ڕەووف بێگەرد

كە سەرم بە ژوورەكەمدا كرد، بۆنێكی ناخۆش هاتە لووتم و كەوتمە كۆكین.

كۆكینی كتوپڕ وەك ڕووداوە لەناكاوەكانی ئەم وڵاتەوایە كە نازانیت چۆن بەركی گرتوویت و لەكوێوە هاتووە. دەبێت لە ژوورەكەمدا یەكەمجار بەرەوچی بچم كە عەشقێكی دەیان ساڵەمی داوەتە دەست بێ هوودەییەكی ناوازە و پەنا و پەسێو نەماوە ڕەشەباكەی تەراتێنی پێ نەكردبێت و سووچ و كەناری نەگەڕاندبێت، كتێب، ئاخر دنیا بەبێ كتێب وجوانییەكەی لەكوێدایە؟ كتێب بەرهەمی پڕ لە شانازی مرۆڤە كە لە بەرهەمەكانی تر ناچێت و هەمیشە لە لووتكەی شكۆمەندیدایە. بەراست تۆبڵێ بەبێ كتێب بەرگەی ژیان بگرین! بەتایبەتی ئەوجۆرە ژیانەی نەكەسیی ماندوو نەناس پێی قبووڵ دەكرێت و نە كەسانی ئەهلی كتێب! دەستم بۆ ئەوكتێبەم برد كە پێشتر نیوەیم خوێندبۆوە. كە لاپەڕە دیاریكراوەكەیم كردەوە و ناولەپی خۆم هاتەبەرچاو سەیرم پێی هات، چونكە ناولەپم وەك دڵی داعش ڕەش داگەڕابوو، بەتایبەتی دڵی ئەوەیان كە منداڵە تەمەن چواردە ساڵە جوانەكەی خۆی نارد بۆ خۆتەقاندنەوە. بە كلینێكسێك دەستم سڕی و چاویلكەكەم بۆ خوێندنەوە لەچاوكرد، ئەمجارە سەرپەنجەكانم ڕەش بوون، ئەویشم سڕی، هەرلەپەناوە دەستم بۆ ماوسەكە برد، بۆئەوەی گزنگی گۆرانییەكی ئەوبەیانییەی شەجەریان دڵمڕووناك بكاتەوە. ئەمجارەیان تەواوی ناولەپی دەستی ڕاستم ڕەشبوو، بە ناچاری هەستام و كەوتمە سڕینی كتێب و كۆمپیوتەر و كورسی و مێزەكە، بەڵام ڕەشیەكە زۆرلەوە تۆختر و زیاتر بوو كە نەخۆم و نە كلینێكس فریای بكەوێت.

بە ناچاری چوومە دەرێ و كەوتمە سەرە گێژەی چارەسەرێك. كەچی زۆربەی ژوورەكانی تریش هەروابوون و برادەرەكانم دۆشدامابوون. هەموو لە ترسی هەڵمژینی بۆنی ئەو دووكەڵە دابوون كە بەهۆی سووتانی چەند دووكانێكی خوارەوەی دەزگای سەردەمەوە ژوورەكانی ئێمەشی ئاڵوودە كردبوو، ئیتر بیرم لەوەكردەوە ئەگەر ئێستا شێركۆ بێكەس لەناوماندا بوایە، كۆكە ئاساییەكەی دەبووە دووقات و چاویشی بەرانبەر ناو لەپە ڕەشداگەڕاوەكانیدا ئەوەندەی تر دەكرانەوە و سووردادەگەڕان. ئەوسا بێگومانم بە ناچاری، لە ژوورەكەی خۆی نەدەچووە دەرەوە تا پارچە شیعرێكی بەناوی (پایزی ڕەش) دەنووسی. لەو جۆرە شیعرانەی نەم دەزانی چۆن وازوو دەرفەت لا نوسینیان دەهێنێت و بەبێ ئامادەكاریی دەیخاتە پێش چاوی خوێنەر.

جاران دەموت:
كە ڕەشەبا ڕێیپێگرتی
ببە بە شاخ
كەشەماڵ هات بەپیرتەوە
ببە بە باخ
بەڵام ئێستا… بەڵێ ئێستا ئازیزەكەم
من نازانم چۆنی بڵێم
ئاخر خۆ ئەمە ڕەشەباكەی جاران نییە
ئەمە هەناسەی خۆمانە وا هەراسی لێهەڵگرتووین
ئەم ڕەشیە
گەرای لەناو دەست و پەنجەی خۆماندایە و
وا ئێستا كە بەڕوومەت و
ناو چاومانەوە نراوە.
ئیتر چۆن دەتوانم ببم بە شاخ؟
چۆن دەستی شەماڵێك بگرم
بۆ ناو دەشت و گوڵزار و باخ!
ئێستا لەباتی جریوەی بەیانیانی زووی پاساری
قیژەیەكی زۆر دزێوی قەلەڕەش و
سەڵایەكی عاشق كوژی دۆستی مەرگە.
لەم دیمەنە خودا ئەوق و مردن سەرسام
چۆن بتوانم جارێكی دی
لە دڵۆپ و ڕێژنەی باران
لە نمەی چاو
گوڵێكی سوور لە یەخەی دڕاوی
كچێكی ئەنفال كراو بدەم
چۆن بتوانم لە لێواری ڕووبارێكدا
لەسەر چڵی درەختێكی لارە ملی ئەم شارەدا
كە هەمووی وەرزی پایزە
نەخشەیەك بۆ خۆشەویستی هاوڕێیانم
نەخشەیەك بۆ چاوی گریاوی
گۆیژە و ئەزمڕ بنووسمەوە.
ئەمڕۆ پۆشاكی ڕەشایی
نەك تەنها بەری ئاسمان و
گزنگی خۆری گرتووە
وا گەیشتۆتە ناوژورو
ناو هەناسە و سەر سەرین و
لاپەڕەكانی كتێب و
مایكی بێ هوودەیی خەڵك و
سیروانە سەرهەڵگرتووەكەی مەشخەڵانیش
ئیتر دەبێت چی بنووسم؟
دەبێت چی بڵێم … چی، چی، چی؟!

ناردن: