یەكێك لەو كتێبانەی كە ئەرستۆ بیروبۆچوونە تیۆرییەكانی خۆی سەبارەت بە ئەدەب تیا خستووەتە ڕوو، كتێبی (هونەری شیعر)ە، كە تاكو ئێستاش لە مێژووی تیۆرییە ئەدەبییەكاندا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و گەلێ لەو مەسەلانەی لەو كتێبەدا باسی لێ كردوون، مایەی گفتوگۆكردن و مشتومركردنن.

هەر لەم كتێبەدا ئەرستۆ بیروڕاكانی خۆی سەبارەت بە دراما بە گشتی و تراجیدیا بە تایبەتی دەربڕیوە. گەرچی كتێبی شیعر چەند جارێك كراوە بە كزردی و دەقەكەی لە بەردەستی خوێنەری كورددا هەیە، بەڵام تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی وەها سەبارەت بەم كتێبە بە زمانی كوردی نابینرێت.

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

شەش هەمین کتێبی زنجیره‌ی بنیاتنه‌رانی کلتوور
له‌ بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی کتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2015©

زۆربەی ڕەخنەنووسانی شانۆیی لەسەر ئەوە ڕێکن کە یۆنان لانکی ڕاستەقینەی دراما بووە و سەرهەڵدان و فراژیبوونیشی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو کەشە ئایینییانەوە هەبووە کە لەو دەمەدا بۆ ئەو خواوەندانە سازکراون، کە گریکە کۆنەکان باوەڕیان پێیان هەبووە و بەتایبەتییش “دیۆنیزیۆس یا باخۆس” خواوەندی پێدەشت و دەوەن و بەروبووم و ڕەز.

گریکەکان بۆ ئەم خواوەندە ساڵی دوو ئاهەنگیان گێڕاوە، یەکەمیان لە سەرەتای زستاندا؛ واتە دوای ترێڕنین و مەی دروستکردن. لەو دەمەدا شادی و خۆشییەکی ئێجگار دایدەگرتن و بە کەیفەوە سروودی ئایینی و گۆرانییان دەچڕی و سەمایان دەکرد. لەم جۆرە ئاهەنگەیانەوە “کۆمیدیا Comedy” هاتە گۆڕێ، لە ئاهەنگەکەی تریشیانەوە کە پاش ئەوەی ڕەز وشک دەبوو و ڕووی سروشت گرژ و مۆن دەبوو، “تراجیدیا Tragedy” هاتە گۆڕێ.

کەواتە [دراما “واتە شانۆیی” ڕاستەوخۆ لەو ئاهەنگ و جەژنە دیۆنیزیۆسیانەوە پەیدابوو… لەو کەش و سەما و سروودانەی پیایدا هەڵیان دەدا… لەو کەژاوانەی بۆ ڕێزلێنان و شکۆلێنانی دادەبەستران و بەشداران سەرنجیان لێ دەدا و شاپڵیتەیان هەڵدەگرت و دەمامکیان دەپۆشی، ئەو شوێنەی بۆ ئەم ئاهەنگەیش تەرخان دەکرا، پێی دەگوترا “شانۆ” و ئەوانەی لە ڕێزلێنانی خواوەندا بەشدارییان دەکرد لەپێشدا بە زێوان “الکاهن” و پاشانیش بە “ئەکتەر” ناسران، ئەوانەی پێشەنگیی سروودوتنەکەیان دەکرد و دەیانتوانی سروودی نوێ بهۆننەوە بە “شاعیر” ناودەبران و وردەوردە بواری ئەم کارەیان فراوانتر بوو، تا ناوی “درامانووس”یان بەسەردا دابڕا، هەروەها ئەوانەی کە تەنها بە گیان و سۆزەوە بەشداریی ئاهەنگەکەیان دەکرد، ناویان نرا “بینەران”]. (تاریخ المسرح فی پلاپە ێ‌لاف سنە، شلدون تشینی)

کۆنترین پیەسی شانۆیی گەیشتبێتە دەستمان، پیەسەکانی درامانووسە گریکەکانن و بەتایبەتی شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس (٥٢٥ – ٤٥٦ی پ.ز) و سۆفۆکلیس (٤٩٥ – ٤٠٥ی پ.ز) و یۆرپیدیس (٤٨٠ – ٤٠٥ی پ.ز) لە بواری تراجیدیادا و ئەریستۆفانیس (٤٤٤ – ٣٨٨ی پ.ز) و میناندەر (٣٤٢ – ٢٩٢ی پ.ز) لە بواری کۆمیدیادا. بابەتی زۆربەی ئەو شانۆنامانەش لە ئەفسانە و داستانە گریکەکانەوە وەرگیراون. ئەو شانۆنامانەش بەڵگەن بۆ بڵندی و نەمریی ژیاری دێرینی یۆنان و ئەو قسەیەی ئەلاردایس نیکۆڵ دەسەلمێنن کە دەڵێت: [یۆنانیەکان یەکەم کەس بوون بایەخیان بە شانۆ داوە و سیستمێکی تایبەتیان بۆ داناوە و جیهانیش ئەم هونەرەیان لەوانەوە وەرگرتووە]. (المسرحیە: نشاتها و تاریخها و اصولها، ص٨).

هەروەک چۆن کۆنترین پیەسی شانۆیی ڕاستەقینە بۆ یۆنان دەگەڕێتەوە؛ هەر بەو جۆرە یەکەم تیۆریی درامایش کە مەنهەجیانە و زانستیانە لە درامای تۆژیبێتەوە، تیۆرییەکەی ئەریستۆتاڵیس (٣٨٤ – ٣٢٢ی پ.ز)ە لە کتێبەکەیدا بە ناوی “هونەری شیعر”ەوە، کە تیایدا بەرهەمی هونەریی سەردەمەکەی شی دەکاتەوە و بنچینە و ڕێساکانی داهێنان و ئافراندنی هونەرییان لێ هەڵدەهێنجێت. بۆ ئەم مەبەستەیش زۆر بە وردییەوە ڕوانیویەتە شانۆنامەکانی ئەسخیلیۆس و یۆرپیدیس و سۆفۆکلیس و داستانەکانی هۆمیرۆس و چەندان بەرهەمی هونەریی تری ئەو دەمە.

ئەریستۆ نەهاتووە لەخۆڕا یاسای هونەری دابنێت و بەسەر کاری هونەریدا بیسەپێنێت، بەڵکو ئەو ڕێسایانەی وەکو ئەنجامێک پێیان گەیشت زادەی ئەزموونێکی زۆر و بایەخ و سەرنجی وردن. کتێبەکەشی (واتە “شیعر”) یەکێکە لە نووسراوە گرنگەکان لە مێژووی ئێستاتیکا و ڕەخنەی ئەدەبیدا و [نەک بە تەنها بەڵگەنامەیەکی تیۆریی گرنگە، بەڵکو گەواهینامەیەکی ڕاستگۆیشە لەسەر پەرەسەندوویی هونەری گریکی] (موجز تاریخ النڤریات الجمالیە، ص٢٣).

کەواتە با وردەوردە بکەوینە تاوتوێکردنی کتێبی “شیعر” ئەوەندەی کە پەیوەندیی بە تیۆرییە دراماییەکەی ئەریستۆوە هەیە و شیکردنەوە و لێدوان لەو چەمکە هونەرییانەی لە تیۆرییەکەیدا بەکاری هێناون.

ناردن: