
خانمە نووسەری عەمانی “جۆکە ئەلحارسی” لە ڕێگەی ڕۆمانی (خانمانی هەیڤ/ سیدات القمر)، خەڵاتی مان بوکەر-ی جیهانی بۆ ساڵی 2019 بەدەستهێنا، بەمەش دەبێتە یەکەم ئافرەتی عەرەب کە ئەو خەڵاتە وەربگرێت. لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە، پێش دوو مانگ لەمەوبەر، لیستی ناوەکانی بڵاوکردەوە. لیستەکە لە شەش نووسەر پێکهاتبوو (پێنج نووسەری ئافرەت و یەک نووسەری پیاو)، بەرهەمەکانیان بۆ پێنج زمان وەرگێڕدرابوون: عەرەبی، فەرەنسی، ئەڵمانی، پۆڵەندیی، ئیسپانی، هەمو ئەو وەرگێڕانانە لەسەر دەستی چەند خانمێکی وەرگێڕ ئەنجامدرابوون. واتە وەرگێڕەکان هەموویان ئافرەت بوون. جۆکە ئەلحارسی خاوەنی سێ ڕۆمان و دوو کۆمەڵە چیرۆک و دوو کۆمەڵە چیرۆک بۆ منداڵانە. ساڵی 2016 ڕۆمانەکەی “نارنجە/ نارنجە” خەڵاتی سوڵتان قابوس بۆ ڕۆشنبیریی و هونەرو ئەدەب-ی بەدەستهێنا.
لیستی خەڵاتی مان بۆکر 13 بەرهەمی لەخۆگرتبوو، دوو لەو بەرهەمانە عەرەبی بوون، ئەوانیش بریتی بوون لە ڕۆمانی (نوکتەی چەکدارەکان/ نکات للمسلحین)ی ڕۆماننوسی فەلەستینی مازن معروف. ئەوی دیکەیان ڕۆمانەکەی جۆکە ئەلحارسی بوو. وەرگێڕانی ئەم بەرهەمانە، لە بەریتانیا یان لە ئیرلەندە بڵاوکرانەوە، ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانی خەڵاتەکە. لیژنەی داوەریکردنی بەرهەمەکان لە پێنج ئەندام پێکهاتبوون بە سەرۆکایەتی نووسەرو مێژونووس بیتانی هیوز. بڕیارە لەم مانگەدا (مایس) ناوی براوەی خەڵاتەکە لە پایتەختی بەریتانیا ڕابگەیەنرێت. بڕی خەڵاتەکە بریتییە لە 50 هەزار جونەیهی ئیسترلینی کە نووسەرو وەرگێڕ بە هاوبەشی وەریدەگرن.
خەڵاتی (مان بۆکر)ی نێودەوڵەتی، دەزگای “مان بۆکەر” پێیهەڵدەستێت، بەڵام پێش مانگێک لەمەوبەر، دەزگای “مان” لەو خەڵاتە کشایەوە. بۆیە ناوەکەی گۆڕا بۆ “بۆکەر” وەک ئەوەی پێشتر ئەو ناوەی هەبوو.
ئەم خەڵاتە بە شێوەیەکی فەرمی ساڵی 2005 دامەزرا، لەو ساڵەوە تا ساڵی 2015 هەر دوو ساڵ جارێک دەدرا بە نووسەرێک، نووسەرەکە لە هەر ڕەگەزێک بووایە کێشە نەبوو، بە مەرجێک کۆمەڵێ بەرهەمی هەبێت کە بە زمانی ئینگلیزی یان وەرگێڕدرابێت بۆ زمانی ئینگلیزی بڵاوکردبێتەوە. بەڵام لە ساڵی 2016وە، خەڵاتەکە بە هاوبەشی لەنێوان نووسەرو وەرگێڕدار دابەشدەکرێت.
سەرچاوە:
الشرق الاوسط، سێ شەممە، 21 مایس، 2019.