بیبلیۆگرافیای زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

دەزگای سەردەم، پێشتر دوو سیپارەی وەك بیبلیۆگرافیا بڵاوكردووەتەوە، یەكەمیان: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 1999– 2000، ئامادەكردن: ئاسۆ جەبار، 41 لاپەڕەی قەوارە 11×21سم. دووەمیان: پێڕستی بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2001– 2004، ئامادەكردن: كانی عەبدوڵڵا عەزیز، 107 لاپەڕەی 12×21سم.

سەرەتای 2013 و دوای نزیكەی 15 ساڵ لە دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، وەك بەرپرسی ئەرشیفی بەشی بڵاوكراوەكان دانرام، كاك ئازاد بەرزنجی، هەر زوو داوای بیبلیۆگرافیای چاپكراوەكانی لێ‌ كردم، سەرەتای 2018 ڕێككەوتین، كە لەگەڵ كاك ڕێبوار سەدرەدینی هاوڕێمدا، ئامادەی بكەین. خۆشبەختانە وا بەشی یەكەمی لە یادی بیست ساڵەی دامەزراندنی دەزگاكەدا بڵاوكراوەتەوە. هیوادارین لە داهاتوویەكی نزیكدا، بتوانین بیبلیۆگرافیای زنجیرەكانی كتێبی گیرفان، كتێبی عەرەبی، دۆسیە، كەلتوور و پاشكۆكان، ئامادە بكرێن و بڵاوبكرێنەوە.

لە ئامادەكردنی ئەم بیبلیۆگرافیایەدا، چەند هێمایەك بەكارهاتوون، چاپ: نۆرەی چاپ، چ: چاپخانە، ش: شوێن، ژس: ژمارەی سپاردن، س: ساڵ، ل: لاپەڕە، ق: قەوارە، بە سانتیمەترە و پانی پێش درێژی نووسراوە، نیشانەی پرسیار بۆ زانیاریی نەزانراو و نادیار دانراوە، بەتایبەتی زمانی یەكەمی ئەو كتێبانەی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراون، لە ئاماژەكردن بە (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی كوردی)یشدا، بە پێویستمان نەزانیوە، بۆ هەر كتێبێك بنووسین (وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی)، تەنیا نووسراوە (وەرگێڕانی لە زمانی فارسییەوە، یان وەرگێڕانی لە زمانی عەرەبییەوە)، واتە دوا وەرگێڕان بۆ سەر زمانی كوردییە. هەندێ‌ كتێب، ژمارەی سپاردنی لە كۆتایی ساڵێكدا وەرگرتووە و لە كۆتایی ساڵی دووەمدا چاپ كراوە، ساڵی ژمارەی سپاردنەكە نووسراوە و ساڵی چاپكردنەكەش، لە نێو كەوانەیەكدا دانراوە.

ناردن: