
ئەم كتێبە یەكێكە لەو كتێبە كەمانەی باس لە ڕۆڵی سینەما دەكات لە پێشخستن و پەرەسەندنی ڕۆشنبیری و لایەنی كۆمەڵایەتی نەتەوەكان. سینەما لەم كتێبەدا تەنها بۆ بەسەربردنی كات و تەماشاكردنی فیلمێك نییە، بەڵكو وەك چەكێكی كاریگەرو بەنرخ باس لە ڕۆڵی سینەما لە دەكرێت. سینەما لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی فیلمی چاك و ئاست بەرز، شۆڕشێك بەرپا بكات و هوشیاری مرۆڤەكان بەرزتر بكاتەوەو وایان لێ بكات دەرك بەو ناحەقی و ناهەموارییە بكەن كە تێیدا دەژین. هونەری سینەما كە بە هونەری حەوتەم ناونراوە، هونەرێكە پڕە لە حیكمەت و دیدی تازە و چێژی گەورە، پڕە لەو ساتەوەختانەی مرۆڤەكان بە ئاگادێنێتەوەو وا دەكات باشتر لە ژیان و لە دەوروبەری خۆیان تێبگەن. سینەما بە تەنها سكرینێك و هۆڵێك و ئامێرێكی پەخشكردن نییە، بەڵكو ناوەندێكە بۆ بیركردنەوەو بۆ بینینی لایەنە شاراوەكانی ژیان و دەرخستنی ئەو كێشە و قەیرانانەی مرۆڤ لە ژیانیدا ڕوبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم كتێبە باس لە یەكێك لە سینەماكارە كوردەكان دەكات كە ناوبانگێكی جیهانی هەیە و لەم بوارەدا خاوەنی چەندین فیلمی سەركەوتووە، ئەویش یەڵماز گۆنای-یە. كتیبەكە باس لەوە دەكات یەڵماز كاتێ دێتە دونیاوە، خانەوادەكەی و تەواوی هاوگوندییەكانی، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكەن ببێت بە جوتیارێكی هێمن و بارگرانی باوكە كڵۆڵەكەی سووك بكات، بێ ئەوەی كەسیان بیر لەوە بكەنەوە ڕۆژێك دادێت ئەم منداڵە كە لە گوندێكی لاچەپك و كەنارگرتەی كوردستانی توركیا لەدایك بووە، لە جیهانی سینەمادا دەبێتە ناوێكی درەوشاوەو دیار.
بێگومان یەڵماز ڕازی نابێت بەوەی ببێت بە جوتیارو هەر لە گوندەكەی خۆیدا بمێنێتەوە، نایەوێت وەك مناڵە هەژارێك ژیانیە لە كێڵان و ئاودانی درەخت و رووەكەكاندا بباتەسەر. خەمی هەرە سەرەكی یەڵماز ئەوەبوو چۆن بخوێنێت و بە چ شێوەیەك خوێندن تەواو بكات. لێرەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو خەونەی، بەسەختی تێكۆشاو تا توانی قۆناغی ناوەندی و دوا ناوەندی لە شاری ئەدەنە تەواو بكات.
ئەم كتێبە گەشتێكە بە ژیانی ئەم سینەماكارە كوردە و خوێندنەوەی چێژو لە زەتێكی تایبەتی هەیە، چونكە لە نزیكەوە ئاشنا دەبین بە زیندەگی كوڕە جوتیارێكی هەژار كە دواجار دەبێت بە ئەستێرەیەكی پرشنگداری بواری سینەما.
كتێبەكە لە نووسینی “د. ئیبراهیم مەحمود”ە، لەلایەن ئەكتەرو شانۆنوسی بە ئەزمون مامۆستا “ئەحمەد سالار”ەوە بە كوردییەكی جوان كراوە بە كوردی. كتێبەكە 226 لاپەڕەی بچوكە و تیراژی 750 دانەیە و نەخی 5000 هەزار دینارە.