
شیعر چییە؟
تێری ئیگڵتۆن
لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد
یەک: شیعر و پەخشان
شیعر ڕاگەیاندنێکى مۆراڵیی خەیاڵکردە کە لەڕووى گوتن و پیتەوە داهێنانئامێزە؛ تێیدا نووسەر، نەک ئامێری چاپ و ڕیکخەری وشە، بڕیار دەدات لە کوێدا دەبێت دێڕەکان کۆتاییان بێت. ئەم ناساندنە وشکە کە تا ڕادەى عەیبداربوون ناشاعیریی دەردەکەوێت، ڕەنگە باشترین پێناسە بێت کە کردنى لەتواناى ئێمەدا هەیە. بە هەرحاڵ، بەر لەوەی پارچە پارچە ئەم پێناسەیە شی بکەینەوە، با تێبینیی ئەو شتانە بکەین کە پێمان ناڵێت.
سەرەتا، هیچ ئاماژەیەک نادات بە سەروا، کێش، ڕیتم(ئاهەنگ)، وێنە، ڕەوانبێژیی و سیمبوڵگەریی و هتد… ئەمە لەبەر ئەوەیە کە زۆر شیعر هەن ئەم شتانە بەکار ناهێنن، زۆر پەخشانیش هەن بەکاریان دەهێنن. پەخشان ڕەنگە سەرواى ناوەکی بەکاربهێنێت، ڕەنگە زۆرجاریش سەرچاوەکانى ئاهەنگ، وێنەسازی، سیمبوڵگەری، مۆسیقاى وشە، فیگەرەکانى گوتار، زمانى باڵا و ئەم جۆرە شتانە بەکارببات. واڵاس ستیڤنس ڕیتمگەرایە، وەلێ مارسێل پرۆستیش هەروەها. پەخشانى ڤێرجینیا وڵف زۆر لە شیعری جۆن دریدێن زیاتر بە مێتافۆڕ بارکراوە، ئەوە باسی هی گریگۆری کرۆسۆ هەر مەکە. زمانى جۆزیف کۆنراد زۆر لە زمانى فیلیپ لارکین بەلاغییترە.
راستە کە پەخشان بە گشتی کێش بەکارناهێنێت. بەگشتی کێش، وەک سەرواى ڕەویی(کۆتایی دێڕێک)، تایبەتە بە شیعر؛ بەڵام بەحاڵ دەتوانێت یەکێک لە بنەڕەتەکانى بێت لەکاتێکدا کە زۆر شیعر بەبێ ئەو باش ماونەتەوە. کەواتە کۆتاییهێنان بە دێڕ دەمێنێتەوە، کە شاعیر خۆی بڕیاری دەدات. تەنانەت ئەمەش تا ئاستێکى دیاریکراو ڕاستە، ڕەنگە جۆرە کێشێکی دیاریکراو خۆی کۆتایی دێڕەکان دیاریی بکات، بەڵام شاعیرەکە دەتوانێت وەزنەکە هەڵبژێرێت، لایەنی کەم لە چەند هەلومەرجێکى دیاریکراودا.
درامانووسێک کە لە دەوروبەری ساڵانى 1600دا دەینووسی، لە باری ئاساییدا چاوەڕوانکراوبوو لە کێشی ئازاددا دەقەکەى دابڕێژێت؛ لەکاتێکدا کە ساتیرنووسێکی دەوروبەری ساڵانى 1750 ئەگەری زۆربوو بەیتى پاڵەوانیی(1) بە فۆرمى گونجاو بۆ دەقەکەى بزانێت.
ڕەنگە لە شیعردا کۆتاییهێنان بە دێڕ هەمیشە مانادار نەبێت، بەڵام هەمیشەش دەکرێت مانای پێ ببەخشرێت، تەنانەت دەتوانن ڕۆڵی جۆرێک لە وێنە ببینن، لەو جۆرە وێنانەى کە فرانک ڕایمۆند لاڤیس لە سروودەشیعری “بۆ خەزان”ی جۆن کیاتسدا دیویەتیەوە:
And sometimes like a gleaner thou dost keep
Steady thy laden head across a brook . . .
لاڤیس تێبینی دەکات کە: “کاتێک دووکەرتکردنى دێڕەکە لە( keep-هێشتنەوە)وە بۆ (steady- ڕاگییر) تێدەپەڕێنین، قیاسییانە دەهێنرێینە لای گالیسکەى ڕێکوڕاستى کۆکەرەوەکەوە کە لە بەردێکەوە هەنگاو بۆ سەر بەردێکى تر دەنێت”. ڕەنگە خوێنەر ئەم کۆمێنتە وەک نیشانەیەکى ڕوونی سەرنجتیژیی ببینێت، یان تەنها وەک شێوەیەکى زیرەکانەتری ئەو جۆرە ڕەخنەیەى کە بانگەشەی بیستنى دەنگی تانە و بڕینی شمشێرێک دەکات لە وەسفێکى شاعیرانەى ڕووبەڕووبوونەوەیەکى شمشێربازییدا.
بە پێچەوانەشەوە، پەخشان ئەو جۆرە نووسینەیە کە تێیدا کۆتایی دێڕ جێی بایەخ نییە. تەواو مەسەلەیەکى تەکنیکیە. بە دەگمەنیش ئامرازێک هەیە کە بە “شیعریی” دابنرێت و پەخشانێک لە شوێنێکدا بەکارى نەهێنابێت. دەشێ پەخشان لیریکیی بێت، دەربڕی ناخ بێت و تەژی لە هەستى ناسک، لەکاتێکدا دەشێ شیعر گێڕانەوەى شەڕی زەوییەکان بکات لە ئێرلەنداى سەدەى نۆزدە. جیاوازیی نێوان ئەو دوانە ئامادەی بەیانکردنە.
بۆ نمونە ئەم پارچە زۆر دژەئافرەتەى لاورینس(D. H. Lawrence) وەرگرە:
ئەو هەستانەى کە نیمن، نیمن.
ئەو هەستانەى کە نیمن، ناڵێم هەمن.
ئەو هەستانەى کە دەلێیت هەتن، نیتن.
ئەو هەستانەى کە حەز دەکەیت هەردووکمان هەمانبن، هیچمان نیمانن.
ئەو هەستانەى کە خەڵک دەبێ هەیانبێت، هەرگیز نیانە.
گەر خەڵک گوتیان هەستیان هەیە، زۆر دڵنیابە کە نیانە.
کەواتە گەر دەتەوێت هەریەک لەم دوانەمان هەستمان هەبێت،
باشترە بیرۆکەى هەست پێکڕا وەلانێیت.
The feelings I don’t have، I don’t have.
The feelings I don’t have، I won’t say I have.
The feelings you say you have، you don’t have.
The feelings you would like us both to have، we neither of us have.
The feelings people ought to have، they never have.
If people say they’ve got feelings، you may be pretty sure they haven’t
got them.
So if you want either of us to feel anything at all،
You’d better abandon all idea of feelings altogether.
چی ئەمە دەکاتە شیعر؟ بێگومان کوالیتیی زمانەکە نییە، کە توندوتیژانە پەخشانییە. پارچەکە توندوتیژە لە زماندا وەک چۆن توندوتیژیشە لە ڕەفتاردا. شیعرەکە سەرواى نییە (تەنها مەگەر دووبارەکردنەوەى ‘have’)، کێشیشی نییە (لەو جۆرەیە کە پێی دەڵێن شیعری ئازاد)، هەروەها خۆی لە ڕەمزگەرایی و جووتمانایی و گوتاری فیگەردار و لێڵیی و مەجاز و دەلالەتى ئامانجدار و ئەوانەى تر لادەدات. لە بری کەشفکردنى دۆخی ئاڵۆزى هەستەکان، بە تووڕەییەوە تەواوى ئەو پرۆسەیە ڕەد دەکاتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا گەمەى ڕیتمیی و دوبارەکردنەوە دەکات تا مەبەستەکەى بڵێت. هەڵبەستنى ئەم ڕایەڵە ڕیتمیە ئاگاداربوونى دەوێت بەرامبەر کۆتاییهاتنى دێڕەکان. گەر دێڕەکان وەکو دێڕی پەخشان پێکەوە نوسێنرابان، تەقتەقە ڕێتمییەکە کە بنەمایەکى گرنگى پارچەکەیە، وەک کەسێک دەستی بکێشێت بە سەر مێزێکدا، دەکرا ون ببێت. کەواتە داڕشتنى پارچەکە وەک شیعر مەبەستێکى هەیە. بە پارچەپارچەکردنى لە پەڕەیەکدا، کاریگەریی پچڕپچڕ و بێ پەردەى دێڕەکان کە وا دەردەکەوێت بە پاکێشانێکى تووڕە کۆتاییان بێت، گۆڕاوە بە مەنگییەکى پشوومەند. ئەم جۆرە دووبارەکردنەوە میکانیکییەش بەشێک لە دۆخە توڕەکەی قسەکەر و عەسەبیەتە سێکشواڵیەکەى لەخۆ دەگرێت.
دووبارەکردنەوەکە لە کاریگەریی(effect)ێکى تری شیعرەکەشدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت: بە چاوپۆشین لە سرووشتە غەمناکەکەى، پارچەکە کەمێک گاڵتەئامێزە. قسەلەڕووییەکەى، ڕەدکردنەوە کەللەڕەقانەکەى بۆ نەرمینوێنیی و باشترکردن، وامان لێ دەکەن بخەنین، وەک خەنینمان کاتی بینینی کەسێک کە بێباکانە بالووکەکانى دەردێنێت لەسەر کورسیەکى کوین ئان(Queen Anne) . شتێک هەیە لە بێپەردەیی شیعرەکەدا کە سارکاتستییانە(گاڵتەپێکەرانە) پێکەنیناوییە، کە وامان لێ دەکات بۆ چەند چرکەیەک پشوو بدەین و باری ئاڵۆزیی و فرەداوایی هەست، کە تاقەتپڕووکێنە، وەلابنێین. ئەمە دەبێتە ئەو جۆرە حەقیقەتە تاڵەى کە کێشمان دەکات تا لە خۆماندا بیڕسکێنین، تەنها لە حاڵەتێکدا گەر هێندە ترسنۆکانە کەدەنیی نەباین. دێڕەکان بە تەرزێکى جوان ڕاستەوخۆ و بێپەردەن. ئەو ڕاستییەى کە پارچەکە لە هەمان کاتدا کۆمیدیشە و قێزیش دەکاتەوە(قێز لە هەستەکان)، بەشێکە لەو کاریگەرییە تایبەتەى لەسەر هەستى خوێنەر دەیبێت. ئەگەرچی پارچەکە کوشندانە جدیە لە ڕەدکردنەوە وەحشیەکەیدا بۆ هەستە جوانەکان، بەڵام تێگەیشتنێک هەیە کە تێیدا پارچەکە خۆی بەرز دەکاتەوە، یان لانى کەم ئایرۆنییانە ئاگادارى تووڕەبوونەکەى خۆیەتى. تەرجیع(2)ی جەخت لێ کراوى( ‘I don’t have’، ‘you don’t have’، ‘we don’t have’،‘neither of us have’ )جۆرە فیتنەیەکى قورسکراوە، مەتەڵێکى پێکەنیناویی تێدا بەدی دەکرێت. گەمە وشەییەکە شاعیر نیشان دەدات وەک ئەوەی جیابووبێتەوە لە تووڕەبوونەکەى.
بێگومان دەبێت وەستانێکى هەژێنەری کورت هەبێت لە ناوەڕاستی هەر دێڕێکدا پاش یەکەم ‘have’، کاتێک بە پێکەنین ئامێزییەکى ڕاستەوخۆ وەختە لە دێڕەکەدا گورزێک بەرەو خوێنەر بوەشێنێت. (لە شیعری ئینگلیزییدا، بە پێچەوانەى هەندێک جۆری تری شیعر، دەشێ وەستان لە هەموو شوێنێکى دێڕدا هەبێت.) بەم ڕوانینە هەموو دێڕێک لەخۆیدا درامایەکى لاوەکیە، وەحشییانە بەڕەى ژێر پێی ئەو کەسە دەردەهێنێت کە قسەکەر ئاماژەى بۆ دەدات. دەتوانرێت دەنگی قسەکەر بهێنرێتە بەرچاو کە پێشنیارکارانە بەرزدەبێتەوە لەگەڵ ( ‘The feelings you say you have’ ) تەنها بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى هەستیارانەى ناڕاستگۆ بەهۆی حەقیقەتێکى فلاتەوە تێکبشکێت بە ( ‘you don’thave’).
ئەم شیعرە لەو جۆرانە نییە کە بتوانیت بە سەرکەوتوویی گۆی بکەیت لە ئینگلیزیی ستانداردا. زۆر شت هەیە لە زمانەکەدا کە پێویستى بە قسەکردنە گوندەکییەکەى لاورینس خۆیەتى.
کەواتە ئینسان دەتوانێت ببینێت بۆچی وا باشترە دەقەکە بە شیعر دابڕێژرێت. هەروەها شیعریشە چونکە ڕاگەیاندنێکى مۆراڵییە، بیرۆکەیەک کە دەبێت لە چرکەیەکدا تاووتوێی بکەین. ناوبردنیشی بە شیعر، ناوبردنێکە کە نووسەر بەدەستیدەهێنێت، لەڕێی رێکخستنى وشەکانیەوە بەم شێوەیە لەسەر پەڕەکە، هەروەها پێشنیاریش دەکات کە ناوەڕۆکێک هەیە لە پشت شەریکەکەشیەوە، شەریک یان هەرکەسێک کە دەشێ ئاماژەپێدراو بێت. دەبێت ئەم بیرۆکەیە لە چرکەیەکدا تاووتوێ بکەین. هەروەها، پەیوەندیی دێڕەکان کەمە بە شێوازی شیعریی باوەوە. تا ئەم ئاستەش، فۆڕمیان وێنەى ناوەڕۆکیان دەداتەوە. شێوازى توندیان لەگەڵ تەرزە خودئاگاکانى هەستکردندا لە زمانە نا هونەرییەکەیانەوە کە بە وردەکاریی و خۆویستانە دانراوە، دێت؛ دێت بە زبرییە ڕاستەوخۆکەیەوە.
دوو: شیعر و ئاکار
زۆرینەى جار وشەى ئاکار(moral) کێشەیەک دەخاتە ڕوو، ئەمە لە کلتوورە ئەنگلۆسەکسۆنیەکانیشدا کەمتر نییە. کۆد و قەدەغەکاریی، کەمەندى توند و ڕەفتاری مەدەنیی، جیاکاری وردی نێوان ڕاست و چەوت پێشنیار دەکات. ئەم بیرۆکە قەدەغەکارەی ئاکار، ئیلهامبەخشی بێرتراند رەسڵ بوو تا تێبینی بدات کە دە دەواکارییەکە –ئەوانەى خودا بۆ موسا. و.ک-، دەبوا ئەو پێشەکییەیان لەگەڵدابووایە کە هەندێک جار لە پرسیای ئیمتیحاناتدا هەیە:”تەنها شەش دانە وەڵام بدەوە”.
ئەگەر شیعر دەربارەى چێژە، ئەوا ئاکار پێچەوانەى دەردەکەوێت. لە ڕاستییدا، ئاکار لە مانا ترادشناڵەکەیدا، بەر لەوەى بانگەشەکارانى ئەرک و پابەندبوون دەستى بەسەردا بگرن، لێکۆڵینەوەیە بۆ چۆنێتیی ژیانێکى تەواو و پڕ چێژوەرگرتن؛ وشەى “ئاکار” لەم سیاقەى ئێستادا ئاماژەیە بۆ ڕوانینێکى کوالیتەیتیڤ(پەیوەندییدار بە جۆر و چۆنێتی) و بەهاناسانەى ئەزموون و ڕەفتاری مرۆڤ. زمانى ئاکار تەنها چەمکگەلی وەک باش و خراپ، ڕاست و چەوت لەخۆ ناگرێت: چەمکدانەکەى تاکو چەند هاوەڵناوێکى وەک “سەرچڵ – قەشەنگ – هێمن – گاڵتەپێکەر – چالاک – نەرم – ناسک – بێباک – بێحەوسەڵە” دەکشێت. ئەمانەش هێندەی “پاک(تەهوور)” و “کۆمەڵکوژانە” چەمکی ئاکاریین. ئاکار پەیوەندیی بە ڕەفتارەوە هەیە، نەک تەنها ڕەفتاری باش. حوکمدانە ئاکارییەکان چەند ڕاگەیاندنێکیان تێدایە لە چەشنى “ناڕەزایەتییەکانى جاڕزکەر بوون زیاتر لەوەى ئارامبەخش بن”، هەروەک چۆن چەند ڕاگەیاندنێکیشیان تێدایە لە چەشنى “ئەم بەدکارە پێویستە چاوەکانى دەربهێندرێن”. موفرەدەکانى زمانى ڕەخنە زۆرینەیان ئاکاریین و تێکەڵیەک لە چەمکی تەکنیکی و ستاتیکییان لەگەڵدایە.
لەم جۆرە بەکارهێنانە ترادیشناڵییەدا “ئاکاریی” نابێتە جودای “نائاکاریی”، بەڵکو دەبێتە جوداى “مێژوویی – زانستیی – ستاتیکیی – فەلسەفی و هتد”. ئاماژە نادات بە بوارێکى دیاریکراوی ئەزموونى مرۆڤ، بەڵکو ئاماژەدانە بە گشتى ئەو ئەزموونە کاتێک لە گۆشەنیگایەکى دیاریکراوەوە لەبەرچاو دەگیرێت. بۆ نمونە فیسیۆلۆجیستەکان، ڕەنگە سەرنج بدەنە ئەو وەخۆوەچوونەى ماسولکەکانم کە بووە هۆکارى بەرزبوونەوە دەستم لە هەوادا؛ ئەوانەى سەر بە زانستە سیاسییەکان سەرنج دەدەن چەند کەسی تر هاولایەنى من دەنگی داوە؛ جوانیناسەکانیش سەرنج دەدەن چۆن ئەم جووڵە لەپڕە ڕووناکیی خستە سەر قۆڵی چاکەتەکەم و ڕەنگ و بریقەى پێدا؛ فەیلەسووفانیش سەرنج دەدەن تا چەندێک چەم جووڵەى دەستە ئازادانەیە. بەڵام ئاکار ناس سەرنجى ئەو بەهایانە دەدات کە پاڵنەری بڕیارەکەم بوون، ئەو مرۆڤەی دەستى هەڵبڕیوە مەبەستى خزمەتکردن بووە؟ تا چ ڕادەیەک پشتگیریی خۆشگوزەرانیی مرۆڤ دەکات و هتد. تا ئەم جێیە، هەموومان ئاکارناسین؛ هونەروەرانیش، کە بە زەروورەت هەڵسوکەوت لەگەڵ بەها و باشایەتییدا دەکەن، بێگومان لە زۆرینە ئاکارناسترن.
کەواتە شیعر ڕاگەیەندراوی ئاکارییە، لەبەر ئەوە نا کە بەپێی کۆدێک حوکمى توند دەسەپێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەى هەڵسوکەوت لەگەڵ بەها، مانا و مەبەستە مرۆییەکاندا دەکات. کەواتە لێرەدا پێچەوانەیەکى تری وشەى “ئاکاریی”، “ئیمپیری”ە –بەرئەساس، یان پەیوەندییدار بە ئەزموونکردنى هەستەکییەوە، نەک تیۆر یان لۆژیکی پەتیی. و.ک-. ڕاگەیاندنێکى وەک: “وەستا لەبەردەم دەرگای مەزنی تاشراوی کەنیسەکە، سەری شۆڕبووەوە”، ڕاگەیاندنێکی ئیمپیری و دیارە، لە کاتێکدا “وەستا لەبەردەم دەرگای مەزنی تاشراوی کەنیسەکە، بەهۆی نیگەرانییەوە سەری شۆڕبووەوە” ڕاگەیاندنێکى ئاکارییە. دێڕێکى وەک: “پاسکیلەکەمم لێخوڕی بۆ شار.” هێشتا شیعر نییە، گەرچی لەسەر کێشی یامبیکی چوارهەنگاوییشە(3). کەواتە دەتوانم نیوەدێڕێکى تر زیاد بکەم: “ڕایکرد دەریاوانێکى قاچکورت بەرەو خوار”. ئەمە کەمێک باشترە، کە ئێستا نیوەدێڕێکى ترمان هەیە لەگەڵ کێش و سەروادا. بەڵام ئەوەى تا ئێستا هەمانە، تەواو وەسفیی و وێنەگرتنە: هیچ خاڵێکى ئاکاریی ناگەیەنێت. کەواتە ئەمەش زیاد دەکەم:
مەرگ وەک هەورە برووسکە لە ئاسمانەوە دێتە خوار
هیچ شتێک زۆر بچووک نییە بۆ وێناکردنى چاوى (4)
ئیدی ئێستا شیعرێکمان هەیە، گەرچی شیعرێکى خراپ.
نزیکەى هەموو کارە ئەدەبیەکان مەسەلەى فیعیلیی(factual)یان تێدایە، بەڵام ئەوەى دەیانکاتە ئەدەبیات ئەوەیە کە ئەم مەسەلانە لەپێناو خۆیاندا ناخرێنە ڕوو، وەک ڕاگەیاندنەکانى ڕێگاوبانى ئینگلیز “لای چەپ بگرە” ناخرێنە ڕوو. ڕاگەیاندنگەلی فیعلیی وەک ئەمە دەشێ بۆ کاریگەریی نافیعلییش بەکار بهێنرێن، وەک ئەوەى لە هێما و مەجازدا ڕوودەدات. “لای چەپ بگرە” دەشێ ماناى سیاسی و ئیمپیریشی هەبێت. ئێستا ئەرشیڤێکى بەرین هەیە لەو شیعرانەى ئاماژەکەى تونێلی لەندەن لەپێناو کاریگەرییەکى سیمبۆڵیکیدا تەوزیف دەکەن: “ئاگاداری کونەکە بە”. لە حاڵەتانەدا، دوو مانا –یەکێکی ئیمپیری و یەکێکی ئاکاری- یەکخراون. بەڵام ڕاگەیاندنە فیعلی و ئیمپیریەکان لە کارى ئەدەبیدا دەردەکەون چونکە بەشێکن لە شیرازە ئاکاریەکەى. بۆ وێنە، ڕەنگە پێویست بێت بەلزاک بڕێکى دیاریکراو زانیاریمان دەربارەى ئاوەڕۆکانى پاریس بداتێ، تەنها لەپێناو بەرەوپێشبردنى پلۆتەکەیدا. لەوێدابوونى ئەم ڕاستیانە تەنها لە پێناو زانیاریدا، زیاتر نییە لە لەوێدابوونی “تۆ زۆڵێکى ناشیرینیت” تەنها لە پێناو زانیاریدا. لەبەر ئەمە، زۆر گرنگ نییە بۆ شاعیران، بە پێچەوانەى نەشتەرگەرانى مێشک و ئەندازیارانى فڕین و میلاحەتەوە، گەر ڕاستییەکانیان بە هەڵە وەربگیرێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، وەرگرتنى توندی ڕاستیی کەسێک بە هەڵە، دەشێ جیاوازیەکى ئاکارى درووست بکات. بۆ نمونە ساموێل جۆنسۆن نەیدەتوانى چێژ لە ئەدەبێک وەربگرێت کە بە نائاکاریی دادەنا، هەروەها نەشیدەتوانى چێژ لە ئەدەبێک وەربگرێت کە لای ئەو بە شێوەیەکى ڕوون ناڕاست بێت. لەبەر ئەمەیە کە ئەو سکاڵا دەکات کاتێک میڵتۆن، لە شیعرەکەیدا(لیکیداس)، باسی خۆی و لیکیداس(ئێدوارد کینگی شاعیر) دەکات کە: “دوورکەوتینەوە، هەردووک پێکەوە بیستمان چ کاتێک زەردەواڵەکە شاخە تێکئاڵاوەکانى بادەدات کۆبونەوەکانمان توند دەکات بە ئاونگی تازەى شەو” لە “ژیانی شاعیران”ەکەیدا جۆنسۆن بە خرۆشاویی تێبینی دەکات کە بە ڕوونى زانراوە ئەو دوو پیاوە هیچ شتێکى لەو جۆرەیان نەکردووە. لە ڕاستیدا، بە حاڵ یەکتریان ناسیوە. خوێنەرانى ئەمرۆ زیاتر ئامادەن پانتاییەک لە ئازادی شیعریی بدەنە میڵتۆن؛ بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە چاوپۆشیی لە هەڵەگەلێکى کۆنى فیعلیی بکەین. چێژبینینمان لە کارە ئەدەبیەکان دەشێ زیانی پێ بگات گەر ئەوان خەلەلی ئیمپیریی ڕوون بخەنە ڕوو. ئەگەر شاعیرەکە بە ڕاستیی دەرکەوت کە بڕوای وایە ئەبراهام لینکۆلن ژنەگوندەکیەکى تاریقیی(5) بووە، یان ستۆکهۆڵم لە سەدەی پێنجەمى پێش زاییندا بێ شوێنەوار ژێرئاو کەوتووە، ئەوا ئەگەری هەیە ئێمە کەمتر سەرسام ببین بە هەر کۆتاییەکى شیعریی کە دەشیا ئەو فاکتانە هەوڵی گەیاندنى بدەن.
نمونەیەکى گونجاو دێڕەکەى دیلان تۆماسە دەربارەى ژنێکى مردوو: ” دەستی لە ڕوخسارێکە مردوو بە داخراویی بەهۆی ئازارێکى خڕەوە.” بە هەموو بوێرییە مێتافۆرییەکەیەوە، ئەم دێڕە شکستخواردوو دەبێت، چونکە ڕوونە ئازارەکان خڕ نین. وێنەکە تەنها لە حاڵەتێکدا کار دەکات، گەر ئێمە قایل بین بە جۆرێکی جیاواز لە چۆنێتی دونیا، جۆرێک کە ئێمە دەزانین هەڵەیە. وەک ئەنجامیش، دێڕەکە سەیرە زیاتر لەوەى ڕۆشنکەرەوە بێت. گەرچی وا دانرابوو بە تەرزێکى بەهێز فیزیکیی بێت، کەچی کاریگەرییەکەى لە هەناودا وێنە دوداتەوە نەک سەر. لەو جۆڕە خاتیرانەیە کە ڕەنگە پاش شەوێکى قورس لە شار بۆت بێت، خاتیرەیەک کە ڕەنگە ڕێک دووى بەیانى بیخەیتە سەر کاغەز؛ بەڵام گەر لە ڕووناکیی ڕۆژدا بیخەیتە سەر کاغەز و بۆ خەڵکی گشتی بڵاوبکەیتەوە، دەبێتە هۆی دەرخستنى بێتواناییەکى ئاگادارکەرەوە لە حوکمداندا. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە کاتى خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا بە شێوەیەکى کاتیی وادانان و گریمانگەلێک قەبووڵ ناکەین کە لە ژیانى ڕاستەقینەدا نین. ئەمە بە وەستاندنى برواپێنەکردن ناسراوە. بەڵام بڕواپێنەکردنمان سنووری هەیە، وەک چۆن ئیمانیشمان سنووری هەیە.
هەمیشە ئاسان نییە هێڵێک لەنێوان ڕاگەیاندنە ئیمپیری و ئاکاریەکاندا بکێشین. هەندێک فەیلەسوفی ئاکاریی، کە بە ڕیالیستەکان ناسراون، سوورن لەسەر ئەوەى ڕاگەیاندنە مۆراڵییەکانیش هێندەى ئیمپیری و زانستییەکان وەسفی حاڵەتەکە دەکەن. لەسەر ئەم تیۆرییە، گوتنى “تۆ ماستاوچییەکى قێزەوەنیت” بۆ بەخشینی تۆمارێکى فیعلیی وردە هەر وەک گوتنى “تۆ پێنج و لە دەیا حەوت پێ بەرزیت”. ئەو تەنها ڕێگایەک نییە بۆ وەسفکردنى هەستەکانم بەرامبەر،ت یان بە باشدانانى تەرزێک ڕەفتار بەرامبەرت، وەک ئەوەى هەندێک تۆریی ئاکاری تر لەخۆیانى دەگرن. هەمان شێوەى ئەم تەڵخکردنەى ئاکارییەت و ئیمپیرییەت دەشێ لە ئەدەبیاتیشدا بدۆزرێتەوە. هەندێک نووسراو، وەک (De Rerum Natura)ی لۆکریتۆس، نامەیەکى زانستین کە لە سەردەمێکى زوودا دانراون؛ یان (Georgics)ی ڤێرجیل، کە ڕنیشاندەرێکە بۆ چۆنێتیی کشتوکاڵکردن. ڕاستە کە (Georgics) کارێکى ئاکارییشە، شیوەنێکە بۆ ئیتاڵیایەکى لەڕووی ڕامیاریەوە یەکگرتوو، کە ئامانجی ستایشکردنى کۆمەڵێک بەهاى کۆنەپارێزانەى ڕۆمانیە. بەڵام مەوداگەلێکى زۆری تەرخانکراوە بۆ کۆمەڵێک بابەتى ئەوتۆ کە لە ڕووکەشدا ناشیعریی دەردەکەون، وەک ڕاگرتنى هەنگ و مێگەل بەخێوکردن. لە ڕاستییدا، لە سەردەمانى دێرینەوە تا ڕۆشنگەری، جیاکاریی نێوان ئیمپیری و ئاکاری، وەک جیاکاریی ئێستاى ئێمە توند و ڕوون نییە.
پەراوێزەکان(وەرگێڕی کوردی):
(1) (Heroic couplet): فۆرمێکى شیعری ئینگلیزییە، زۆربەى جار بۆ داستان و شیعری گێڕانەوەئامێز بەکاردەهات.
(2) دێڕێک یان ڕستەیەک کە لە شیعر یان گۆرانییەکدا بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە، زۆربەى جار لە کۆتایی هەر ستانزایەکدا.
(3) لە کیشناسیی خۆرئاواییدا هەر نیوەدێڕێک لە چەند پێیەکی وەزنی(لاى خۆمان تەفعیلە، یان هەنگاو) پێکدێت. پێیەک دەبێتە یامب گەر لە بڕگەیەکى قورس و بە دوایدا بڕگەیەکى سووک پێکهاتبوو.
(4)
I rode my cycle into town
And ran a short-legged sailor
Death falls like lightning from the sky;
Nothing too small to ’scape its eye.
(5) تاریقەکان(الطوارق): ئەو ئۆمەتە ئەمازیغیەی بیابانى گەورە نیشتیمانیانە.