نووسینی: هاشم ساڵح
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

بەم دواییانە چەند روداوێكی ناخۆش رویاندا، بێتاقەت و خەفەتبارییان كردم، خەویان لە چاوانم تۆراندو ئازاریاندام. یەكەمیان روداوی رەجمكردنی ئافرەتێك بوو لە (ریفی حەما) بە بەشداری دایك و باوكی! دووەمیان لەسێدارەدانی خانمە ئەندازیاری ئێرانی (ریحانە جباری) تەمەن 26 ساڵ، لەلایەن بەكرێگیراوان وچڵكاوخۆرانی فێندەمینیتاڵیستی ئێرانی و دادگا قەرەقۆشییەكەی كە هیچ سۆزو بەزەییەكی نییە. سێیەمیان خۆكوشتنی ئافرەتێكی كورد، بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست داعش. چوارەمیان بریتییە لە بە كۆیلەكردنی ئافرەتە یەزیدییەكان لەلایەن داعشەكانەوەو گەڕانەوەی یاسای كۆیلەكردن لە ڕووی شەرع-ەوە! پێنجە و شەشەم و حەوتەم و …هتد.

لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیربچێتەوە كە بۆكۆ حەرام، بە دەیان و سەدان ژنی ڕفێنراوی نێجیریای دەكات، هەنووكە ئەو ژنانە لە رێگەی لاقەكردنەوە بوونەتە (هاوسەر)ی شەرعی، وەك یەزیدییەكان. توندڕەوەكان ڕقێكی زۆریان لە ئافرەتە، لە هەمانكاتدا زۆر لە ئافرەت دەترسن و زەندەقیان لێی چووە. من ئەوە لەهەمو كەسێكی تر باشتر دەزانم، چونكە من كوڕە شێخم. باوكم بە پلەی یەكەم، پیاوێكی فێندەمێنیتاڵیستی توندڕەو بوو، هەموو تاریكی سەدەكانی ناوەڕاستی لە خۆیدا كۆكردبوەوە، هەرچەندە كۆمەڵێ سیفەتی باشی دیكەی هەبوو ناكرێت نادیدەی بگرم.

پێویستە دان بەوەدا بنێن كە فێندەمێنیتاڵیستەكان، لە قووڵایی ناخیانەوە، زۆر رقیان لە ئافرەتە، ئەگەر بۆیان بكرێت، دەست دەخەنە بینەقاقای و دەیخنكێنن. ئەوان گومان لە هەموو جووڵەو هەستان و دانشتنێكی ئافرەت دەكەن، بەم دواییانە بیستم ئیخوانەكانی توركیا، بیریان لەوە كردووەتەوە یاسایەك دانێن تێیدا پێكەنینی ئافرەت لەسەر شەقامەكان قەدەغە بكرێت، ئەمەش بۆ (پاراستنی ئەخلاقە)!، دیارە لای ئەوان پێكەنینی ئافرەت زۆر مەترسیدارەو لەوانەیە عەقڵ لەسەری ئاپۆرای ئیمانداراندا نەهێڵێت. وتەیەك هەیە دەڵێت: (ئافرەت هەمو گیانی خراپەكارییە، هەر دەبێت ئەو خراپەكارییەشی تێدابێت)، من تەواو بە پێچەوانەی ئەو وتەیەوە دەڵێم: (ئافرەت هەموو گیانی چاكەكارییە، هەر دەبێت ئەو چاكەكارییەشی تێدابێت). دەڵێن كەسێكی فێندەمێنیتاڵیستی جوولەكە، هەموو بەیانییەك، سوپاسی خوا دەكات كە بە ئافرەت دروستی نەكردووە! بگرە قەدیس پۆڵس، هەرچەندە قەشەیەكی مەزن بوو، بەڵام وتوویەتی: (لە كۆڕی پیاواندا، ئافرەت دەبێ بێدەنگ بێت)! زانراویشە ئەو قەشەیە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئافرەت پێویستە خۆی داپۆشێت، نەبادا شەیتانەكان- واتە ئێمە- زەفەری پێببن. زۆرجار گوێم لێبووە، هەندێ كەس زۆر بە جدیی ئەم پرسیارەیان كردووە: تۆ بڵێی ئافرەت عەقڵی هەبێت؟ ئایا ئافرەت رۆحی هەیە؟ من دڵنییایان دەكەمەوە ئافرەت رۆحێكی تێیدایە هێند پاك و بێگەردە كە بەهیچ پێوەرێك ناپێورێت. من وەك خۆم لەو بڕوایەدام، فێندەمێنیتاڵیستەكان، بە هەموو ڕەنگ و جۆرێكیانەوە، مافی خۆیانە لە ئافرەت بترسن. ئەوان لەوەدا بە هیچ جۆرێك بە هەڵەدا نەچوون. چونكە ئەوە ئافرەتە (چارەنووسیان دیاری دەكات) و لە دواجاردا لەناویان دەبات. ئێمە نەمانتوانی ئەوە بكەین، بەڵام ئافرەت دەتوانێت ئەوە بكات. هەر كە ئافرەت فێری خوێندەواری بوو، بوو بە پزیشك و ئەندازیارو پەرستارو رۆژنامەنووس و مامۆستاو پەروەردەكاریی نەوەی داهاتوو، ئیدی هەمو سیستمە فێندەمێنیتاڵیزمەكان هەرەس دەهێنن. بگرە لەوانەیە ئافرەت ببێت بە وەزیرو باشترین و سەركەوتوترین وەزیریش بێت. ئا ئەمەیە پیاوان تا دوا سنور پڕ دەكات لە ڕق و كینەو وا دەكات پیاوان لە پێستی خۆیان بێنەدەرەوە. بۆچی ئافرەت سەركەوتوودەبێت، كەچی ئەوان سەركەوتوونابن؟ بەم جۆرە دەبینین كاروانی پێشكەوتن و گەشەكردن راناوەستێت و هیچ شتێك ناتوانێت جووڵەی مێژو رابگرێت. ئافرەتی عەرەبی موسڵمان، بەم نزیكانە دێتە ناو مێژووەوە، بگرە تا رادەیەك هاتووەتە ناو مێژووەوەو لەم هاتنە ناوەوەیەشدا تەنها و تەنها خێری گشتی بەدەستهاتووە. لە راستیدا كۆمەڵگاكانمان نە پێشدەكەوێت و نە دەگات بە كاروانی شارستانییەت، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ئافرەت، واتە نیوەی كۆمەڵگا، لەسەر هەموو ئاست و ڕەهەندەكان بەرپرسیارەتی وەردەگرێت. چونكە كۆمەڵگایەك نیوەی ئیفلیج بێت، خێری نابێت.

من تێناگەم بۆچی دەسەڵاتدارانی تاران، سووربوون لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارە پڕ لە تاوانكارییەكەیان بە لەسێدارەدانی ریحانە جەباری كە لە هەڕەتی گەنجیدا بوو؟ من ئەمە دەڵێم و ئاگادارم كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چەندینجار داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كرد ئەو كارە ئەنجامنەدەن، ئایا چارەسەرێكی دیكە لە ئارادا نەبوو، هێندەی ئەوە قێزەون و وەحشییانە نەبێت؟ ئایا ئا ئەمەیە كۆماری ئیسلامی؟ لەو بڕوایەدام ئەوان بەم كارەیان، حەماقەتێكی گەورەیان ئەنجامداو نزیك یان دوور، بەیانی یان دوو بەیانی،  باجەكەی دەدەن. هەرچی رەجمكردنی ئەو ئافرەتە داماوەی ریفی حەمایە، بە تەواوی نەخۆشی خستم. بە راشكاویی دەڵێم ئەگەر مەسەلەكان بەم شێوەیە بەردەوامبن، ئەوا دووچاری جەڵتەی دڵ دەبم. بێگومان نەمتوانی تەماشای ڤیدیۆكەی بكەم، ئەوە لەسەرو تواناو ئیرادەی منەوەیە. بەڵام وێنەكانیم بینی، بینیم دەست و پێی بە زنجیر بەستراوەتەوە، سەر شۆڕو پشت كووڕ، چاوەڕوانی ئەوەیە لە هەموو لایەكەوە، بەرد بارانی بكەن.

لەمڕۆ بەدواوە، جیهانی فێندەمێنیتاڵیزمی بەبەردبوو، ناتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت، ئەو جیهانە بووەتە جیهانێكی بێزراو، بە مانای تەواوی وشەكە، واتە لە چوارچێوەی هەمو شارستانییەتە مرۆڤایەتییەكان چووەتەدەرەوە، بگرە لە چوارچێوەی هەمو شارستانییەتێكی ئیلاهی لایداوەو چووەتەدەرەوە. ئیسلامی پاك بەو ئاسانییە رێگە بە رەجمكردن و بەردباران كردنێكی تا دوا سنور گوماناوی نادات. ئیسلام بۆ رەجمكردن كۆمەڵێ مەرجی زۆر قورسی داناوەو زۆرجار بەدیهێنانی ئەو مەرجانە نیمچە مەحاڵە.

گرنگ ئەوەیە ئێمە گەشتووینەتە سەردەمی دەركەوتنەكان یان لێی نزیكبووینەتەوە. ئیدی كاتی ئەوە هاتووە زەوی لەژێر پێی ئەو توندڕەوە بوغزاوییانەدا بلەرزێت. ئا لەو كاتەدا سەردەمێك بە تەواوی بەسەردەچێت و تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی كەس خەفەتی بۆ بخوات و خەمباربێت بۆی. ئا لەو كات و ساتەدا، سەردەمی فێندەمێنیتاڵیزمی تاریكبین، لە چاوی خەڵكییەوە، بەهاو رەوایەتی خۆی بە تەواوی لە دەست دەدات. دەزانم من وڕێنە دەكەم و خەون دەبینم، دەزانم من ئومێدەكانم وەك واقعێكی مەحاڵ وایە. بەڵام لێمگەڕێن كەمەكێك خەون ببینم. لێمگەڕێن هەناسەیەك هەڵمژم. لێمگەڕێن وێنای ئەوە بكەم، ئەم ئابڕوچوونانەی لەمڕۆدا بە بەرچاومانەوە روودەدات، خەڵكی بەهۆش خۆی دەهێنێتەوەو رێگا بۆ كۆتاییهێنان بە پیرۆزیی سەردەمی فێندەمێنیتاڵیزم خۆشدەكات، یان لانی كەم هیچ نەبێت درزو كەلێنی تێدەكەوێت. لێمگەڕێن خەون ببینم بەوەی بەم نزیكانە لە جیهانی ئیسلامیمان، رۆشناییەك هەڵدێت. لەكوێ؟ كەی؟ چۆن؟ لێمگەڕێن خەون بەوەوە ببینم كە خوێندنەوەیەكی عەقڵانی فەلسەفی بۆ ئیسلام، وەك رۆشناییەكی بەهێزو گڕگرتوو، دەتەقێتەوەو تاریكایی سەدەكان دەڕەوێنێتەوە. لێمگەڕێن خەون بەوەوە ببینم كە ئەم خوێندنەوە عەقڵانییە تازەیە، لە چنگی هەمو فێدەنمێنیتاڵیزمەكان دەرماندەهێنێت و رزگارمان دەكات. ئیدی لەگەڵ خۆمان ئاشتمان دەكاتەوەو دەمانگەیەنێت بە كاروانی نەتەوە پێشكەوتووەكان. لەوانەیە جارێكی دی، سەردەمی زێڕین بگەڕێتەوەو رووناكییەكەی بەسەر جیهاندا پەخش بكات، كێ دەزانێ؟

سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسگ، 7 نۆڤەمبەری 2014

ناردن: