
نووسینی: هاشم ساڵح
و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
شتێکی ئاشکرایە شۆڕشی فەرەنسی ئەو رووداوە گەورەیە بوو کە سەردەمێکی تازەی هێنایەکایەوە، دابڕانی لەگەڵ سەدەکانی ناوەڕاست دروستکرد کە سەدەی فێندەمێتیتالیزم و دەرەبەگایەتی بوو. بەم مانایە شۆڕشی فەرەنسی بەهارێکی راستەقینە بوو، سەرەڕای ئەو هەموو ئازارو خوێن و ژانی لەدایکبوونە قورسانەی کە لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا هاتنەکایەوە. وەلێ لە دواجاردا سیستمێکی نوێی لێدروست بوو کە هاوڵاتیان هەمویان بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە دەکات، بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئاینی و مەزهەبی. بەم مانایە دابڕانێکی رەهای لەگەڵ رابردووی مەزهەبی یان تائیفی لە فەرەنسا هێنایەئارا. کەمینەی پرۆتستانت چ مافێکیان هەبوو، هەر هەمووی بە تەواوی پێبەخشین، چیتر ئەو کەمینەیەی تەکفیر نەدەکردو بە گومڕا ناوی نەدەبردو رقی لێنەدەبوەوە. سەردەمی چەوساندنەوەو رق کۆتایی هات و سەردەمێکی تازە جێگای گرتەوە کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤانەی هەر مرۆڤێک راوەستا بوو، بێ لەبەرچاوگرتنی ئاینەکەی یان تائیفەکەی.
ئەوەیە بەهاری راستەقینە، بەهاری گەلان و کەرامەتی مرۆڤانەی یەکسان بۆ هەموان. شۆڕشەکان دەبێت بەو جۆرەبن دەنا هیچ! بەڵام ئەوە مومکین نەبوو رووبدات، ئەگەر سەردەمی گەورەی رۆشنگەری لە پێشییەوە نەبوایە کە لە ئامێزی گرت و رێگای بۆ خۆشکرد. ئا ئەمەیە پرۆفیسۆر دانییل مۆرینە لە کتێبە قەبەکەیدا کە هەنووکە بووەتە کتێبێکی کلاسیکی، بەناونیشانی (بنەما فیکرییەکانی شۆڕشی فەرەنسی) بە وردی بۆمان باسدەکات. لەو کتێبەوەو لە چەندین سەرچاوەی دیکەوە، تێدەگەین ئەگەر هەوڵ و تەقەلاکانی ڤۆڵتێرو مۆنتسکیۆو جان جاک رۆسۆ و دیدرۆو مەوسوعییەکان بە شێوەیەکی گشتی نەبوایە، شۆڕشی فەرەنسی سەرکەوتنی بەدەستنەدەهێنا. ئەو بیرمەندە مەزنانە، سەرتاپای لاهوتی مەسیحی تاریکبینی کۆن و فەتوا تەکفیرییەکانیان و جیاکاریی تائیفییان، شکست پێهێنا. کەواتە ئەوەی بە رابواردن و گاڵتەپێکردنەوە پێت دەڵێ: نووسینی رۆشنبیران بریتییە لە پرتەوبۆڵەیەکی خۆڕایی و لە هەوادا بزردەبێت، زۆر بە هەڵەدا چووە. فیکر ئەگەر راست یان دروست بێت، لە فیشەک بەهێزترەو زەوی بە قووڵی هەڵدەتەکێنێت، لەوانەیە تەنها کتێبێک رێڕەوی مێژو بگۆڕێت. ئەوە ئەو کتێبەیە کە تا ئێستا لە جیهانی عەرەبیدا بوونی نییە.
پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە، تا لە مانای ئەو روداوە مەزنەی رزگارکردن تێبگەین کە دەرکەوتنی کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک رۆسۆ یان کتێبی نامەی لێکبوردنی فۆڵتێر یان کتێبی رۆحی یاساکانی مۆنتسکیۆ…هتد، هێنایانە ئاراوە. ئا لێرەدا هەست بەو پەیوەندییە جەوهەرییە، خەریکە دەڵێم پەیوەندییە کیمیاییە سیحرییە دەکەین کە گۆڕانی فیکری و گۆڕانی سیاسی پێکەوە دەبەستێت. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە شۆڕشی فەرەنسی لە ماوەی تەنها چەند مانگێکدا روویدا، لە 17 حوزەیرانەوە بۆ 15 تشرینی یەکەمی ساڵی 1789. وەلێ لە راستیدا لە 5 مانگی ئایاری هەمان ساڵدا دەستیپێکرد. ئێمە کە ئەمە دەڵێین، دەزانین لەو رۆژەدا (5 ئایار) هیچ روداوێکی شۆڕشگێڕانەی توندوتیژ رووینەدا.
دروست لەو رۆژەدا شا لویسی شانزەهەم، نوێنەرانی گەلی فەرەنسای بانگهێشتکرد بۆ کۆبوونەوە لە کۆشکی ڤێرسای، تاکو لە بارەی چاکسازییەکانەوە گفتوگۆو قسەوباس بکەن. بەڵام شا ئاگاداری ئەوە نەبوو دوای چەند هەفتەیەکی دیکە، شۆڕشی فەرەنسی بەرپادەبێت و خۆی و خانەوادەکەی کە بە درێژایی چەندین سەدە حوکمی وڵاتیان کردووە، دەڕوخێنێت. لە واقیعدا ئەو کەسایەتیانەی لەو رۆژەدا بانگهێشتکرابوون بۆ کۆبوونەوەکە، سەر بەو سێ چینە بوون کە گەلی فەرەنسایان لێپێکدەهات: چینی قەشەو گەورە پیاوانی ئاینی، چینی خانەدانە ئەرستۆکراتییە دەرەبەگەکان، چینی میللی: واتە بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی فەرەنسا. دوو چینەکەی پێشەوە، خاوەنی چەندین ئیمیتازی گەورەی مادیی و مەعنەوی بوون. ئەمە لە کاتێکدا بوو گەل بەدەست ئاگری کۆیلایەتی و هەژاری و نەبوونییەوە دەیناڵاند. لەو سەردەمەدا ئەوەندە بەس بوو لە خێزانێکی خانەدان یان لە خێزانی قەشەیەکی پایەداری مەسیحی لەدایکببیت، تا دەرگاکانی دەوڵەت و دامەزراندن و سەروەت و سامان لەبەردەمتدا کراوەبێت. بەڵام ئەگەر بۆ بەد بەختی، لە چینی میللی یان جوتیار لەدایکبوویت، ئەوا حاڵم بە حاڵت نەبێت. لەو رۆژگارەدا بەشی هەرە زۆری کوڕوکاڵی گەلی فەرەنسا، خزمەتکاری قەشەو کاهین و چینی خانەدانەکان بوون. شۆڕشی فەرەنسی دژ بەو بارودۆخە پڕ ریسوایی و نا مرۆڤانەیە بەرپابوو، لەبەر ئەوە شۆڕشێک بوو بە پلەی یەکەم لە پێناو دادپەروەری و ئازادی.
کۆبوونەوە گرنگەکەی 5 ئایار، لەلایەن مەترانی شاری نانس-ەوە کرایەوە. لە گوتارەکەیدا، لەیەککاتدا هێرشی کردە سەر هەڵەکانی فەیلەسوفانی رۆشنگەری و خۆشگوزەرانی کۆشکی پاشایەتی. کەیف و سەفای کۆشکی پاشایەتی بەراورد کرد بە هەژاری و داماوی جوتیارەکان لە گوندەکانی فەرەنسا و شتێکی ئاوای وت: نابێت و ناکرێت لەلایەکەوە کەمینەیەک لە خۆشگوزرانییەکی گەورەدابن و لەلایەکی دیکەوە زۆرینەیەک لە هەژارییەکی کوشندەدابن.
ئاشکرایە نوێنەرانی جوتیاران و چینی کرێکارو چینە میللییەکە، لە کۆشکدا بەو ئاراستەیەی سەرەوە قسەیان کرد و بە پاشایان وت: میللەت بەدەست برسییەتییەوە دەناڵێنێت، چونکە باجەکان باری سەر شانیانی زۆر قورس کردووە. دواتر بە پاشایان وت: گەل هەمو باجێک دەدات، بەڵام گەورەکان- واتە ئەوانەی زۆر دەوڵەمەندن- هیچ باجێک نادەن بە خەزێنەی دەوڵەت، خاوەن شکۆ ئەوە مەعقولە؟ ئایا رەوایە هەژار باجەکان بدات، کەچی کەسە زۆر دەوڵەمەندەکان هیچ باجێک نەدەن؟ ئا بەم جۆرە دەبینین شۆڕش لە ئەنجامی زوڵم و چەوساندنەوەوە بەرپادەبێت. ئەگەر زوڵم و چەوساندنەوە تەشەنەی کردو لە رادەی خۆی تێپەڕی، هیچ نامێنێت جگە لە تەقینەوە. ئایا کەسێک هەیە گوێبگرێت؟ ئایا پێش کار لە کار ترازان کەسێک هەیە بەئاگابێتەوە؟
ئێستا ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو: لەو سەردەمەدا ژمارەی خانەدانە ئەرستۆکراتییەکان چەند کەس بوون؟ وەڵامەکە ئەمەی خوارەوەیە: نزیکەی سێ سەد هەزار کەسێک لە وڵاتێکدا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی سی ملیۆن کەس بوو. هەمو گەل خزمەتکاری ئەو خانەدانە ئەرستۆکراتیانە بوون کە ئیمتیازو پلە و پۆستەکانیان بە میرات لە باوانیانەوە بۆ دەمایەوە. دژ بەوانە شۆڕشی فەرەنسی بەرپابوو کە ئەمە دروشمەکەی بوو: ئازادی، یەکسانی، برایەتی. بە مانای ئەوەی لەمڕۆ بەداوە چیتر کەسێک نییە پێیبوترێت کوڕی فڵان و فیسار، بەڵکو یەک گەل/ میللەت هەیە، پێکهاتووە لە هاوڵاتیانی یەکسان لە ماف و ئەرک.
وەلێ شۆڕش دژ بە چینی پیاوانی ئاینیش بەرپابوو، ئەم چینە وەک چینی خانەدانەکان، میللەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنا، ئەگەرچی بە رێگای جیاوازتر. پیاوانی ئاینی لە رێگەی وەعزو ئامۆژگاری مەسیحییانەوە، میللەتیان بێهۆش دەکردو لە خشتەیان دەبرد. داوایان لێدەکردن بەو بارودۆخە خراپە رازیبن، لەبەرامبەردا لە دونیای ئاخیرەت بەهەشت بەدەست دەهێنن. بە مانایەکی دی: ئەگەر لە دۆزەخی ئەم جیهانەی ئێستادا بژیت، ئاساییە و هیچ زەرەرێک ناکەیت، چونکە دوای مردن چارەنووست لە بەهەشتە، کەواتە خۆشی لە خۆت. پیاوانی ئاینی رۆڵی پڕوپاگەندەی دیماگۆکیان بۆ سەردەمی کۆن دەگێڕا، لەو کاتەدا توانیان قەناعەت بە گەلی فەرەنسی بێنن شۆڕش بەرپا نەکەن. لە گوتارەکانی رۆژانی یەکشەماندا، جەختیان لەسەر ئەم بیرۆکەیە دەکرد: شۆڕش بەرپاکردن دژ بە دەسەڵاتدار، مانای شۆڕشکردنە دژ بە خودی یەزدان، چونکە پاشای فەرەنسا سێبەری یەزدانە لەسەر زەوی. بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر فەیلەسوفەکان ئەم بیرۆکەیەیان لەبەریەک هەڵوەشاندەوەو رەتیان کردەوە، ئەوا گەلی رۆشنگەر، بە تایبەت دانیشتوانی شارەکان، بە ئازاییەوە توڕەبوونی خۆیان سەبارەت بەو بارودۆخە خراپەی تێیدا دەژیان راگەیاند. ئاشکرایە جان جاک رۆسۆ یەکێکە لە ئیلهامبەخشەکانی شۆڕشی فەرەنسی، رۆسۆ پێداگری لەسەر ئەم بیرۆکەیەی خوارەوە دەکرد: لە سەرەتادا هەموو خەڵکی بەشێوەیەکی یەکسان لەدایکدەبن، دواتر جیاوازی بەسەر بارودۆخیاندا دێت و بۆ دوو چینی ناچوونیەک دابەشدەبن: چینی خانەدانەکان و دەوڵەمەندە خاوەن زەوی و زارەکان، چینی جوتیارە هەژارەکان کە لەسەر زەوی و زارەکان دەژین، بێ ئەوەی خاوەنی هیچ شتێکبن. کەواتە موڵکایەتی بنەمای جیاوازی نێوان مرۆڤەکانە، ئەوە هەر موڵکایەتە هۆکاری ئەم هەمو زوڵمەی دووچاری جووتیارەکان بووە کە بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی فەرەنسا پێکدەهێنن. رۆسۆ لە گوتارە بەناوبانگەکەیدا سەبارەت بە زوڵم و نایەکسانی نێوان مرۆڤەکان، سەرجەم فیکرە کۆنەکانی لێکهەڵوەشاندەوە کە پاساویان بۆ جیاوازی چینایەتی و ئیمتیازەکان دەهێنایەوەو وتی: ئەوە هەرگیز هیچ ئەسڵ و ئەساس و شەرعییەتێکی نییە. ئەم گوتارە وەک راگەیاندنی جەنگ بوو دژ بە سیستمی حوکم، تەنانەت لانی کەم سی ساڵ بەر لە پەربابوونی شۆڕشی فەرەنسی.
لێرەوە فەیلەسوفانی رۆشنگەری رێگایان بۆ بەرپابوونی شۆڕش خۆشکرد، تۆوی فیکریان چاند کە دواتر کرایەوەو بووە هۆکاری بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسی. شۆڕش هەروا لە خۆڕا بەرپانەبوو، یان شۆڕش بەرپا نەدەبوو ئەگەر رەوایەتی کۆن نەکەوتایە کە پاساوی دەدا بە ئیمتیازەکان و دەستدرێژییەکان، لە شوێنی رەوایەتییەکی تازە جێگای گرتەوە کە بریتییە لە رەوایەتی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون. لە راستیدا رەوایەتی ئیلاهییانەی پاشا لویسی شانزەهەم، لە دیدی رابەرانی شۆڕش و چینی بۆرجوازی رۆشنگەر کەوتبوو. بەڵام هێشتا لە دیدی زۆرینەی جوتیارە هەژارەکاندا هەر بە بەهێزی مابوەوە، ئەو جوتیارانە لەو بڕوایەدابوون پاشای فەرەنسا، بە راستی سێبەری یەزدانە لەسەر زەوی.
بە هەر حاڵ مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، ناتوانین لە هۆکارەکانی بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسی تێبگەین، ئەگەر قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو رۆژگارەمان لەبەرچاو نەگرت کە چەندین ساڵ بوو لە قووڵایی فەرەنسادا دەخەمڵی. وڵات تا رادەیەکی زۆر برسی بوو، یان راستتر بەشی هەرە زۆری گەل برسی بوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو خانەدانەکان و دەوڵەمەندەکان، لە کۆشکەکاندا ژیانێکی پڕ کەیف و سەفاو خۆشگوزەرانی دەژیان. ژمارەیەکی کەمی قەشەو کاهینەکان لەو خۆشگوزرانییەدا بوون، نەک سەرجەم پیاوانی ئاینی سادەو ساکار کە وەک خەڵکە هەژارەکە بە هەژاری دەژیان. لە راستیدا ئەوە هۆکاری سەرەکی بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسییە. هەر ئەمەش بوو پاشا لویسی شانزەهەم لێیتێنەگەیشت و دەرکی پێنەکرد، تەنها دوای ماوەیەکی درێژ نەبێت کە تازە کار لە کار ترازابوو. ئێمە بە تایبەتی ئەمە دەڵێن، چونکە دارو دەستەی پاشاو ئەوانەی لەدەورەی پاشا بوون، وێنە راستەقینەکەیان لە پاشا شاردبوەوە. ئەوەی بارودۆخەکەی زیاتر خراپکرد، کەمی بەروبومی کشتوکاڵی ساڵی پێش بەرپابوونی شۆڕش بوو، واتە ساڵی 1788، بەم جۆرە گەنم زۆر بە دەگمەن دەستدەکەوت، نەبوونی گەنم بووە هۆکاری نەبوونی نان و خۆراک. ئاشکرایە گەنم مادە سەرەکییەکەی گەلە. سەروەختێک مرۆڤ برسی ببێت، رادەپەڕێت یان حەز بە یاخیبوون دەکات دژ بە سیستمی حوکمڕانی. برسییەتی کافرێکی بێبەزەییە.
جگە لەو هۆکارانە، پێویستە قسە لەسەر کێشەی کەلتوری سیاسی لە فەرەنسای ئەو رۆژگارەدا بکەین. میللەت چیتر کەسی پاشای فەرەنسای بە پیرۆز نەدەزانی، وەک ئەوەی پێشتر روویدابوو، یان بڵێ بە شێوەیەکی کەمتر بە پیرۆزی دەزانی. کاریگەری قەشەو پیاوانی ئاینی بە بەهێزی نەمابوەوە، وەک ئەوەی لە سەردەمە کۆنەکاندا روویدابوو. هۆکاری هەمو ئەوانەش، دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەفکاری شۆڕشگیڕی و رۆشنگەری بەناو ریزەکانی میللەتدا و وەک پێویست رۆچوو بووە ناویانەوە. هەرچی چینی بۆرجوازیەتی تازە سەرپێکەوتوو بوو، بەتەواوی خۆی لە بیرۆکە کۆنەکان رزگار کردبوو کە پیرۆزی دەبەخشییە سیستمی حوکمڕانی باو. ئەفکاری فەیلەسوفانی رۆشنگەری، بە قووڵی رۆ چووبووە نێو ریزەکانی. لێرەوە لەبەردەم خانەدانە ئەرستۆکراتییەکاندا، هەستیان بە ترس و لەرز نەدەکرد، وەک ئەوەی پێشتر هەستیان پێدەکرد. هەر ئەمەش بوو هانیدا هەندێکجار بەو پەڕی رق و کینەوە شۆڕش لە دژیان بەرپا بکات. چونکە خانەدانەکان بەدرێژایی چەندین سەدە خوێنی میللەتیان مژیبوو، بە ئارەقی نێو چاوی میللەت لە خێروبێری میللەتیان دەخوارد.
پێویستە مەسەلەکان لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە دابنێین، تا لە هۆکاری بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسی تێبگەین، شۆڕشێک ئەنجامەکەی تازەکردنەوەی وڵات و چوونەدەرەوە لە رۆتین و زەلکاوی چەقبەستن بوو. هیچ گومانێک لەوەدا نییە، شۆڕش روخێنەرو تێکدەرە، بەڵام لەسەر داروپەردووە روخاوەکە، بونیادنان و ئاوەدانی دروست دەکات. جگە لەوە، زیندویەتییەکی نوێ دەبەخشێت بە وڵات، ئاسۆیەکی فراوان دەکاتەوە کە حساب بۆ نەکراوە. ئەمەش بەرەو تازەبوونەوەی تواناکان و وزەکان دەڕوات و سەرلەنوێ دەمەزردیان دەکاتەوە. لەبەرامبەردا مانەوەی بارودۆخە کۆنەکە وەک خۆی، لەگەڵ ئەو هەموو داخران و بۆگەنبوونەی ئەو مانەوەیە گەڵ خۆیدا دەیهێنێت، بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن دروست دەکات و زیندوویەتی و وزە تازەکان دەخنکێنێت کە دەیانەوێ گوزارشت لە خودی خۆیان بکەن. بەم مانایە شۆڕشی فەرەنسی بەختی فەرەنسا بوو، لەگەڵ هەمو ئەو شتانەی کە روویدا. ئەم شۆڕشە بووە فاکتەری لەدایکبوونی فەرەنسایەکی تازە، فەرەنسایەکی زیندووی پڕ چالاکی و ئومێد، فەرەنساییەکی جیاواز لە فەرەنسا کۆنە چەقبەستووەکە کە گەشتبووە دیوارێکی داخراو. کەواتە فەرەنسا مرد لە پێناو ئەوەی فەرەنسا بژی! چەندین ئاسۆی تازە یان شێوازی تازە لەسەر دەستی شۆڕشی فەرەنسی هاتنەئاراوە، پەیوەندی نێوان دین و سیاسەت یان پەیوەندی نێوان میللەت و حاکم یا پەیوەندی نێوان دەوڵەمەندان و هەژارانی گۆڕی. دواجار پەیوەندییەکی بنەڕەتی و جەوهەری هەیە هەردوو گۆڕانی فیکری و سیاسی پێکەوە دەبەستێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی الاوان، 29 حوزەیران، 2018.