دڵسۆز حەمە

تەنهایی ..
لەبەر خۆیەوە

لە مەغریبە  جەستەم و
لە مەشریقە ڕۆحەکەم،
لە ئاسماندایە خەیاڵم
لەسەر زەمینە  تەماشام،
لە ڕۆحدایە ئازارم و
لە تەنهاییمدایە کە دەمرم.
پیاوێکم دەویست وەکو  برا میهرەبان و
وەکو باوک  بەخشندە و
وەکو مەهدی دورەدەست و جاویدان بێت؛
خەیاڵم ڕەوشەن کاتەوە
پیاوێک لە سێبەری خودا
سەرلەنوێ  نەخشەم بکێشێ و
پارچەکانم  کۆکاتەوە .

لەبەردەم پیاوی دنیادا
دەرگایەکی قفڵدراو
شاخێکی داگیرنەکراو و
ڕوبارێکی ڕامنەکراو و
خەمێکی  مات ولوتبەرزم؛
لەبەر پەنجەکانی  تۆدا
ڕێگایەکی  پان و بەرین
دەرگایەکی لەسەرپشت و
باخچەیەکی کراوەیە ڕۆحم،
وڵاتی خۆتە ژنێتیم.

ژوانی من و تۆ
پێکەوەبونی من و تۆ
باوەشگرتنی من و تۆ
پاڵکەوتنی دوو  وەرزە  بە تەنیشتی یەکترەوە،
یەکێکیان ئەمشەو دەبێت بێت
ئەوی دی  هەر ئەمشەو  دەڕوات،
بێ  هاتنی تۆ  من نایەم
بە گەشتنی من چەند زوو دەڕۆی تۆش!

چاوت  ماچ  دەکەم
ئەمساتەوەختە کە ئەم ووشانە دەبینیت
پەنجەکانت ماچ دەکەم
کە دوگمەی مۆبایلەکەت دەگۆڕیت و
کورتە نامەکەم دەخوێنیتەوە؛
لێوەکانت ماچ دەکەم
کە لە کۆتایی ئەم وشانەدا
بزە دەکەوێتە سەریان.

دارسێوە بەربادەکە
دارسێوە نائومێد و تەنهاکە
دڵی وەکو کۆلارە بە ئاسماندا هەڵداوە،
بێباک لەوەی چەتونەکانی گەڕەک
چۆن دەیدەنە بەردەستی زبری( با ) و .. پێدەکەنن
وەکو تۆپ لەکۆڵانە سیلاویەکاندا چۆن چۆنی
لە بەرپێکاندا دێت و دەچێت و نائومێدانە دەگەڕێتەوە،
کەس لە دووی دڵ ناگەڕێت لێرە
بۆیە هێواش هێواش دڵی  هەزار پارچەی ئەویش
بۆگەن دەکات لە سنگدا .

چەندە بە تۆ دەچم  کەرکوک
جوان  وسەنگین و پڕ ژیان
چەندە بە من دەچیت کەرکوک
تەنها وچۆڵ  وهۆڵ  و پڕ ئازار
چەندە بە تۆ دەچم  کەرکوک
بەخوڕترین  نەزیف و
بەخشندەترین خاک  و خۆڵ
چەندە بە من دەچیت  کەرکوک
بەو  هەموو  جوانیەتەوە
تەنهاترینیت
هەمو عاشق وجەنگاوەر و حیزب و شاسوارەکانت
درۆیان کرد،
تۆ هەر  خۆتی بە کەناری  سوتانەوە
منیش  هەر خۆم  لە زیندانی تەنهاییدا

من  کە لە پێستی  لەشی  خۆم زیاتر ،کەسم نییە
لە دیواری شوشەیی تەنهایی زیاتر .. ماڵم نییە
من کە وەکو جەرگیشم کون کونە ،بەلەمەکەم
بێکەسترین درەختی  دارستانەکەم
سێ باڵندە ،
سێ  سەرنشینی تریشم
بۆ هێناوە  لەگەڵ  خۆمدا؟

بە جوڵەو سەربادانی درەختەکاندا
دیارە لەگەڵ (با) شەڕیانە
یان پێکەوە غەزەل دەخوێننەوە .


ئوترێخت 2012

ناردن: