
كامۆ ناوێكی دیارو گرنگی نێو ئەدەبیاتی جیهانە، ئەم ناوە گرنگە تاڕادەیەك لە نێو دونیای ڕۆشنبیری كوردیدا ناسراوە. خوێنەری كوردی لە ڕێگەی وەرگێڕانی هەندێ لە بەرهەمەكانی ئەم نوسەرەوە، لەوانە ئەفسانەی سیزێف و غەریب و مرۆڤی یاخی، جۆرێك لە ئاشنایەتی لەگەڵدا پەیداكردووە. بەڵام كامۆ نوسەرێكی هێند گەورەیە، پێویستی بە ناسینی زیاترو كتێبی زیاترە، كامۆ لەو نوسەرانەیە كە بەردەوام دەكرێ دیدی تازە و تێڕوانینی نوێی لێوە هەڵهێنجرێت. واتە نوسەرێكە بە مەرگی كۆتایی پێنایەت، بەڵكو ئەو دوای مەرگیشی هەر زیندووە و بەرهەمەكانی وا دەكەن بەردەوام خوێندنەوەی تازەیان بۆ بكرێت. نوسەری زیندوو ئەو نوسەرەیە پاش مەرگی و لە ڕێگەی بەرهەمەكانییەوە، ئامادەییەكی بەرچاوی لە ژیانی ڕۆشنبیری و كەلتوری وڵاتەكەی خۆی و وڵاتانی دیكەی جیهاندا هەیە و هەم خوێنەران و نوسەران و توێژەرانی نیشتیمانەكەی خۆی دەیخوێننەوەو هەم نیشتیمانەكانی دیكەش.
لێرەوە ئەم كتێبەی بەردەستمان، دێت و هەندێ شتی تازە لەسەر ژیان و بەرهەم و دیدگای كامۆ دەخاتەڕوو. كامۆ كە لە باوكێكی فەرەنسی و دایكێكی ئیسپانی و لە گوندێكی سەر بە وڵاتی جەزائیر لەدایكبووە، وەك نووسەرێكی وجودی و شانۆنوس و ڕۆماننوسێكی ناوداری فەرەنسی ناوی دەركردووە. گەرچی تەمەنی ئەم كەڵە نووسەرە كورت بووەو تەنها نزیكەی 47 ساڵێك ژیاوە 1913 – 1960. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا لەو تەمەنە كورتەدا توانیویەتی، چەندین بەرهەمی ئەدەبی لە ڕۆمان و شانۆگەری و چەندین وتار بنووسێت. ئەم كتێبە تازەیە لەسەر كامۆ، باس لە چەند وێستگەیەكی ژیانی نوسەری مرۆڤی یاخی دەكات، چەند وێستگەیەك كە خوێندنەوەیان چێژی تایبەتی خۆی هەیە و زانیاریمان لەسەر كامۆ زیاترو زۆرتر دەكات. كتێبەكە وتەیەكی كورت و نۆ بەش لەخۆدەگرێت، لە هەر بەشێكدا باس لە تافێكی ژیانی ئەم پیاوە دەكرێ كە چۆن بە دەست نەخۆشی سیل-ەوە ناڵاندویەتی، بەڵام زۆر شێلگیرانە ڕوبەڕووی وەستاوەتەوەو بەرنگاری بووەتەوە.
كتێبەكە نووسینی ژێرمەن برێ-یە و عەتای نەهایی وەرگێڕ و نووسەر بە زمانێكی جوان كردویەتی بە كوردی. قەبارەی كتێبەكە 186 لاپەڕەی بچوكە، تیراژی 1000 دانەیە و نرخی 3000 دینارە.