
نووسینی: د. محمد عبدالتستار البدری
و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
تۆماس مۆر یەکێکە لە ناودارترین سیاسی و فەیلەسوفانی ئینگلیز لە سەدەی شانزەهەم، ئەم کەسایەتییە ناودارەک لەلایەن پاشا هنری هەشتەمەوە، بە ناپاک تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەر لەوەی لەسەر ئەژنۆکانی بنووشتێتەوەو خۆی بۆ مل پەڕاندنی ئامادە بکات، دواهەمین قسەی خۆی دەکات و دەڵێ: (هەمیشە وەک خزمەتکارێکی پاشا دەمێنمەوە، بەڵام پێش ئەو من خزمەتکاری یەزدانم).
دوای ئەو قسانە، ژیانی تۆماس مۆر کۆتایی پێدێت. وەلێ کۆتایی بە ژیانی فیکری و سیاسی نایەت، بگرە ژیانە فیکری و سیاسییەکەی، دوو یان سێ سەدە بەردەوامدەبێت و چەندین کێشەی ئاینی و سیاسی بۆ ئەوروپاو ناسەقامگیری ئەوروپا دێنێتە ئاراوە کە مەلاین قوربانی لێدەکەوێتەوە، هەمو ئەوەش لە ساتەوەختی ئەوەی پێیدەوترێت (ریفۆرمی ئاینی) و شکاندنی شکۆی پاپای ڤاتیکان، سەرۆکی کڵێسای کاسۆلیکی، روودەدات.
لەو رۆژگارەدا، هاوڵاتی سادە یان رۆشنبیر، دووچاری سەرلێشێوانێکی ئاینی و سیاسی ببوو، چونکە پاشا و شازادەکانی ئەوروپا، هەوڵیاندەدا لەژێر عەبا سیاسی و ئاینییەکەی ڤاتیکان بێنەدەرەوە. لەبەرامبەردا پاپای ڤاتیکان تەواوی هەوڵ و توانای خۆی، بۆ بەرگریکردن و مانەوەی دەسەڵاتە رۆحانییەکەی، دژ بە بزووتنەوەی ریفۆرمی ئاینی، خستبووەگەڕ. بگرە ناڕەزایی بزووتنەوەی ریفۆرمی ئاینی، سەریکێشا بۆ یاخیبوونێکی بەرفراوان کە هەڕەشەی لە کڵێسای پاپای ڤاتیکان دەکرد. دوا قسەی تۆماس مۆر، بەرجەستەیەکی راستەقینەی ئەو قەیرانە بوو کە لەسەر چەمکی شەرعییەت، لە نێوان دەسەڵاتی ئاینی و دەسەڵاتی دونیایی لە ئەوروپادا هاتبووە ئارا.
تۆماس مۆر ساڵی 1477 لە لەندەن هاتووەتە دونیاوە، زانستی خوێندووە، پاشان پەیوەندی دەکات بە زانکۆی ئۆکسفۆرد، لەوێ هەردوو زمانی لاتینی و یۆنانی دەخوێنێت، جگە لەو دوو زمانە، زانستی تیۆلۆژیا و هەندێ زانستی دیکە دەخوێنێت. حەزو مەیلە ئاینییەکەی هێجگار گەورە بووەو کەسایەتی داگیرکردبوو، ئەو مەیلە ئاینییەی بە ئەندازەیەک بوو، لە قۆناغێکی ژیانیدا بیر لەوە دەکاتەوە ژیانی بۆ مەسەلەی رەهبانییەت تەرخان بکات. بەڵام پەشیمان دەبێتەوەو روو دەکاتە خوێندنی ماف ـ حقوق ـ لەسەر داواو ئامۆژگاری باوکی دەبێت بە پارێزەر. دواتر سەرقاڵی کاری پارێزەری دەبێت و ساڵی 1504 دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی ـ پەرلەمان.
لەلایەکی دیکەوە، ژیانی سیاسی تۆماس مۆر، سێ رەگەزی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە تا ساتەوەختی لەسێدارەدانی لەگەڵیدادەبێت، ئەو سێ رەگەزەش بریتین لە: پابەندبوونی قووڵی بە کڵێسای کاسۆلیکییەوە، پابەندبوونی قووڵی بە بیروباوەڕە سیاسییەکەی، پابەندبوونی قووڵی بە وەلائی بۆ تەختی پاشایەتی ئینگلیز. بوونی ئەم سێ پابەندبوونە یان ئەم سێ وەلائە، وایان لە مۆر کرد لە مێژوی ئینگلتەرەدا، ببێت بە کەسایەتییەکی دەگمەن و ناوازە. ئەم پیاوە توانی لەیەک کاتدا، هەرسێ وەلائەکە پێکەوە جێبەجێ بکات. لە ئەنجامی نزیکی لە پاشا هنری هەشتەمەوە، بەخێرایی پلەو پۆستی وەدەگرێت. هنری هەشتەم لەیەک کاتدا، کەسایەتییەکی قووڵ و خوێناوی هەبوو. تۆماس مۆر بەهۆی تایبەتمەندی بیروڕاکانی و عاقڵییە سیاسییە درەوشاوەکەیەوە، هنری هەشتەم کردی بە گەورەترین راوێژکاری خۆی. پاشان بوو بە وەزیری دارایی و لەگەڵیدا تا دەهات لە پاشا نزیکتر دەبوەوە. دواتر لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەتاکانی بزووتنەوەی ریفۆرمی ئاینی پرۆتستانتی لە ئەوروپا، بەسەرکردایەتی قەشەی ئەڵمانی مارت لۆسەر، پێگە و گرنگی تۆماس مۆر وەک بیرمەندێکی سیاسی زیاتر بوو. مارتن لۆسەر لەبەرامبەر دەسەڵاتی رەهای پاپاو کڵێساکەی لە رۆما، راوەستاو ئەلەنگاریان بوەوە. بە تایبەت لەو بیرۆکەیەی کە پەیوەست بوو بە سەرفرازی لە دونیای ئاخیرەت. لۆسەر پێیوا بوو رزگاربوون و سەرفرازی مرۆڤ لە دونیای ئاخیرەت، بەدەست پاپاو کڵێساکەی نییە. بەڵکو ئەو رزگاربوونە، لە میانەی تۆبەکردن و پەیوەندی مرۆڤ بە خودای خۆیەوە دێتەئارا.
لەو رۆژگارەدا، هنری هەشتەم لە پاپای ڤاتیکانەوە نزیکبوو، هەر بۆیە بە خێرایی هانای بۆ تواناکانی تۆماس مۆر هێنا تا وەڵامی مارتن لۆسەر بداتەوە. تۆماس مۆر لە میانەی کتێبە ناودارەکەی (فی الدفاع عن المقدسات السبع) وەڵامی مارتن لۆسەری دایەوە. ئەم وەڵامە پێگەی تۆماس مۆری لای تەختی پاشایەتی بەرزکردەوە، نەک تەنها وەک سیاسییەک، بگرە وەک بیرمەندێکیش. لەو سەردەمەدا بوونی بیرمەند لە کۆشکی پاشایەتی ئینگلیزیدا، کاڵایەکی تاڕادەیەکی زۆر دەگمەن بوو.
لە راستیدا تۆماس مۆر کاتێکی زۆری خۆی بۆ لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە لە بارودۆخی سیاسی و ئاینی تەرخان کرد. هاوڕێیەتی لەگەڵ بیرمەند و زانای هیومانستی هۆڵەندی (ئیراسمۆس Erasmus) کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی فیکری ریفۆرمی سیاسی ئەوروپا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی دانا. ئەم دووانە لەگەڵ یەکتر فیکرو دیدگاو تێڕوانینەکانیان ئاڵۆگۆڕ دەکرد، پاشان پێکەوە ئەو ئاقارەیان دامەزراند کە لە فیکری مۆدێرنی ئەوروپی پێیدەوترێت ئاقاری (هیومانیزم Humanism). هەر یەک لەم دوو بیرمەندە، کاریگەری لەسەر ئەوی دیکەیان هەبوو.
تۆماس مۆر، لە لەندەن، میوانداری ئیراسمۆس دەکات، ئەمەی دواییان لەو ماوەیەدا کە لە لەندەن دەبێت، یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی دەنووسێت و پێشکەشی هاوڕێکەی دەکات. بەڵام تۆماس مۆر بیرکردنەوەو فیکری تایبەت بە خۆی هەبوو، لەو ماوەیەدا خەریکی نووسینی کتێبێکی بوو بە ناوی (یۆتۆپیا) کە بە یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی سەدەی ریفۆرم دادەنرێت. ئەم کتێبە هەندێجار بە (شاری نموونەیی) یان (شاری ئایدیاڵ) ناودەبرێت. ئیراسمۆس دواتر ئەم کتێبە لە شاری لۆڤانی بەلجیکا بە زمانی لاتینی بڵاودەکاتەوە. زۆربەی گومانەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم کتێبە گرنگە، تەنها دوای مردنی تۆماس مۆر، لە ئینگلتەرە بڵاوبووبێتەوە. کتێبەکە پوختەی ئەو سێ پابەندبوونە یان ئەو سێ وەلائەیە کە تۆماس مۆر پابەندبوو پێیانەوە و کاریگەرییان لەسەری هەبووە. کتێبەکە تێکەڵێکە لە رەخنەگرتن لە سیاسەتی ئینگلیزی و گەندەڵییەکانی و دیدگا نموونەییەکەی تۆماس مۆر بۆ شێوازی ئیدارەدانی دەوڵەت. بەڵام لە هەمویان گرنگتر بریتییە لەو رەهەندە رۆحییە هیومانستییەی کە پێویستە لە ئیدارەدانی سیاسەتدا هەبێت، چ سیاسەتی عەرشی پاشایەتی یان سیاسەتی هاوڵاتییەکی سادە.
کتێبی یۆتۆپیا پشت بە زنجیرەیەک گفتوگۆ دەبەستێت؛ کە بیرۆکەی ریفۆرم بەرجەستە دەکەن. تۆماس مۆر کەوتبووە ژێر کاریگەری (شاری ئایدیاڵ) کە لە فیکری فەیلەسوفی یۆنانی (ئەفلاتون) دا باسکرابوو. ئەفلاتون بیرۆکەی ئەم شارە ئایدیالەی لە یەکێک لەو دورگانەوە وەرگرتبوو کە (ئەمریکۆ ڤیسبوتچی) دۆزیبوویەوە و دواتر لەسەر ناوی خۆی ناونرا کیشوەری ئەمریکا. تۆماس مۆر لە کتێبەکەیدا دیدگای خۆی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدان و بەرێوەبردنی سیاسی و ئابوری ئەو دورگەیە، دەخاتەڕوو. دانیشتوانی دورگەکە لەسەر بنەمای مەشاعەی سەرەتایی، پێکەوە لە دۆخێکی ئاشتی و ئارامیدا دەژیان. تۆماس مۆر پێیوایە نەهێشتنی چەمکی موڵکایەتی تاکە کەس ـ الملکیە الفردیە ـ بنەمای ئارامی و خۆشبەختییە، دروست ئا لەو دۆخەدا، کەس پێویستی بە پارە نییە. چونکە هەمو کەسێک ئەوەی دەیەوێت دەیبات و دەستی دەکەوێت و بەپێی تواناکانی خۆی کاردەکات. تۆماس مۆر لەو بڕوایەدا بوو چاوچنۆکی مرۆڤەکان، بنەمای هەمو شتێکی نێگەتیڤە و هەر ئەوەشە چینایەتی لە نێو کۆمەڵگەکاندا دروست دەکات. لێرەوە بە نەهێشتن و ڕیشەکێشکردنی بەرژەوەندی موڵکایەتی تاکەکەسی، پێویستە مەسەلەی چینایەتی لەناوببرێت و بەمەش؛ کێشەی دابەشکردنی داهات ـ دەخل ـ لە دەوڵەتدا چارەسەر دەکرێت.
تۆماس مۆر جگە لەوانە، بڕوای وابوو مرۆڤ بە سروشتی خۆی، بوونەوەرێکی چاکە خوازە، بەڵام بارودۆخی ژیان و ئەو ژینگەیەی دەورەی مرۆڤی داوە، تێکیدەدەن و چی شتی خراپ هەیە لەناو مرۆڤدا دیهێننە دەرەوەو مرۆڤ بەرەو چاوچنۆکی و گەندەڵی پەلکێش دەکەن. بەڵام لەپاڵ ئەم بنەمایانەی کۆمەڵگادا، مۆر رەگەزی چاکەکاری ـ فەزیلەت ـ بۆ کۆمەڵگا زیاد دەکات. مۆر ئەم رەگەزەی لە مەسیحییەتەوە وەرگرتووە و پێیوایە (ئاینی مەسیحی لە حاڵەتی خۆیدا) لە میانەی هاندانی بەردەوامی مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کاری چاکە، لەیەککاتدا بەختەوەری و فەزیلەت بە مرۆڤ دەبەخشێت.
ئەم بیرمەندە، سەرەڕای ئەوانەی لە سەرەوە باسکران، لەکتێبەکەیدا (یۆتۆپیا)، تیۆرەیەک گەڵاڵە دەکات، تیۆرەکەی پەیوەستبوونێکی گەورە لە نێوان ئاین و فیکری هیومانستی لەخۆدەگرێت. کرۆکی تیۆرەکەی باس لەوە دەکات بەختەوەری راستەقینەی مرۆڤ، لەهەبووندا نییە بەڵکو لە بەخشیندایە. چونکە لە زەت و چێژی یارمەتی و هاریکاریکردنی ئەوانی دیکە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، لە هەمو لەزەت و چێژێکی دیکە گەورەترە. مۆر پێیوابوو بنەمای سەرەکی ئاین لەم (شارە ئایدیاڵەدا) بریتییە لە ئیمان بە خودا و بڕوابوون بە رۆژی قیامەت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی هەمو جۆرێک لە جۆرەکانی توندڕەوی نەمێنێت، مادام ئامانجی ئاین یەکگرتنی خەڵکە نەک دابەشکردنی لەسەر بنەمای مەزهەبی.
لە واقیعدا هەرچەندە لە راستیدا بیرۆکەی ئەم کتێبە، تازە نەبوو، بگرە پێشتر ئەفلاتون قسەوباسی لە گەلێک لایەنی ئەو بیرۆکەیە کردووە. بەڵام ئەو بەها تازەیەی ئەم کتێبە بەو بیرۆکەیەی بەخشی، ئەوەیە لە جیهانی خۆرئاوادا چەمکی هیومانیزمی بەستەوە بە ئاین، ئەمە لە پاڵ ئەو رەخنە توندەی لەیەککاتدا لە واقیعی سیاسەتی ئینگلیزی و ئەوروپی دەگرت. هەروەها ئەم کتێبە بووە بنەمایەک بۆ ئەو فیکرەی کە دواتر هەندێ لە بیرمەندەکان تەبەنی دەکەن و نزیکە لە فیکری کتێبەکەوە.
مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، پێکدادانی تۆماس مۆر و پاشا هنری هەشتەم زۆری نەخایاند و روویدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی تۆماس مۆر وردە وردە، رازینەبوو پاشا باجی قورس بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنێت. ئەمە مۆری ناچار کرد لە پەرلەمان دەست لەکاربکێشێتەوە. پاشان کێشەی دووەم دێت، ئەویش بریتییە لە حەزی پاشا بۆ ئەوەی کاترین ئاراگوانی هاوسەری تەڵاق بدات و لێی جیاببێتەوە، چونکە منداڵی نابێت و نەیتوانیوە وەلی عەهد بۆ پاشا بێنێتە دونیاوە. مۆر بە پشت بەستن بە مەزهەبی کاسۆلیکی کە هەرگیز رێگە بە تەڵاق نادات، بە تەواوی ئەو حەزەی پاشای رەتکردەوە. ئا لێرەوە تۆماس مۆر راستەوخۆ لەگەڵ پاشا هنری هەشتەم بەریەک دەکەون. بەڵام ئەم بەریەک کەوتنە، کاتێک دەگاتە ترۆپک کە پاشا رایدەگەیەنێت، بە نیازە هەمواری ـ تەعدیلی ـ کڵێسای ئینگلیزی بکات و لەژێر عەباکەی کڵێسای کاسۆلیکی دەریبهێنێت و خۆی بکات بە سەرۆکی کڵێساکە. مۆر ئەم مەسەلەیەی بەتەواوی رەتدەکاتەوە و رازی نەبووە واژۆ لەسەر ئەو مەرسومە پاشایەتیانەی، تایبەت بوون بەم ئامانجەی پاشا، بکات. ئا ئەمە بوو وایکرد پاشا، تۆماس مۆر بە خیانەتی گەورە تۆمەتبار بکات و ساڵ 1535 لە سێدارەی بدات. دوای چوار سەدە بەسەر تێپەڕبوونی لە سێدارەدانی تۆماس مۆردا، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند تۆماس مۆر (قەدیسە)، ئەمەش وەک رێزێک بۆ تۆماس مۆر کە بەرگری لە کڵێسای کاسۆلیکی کردبوو.
لە راستیدا تۆماس مۆر بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارو کاریگەرەکانی فیکری ئینگلیزی و هیومانیزم دەژمێردرێت، هەرچەندە مێژوو سەلماندوویەتی فیکرە سەرەتاییەکانی، قەبارەیەکی ئەوتۆیان نەبووەو لاواز بوون. بەڵام خەیاڵی هیومانیستی، وەک یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی گەشەکردنی فیکری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە. بە درێژایی مێژو فیکرگەلێکی زۆر خراوونەتەڕوو، ئەم فیکرانە خۆ بە خۆ بەهایەکیان نەبووە، بەڵام هەنگاوێکی کاریگەریان هاویشتووە لە پێشخستن و گەشەکردنی فیکری ئینسانیدا. فەیلەسوف و ئەدیبی فەرەنسی ڤۆڵتێر، لە رۆمانە بەناوبانگەکەیدا (کاندید) لەسەر زاری پاڵەوانی رۆمانەکەوە وتەیەکی هەیە دەڵێت: (ئەم جیهانە، باشترین جیهانی بەردەستە)، بیرۆکەی ئەو وتەیە لە فەیلەسوفی ئەڵمانی (لیبینتیز)ەوە وەرگیراوە، بەڵام پێدەچێت فیکری تۆماس مۆر، بە تەواوی پێچەوانەی ئەو وتەیە بێت.
سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، 18 مارس، 2017