
ئامادەکردنی: سەردەم
بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەی نووسەری عەرەب نمر منێور فریحە، بە ماوەیەکی کەم بوو لە ڕووداوی خۆسوتاندنی هاوڵاتی لوبنانی جۆرج زریق، لە گۆڕەپانی قوتابخانەی کوڕەکەی، چونکە نەیتوانی بوو پارەی خوێندنی کوڕەکەی بدات. ئەو ڕووداوە رای گشتی لوبنانی هەژاند، پرسی خوێندنی لە لوبنان هێنایەوە پێشەوە، وەک پرسێک کە پێویستی بە توێژینەوە و لەسەر ڕاوەستانی قووڵ هەیە. کتێبەکە لە لایەن (دار الجدید)ەوە بڵاوکراوەتەوە.
نووسەری کتێبەکە ژیانی مامۆستایی لە خانەی مامۆستایانەوە دەستپێکردووە، پاشان لە زانکۆی لوبنان، بووە بە مامۆستا و سەرۆکی ناوەندی پەروەردەیی بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان.
کتێبەکە بۆ هەموو پەروەردەکارێک و مامۆستایەک گرنگە کە دەیەوێت ئەدائی خۆی باش بکات. هەروەها بۆ هەموو بەرپرسێکی بواری پەروەردە گرنگە کە خەمخۆری کەرتی پەروەردەیە و دەیەوێت لە کێشەکانی پەروەردە تێبگات.
یەکەم شت نووسەری کتێبەکە ئاماژەی پێبدات و ئێمەی لێئاگادار بکاتەوە، ئەوەیە سیستمی پەروەردە تەنها لە وەزارەتی پەروەردەدا کورتناکرێتەوە و لە چالاکییەکانی دیکەی حکومەت و دید و ئایدۆلۆژیای حکومەت جیاناکرێتەوە. بگرە سیستمی پەروەردە، ڕەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و پەروەردەکارانە. کارەساتی گەورە و مەترسیدار لەوەدایە، پەروەردە لە خزمەتی دەسەڵاتدا بێت و ئەجێنداکانی دەسەڵات جێبەجێ بکات، نەک بە پێچەوانەوە. بەداخەوە زۆرجار پەروەردەکاران ملکەچی ئەو ئەجێندایانەن کە لەسەرەوە بەسەریاندا دەسەپێنرێت، دەترسن لەوەی کۆمەڵێ پێشنیار بخەنەڕوو کە سەرەوەی خۆیان بێزار و ناڕەحەت بکات. لێرەوە پرۆسەی پەروەردە دەکەوێتە ژێر رەحمەتی فەوزای سیاسەت و جڵەوی بەدەست سیاسییەکانەوە دەبێت.
زۆرجار وڵاتانی عەرەبی خاوەنی ستراتیجیەتێکی پەروەردەیی ڕوون و ئاشکرای نووسراو نین، ستراتیجێک وەزیرە یەک لە دوای یەکەکان لەسەری بڕۆن. خۆ ئەگەر هەبێت، ئەوا زۆر بە دەگمەن کاریپێدەکرێت و پێیەوە پابەنددەبن. بگرە هەر کاتێک بەرپرسێکی تازە هات و پۆستی وەزارەتەکەی وەرگرت، تەواوی پلانەکانی پێش خۆی دەخاتە ئەولاوە و دوورونزیک لەسەری ناڕوات. جگە لە نەبوونی ستراتیژی پەروەردەیی، لای نووسەری کتێبەکە یەکێک لە کێشەکانی دیکەی پەروەردە، ئەوەیە خەڵکانێک ئەم وەزارەتە بەڕێوەدەبن هیچ تواناو کارامەییەکیان نییە، ئەوانەی لە پلەو پۆستە باڵاکانی پەروەردەدان، عەقڵیەتێکی زۆر کۆنیان هەیە، لە ڕێگەی (پڕوپاگەندە)ی میدیاکانەوە، بە بەردەوام عەیب و عارەکانی سیستمی پەروەردە دەشارنەوە و وێنیەکی چەواشەکارانەی پرۆسەی خوێندن دەخەنەڕوو. ئەمە جگە لەو کۆنفرانس و ڤیستیڤاڵە فۆلکلۆرییە پەروەردەییانە کە هیچ سوود و بایەخێکیان نییە، جگە لە جۆرێک لە قیڕەقیڕ و هەراو زەنا نەبێت.
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کتێبەکە، ئەو بەشەیە کە تەرخانکراوە بۆ قوتابخانە تایبەتەکان کە لەم چەند ساڵەی دوایدا ژمارەیان زۆر زیادی کردووە، بێ ئەوەی چوارچێوەیەکی یەکگرتویان هەبێت و مەرجەعێکیان هەبێت کۆیان بکاتەوە. بۆیە هەر قوتابخانەیەک دیدو تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەیە. نووسەر ئەو قوتابخانانە بۆ سێ بەش دابەشدەکات:
یەکەم قوتابخانە ئاینییەکان کە قوتابییەکانی لەسەر قەناعەتە تائیفییەکان پەروەردە دەکات، ئەم جۆرە قوتابخانەیە زۆرجار وا دەکات قوتابی و خوێندکارەکانی، لە دەوروبەری خۆیان داببڕێن و ئاگاداری دونیای دەرەوەی خۆیان نەبن.
جۆری دووەمیان ئەو قوتابخانە ئەهلییانەن کە هەندێک هاوڵاتی بۆ مەبەستی قازانج و وەبەرهێنان دایدەمەزرێنن و هیچ ئامانجێکی ئایدۆلۆژیی یان ئاینی لە پشتەوە نییە، بەڵام تەواو بازرگانییەو ئەمەش خەوشە گەورەکەیەتی.
جۆری سێیەمیان بریتییە لە قوتابخانە تایبەتە بیانییەکان کە پرۆگرامەکەی و بڕوانامەکانی لە بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنساوە دێن. تا ئێستا ئەم جۆرەیان وا دەردەکەوێت لە هەموو جۆرەکانی دیکەی قوتابخانە ئەهلییەکان، باشتربێت و ڕۆڵێکی (مەقبوول) دەگێڕێت.
کتێبەکە لە بەشێکی دیکەیدا، باس لەو خەمساردی و گوێنەدانە دەکات کە بەرپرسانی پەروەردە، لەبەرامبەر دابەزینی ئاستی خوێندکاران، دوای دوانزە ساڵ خوێندن، هەیانە. بەرپرسان هیچ هەوڵێک ناخەنەگەڕ بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو دابەزینەی ئاستی خوێندکاران. ئاشکرایە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار، خوێندن تەواو دەکەن و بەدەست کۆمەڵێ کێشەوە دەناڵێنن، لەوانە خراپی ئاستی زانستی، خراپی زمان تەنانەت زمانی دایک، خراپی کارامەیی پیشەیی و چەندین خراپی دیکە. نازانرێت بەرپرسانی پەروەردە بۆ هیچ بایەخێکی ئەوتۆ بە پرۆسەی هەڵسەگاندن نادەن کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی خوێندن.
کتێبەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات پرۆسەی خوێندن، لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی بەندە کە بریتین لە مامۆستاو قوتابی، پرۆگرامەکان کۆڵەکەی سێیەمە و دەکەوێتە دوای دوو کۆڵەکەکەی دیکە. مامۆستایان گیرۆدەی دەستی ئەوەن بە باشی ئامادە نەکراون و وەک پێویست بایەخ بە گەشەپێدانیان نادرێت. جگە لەوە مامۆستایان بۆ خۆشیان هەوڵنادەن و گەشە بە زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و مەعریفی خۆیان نادەن. دواجار نووسەر بەم رستەیە پەیامی خۆی لە نووسینی کتێبەکە دەردەخات: ( ئەو دەوڵەتەی پەروەردە لە بنەوەی بایەخدانەکانی دادەنێت، دواکەوتوویی دەبێتە گرنگترین دەستکەوتەکانی).
سەرچاوە
الشرق الاوسط، 21 شوبات، 2019، ژمارە 14695