
نووسینی: مەحمود نەجمەدین
لە چەقی بێئومێدییەوە
سڵاو لە تۆ
ئەی باڵندەی موسافیر
تۆ بەو گەرووە تەنگ و بچووكەوە
چ مۆسیقایەك دەژهنی
تۆ فلووتی ئاسوودەیی
من مۆسیقای دڵێكی تاریك
تۆ مۆزارتێكی سپی و
من مۆزارتێكی ڕەش.
تۆ باڵەفڕە لەسەر ڕۆحی گوڵ دەكەیت
من لەسەر دڕك پەلەقاژێمە
ماڵی تۆ
لە نێوان دوو گەڵادایە
گۆڕی من
لە نێوان دوو مەمكدایە
من
لەبەر چرایەكدا وشە كوژراوەكان
بە فرمێسكی چاوم دەشۆم.
تۆ لەسەر چڵی چنار دەخوێنی
ئەی باڵندەی موسافیر
پێم بڵێ تەمەنی ئەم سەردەمە بێتامە چەند وەرزە؟
پێم بڵێ ڕەعنا چەند سەدەی تر لە خەو هەڵدەستێ؟
پێم بڵێ كەی متمانە بە ڕاوچی دەكەیت؟
پێم بڵێ كەی خەنجەرەكان كول دەبن؟
پێم بڵێ كەی من و تۆ و ڕەعنا و خودا
لەسەر یەك سفرە بۆ نۆشینی شەرابی بەختەوەری كۆ دەبینەوە؟
پێم بڵێ
نهێنیی ئاسمانی تەماویم پێبڵێ،
با وەك درەختی پاییز گەڵاكانی
جوانیم هەڵنەوەرێ.
با وەك دۆزەخ نەسووتێم.
ئەی باڵندەی موسافیر
تۆ باڵەكانت ئاسمان دەپێون
من پێیەكانم لە قوڕولیتەی شارێكدا چەقیون.
تۆ كە ئارەزووت لێنەبێت بۆ خوداش
ئاوازێكت نییە.
من بەبێ ویستی خۆم، گۆشتم لەسەر ئاگردانی
خودایەك دەسووتێ.
تۆ لە ئاسمان عەشق دەكەیت
من لەسەر زەوی
تەنانەت بە دزیی گەڵاكانەوە
عەشق دەكەم.
من لە زەویم و
تۆ لە ئاسمان
با بە یەك ئاڕاستەدا بڕۆین
تۆ بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت ڕێنوێنیم كە
من ئەو ڕاوچییە ڕاو دەكەم كە عەشقكوژە
ئەی باڵندەی موسافیر
وەرە با غوڵامی مۆسیقا بین
مۆسیقا نەغمەی عەشقە
ئاسمان دێنێتە سەما
مۆسیقا سیحرێكە جەنگ
لە نێو ئاوازەكاندا ون دەكات.
ئەی باڵندەی موسافیر
هاوڕێگهم بە
تا گەردوون
تا ئەوپەڕی سەراب
تا نێوان ددانە برۆنزییەكانی یار
تا نێوان ماچ و گاز
تا سپێتیی حەقیقەت
تا تاریكیی غەم
تا نێو دڵی گیتار.
ئەی باڵندەی موسافیر
من خەمێكم بە كۆڵەوەیە
تا قەرەی قیامەت لێم نابێتەوە.
ڕۆحم نوقمی سەرابە
خەم دەمكوژێ و
ئومێد زیندووم دەكاتەوە
وەك بیابانێكی خنكاو
جگە لە سەربازە بریندار و
ڕێبوارە ونبووەكان، كەسێك بە ناخی مندا گوزەر ناكات.
لە كولبەی درۆیەكدا گەمارۆ دراوم
پێی دەڵێن ژیان.
ئەی باڵندەی موسافیر
تەنیام و عاشقی نادیارم
تەنیام و یاخیم لە كۆڵانەكانی شار
تەنیام و لە قەرەباڵغیدا گەمارۆ دراوم
ئەی باڵندەی موسافیر
ئۆقرە مەگرە لەسەر درەختێك
كە لەودیوی وەرزێكەوە دەمرێ
باڵەكانت پڕ بكە لە هێز و
بەسەر ئۆقیانووسەكاندا بفڕە
ژیان لێرە سووتانە لە نێو درۆیەكی قەشەنگدا
ژیان لێرە
دەریای خوێنە و ویژدان تێیدا خنكاوە
ژیان لێرە
مردنێكە لە ئێوارەیەكدا
لەدایكبوونەوەیەكە لە كازیوەی خەمدا.
ئەی باڵندەی موسافیر
دەنگی دەهۆڵی جەنگاوەرە خوێنخۆرەكان
كەڕی كردین.
پێم بڵێ
چەندی تر بەهاری ئێرە بە ئەندازەی پاییزی
هەسارە ونبووەكان جوان دەبێت؟
ئەی باڵندەی موسافیر
لە گەروومدا ئاوازێك بە زیندوویی نەماوە
هەموو ئاوازەكانیان خنكاند.
وەرە ئەی لە بتهۆڤن خۆشئاوازتر
وەرە ئەی پاگانینییە شێتەكەی ئاسمان
پڕپڕم كە لە مۆسیقا
وەرە،
تۆ دەتوانی ئەتڵەسەكان ببڕی
من هەنگاوەكانم لە كۆڵانەكانی شار دەرناچن
بە ڕۆحێكی سپییەوە
بە كۆڵانی تاریكیی شاردا هەنگاو دەنێم
كۆڵانێك تاریك
وەك پرچی ڕەعنا
كۆڵانێك دەرگاكانی خڕ داخراون
كۆڵانێك تەواوی پەنجەرەكانی پەردەپۆشن
كۆڵانێك ساڵ دوانزە مانگ پاییزێتی
بۆ ساتێك كەسێك نایهتە بەرپەنجەرە
كەسێك ناپرسێ ئەی ئەو ڕێبوارەی
لە ژیان یاخی بوویت،
بۆ كوێ هەنگاو دەنێیت؟
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژ بڕۆ
با تیری ڕاوچی نەگاتە سەر دڵت
با باڵەكانت نەسووتێن.
دۆزەخ سەختە
سەختتر ئەوەیە بە دارستانەكانی بەهەشتدا
بە كەلەپچەكراوی بۆ دۆزەخ بتبەن.
ئەی باڵندەی موسافیر
عاشقبوون چەند سەختە
پڕ بووم لە سۆز و ئەوین
پڕپڕیان كردم لە حوزن.
ئەی باڵندەی موسافیر
ئەمجارەیان عاشقەكان
خەنجەر لەسەر دڵەكان دەچەقێنن
دڵم لە سۆراغی هێلانەیەكدا ون بوو
ڕۆحم لەژێر پێی پۆستاڵڕەشێكدا تاسا
پێیەكانم بە ڕێگهیەكدا گوزەریان كرد
ئەوسەری تارمایی بوو.
چاوەكانم فرمێسك خنكاندنی
دەستەكانم لە نێوان مەمكی ڕەعنا بەجێمان
سەرتاپام لە گەردەلوولی خەمێكدا نوقم بوو
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژ بڕۆ
تیژ بڕۆ
ئێرە دۆزەخە
گیانداری دڵناسك
لەم قەسابخانەیەدا چلۆن دەژی؟
كە بست بە بستی ئاسمانیشی
موڵكی جەللادەكان بن!
لەودیوی مردنەوە
لە پشتی دنیاوە
كولبەیەك هەیە بۆ خەوی ڕەعنا
باخچەیەك
درەختێك
دیوارێك
بۆ نیشتنەوەی باڵە ماندووەكانی تۆ.
ئەی باڵندەی موسافیر
لێرە مۆسیقا دەهۆڵی جەنگە
هاواری ڕۆحێكی بریندارە
لێرە كۆڵان وەك چاوی كوێرێك تاریكە.
لێرە ئایەتەلكورسی خەنجەرە لەسەر
دڵمان چەقیوە.
لێرە بە ژێی كەمانچە مۆسیقا دەخنكێنرێ.
پاگانینی لە نێو ئەم كەڕوكاسانەدا
چەند غەریبە.
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژ بڕۆ
با دەنووكت نەشكێنن
مۆسیقای گەرووی تۆ وەڕسكەرە بە گوێی عەوامێك
كە عەشقی خوێن و جەنگن.
بڕۆ
گوێ لە ئاوازێك مەگرە
كە خەنجەربەدەستێك ژێیەكانی
گیتار ئازار دەدا
بڕۆ
زوو بڕۆ
تیژ بڕۆ
با وەكو من لە خەونی ڕەعنایەكدا
ون نەبی.
بڕۆ
تیژ بڕۆ
لە مەملەكەتێكدا مەژی
كە منداڵێك تێیدا بە خەونی نانێكەوە
سەر دەنێتەوە.
لەسەر چڵی درەختێك مەنیشەرەوە
كە پەتی سێدارەی دڵێكی پێوە هەڵواسراوە.
ئەوەندە بەسەر ڕۆحی ڕووبارەكاندا مەیە و مەچۆ
چاوەڕوانی گەمەی ماسییەك مەكە
لەسەر ئاگردانی كۆشكی خوداكان
بۆ ئاهەنگی لەدایكبوونی جەللادێك دەبرژێ.
بڕۆ
لێرە دڵ هەمیشە قەڵغانە بۆ تیری جەللادەكان.
لێرە پەنجەكان مۆسیقا دەخنكێنن.
لێرە گەرووی كانییەكان خوێنی لێ
هەڵدەقوڵێ.
لێرە موشەكەكانی جەنگ
منداڵێكی بە حەزی پاسكیلەوە كوشت.
كچێكی بە خەونی ژوانێكەوە كوشت.
لە دەمی كۆڵانێكدا لەودیوی پەرژینێكەوە
ژنێكی لەسەر بەرماڵی ئاشتبوونەوە كوشت.
ئەی باڵندەی موسافیر
بە زەمەنی هەسارەی عەشق
سەدەیەكە
لە بەردەرگای كڵۆمدراوی ماڵی
ڕەعنایەكدا
ئەشك ئەڕێژم
وەنەوز دەدەم و خەیاڵ دەمباتەوە
شەمەندەفەری خەیاڵ
لە پاییزێكەوە بۆ پاییزێكی تر دەمباتەوە.
لێرە
مۆسیقا لە دەنگی موشەكەكاندا خنكا.
ڕەعنا لە پاییزێكدا بۆ هەمیشە
پەنجەرەی داخست.
لە گەڕەكی جەللادەكان گۆشتی منداڵانی بێلانە
دەبەخشرێتەوە.
مەمكی كچە بێنازەكان
سەرینی جەللادەكانە.
تیژ بڕۆ
لە نێو ئەم تەمومژەدا مەفڕە.
بەسەر ئاسمانێكدا مەفڕە
كە سوور سوورە بە خوێنی ئەو دڵە پاكانەی بە ناحەق دوولەت كران.
باڵندەی موسافیر
بە لای گشت دارچنارەكاندا گوزەرم كرد و نەیانهێشت
لێوم بەر ڕوومەتی گەڵایەك بكەوێ
ئای دارچنارەكان
گشت تەمەنی من ڕوانینە لە ئێوە
جوانییەك و ئازارێك و جادوویەك
لە هەموو دارچنارەكاندا دەبینم.
باڵندەی موسافیر
بڕۆ
لەسەر چڵی دارچنارەكان مەنیشەرەوە
باوەكو من جادووت لێنەكەن
نەتكەن بە هەڵم.
تیژ بڕۆ
بە ناو ئاسمانێكدا مەفڕە
كە من و ڕەعنا و دارچنارەكان
لەژێریدا لەم پاییز بۆ ئەو پاییز
زەمەن دەكوژین.
باڵندەی موسافیر
دڵم لە زەردەپەڕێكدا سووتا و
لە كازیوەیەكدا خۆڵەمێشەكەی
بەسەر دارچنارەكاندا باری
ڕەعنا لەو كاتەدا
لەژێر چەترێكەوە
هێدی هێدی بۆ ژوانگەی دڵێكی دی دەچوو.
دایكم لە پاش هەڵوەرینی پانزەهەمین جاری
گەڵاكانی درەختەوە
لە نێو بێدەنگیدا گەمارۆ درابوو
كەچی ئەو كازیوەیە
بۆ سووتانم
دەنگی لایلایەی گشت
درەختەكانی غەمگین كرد.
بڕۆ تیژ بڕۆ
ئێرە ماڵی حوزنە
كازیوەیەك ئومێدێكی چكۆلەم بوو بە خۆڵەمێش
كازیوەیەك دایكم بەبێ ویستی خۆی بەجێی هێشتم
كازیوەیەك ڕەعنام لێ ون بوو
كازیوەیەك دارچنارەكانی خەیاڵمیان
بڕییەوە.
كازیوەیەك دڵم وەك سێوێك لەت كرا.
ئەی باڵندەی موسافیر
كۆڵان بارانە
ژنێك بە كراسی ئاوییەوە
لەژێر باراندا هەنگاو دەنێ و
لە درەخت دەڕوانێ و دەڵێ
منیش وەك تۆ ڕووتوڕەجاڵم
باران تەڕم دەكات و
دڵی سیسبووم ڕەشەبای زوڵم
بە كۆڵانەكاندا دەیبا و دەیهێنێت.
من
لە بەڵەكۆنەی خەیاڵێكەوە
گۆرانیم بۆ ڕێحانە دەگوت
دایكم لەودیوی كاتژمێرەكانەوە بە خودای گوت
بۆچی ملی من
تاڵەدەزوویەك بێت لە بەردەم چەقۆدا.
باران دەبارێ
كۆڵان ڕێگهیەكی خوساو بوو.
كۆتاییەكەی سەرەتایەك بوو
كۆڵان لەژێر نمەنمەی باراندا بوو
من لە یادەوەریی دارچنارێكدا
بە لای گشت دارچنارەكاندا گوزەرم كرد
ئەوە من بووم هەلاهەلایان كردم
كە گریام چاویان دەرهێنام
كە عاشق بووم دڵیان دەرهێنام
كە بە ئاسماندا فڕیم باڵیان شكاندم
كە گۆرانیم گوت زاریان قرتاندم
كە گوێم لە مۆسیقا گرت كەڕوكاسیان كردم
كە لێوم بۆ ماچێك برد
كردیان بە كانیی خوێن
كە دارچنارێكم خۆش ویست
بە باڵایدا هەڵیانواسیم.
باڵندەی موسافیر
بڕۆ بڕۆ
ئەم زەلكاوە بەجێ بهێڵە
تا باڵیان نەشكاندووی
بفڕە بۆ گوڵستانێك دوور لێرە
تا چاویان دەرنەهێناوی
بڕۆ لەو دیوی ئاسمانەوە
لە ئەستێرەكان بڕوانە
بڕۆ تا كەڕوكاسیان نەكردووی
گوێ لە سەمفۆنیای هەورەتریشقە بگرە
بڕۆ تا زمانیان نەبڕیوی
ستران بۆ مانگ بڵێ
بڕۆ
تا دەنووكیان نەشكاندووی
دەنووك لە دەنووكی مەعشوقەكەی خۆت بدە
بڕۆ
بڕۆ بڕۆ
تیژ بڕۆ
باڵندەی موسافیر
با نەبی بە خۆڵەمێش
ئێرە دۆزەخه.