
رێگەم پێبدەن کەمەکێک لای خانمە شۆخەکانی روسیا راوەستم، ئەوانەیان دوای شۆڕشی بەلەشفیک یان بە ماوەیەکی کەم پێش ئەو شۆڕشە، کۆچیان بۆ فەرەنسا کردو بە دوای سەلامەتی و ئاسایش و دڵنیاییدا دەگەڕان. دواتر بە دوای خۆشەویستی و ئازادی و ناوبانگ و بلیمەتەکاندا دەگەڕان. ئاشکرایە لەو سەردەمەدا گەیشتن بە پاریس، خەونی هەمو شۆخە سلاڤییەکان بووە، بگرە خەونی هەموو خەڵک بووە، لەوانە خوێندکارانی عەرەب و غەیرە عەرەبیش، پاریس ئەفسانەی ئەفسانەکان بوو. چەندین کتێب ئەوەمان بۆ دەگێرنەوەو ئێمە لێرەداو لە پەراوێزی ئەو کتێبانەدا، بەو پەڕی ئازادییەوە قسەوباسیان لێدەکەین. یەکەم کتێب کتێبەکەی خانمە توێژەری فەرەنسی دۆمنیک دیزانتی- یە بە ناونیشانی (ئەلیزاو ئاراگۆن. پەیوەندییە ئاڵۆزەکە)، کتێبی دووەمیان کتێبەکەی توێژەر برتران مایر ستابلی-یە سەبارەت بە گالاو سلفادۆر دالی و بە ناونیشانی (ئاخۆ گالای راستەقینە دەبێ کێ بێت؟)، کتێبی سێیەم کتێبەکەی نووسەر ڤلادیمێر ڤیدرۆفسکی-یە بە ناونیشانی (شۆخە روسییەکان)، ئەمە ئەگەر نەڵێن خانمە ئیلهامبەخشە خاوەن کەسێتیە بەهێزەکان کە توانیان ئەدیب و بیرمەندە گەورەکانی فەرەنسا سەرسامبکەن، ئەو ئەدیب و بیرمەندانەش کەوتنە داوی تۆڕەکانی ئەو خانمە شۆخانەوە.
پێدەچێت هەندێک لەو خانمە شۆخ و شەنگانە، رۆڵی سیاسیشیان گێڕابێت، یان تەنانەت رۆڵێ هەواڵگیرییان بۆ بەرژەوەندی دەزگاکانی سۆڤیەت گێڕابێت. شاراوە نییە ئەلیزا کە دڵ و عەقڵی ئاراگۆن-ی داگیرکردبوو، لە ناوەندەکانی فەرەنسادا بەوە تۆمەتبار کرابوو کە سیخوڕی روسیایە. لە راستیدا ئەوە ئەلیزا بوو هاوسەرەکەی هێنانە نێو ریزەکانی حیزبی شیوعی، لە کاتێکدا هاوسەرەکەی کەسێکی سوریالی ئازاد بوو، نە مانای دیسپلین و زەبت و رەبتی دەزانی و نە لەسەر مانای حیزبایەتی تەسک راهاتبوو. هەر ئەلیزا بوو وایکرد هاوسەرەکەی، بەیاننامەی چوونە پاڵ بەرەی سۆڤیەت واژۆ بکات و بەدرێژایی کات و بە شێوەیەکی کوێرانە لایەنگری بێت. ئەوە کێیە وتوویەتی ئافرەت ناتوانێت هیچ شتێک بکات؟ سەروەختێک دەکەویتە داوای خۆشەویستی ئافرەتێکەوە، ئەوا دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی و چۆنی بووێت بتهێنێ و بتبات. پیاو هەیە بە هۆی حۆرییەکان یان مامزە نازدارەکانەوە، زیاد لە جارێک مەزهەب و تائیفەکەی خۆی گۆڕیوە. ئەم پیاوە تا ئێستاش وێڵ و سەرگەردانە، بە کوچە و کۆڵانەکاندا دێت و دەڕوات، کەسیش نازانێت بۆچی ئاوای لێهاتووەو بەرەو کوێ ملدەنێت؟ ئەمەش خۆشترین ژیانە لە جیهاندا. بگرە جان جاک رۆسۆ، کاتێک “مادام دو ڤارین” دەبینێت، شۆخییەکەی سەرسامی دەکات، دەمودەست مەزهەبەکەی خۆی لە پرۆتستانتەوە دەگۆڕێت بۆ کاسۆلیک و وتە بەناوبانگەکەی دەڵێت: (ئەو مەزهەبەی نموونەی وەک ئەم شۆخە لەسەریەتی، بێگومان دەتباتە بەهەشت!).
هەرچۆنێک بێت دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبانە، سەرنجت بۆ ئەوە دەچێت زۆربەی بلیمەتەکانی فەرەنسا، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم یان لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیە، لە رووی سۆزدارییەوە شەیدای خانمە روسییەکان بوون. بۆ نموونە ئۆلیگای هاوسەری بیکاسۆ، گالای هاودەمی پۆل ئیلوار، ئەمە پێش ئەوەی سلفادۆر دالی بکەوێتە داوی گالا-وە. بێگومان نابێت ئەلیزا-مان لە یادبچێت کە بووە ئلیهامبەخشی دیوانە بەناوبانگەکەی ئاراگۆن: مەجنون ئەلیزا. چیرۆکە بەناوبانگەکەی ئەلیزاو ئاراگۆن، بە رادەیەک لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا دەنگیداوەتەوە، دەتوانرێت لەگەڵ چیرۆکی لەیلێ و مەجنونی ئەدەبی عەرەبی، بەراورد بکرێت. جگە لەوە “لیدیا”شمان هەیە کە ئیلهامێکی زۆری بەخشی بە ماتیس-ی هونەرمەند. هەروەها “مایا” بە جۆرێک دڵی رۆمان رۆلان-ی بردبوو، وایلێکرد سڵ لەوە نەکاتەوە وەلائی خۆی و ملکەچبوونی خۆی بۆ جۆزێف ستالین دەربڕێت! رۆمان رۆلان شتێکی وا بکات! ئەو کە بە هاوسەنگی و عەقڵمەندی بەناوبانگ بوو.
لە راستیدا پێویستە رابەری وجودییەتی فەرەنسی جان پۆل سارتەر-یشمان لەیاد نەچێت. سارتەر سەرکێشییەکی (موغامەرەیەکی) زۆری لەگەڵ ئافرەت هەبوو، لەوانە چیرۆکێکی خۆشەویستی شاراوە یان نیمچە شاراوەی لەگەڵ شۆخێکی روسیدا هەبوو، ئەم شۆخە ناوی (لینا زونینا) بوو. سارتەر کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی (وشەکان) کە وەک ژیاننامەیەک وایە، پێشکەش بە لینا زونینا کرد. بەڵام بوێری ئەوەی نەبوو ناوی تەواوەتی ئەو شۆخە لەسەر کتێبەکە بنووسێت، تەنها پیتی یەکەمی ناوەکەی نووسی، ئەمەش بۆ ئەوە بوو توڕەیی سیمۆن دو بۆڤار، بەسەر خۆیدا قڵپنەکاتەوە. سارتەر لەو پێشەکییە کورت و ئاڵۆزەدا نووسیویەتی: (بۆ خانم ز….). زۆرجار رەخنەگران لەسەر راڤەکردنی ئەم پیتە (ز) قسەوباسی زۆر دەکەن و دەڵێن ئاخۆ خاوەنی ئەو پیتە کێیە؟ بێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک. بۆچی ناگەنە هیچ ئەنجامێک؟ چونکە سارتەر لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ئەم پەیوەندییەی تا ئەوپەڕی نهێنی بە نهێنی هێشتبوەوە. تەنها لەسەر کەنارەکانی رووباری بەڵتیق ئەم عەشیقە روسییەی دەبینی، یان کاتێک سارتەر سەردانی مۆسکۆی دەکرد، لەوێ لە گۆشەو گۆڕەپانەکانی پایتەختی یەکێتی سۆڤیەت، بە شێوەیەکی فەرمی و وەک ئەوەی هیچ شتێک رووینەدابێت، دەیبینی.
گالاو ئێلوار
سەروەختێک گالا لە ساڵی 1918 دەگاتە پاریس و بە رێکەوت پۆل ئێلوار دەبینێت و بۆ هەتاهەتایە لە فەرەنسا دەمێنێتەوە، لەو کاتەدا فەرەنسا تازە لە جەنگێکی وێرانکەر هاتبووە دەرەوە، جەنگی جیهانی یەکەم تازە کۆتایی پێهاتبوو. ئەو جەنگە پێیدەوترێت جەنگە گەورەکە یان تەنانەت پێیدەوترێت کوشتارگە گەورەکە. ئێلوار بەشداری ئەو جەنگەی کردبوو، بۆیە بە جلوبەرگی سەربازییەوە، دەڕوات بۆ کڵێسا تا ئەو کچە روسییە بخوازێت کە خۆشیویستووە. وەلێ وەک بەشی هەرە زۆری نەوەکەی، لەو کوشتارگەیەدا بە تێکشکاوی دێتە دەرەوە. لەو رۆژگارەدا بە دەگمەن ماڵێکی فەرەنسیت دەبینی کوژراوێک یان بریندارێک یا کەم ئەندامێک یاخود بزربوویەکی (مەفقودێکی) نەبێت.
دەکرێت بڵێن جووڵانەوەی سوریالی کە راستەوخۆ دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی یەکەم و بەرابەرایەتی ئەندرێ بریتۆن دەرکەوت، هیچ نەبوو تەنها پەرچەکردارێکی تووند نەبێت دژ بەو جەنگە و کارەساتەکانی. سوریالی هاوارێکی ناڕەزایی گەورە بوو، ناڵەیەکی تا بڵێی بەهێز بوو. گەنجانی فەرەنسای ئەو رۆژگارە، دەیانوویست خۆشییەک بە ژیانی خۆیان بدەن، هەناسەیەکی ئاسودە هەڵمژن، کارەساتەکانی جەنگ لەیاد بکەن، ئەو نەهامەتیانە لە بیربکەن کە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بینیبویان. بۆیە هیچ ئامرازێکی لەبەردەم خۆیدا نەبینی، تەنها ئەوە نەبێت بڕواتە نێو جووڵانەوەیەکی هونەری کە لەیەککاتدا جووڵانەوەیەی بێهودەیی (عەبەسی) و رزگاریخوزا بوو. بێهودەییەکەی هیچی لە بێهودەیی جەنگە گەورەکە کەمتر نەبوو. لێرەدا پێویستە بێهودەیی هونەر، هێندەی هەمان ئاستی بێهودەیی خودی جەنگەکە بێت. ئەگەر وا نەبێت، وزەی ئازادی وەک پێویست بەش ناکات. لەبەر ئەم هۆکارە بوو سوریالیزم، زۆربەی هونەرمەندو شاعیرەکانی ئەو رۆژگارەی فەرەنسای، بەلای خۆیدا راکێشا. سوریالیزم لەو سەردەمەدا پێویستییەکی مێژوویی دابیندەکرد، تەواو وەک فەلسەفە وجودییەکەی سارتەر دوای جەنگی جیهانی دووەم.
ئایا سوریالیزم دەرفەتێک نادات بە هونەرمەند، چ شاعیر یان ئەدیب، بۆ ساتێکی کەمیش بێت، خۆی لەبیر بکات؟ خەون ببینێت؟ لە پێچ و پەناکانی خەیاڵدا خۆی بزرکات؟ ئایا دەرفەتی ئەوەی بۆ ناڕەخسێنێت لە چاودێری هوشیاری عەقڵێکی سەرکوتکەر، بەسەر نەستدا رزگاری ببێت؟ ئاخۆ هەلی ئەوەی ناخاتە بەردەست، لە ئاستی واقیعێکی تێکشکاوی پڕ نەهامەتی، بەرزببێتەوە بۆ ئاستی واقیعێکی خەیاڵی و پەمەیی؟ واقیعی پەمەیی مانای حەرفی وشەی سوریالییە. بەڵێ، سوریالییەت پێداویستییەکی مێژوویی بەدیهێنا. چونکە لە کاتێکی گونجاودا هات، یارمەتی داهێنەرە فەرەنسییەکانی دا لە خودی خۆیان رزگاریان ببێت، لەو رق و کینەیە رزگاریان بێت کە فشاری لێکردبوون، لەو دۆزەخە رزگاریان بێت کە زۆر بێبەزەیی بوو، لە مۆتەکەکانی جەنگە ترسناکەکە رزگاریان بێت. ئا بەم شێوەیە، جڵەویان بۆ وزەی داهێنەرانەیان بەردا، تا بە هەموو لایەکدا بتەقێتەوە. هەروەها وایانکرد زمانیش بتەقێتەوە و لە چەقبەستنەکەی رزگاری ببێت، واتە لە مانا فەرهەنگییەکەی یان لە مانا شەرعییەکەی رزگاری ببێت، تاکو مانایەکی دیکەی فەوزەوی یان شێتانە وەربگرێت، بۆ ئەوەی قەپێلکەکەی تێکبشکێنێت. بەڵێ، وایانکرد زمان تەجاوزی خودی خۆی بکات، گوزارشت تەنها لە مانادا نەبێت، بەڵکو لە نا ماناو بێهودەیی و نا ماقوڵدا هەبێت، بگرە مانا تەنانەت لە شێتیشدا هەبێت. ئەوان پێیانوابوو واقیعی راستەقینە، ئەوەیە بە رەهایی هیچ واقیعێک بوونی نەبێت! باشە ئەم واقیعە تاوانبارە-مجرم- چییە کە پێویستە رێزی لێبگیرێت؟ ئایا ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرو پیسە واقیعە یان مەعقولە یا هیچ مانایەکی هەیە؟ ئایا دەکرێت بە زمانێکی لۆژیکی، فەرهەنگی، کۆنەپارێز، گوزارشت لە بێهودەیی جەنگ بکرێت؟ ئەی لەسەر هونەر پێویست نییە، بە زمانێکی زۆر شێتانە گوزارشت لە شێتی واقیع بکات؟ ئا لێرەوە بابەتی تەقینەوەی زمان دەرکەوت، ئەم تەقینەوەی زمانە لە شەستەکانی سەدەی بیستدا، گواسترایەوە بۆ گۆڕەپانی شیعری تازەو هەندێک لە جوانترین دیوانە شیعرییە عەرەبییەکانی هێنایە بەرهەم. من کە ئەمە دەڵێم، بۆ نموونە بیر لە (گۆرانییەکانی مهیاری دیمەشقی) ئەدۆنیس دەکەمەوە. هەمو شیعرە مەزنەکان، بەرهەمی ئەم بزوتنەوە رزگاریخوزازە گەورەیەیە: تەقینەوەی زمان، تەقینەوەی خودی تەقینەوە، پاشان بە تایبەتی تەقینەوەی لاهوت و کەهنوکت. هەموو ئەوانە لە میانەی سەرکێشییەکی گەورە لە زەوییەکی پاکژدا کە هیچ پێیەکی نەبینیبوو. لە میانەی زمانێکی داهێنەرانە و مەجازی ئەفراندنەوە کە نەخشەی شیعری عەرەبی گۆڕی و پانتاییەکی نوێی لە ئازادی دەستپێکرد. بەم مانایە، سەرجەم تازەگەری شیعری عەرەبی، لە پاڵتۆکەی ئەدۆنیس-ەوە هاتووەتە دەرەوە.
ئەوە هەندێک لە فاکتەرو باعیسە قووڵەکان بوون کە بوونە هۆکاری دەستپێکردنی جووڵانەوەی سوریالیزم، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوو. دواتر ئەم جووڵانەوەیە بەرفراوانتر بوو، بە جۆرێک بڵاوبوەوە وایلێهات بووە جووڵانەوەیەکی هونەری بە قەبارەی جیهان. ئەمەش وەک زۆربەی جووڵانەوە رەسەنەکان کە لە پایتەختی روناکی و ئازادی دەرکەوتن: پاریس. وەلێ دواتر سوریالیزم لە رەفتارو گوزارشتکردنی، زیادڕەویی کرد، تا وایلێهات لای شوێنکەوتووە بچوکەکان، ئەوانەی هیچ داهێنانێکیان نییە، بووە شتێکی قێزەون و بێکەڵک و دووبارە. مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، گالا بووە هەوێنی هەندێک لە جوانترین شیعرەکانی ئاراگۆن:
خۆشمەوێیت لە پێناو هەموو ئەو ئافرەتانەی نەمناسیوون
خۆشمەوێیت لە پێناو هەمو ئەو زەمەنانەی تیا نەژیاوم
خۆشمەوێیت لە پێناو بۆنی رووبارو نانی گەرم
خۆشمەوێیت لە پێناو بەفری تواوەو خونچە بەراییەکان
خۆشمەوێیت لە پێناو خۆشەویستی.
ئا بەم جۆرە، گالا و ئێلوار، چوونە ریزی سویالییەکانەوەو پەیوەندیان کرد بە ئەندرێ بریتۆن و لویس ئاراگۆن و ڤلیپ سۆبول و رێنیە شارو زۆرێکی دیکەوە. ئا بەم شێوەیە جووڵانەوەی سوریالیزم، پێشەنگی داهێنەرانەی فەرەنسا بوو لەو رۆژگارەدا. ئەو پێشەنگییەی دەیویست ژیان بگۆڕێت. ئیدی ئەندرێ بریتۆن، بە سیفەتی ئەوەی سەرۆکی جووڵانەوەکەیە، یان تەنانەت وەک ئەوەی سەرۆکی چەتەکان بێت، رەفتارو هەڵسوکەوتی دەکرد. تەنانەت گەڕەکی (ئەلمۆنبارناس) لە پاریس بە هەموو چاخانەکانییەوە، بووە ناوەندی جووڵانەوە تازەکە کە دەیویست جیهان راماڵێت.
سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، 8 نیسان، 2018.