
شیعر چییە؟
تێری ئیگڵتۆن
لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد
*ئەو دەقە شیعریانەی نووسەر سەرنجی لەسەر فۆنەتیک، کێش و زمانە ئینگلیزیەکەیانە، وەک خۆیان بە ئینگلیزی دانراونەتەوە.
چوار: شیعر و پراگماتیزم
رێگەیەکى تر بۆ بەیانکردنى مەبەستمان لە فیکشن، بانگەشەکردنى ئەوەیە کە شیعر داوامان لێ دەکات مامەڵەیەکى “نا پراگماتیکی” لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەین کە دەیانڵێت. ئەوان دەربارەى جێبەجێکردنى پراکتیکییانە و یەکسەرییانەى شتێک نین، گەرچی شتەکانیش بە جۆرێکى ناڕاستەوخۆ جێبەجێ بکەن. سروودی نیشتیمانیی بەریتانى “خودایە شاژن ڕزگار بکە” جۆرێکە لە دوعا وەک هەر دوعایەکى تری پاڕانەوەئامێز، کە گوازرشت لە ئومێدێک دەکات خودا هێند بەبەزەیی دەبینێت کە داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات(مەبەستم ڕزگارکردنى شاژن)، وەک دەرەنجامێکى ڕاستەوخۆی گۆکردنى وشەکان لە لایەن ئێمەوە. بەڵام ئاکتى قسەکردنەکە لە ڕاستییدا ناپراگماتیکییە: دەنگ دەداتە ئەم ئومێدە لەپێناو دەربڕینی حورمەتی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی دەوڵەت. زۆربەى ئەوانەى سروودی نیشتیمانیى دەڵێنەوە هەڵنادرێنە بێئومێدییەکەوە کە ببێتە هۆی خۆکوشتن، کاتێک بە شەهوەتەوە لەگەڵ گوتنى ئەو دێڕانەدا دەنگ هەڵدەبڕن و دەبینن کە شاژن هەمیشە هەر وەک خۆی ناڕزگارکراوە، هەر وەک هەمیشە بەخیلە بۆ نۆکەرانى، هەمان شێوەى ئەو کاتە کە دەستیان بە سروودەکە کرد.
دەمانتوانى ئەنسرۆپۆلۆژیستە ئەفسانەییەکەى ئەلفا سێنتاوری بهێنینە بەرچاومان کاتێک گوێ لە قسەکانمان دەگرێت و نازانێت لە نێوان شتانى تردا، مەبەستمان جێبەجێکردنى شتەکانە- بەر پەیوەندیەکانى نێوان ئەو گوتانە ی کە گوتومانن و ئەو کردارانەى کە کردوومانن ناکەوێت، تەنانەت بەر هەبوونى ئەو پەیوەندیانەش ناکەوێت. بە جۆرێک، زمانمان وەک شیعر دەبیستێت- وەک ڕێوڕەسمێک(ceremony) بە پیت کە تەنها لەپێناو خۆیدا بوونى هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا خودی ئەم ڕێوڕەسمە بەشێکە لەوەى کە دەیکەین، ئاقیبەتگەلێکى پراکتیکیی هەیە بۆ بەشەکانى تری شێوازى ژیانمان. شیعر دامەزراوەیەکى کۆمەڵایەتییە، نزیکایەتی ئاڵۆزی هەیە لەگەڵ بەشەکانى تری بوونى کلتوریماندا. بۆ نمونە مامەڵەکردنى زمان بەشێوەیەک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدار نەبێت بە دۆخێکى ماتێریاڵیەوە، پێویستى بە ئامادەکاریەکى زۆری ماتێریاڵیی هەیە.
ڕەنگە بیرۆکەى شیعر وەک گوتارێکى نا پراگماتیی لەڕێی ئەم شیعرەى ویلیام کارلۆس ویلیامسەوە ڕوونبکرێتەوە، کە وەک نامەیەک بۆ ژنەکەى دەخوێنرێتەوە:
ئەمە تەنها بۆ گوتنە
ئەو هەڵووژانەم خواردووە
کە لە سندووقی بەفرەکەدا بوون
ئەو هەڵووژانەى کە ئەگەری زۆری هەیە
تۆ بۆ نانى بەیانى هەڵتگرتبن
بمبەخشە
خۆشبوون
زۆر شیرین و
زۆر ساردیش.
تەنانەت ڕەنگە شیعرەکە نامەیەکیش بووبێت بۆ ژنەکەى. دەقێکى پارۆدی(تەنز(١))یش دەربارەى نووسراوە، لە لایەن کنیس کۆچەوە:
ئەو خانووەم جنى کە تۆ داتنابوو هاوینی داهاتوو تێیدا بژین.
داواى لێبوردن دەکەم، بەڵام بەیانیی بوو، منیش هیچم نەبوو بیکەم
دارسێرەکانیشی زۆر کێشیان دەکردم.
پێکەوە بە گوڵە ئەلکیاکان پێکەنیتین
پاشان من سابوونى شلم پێیاندا پرژاند
بمبوورە. بە سادەیی، نازانم چی دەکەم.
ئەو پارەیەم بەفیڕۆ دا کە تۆ پاشەکەوتت کردبوو
تاکو دە ساڵی داهاتوو پێی بژین.
ئەو پیاوەى داواى کرد پیسکە بوو
بای مارتی خۆگییریش لەسەر سەکۆکە
زۆر تەڕ و سارد بوو.
دوێنێ ئێوارە سەمامان دەکرد و قاچتم شکاند.
بمبەخشە، سەمازان نەبووم و
ویستم لێرە بیت لەم قاووشە،
ئەم قاووشەى کە من تێیدا پزیشکم!
(ویلیامز شاعیر و پزیشکیش بوو) ئەو نیشانەى سەرسووڕمانەى کۆتایی پێویست نییە، بەڵام پارۆدیەکەى کۆچ، لەگەڵ ئەوەشدا کە گاڵتەئامێزە، کۆمێنتێکى سەرنجڕاکێشى ناوەکیی دەربارەى ئۆرجیناڵەکەى ویلیامس دەدات. وا دەردەکەوێت (یان وا حۆی دەردەخات) کە شیعرەکەى ویلیامس وەک گەڕانە بۆ پۆزشهێنانەوە بۆ ڕەفتارى خودپەسەندیی و نابەرپرسیارێتی، لەڕێی سەرسامکردن بە ئیمتیازاتێک کە بەهۆی شاعیربوونەوە پێیدراوە. شاعیران، وەک بینراون، خۆیان بە مەعفوو لە کۆتە مۆراڵییە گشتییەکان دەبینن. شێوازى هەستکردنى خودسەنتەریان پێویستیەکانیان بەسەر وادانانەکانى ئەوانى تردا سەردەخات، ئەو سادەییەش کە لە ڕێیەوە دان بەمەدا دەنێن بەشێکە لە پێگەیشتوویی ئاکارییان. هەستیارییە بانگەشەبۆکراوەکەیان جۆرێکە لە ڕەقیی.
ڕەنگە شاعیران بە ئاسانى دان بە هەڵەکانیاندا بنێن لەبەر ئەوەى دەزانن کە وەک منداڵە چەتوونەکان دەبەحشرێن. ئەو هەستیارییە قەشەنگەى کە پێوەی دەنازن لە ڕاستییدا تەنها بەرەودواچوونێکى ئاکارییە. لە هەر حاڵەتێکدا بێت، داواى لێبوردنەکەى ویلیەم بۆ خواردنى هەڵووژەکان بەشێوەیەکى سەیر ناپەیوەستە: داوای لێبوردن دەکات بۆ بردنى هەڵووژەکان، پشتبەستوو بەو حەقیقەتەى کە بەتام دەرچوون. بەڵام ئەو بەمەى نەزانیوە ئەو کاتەى خواردونی. ئەگەر بەتام دەرنەچوونایە چی؟ زیاتر وەک ئەوە وایە بڵێیت: ” ببورە کە تەقەم لە سەگەکەت کرد، زۆر چێژم لێ بینی”.
بە هەرحاڵ رێگایەکى تریش هەیە بۆ ڕوانین لە پارچەکە. ئەویش بینینیەتى وەک شیعرێک دەربارەى ئیگۆییزمى هەرزەکارانەى شاعیران، زیاتر لە شیعرێک دەربارەی سرووشتى خودی شیعر. شیعرەکە لە شێوەى نامەیەکدا خراوەتەڕوو، کە پارچە زمانێکى پراگماتییە، دەربارەى کردەیەکە بە ڕادەیەکى یەکسان پراگماتیی یان ئینسترۆمێنتاڵ، کرداری عەمبارکردنى میوەیەک لەپێناو ئەوەدا کە لە نانى بەیانیدا بخورێت. داڕشتنى نامەکە لەم فۆرمە پارچەپارچەیەدا ئەرکە پراگماتییەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، زیاتر لەوەى کە ئاخێوەرەکە ئەرکى پراگماتیی عەمبارکردنى میوەکەى هەڵوەشاندۆتەوە. ئەوەى ئاخێوەرەکەى کێشکردووە، هەستەکیێتیی واقیعی خودى هەڵووژەکانە، ساردیی و شیرینییە بەلەزەتەکەیانە. ئەمە بەو واتایەی کە پەیوەندیی ئەو بە هەڵووژەکانەوە “شاعیریی”ە زیاتر لەوەى ئینسترومێنتاڵ(ئامرازیی) بێت. ڕەنگە ناڕەزایی دەرببڕدرێت کە کردەى خواردنى شتێک هەر هێندەى عەمبارکردنى لە بەفردانێکدا پراگماتییە، بەڵام مەبەستەکە ئەوەیە کە شاعیر بە تەواوى وریاییەوە بەرامبەر بە تایبەتمەندییەکانیان، هەڵووژەکان “بەکاردەهێنێت”؛ زیاتر لەوەى تەنها دەستیان بداتێ وەک هەر میوەیەکى تر. ئەمەیە کە بنەڕەتى عوزرخوازییەکەى دیاریی دەکات، نەک ئەو پۆزشە پێشبینییکراوەى کە برسیی بووە. لە ڕاستییدا، ڕەنگە هیچ برسیشی نەبووبێت، شیعرەکە هەرگییز پێشنیارى ئەمە ناکات وەک پاکانەیەک بۆ ڕەفتارەکەى.
کەواتە جیا لە بزواندنى وێنەدانەوەی دەقێک سەبارەت بە تاوانباربوون بەهۆی خواردنى میوەى قەدەغەکراوەوە لە ناخماندا، شیعرەکە شتێکى تریش دەکات، نیشانمان دەدات کە شیعرییەت و پراگماتیکێتی هەمیشە لەنێوان یەکتردا سەربەخۆ نین. هەروەها لە بەهاى بەکارهێنانیشدا -یان بەها لە بەکارهێناندا (و.ک)- لای کارل مارکس ڕاستە، کە دەربارەى بەکارهێنانى شتەکانە بە شێوازگەلێکى گونجاو لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەى کە هەڵگرین. بۆ مارکس پێچەوانەى “بەهای ئاڵوگۆڕ”، کە بە ماناى بەکارهێنانێکى تەواو ئینسترۆمێنتاڵی بابەتەکان دێت بەبێ گرنگییدان بە خاسییەتە بەشەکییەکانیان، کشانەوەى تەواوەتیی نییە لە بەکارهێنانى شتەکاندا، بەڵکو بەکارهێنانیانە بە لەبەرچاوگرتنى کوالیتییە هەستەکییەکانیان. کەواتە بیرۆکەى بەهای بەکارهێنان جێگرەوەى وەرگری چێژویست(aesthete)ە بەلایەکدا، کە بۆ ئەو تەواوى بەکارهێنان پێشیلکردنە؛ بە لایەکى تریشدا جێگرەوەى کەسی ناڕۆشنبیرە، کە هیچ هەستێکى بۆ ژیانى ناوەکیی شتەکان نییە.
تائێرە شیعر، وەک هەڵووژە کە چێژمان دەداتێ، جۆرە ئەرکێک(function)ی پراگماتیی هەیە. ئەم ئەرکە بە نزیکیی وابەستەى بوونی هەستەکیی شیعرە. ئێمە تەنها ئینسترۆمێنتاڵانە شیعر بەکار ناهێنین، زیاتر لە ئاخێوەرەکە کە سەرنجی لای هەڵووژەکانە زۆر بە سادەیی لەبەر ئەوەى برسیەتى. چەندێک ئەم پەیوەندییە بە هەڵووژەکانەوە شیعریی و پراگماتییە، هێندەش خودی دەقەکە، کە لە شێیوەى نامەیەکى بەپەلە نووسراودایە و لەگەڵ ئەوەشدا لە چوار دێڕی کۆتاییدا دەگاتە جۆرە چڕیەکى قووڵتر. “Forgive me – بمبەخشە” بۆ نمونە، کەمێک تەمسیلیی دەردەکەوێت، لە کاتێکدا کە “Sorry”یش هەمان شتی پێ دەکرا. هەر بە ڕاست تاوانباریی و تێربوونیش هەیە لە شاعیربووندا: شاعیربوون واتە بەستنى پەیوەندییەک جیاواز لەو پەیوەندییەی ئەوانى تر هەیانە بە جیهانەوە، گەرچی ئەمە (پێچەوانەى میتۆلۆژیای باو) لە تێگەیشتنێکى زیاترەوە بۆ ئەو جیهانە دەخەمڵێت، نەک کەمتر. کەواتە ڕەنگە کۆچ تەواو هەڵە نەبێت: شاعیر دەتوانێت فامێکمان دەربارەى ساردی و شیرینی شتەکان بداتێ، کە زۆر بە سادەیی نانى بەیانیی سبەینێی تێدا ببینین؛ بەڵام ئەمە پێویستى بە (بەناپراگماتیکیکردنەوە)یەکى جیهان هەیە، ئەم بەناپراگماتیکییکردنەوەیەش مەترسی خۆی و بەهاى خۆی هەیە. ئەغڵەب کەسێک کورسیی لیژنەى قەڵاچۆکردنى برسێتی ناداتە شاعیرێک.
پێنج: زمانى شیعری
دوایین بەش لە پێناسەکەماندا کە لە بەرچاوى دەگرین “لەڕووى گوتن و پیتەوە داهێنانئامێز”ە. ئەمە دەربڕینێکى لاوازە، بەڵام لە داڕشتە کەمتر لاوازەکانى وەک “لەڕووى گوتن و پیتەوە خودئاگا” وردترە. شیعر زۆربەى جار بەوە دەناسرێتەوە کە زمانێکە سەرنج بۆ خۆی دەکێشێت، یان زمانێکە تەرکیز لە خۆی دەکات، یان (بەپێی چەمکسازییە سیمیۆتیکیەکە) زمانێک کە تێیدا دال بەسەر مەدلوولدا دەستباڵا دەبێت.
بەپێی ئەم تیۆریە، شیعر نووسینێکە کە بوونە ماتێریاڵیەکەى خۆی دەنوێنێت، لەبری ئەوەى خاکییانە لە بەردەم پیرۆزترینی پیرۆزەکان(Holy-of-Holies)ی مانادا بیسڕیتەوە. شیعر گوتراوێکى قووڵکراوە، تژیکراو و چڕکراوەیە.
تاقە کێشەى ئەم تیۆریە ئەوەیە کە زۆرینەى ئەو نووسراوانەى ئێمە پێیان دەڵێین شیعر، بەم جۆرە ڕەفتار ناکەن. بۆ نمونە ئەم پاسجەى “دوایین پاشنیوەڕۆم لەگەڵ مامە دێڤرۆکس وینسلۆ”ی رۆبەرت لۆوێڵ:
لە بیستونۆ ساڵییدا مامم سەرەمەرگی بوو.
باپیرم گوتى:” تۆ وەک منداڵان ڕەفتار دەکەیت”،
کاتێک مام و مامۆژنم سێ کچە ساواکەیان بەجێ هێشت و
بۆ دوایین مانگى هەنگوینی چوون بۆ ئەوروپا…
لە ترساندا لەرزیم.
منداڵ نەبووم –
نەبینراو و هیچ نەبین. ئەگریپینا بووم
لە خانووە زێڕنەکەى نێرۆدا…
لە لامەوە ئەو دەرگا سپیەى باڵاپێوان بوو
کە باپیرم زیادکردنەکانى بەژنی ماممی لەسەر پێوا بوو.
لە 1911دا، بەژنى لە شەش پێدا لە نەشونما کەوتبوو…
کەسێک دەتوانێت ئەم پاسجە بێنێتە بەرچاوى کاتێک بە پەخسان داڕێژراوە، بە بێ ئەوەى دەرکەوتنێکى سەیری هەبێت، بە بێ بازدانە سڕینەوەییەکانى دێڕەکان لە چەشنى: ” منداڵ نەبووم – نەبینراو و هیچ نەبین. ئەگریپینا بووم لە خانووە زێڕنەکەى نێرۆدا…”. شیعر ڕێ بەو گۆڕینە خێرایانەی لۆژیکی خەیاڵگەر دەدات، کە تێیاندا زمان زیاتر بە پەستاندن و کۆکردنەوە کار دەکات، زیاتر لەوەى بە پەیوەندیگەلێکى تەواو نووسراو کار بکات. بەڵام پێنج دێڕی یەکەم و سێ دێڕی کۆتایی دەتوانرا لە شێوەى پەخساندا باش دەربکەون.
یان ئەم دێڕانەى کانتۆس-ی ئێزرا پاوند:
هاتە ژوورێ و گوتى: “ناتوانین بیکەین،
بەو نرخە نا، ئێمە ناتوانین بیکەین”.
ئەمە لە دوایین جەنگدا بوو، لێرە لە ئینگلتەرا،
ئەویش پارچەی چێدەکرد بۆ تۆربایینێک
لە جۆرە فڕۆکەیەکى سوپاییدا؛
لێکۆڵەرەکەش دەڵێت: “چەند ڕەفز؟”
جۆییش دەڵێت: “ئێمە هیچ ڕەفزێک وەرناگرین، ئێمە …”
لێکۆڵەرەکەش دەڵێت: “کەواتە بێگومان
تۆ ناتوانیت بیکەیت”.
کشاندنى مەبەستێکە بینینی ئەم جۆرە شتە وەک خودئاگاییەکى حەرفی، لەو جۆرەى کە یەکێک دەشێت، بۆ نمونە، لە نزیکی هەموو جێیەکدا لای جێرارد مانلی هۆپکین بیدۆزێتەوە:
I caught this morning morning’s minion، kingdom
of daylight’s dauphin، dapple-dawn-drawn Falcon، in his riding
Of the rolling level underneath him steady air، and striding
High there، how he rung upon the rein of a wimpling wind
In his ecstasy! . . .
بە دانپیانانەوە، ئەمە نمونەیەکى زۆر سەیری ڕۆَڵی دالە- نمونەى زمان کە بە درەوشاوەیی تەرکیزی پێخراوەتە سەر خۆی. لەو جۆرەیە کە کەسێک لە هەندێ بەکارهێنانى دیاریکراوی کێشیشدا دەیدۆزێتەوە:
Mine eyes have seen the glory of the coming of the Lord:
He is trampling out the vintage where the grapes of wrath are stored . . .
( Julia Ward Howe، ‘Battle-Hymn of the Republic)
. . . While I nodded، nearly napping، suddenly there came a tapping،
As of someone gently rapping، rapping at my chamber door.
‘’Tis some visitor’، I murmured، ‘tapping at my chamber door –
Only this and nothing more’.
(Edgar Allan Poe، ‘The Raven)
I went into a public-’ouse to get a pint o’beer،
The publican ’e up an’ sez، ‘We serve no red-coats here’.
The girls be’ind the bar they laughed and giggled fit to die،
I outs into the street again an’ to myself sez I:
O it’s Tommy this، an’ Tommy that، an’ ‘Tommy، go away’;
But it’s ‘Thank you، Mister Atkins’، when the band begins to play . . .
(Rudyard Kipling، ‘Tommy)
By the shores of Gitche Gumee،
By the shining Big-Sea-Water،
Stood the wigwam of Nokomis،
Daughter of the Moon، Nokomis . . .
(Henry Wadsworth Longfellow، ‘The Song of Hiawatha)
ئەم جۆرە کێشانە دەنگەدەنگێکى خراپ درووست دەکەن، بیستنى ماناکە قورس دەکەن بەهۆی دەنگەدەنگی بەردەوامیانەوە. شیعرەکان وا دەردەخەن کە بە ڕاست دەربارەى خۆیان بن. گەر تا سەر سنوور ببرێت، ئەم جۆرە شتە دەبێتە شیعرێکى شکەست.
بیرۆکەى مۆدێرنى “ماتێریاڵێتیی دال” – وشەکان بەرکەوتە، نەغمە و چڕیى تایبەت بە خۆیانیان هەیە، کە شیعر باشتر لە هونەرە حەرفیەکانى تر بەکاری دەهێنێت- ئەگەری ئەوەى هەیە لای جۆن میڵتۆن لە باشترین شێوەدا بەکارهێنرابێت، نەک شاعیرێکى مۆدێرن:
. . . There was a place
(Now not، though Sin، not Time، first wrought the change)
Where Tigris، at the foot of Paradise،
Into a gulf shot underground، till part
Rose up a fountain by the Tree of Life.
In with the river sunk and with it rose
Satan، involved in rising mist; then sought
Where to lie hid. Sea he had searched and land،
From Eden over Pontus، and the pool
Maeotis، up beyond the river Orb;
Downward as far antarctic; and، in length،
West from Orontes to the ocean barred
At Darien، thence to the land where flows
Ganges and Indus . . .
(Paradise Lost، Book 9)
خوێندنەوەى ئەم جۆرە دێڕانە تەقریبەن کارێکی فیزیکیە، لە کاتێکدا چاو ماندوو دەبێت لە دەرخستنى سینیتاکسی ئاڵۆز و کردنەوەى ڕێگایەک بەناو ناوە ئوسووڵیە دژڕەوتەکاندا. لە (‘Satan’)ەوە کە درامییانە دەردەکەوێت بۆمان دەمێک لە دێڕی شەشەوە دەڕۆین بۆ حەوت، پێویستە تێگەیشتنى دێڕەکان بە ڕاگیری لە زەینماندا بهێڵینەوە کاتێک دواى پێچ و دەورەکانى دەکەوین بەناو وێلگە گرامەریەکەى میڵتۆندا. کێشی ئازاد خاومان دەکاتەوە، ناچارمان دەکات ئاهەنگگێڕیی مۆسیقا بەرزە میلتۆنیەکە ئەزموون بکەین لە تەواوى نمایشە بەهرەمەندانەکەیدا. لە (‘Sea he had searched and land’)ەوە تا (Ganges and Indus)، وا دەردەکەوین کە گەڕانەکانى ساتان لە سووڕان و گۆڕانە بێوچانەکانى سینتاکس و بەریەککەوتنى ماندووکەری گرێکاندا دووبارە دەکەینەوە، هێشتا ئاراستەى ڕێڕەوێکى بێفەڕ نەکراوین و دەگێڕدرێینەوە بۆ ڕێڕەوێکى تر. کارلێکێکى ئاڵۆز هەیە لە نێوان کێش و دەنگی قسەکەردا، کە هەریەکیان ڕێی خۆی بە ناوەوە و دەرەوەى ئەوی تردا دەبات. دەنگی قسەکەر بە جۆرە نەرمی و فرەییەکى هاوشێوەى کێشی ئازادی ئینگلیزیەوە بەناو کڵێشە وەزنیەکەدا دەڕوات؛ بەڵام تۆنی باڵای شیعرەکە قەشەنگانە لەو هەموو سووڕان و پێچکردنەوە سینتاکسیە ڕزگارى دەبێت.
کەواتە شاعیران ماتێریالیستانى زمانن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەى شیعر فەزیلەتەکانى سادەیی و ڕوونی پەرە پێدەدات. ئەمە بەشەکیانە بۆ هەندێک لە شیعرەکانى سەدەى هەژدەیەم ڕاستە، کە فەزیلەتەکانى ڕۆشنگەریی دەخەنە ڕوو، سادەیی و هاوسەنگی و وردی دەخەنەڕوو؛ بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار، ئەمە بۆ بەشێکى زۆری شیعرە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانیش ڕاستە. مۆدێرنیزم، لەگەڵ شتگەلێکى تردا، وێنەى قەیرانی ئیمان بەرامبەر بە زمان دەداتەوە. گومانگەراییەک هەیە بەرامبەر بە مێتافۆڕی سەرەڕۆ و جووڵە زمانیە شانۆئامێزەکان لە سەردەمێکدا کە پاساوی باشی هەیە بۆ گومانکردن لە ڕیتۆریکی گەمەئامێز، چ لە ئۆتۆکراتەکانەوە بێت یان لە دیعایەکارەکانەوە. هەروەها بێباوەڕیی بەرامبەر بە زمان هەیە لە سەردەمێکدا کە ئەزموون زیاد لە پێویست ئاڵۆز یان زیاد لە پێویست ترسناک دەردەکەوێت بۆ دۆزینەوەى گوزارشتى گونجاو.
ئەم پاسجەى جۆناسان سویفت لە “بەیتەکان دەربارەى مەرگی د.سویفت” کە تێیدا نووسەر گفتوگۆی کارنامەى خۆی دەکات، مۆدێلێکى ڕوونیی ڕۆشنگەریە:
ڕەنگە ڕێ بە عەمید بدەم،
ساتیری زۆری هەبوو لە ناخیدا
کۆڵنەدەر دیاربوو بۆ دەربڕینی
چونکە هیچ سەردەمێک وەک ئێستا شایەنى نەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا مەبەستى هەرگیز کینە نەبوو
هێرشی کردە سەر کەموکووڕی، بەڵام ناوى نەبرد؛
هیچ تاکێک نەیدەتوانى بێزار بێت
لەکاتێکدا مەبەست هەزاران بوون
ساتیرەکانى دوورن لە هەر نەنگیەک
بەڵام هەموو مرۆڤ دەشێ ڕێکی بکەن…
ئەمە شیعرە لە ئاهەنگ، کێش، ئابوری و وردیی کاریگەری حەرفییدا؛ بەڵام هیچ شتێکی حەرفیانە خودئاگا نییە تێیدا. هەمان شت بۆ شیعرێکى پێشبڕکێکەرانی دواتری سویفتیش ڕاستە، بێرنارد ئۆدۆنگ:
پەنچەکانم بەسەر ڕەفەکانەوە دەلەرزێن
بەر شتێکی سەرنرجڕاکێش دەکەوم: کتێب،
بۆ ماوەى زیاتر لە سی ساڵ بە جافێکی لەخۆڕازی
ناوەکەمم لەسەریان نمایش کردووە.
ئێستا ئەوەم بیرخراوەتەوە، دێتەوە یادم
مەشقکردن لەسەر پەڕەی زبر
بۆ گەیشتن بە وەها جووڵەیەکى دڵڕازیکەر لە واژۆدا.
بۆ ماوەیەک خوار دەردەچوون
بە جافی نووک خڕ؛ پاشان لە هەر جێیەک
بە بەکارهێنانى هەر ئامرازێکى نووسین: جافی ساچمەدار، تەنانەت سووریش.
لەم ماوەیەدا شڵەژام کە زانیم
ئیدی بە قەڵەم ڕەساس واژۆ دەکەم. هەڵبەت بە (HB)
بەڵام ئایا ئەو کاتە دێت
کە نووکگەلی کاڵتر بەکەڵکم بێن؟
2B، 3B، 4B . . .
Stumbling my fingers along the shelves،
I observe an interesting thing: books
I have had for more than thirty years
Feature my name in proud fountain-pen.
Now I’m reminded of it، I recall
Practising on rough paper to reach
Such a convincing dash of signature.
For a while they went slantwise،
In legible ballpoint; then anywhere،
With any implement: rollerpoint، red even.
Recently I am perturbed to find
I’ve started to sign in pencil. HB،
Naturally; but will the time come
When less permanent leads will do?
2B، 3B، 4B . . .
ئەمە ڕوونیە زمانیەکەى شیعری مۆدێرنى هەیە، خۆشکراو بە جیناسێکى ورد و وریا (‘Stumbling’/‘shelves’، ‘Feature’/‘fountain-pen’). زەخرەفەیەکى جار جارەى کارەکانیش هەیە وەک (‘Such a convincing dash of signature’) کە دێڕەکە لە حورمەتگرتنێکى ئایرۆنیانەى خودئاگاى متمانەبەخۆی واژۆی شاعیرەکەدایە لە هەڕەتى لاویدا، بە کورتیی بەرز دەبێتەوە بۆ فەخامەتی کێشێکى یامبی پێنج هەنگاو. “لەرزین – stumbling “یش وشەیەکى باشە بۆ دەستپێکردنى شیعرێک دەربارەى پیربوون. بە هەرحاڵ، دیسان هیچ کام لەمانە ناکرێت پێی بگوترێت وێنەدانەوەى دەستباڵابوونى دال بەسەر مەدلوولدا، یان بەرکەوتە(texture)ى زمان بەسەر ماناکەیدا. ئەمە لەو جۆرە شتە نیە کە کەسێک بە متمانەوە لە خراپترین کارەکانى ئالگێرنۆن چارلز سوینبورندا دەتوانێت تێبینی بکات:
بە کەوانى چەماوە و بە تیردانى ڕوولەخاڵیبوونەوە وەرە،
پاکیزە دەبێت خانمى نوور کامڵ بکات،
بە لووتێکەوە لە با و چەندین ڕوبار،
بە غەوغایەکەوە لە ئاو و بە قودرەتەوە؛
کەوشەکانت ببەستە، تۆ دەبێ خێرا بیت،
بەسەر ڕەونەقدا و خێرایی پێیەکانت؛
چون خۆرهەڵاتی کز ڕادەکات، خۆرئاواى زەردهەڵگەڕاو دەلەرزێت،
بە دەوری پێیەکانى ڕۆژ و پێیەکانى شەودا.
کەس ناتوانێت حاشا بکات لە شیعربوونى ئەمە، کە رێک هەر ئەمەشی کەمە. لە شێوازی سیمبوڵیستیدا، مۆسیقای ئەفیونئاسای وشەکان کار بۆ کزکردنى مانا دەکات. جۆرێکى توندتری ئەم حاڵەتە لە شیعری بێماناى لویس کارۆڵ ” Twas brillig، and the slithy toves”دا دەدۆزێتەوە، کە هەر بە ڕاست شیعرێکى سیمبولیستیە. ڕەنگە هەر بەو ڕادەیەش بێت کە سوینبورن مانا تەڵخ دەکات، کە مانایەکى هێندە زۆریش لەگۆڕێ نیە بۆ خستنەڕوو. ئەو دێڕەى کۆتایی کە خودئاگایانە جوانە، بە تەرزێکى هزرمەندانە خاڵییە (ڕۆژ و شەو چۆن دەتوانن پێیان هەبێت؟)، قورسیشە ببینین چۆن دەتوانیت کەوشێک لەگەڵ خێرابووندا ببەستیت. بۆ هەموو نەفەسقورسیە نرخێندراوەکەى، پاسجەکە تەواو ئەقڵیە: ” بە لووتێکەوە لە با و چەندین ڕوبار” ئابستراککردنێکى لێڵە و ” بە قودرەتەوە” دیارە کە پاشگرێکى لاوازە. ” خۆرهەڵاتی کز ڕادەکات، خۆرئاواى زەردهەڵگەڕاو” تەنها ئامرازی حەرفین بۆ سووڕانەوە لە شوێنى وەرگرتنێکى تەواو ڕەسەندا. پاسجەکە پڕە لە جووڵەی زەخرەفەکراو و خاڵییە لە ناوەڕۆک.
شیعر زمان بە شێوازى ڕەسەن یان سەرنجڕاکێش بەکار دەهێنێت؛ بەڵام هەموو کاتێک ئەمە ناکات، لە هەر حاَڵەتێکیشدا ئەمە هەمان شت نیە لەگەڵ تەرکیزکردنێکى جێگیر بۆ سەر دال. ئەمە فەرامۆش کراوە لە لایەن ئەو تیۆریانەوە کە تێیاندا وشەى “شیعریی” زۆر بە سادەیی بە ماناى “لەڕووى گوتن و پیتەوە خودئاگا” دێت. کەواتە “لەڕووى گوتن و پیتەوە داهێنانئامێز” چەندیش ناڕوون بێت، دەبێت بەکەڵکتر بێت. لێرەدا وشەی “داهێنانئامێز” ویستراوە کردەیی بێت زیاتر لەوەى وێناکراو بێت: تەنها بەو مانایە نایەت کە شیعر هەمیشە سەرکەوتووە لە داهێناندا، بەو پێیەی کە ئەمە ئەگەری شیعری خراپ لەناو دەبات.
بینیمان کە پارچەپارچەکردنى دەقێک لەسەر پەڕەیەک ئاماژەیە تاکو بە خەیاڵ وەری بگرین. بەڵام ڕێنماییەکیشە تاکو سەرنج لە خودی زمانەکە بدەین- تاکو وشەکان وەک ڕووداوى ماتێریاڵی ئەزموون بکەین، نەک رێک نیگا بەناویاندا بکەین بۆ مانا. لە زۆرینەى شیعردا، پرسیارەکە ئەزموونکردنى وشە یان مانا نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەى هەردووکیانە پێکەوە، هەستکردنە بە بۆندێکى ناوەکی لە نێوان ئەو دوانەدا. زیاد لە پێویست هەستیاربوون بەرامبەر زمان، بە زەروورەت ئەوە ناسەپێنێت کە زمانى بەردەست بە شێوەیەکى سەیر “گرنگ و لەپێشە”. شیعر دەشێ لەڕووى گوتن و پیتەوە داهێنانئامێزبێت بە بێ ئەوەى بە درەوشاوەیی سەرنج بۆ ڕاستەقینەکە ڕابکێشێت. شیعرەکان جیاوازن، بەپێی ئەو نیسبەتەى لەنێوان دال و مەدلوولدا بونیادی دەنێن؛ هەروەها هەموو قوتابخانە شیعریەکان و سەردەمە کلتووریە جیاوازەکان و کارە جیاوازەکانى نووسەرێکیش. هەر ئەمە بوو کە لە لایەن فۆرمالیستە ڕووسەکانەوە زۆر پشتگوێ خرابوو، کە یەکەم گروپی مۆدێرن بوون ڕەخنە بکەن لەپێناو ناساندنى شیعر وەک سنوورشکاندنى دالەکان بەسەر مەدلوولەکاندا، ئێستاش دەتوانین بەرەو ئەوان پێچ بکەینەوە.
پەراوێز(و.ک):
(١) هەڵبەت تەنز بەو مانایە نا کە لای خۆمان باوە. “Parody”: هونەرێک کە بە چەشنێکى کۆمیدیانە باس لە کار، دیاردە، یان کەسە ناسراوەکانى پێش خۆی بکات. دەکرێت دۆنکوی شۆت-ی سێرڤانتس، ئاگاداربە لە پشیلەکە-ی ویلیام باڵدوین، گەشتەکانى گۆلیڤەر-ی جۆنەسان سویفت بە نموونە دابنرێن.