەر لە قورئان و مێژوی دوای قورئان. بەڵام ئەو کێشەیەی کزە لە دڵەوە هەڵدەسێنێت، ئەوەیە ئینجیل بەخت یاوەری بوو، چەندین فەیلەسوفی گەورە خوێندیانەوەو توێژینەوەیان لەبارەوە ئەنجامداو لە هەمو لایەنێکییەوە روناکیان کردەوە، لەوانە بۆ نمونە سپینۆزا، ڤۆڵتێر، رۆسۆ، کانت، خودی نیتچە، رێنان، پۆل ریکۆر و دەیانی دیکە. ئەمە لە کاتێکدایە قورئان تا ئێستاش بەخت یاوەری نەبووە، بیرمەندانی عەرەب بە هەمان ئاستی ئەو فەیلەسوفانە، توێژینەوەی لەسەر بکەن و رووناکی بکەنەوە. تەحەدای هەر رۆشنبیرێکی عەرەب یان موسڵمان دەکەم، بۆم شەرح کات قورئان چییە؟ جگە لە محمد ئارکۆن و فەزل الرحمن نەبێت، کەسی دیکەم بە خەیاڵدا نایەت، مەگەر خۆهەڵاتە ئەکادیمییە گەورەکان نەبێت، لە (نۆلدکە)وە بۆ (جاکلین شابی). بەڵام کێ ئازایەتی ئەوەی هەیە بەرهەمەکانیان وەربگێڕێت؟ تەنانەت وەرگێڕانیش قەدەغەیە! هەزاران کتێب هەیە لە دیدێکی مۆدێرن یان مێژویی، رەخنەیی، فەلسەفی قووڵ، لە ئینجیل و تەورات دەڕوانن و شیکاریدەکەن. بەڵام لە زمانی عەرەبیدا یەک کتێب نییە مانایەکی دەربارەی قورئان هەبێت. کەچی دوای هەمو ئەوانە، دێن و بە سەرسوڕمانەوە دەپرسن: بۆچی موسڵمانان دواکەوتن و ئەوانی دیکە پێشکەوتن؟!
هەرچۆنێک بێت جان کلۆد غیبۆ، دوای ئەوەی بێزاربوو لە ژیانی بەرخۆریی و لەزەت و ئارەزوو کە ژیانی خۆرئاوای گرتووەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ رۆحانییەتە ساف و پاکژەکەی ئاین. ئەو لە پشت ئەم دیمەنە پوچ و بەتاڵانەوە، بەدوای مانایەک بۆ بوون/وجود دەگەڕێت. ئەمەش مافی خۆیەتی، بگرە شەرەفێکە بۆ ئەو بگەڕێتەوە بۆ رۆشنایی ئاین، دوای ئەوەی رۆشنایی فەلسەفە نەماو تێریشی خوارد لە شارستانیەتی مادیی بەرخۆریزم. نووسەر ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو: ئەو ئیمانە چییە کە ناکوژێتەوە، ئەگەرچی کڵێساکانی خۆرئاوا چۆڵبوون؟ بۆچی ئەو ئیمانە داگیرساوەو دەدرەوشێتەوە؟ پرسیارێکی جوان و تابڵێی نایابە. دواتر دانەر باس لە ئاگری پیرۆز دەکات کە ئیمان لە ئامێزیدا دەگەشێتەوە. پاشان زۆر بە روون و ئاشکرایی دەڵێت: ئێستا بوێری ئەوە دەکەم بڵێم من گۆڕاوم و گەشەمکردووە. جاران ئاین بۆ من هیچ مانایەکی نەبوو، وەلێ هەنووکە لەچەقی بوونم و گرنگیپێدانەکانمدایە. ئاین مانا دەبەخشێت بە ژیانم.
بەڵام ئەم پرۆفیسۆرە دان بەوەدا دەنێت ئاین لای نەزانەکان، دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ تاریکی ترسناک و دەمارگیری بکوژ، ئەگەر بە گڕی عەقڵ و رۆشنایی فەلسەفە روناک نەکرابێتەوە.
سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، 13 کانوونی دووەم، 2018، ژمارە 14643