نووسینی حەسونە المصباحی

و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لە یانزەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018، سەرکردەکانی جیهان، بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، ئاهەنگیان گێڕا. ئەم جەنگە بەپێی قسەی هەندێک لە مێژوناسان، دەستپێکی راستەقینەی سەدەی بیستەم بوو، (سەدەی کارەسات و ئابڕوچونەکان) وەک ئەوەی مێژونووسی بەریتانی “ئایریک.ج. هۆبسباڤن” وەسفی دەکات. ئەو جەنگە کە ملیۆنان قوربانی لێکەوتەوە، پەیوەست بوو بە چەندین روداوی گرنگەوە، لەوانە هەرەسهێنانی دوو ئیمپراتۆریەتی مەزن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی نەمسایی، روخانی رژێمی قەیسەر لە روسیا لەلایەن بەلشەفیکەکانەوە بەسەرکردایەتی لینین.

لە وڵاتانی خۆرئاوا، لەسەر ئاستی رۆشنبیریی و فیکریی و هونەریی، چەندین بزاوت و ئاقاری تازە سەریانهەڵدا، لەوانە بۆ نمونە تەکعیبی لە هونەری تەشکیلی، دادایی لە بواری نووسینی شیعر. بەڵام رۆمان لە رووی گوزارشتی نووسین و هونەرییەوە، لە هەموو ژانرەکانی دیکە باشتر، تراژیدیا و وێرانکاریی و کارەساتە جەرگبڕەکانی ئەو جەنگەی، لە سەرەتاکەیەوە تا کۆتاییەکەی، پیشاندا. ئێمە دەزانین لە بەرەبەیانی مێژوی مرۆڤایەتییەوە، جەنگەکان هەمیشە بەشێکبوون لە هەر ئەدەبێک لە ئەدەبەکانی جیهان. ئەو جەنگانەی وڵاتی یۆنانی کۆنی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، رەنگدانەوەی لەسەر چەندین بەرهەمی شیعری و پەخشانی ئەدەبی هەبووە. نمونە لەسەر ئەوە، بەرهەمە نایابەکەی هۆمیرۆس “ئۆدیسە” و “ئەلیادە”.  هۆمیرۆس لە سرودی 22 ئۆدیسەدا، وەسفی جەنگێکی خوێناویمان بۆ دەکات، جەنگێک کاتێک کۆتایدێت، گۆڕەپانەکەی بووە بە خاکێکی خوێناوی و پڕ لە سەری بڕاو و لاشەی شێوێنراو و چاوی دەرهێنراو. هۆمیرۆس ئەو قوربانیانە بەو مانگایانە دەچوێنێت کە خوێن لەسەری بڕاویانەوە فیچکە دەکات، بەو باڵندانەی دەچوێنێت لەدەست بازە دەنووک چەماوەکان هەڵهاتوون، بەو ماسیانەی دەچوێنێت لە خوێندا پەلەقاژێیانە. لە ئەلیادەدا، جەنگاوەرەکان بە “ئاژەڵی دڕندە” و بە “ئاژەڵی ڕاوکەر” وەسفدەکات کە بە چەندین چەکی جۆراو جۆرو تەنانەت بە بەردو بە دەست و قاچ دەجەنگێن. ئەو دڕاندایەتییەی جەنگە کۆنەکانی پێدەناسرێتەوە، لای ئەو رۆمانانەی دەربارەی جەنگی جیهانی یەکەم نووسراون، ئامادەیی هەبووە.

لە هەمو ئەو رۆمانانەی لەسەر جەنگی جیهانی یەکەم نووسراون، هەست بەوە دەکەین پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانست کە مرۆڤایەتی بەدەستیهێنابوو، نەبووە هۆکاری بەدەستهێنانی ئەو خۆشییەی چاوەڕوان دەکراو نە ئاشتی و نە هەرزانیشی لێکەوتەوە. بەڵکو ژیانی میللەتانی گۆڕی بۆ دۆزەخ، دۆزەخێک تێیدا کوشندەترین جۆری چەک و ئەسلیحەی مەترسیدار، دژ بە مرۆڤ و سروشت بەکارهێنرا. ئەمەیە وایکرد سیگمۆند فرۆید بڵێت: خەڵکانی ئەمڕۆ، تا ئاستێکی زۆر، باجی دەستگرتن بەسەر هێزەکانی سروشتدا دەدەن، وایانلێهااتووە بە یارمەتی و بە پشتبەستن بەو هێزانە، کەوتوونەتە کوشتنی یەکترو قڕکردنی یەکتر. ئەگەر جەنگاوەران لە سەردەمە کۆنەکاندا، لەکاتی گەڕانەوەیاندا، زۆر دڵخۆشبوون بەو سەرکەوتنانەی بەدەستیان هێنابوو، بەو ئازایەتییەی لە گۆڕەپانی جەنگەکاندا نواندبوویان. ئەوا بەشداربووانی جەنگە مۆدێرنەکان، لە کۆتایی جەنگەکەدا، لە ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە، تا بڵێی خراپ و تێکشکاون. بگرە لەوانەیە توانای بیرکردنەوەو تەرکیزکردن لەدەستبدەن، بەهۆی ئەو ئەزمونە ترسناکانەی تێیدا ژیاون، لەکاتی تێپەڕبوونیان بە دێهات و شارە وێرانکراوەکاندا، یان لەکاتی رۆشتنیان بەسەر لاشەکاندا کە بۆگەنیان کردبوو، یاخود لەکاتی بینینی ئەو ئاگرانەی تەڕو وشکی پێکەوە دەسووتاند.

نووسەرو شاعیری گەورەی سویسری “بلیز ساندرار”، لە تەمەنی لاویدا، وەک خۆبەخش چووە ریزی فەرەنسییەکان، تا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، دژ بە ئەڵمانەکان بجەنگێت. سەبارەت بە ئەزموونی تاڵ و ناسۆری جەنگ، بە تایبەت لە رۆمانەکەیدا (دەستە بڕاوەکە)، چەندین بەشی جوان و نایاب دەنووسێت. لە یەکێک لە جەنگە بێئامانەکەدا، “بلیز ساندرار” دەستی راستی لێدەبێتەوە. سەبارەت بەو حاڵەتەو بە زمانێکی شاعیری پڕ ئێش و ئازار دەڵێت: چەقیبووە گیاکە، وەک ئەوەی گوڵێکی گەورەی گەشاوەبێت، گوڵە شلێرێکی سور، دەستێکی مرۆڤ خوێنی لێدەچۆڕی، دەستی راست لە مەچەکەوە لێببوەوە، ئەو چنگەی هێشتا زیندو بوو، بە پەنجەکانی زەویەکەی هەڵدەکۆڵی، وەک ئەوەی حەز بکات تۆوی تێدا بچێنێت. ئەمە چنگی کێیە، ئەم دەستە راستە هی کێیە، ئەی ئەم خوێنەی وەک خوناو قەترە قەترە دەچۆڕێت خوێنی کێیە؟

لەسەروەختی بەرپابوونی جەنگی جیهانی یەکەم، نوسەرو رۆماننوسی ئەڵمانی “ئارنست  یۆنجەر”، وەک خۆبەخش پەیوەندی بە سوپای ئەڵمانیاوە دەکات. حەوت جار لە بەرە جیاواز جیاوازەکانی جەنگدا بریندار دەبێت، لە سەنگەرەکانی (فەردان) لەسەر سنوری نێوان ئەڵمانیاو فەرەنسا، ناخۆشی و نەهامەتی مانەوە لە سەنگەرەکاندا دەچێژێت. پێش ئەوەی لە سوپا دەستلەکار بکێشێتەوە، لەسەر ئەرکی تایبەتی خۆی، کتێبێک بە ناونیشانی (رەشەبایەک لە پۆڵا) بڵاودەکاتەوە کە بریتییە لە بەسەرهاتی رۆژانەی جەنگ. ئەم کتێبە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناو ژمارەیەکی هێجگار زۆری لێفرۆشرا. ئەمە هانیدا پاشکۆیەک بۆ کتێبەکە بە ناونیشانی (ڕمنا الحرب) بڵاودەکاتەوەو تێیدا دەڵێت: (فیشەک کوێرەو خێراییەکەی بەدەستی خۆی نییە، بەڵام مرۆڤ لە ناخیدا ئیرادەی کوشتن هەیە، لە رێگەی رەشەباکانەوە گوزارشتی لێدەکات کە پۆڵاو تەقینەوەو ئاگرەکان بەسەریەکدا کەڵەکەدەبن).

رۆمانی رۆماننوسێکی دیکەی ئەڵمانیا “ئێریک ماریا ریمارک” بە ناونیشانی (هیچ شتێک لەبەرەی خۆرئاوا روونادات)، یەکێکە لە نایابترین ئەو رۆمانانەی لەسەر جەنگی جیهانی یەکەم نووسراوە، ئەم رۆمانە لە کاتی بڵاوبوونەوەی، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. پاڵەوانەکەی سەربازێکی سادەیە، بە شێوەیەکی شاعیری تا بڵێی جوان، ئیدانەی جەنگ و کارەساتەکانی دەکات و دەڵێت: (ئێمە کە دەست دەکەین بە ڕۆیشتن، کۆمەڵێ سەربازی سادەو خاکین، رووگرژو مۆن، بەڵام هەر کە دەگەینە بەرەکانی جەنگ، بۆ جەستەی مرۆڤەکان دەبین بە ئاژەڵی دڕندە).

ئارنست هیمنگوای لە میانەی ئەزمونی شەڕکردنی لە بەرەی/ جەبهەی ئیتالیا، شاکارە مەزنەکەی (ماڵئاوا ئەی چەک) دەنووسێت. ئەم شاکارە ئەدەبییە، وا لە نووسەرەکەی دەکات کە هێشتا لە تەمەنی لاویەتیدایە، ببێت بە نووسەرێکی جیهانی. رۆمانەکە بەسەرهاتی گەنجێک دەگێڕێتەوە ناوی “فریدریک هنری”یە، لە میانەی یەکێک لە شەڕەکانی بەرەی ئیتالیا، دووچاری برینداربونێکی مەترسیدار دەبێت. سەروەختێک چارەسەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری میلانۆ وەردەگرێت، عاشقی پەرستارێکی بەریتانی دەبێت بەناوی “کاسرین بارکلی”، پێکەوە پلانی راکردن بۆ سویسرا دادەڕێژن، سویسرا لە جەنگەکەدا وڵاتێکی بێلایەن بووە. تا لەوێ دوور لە دەنگی تۆپخانەکان، دوور لە فرمانی جەنەڕاڵەکان کە شەیدای سەرکەوتنەکانن، ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر لاشەی کەڵەکەبووی سەربازانی کوژراو بەدیدێت، هەروەها دوور لە کەسانی مەدەنی، چیرۆکی خۆشەویستی خۆیان بژین. پاڵەوانی رۆمانەکە دەڵێت: (هیچ ناڵێم. ئەوە نەبێت کۆمەڵێ وشە هەبوو بێزاریان دەکردم، وەک پیرۆز، نەمر، قوربانی. من لە جەنگ هیچ شتێکی پیرۆزم نەبینی، ئەوەی بە نەمر وەسفی دەکەن، هەرگیز نەمر نەبوو. قوربانییەکان لە قوربانی قەسابخانەکانی شیکاغۆ دەچوون، لەگەڵ تەنها یەک جیاوازیدا، ئەویش بریتییە لەوەی گۆشتی قوربانییەکانی ئێرە، بۆ هیچ باش نییە بۆ ناشتن نەبێت).

رۆمانی رۆماننوسی فەرەنسی “لویس ڤێردیناند سیلین” بە نایابترین رۆمان دادەنرێت کە سەبارەت بە جەنگی جیهانی یەکەم نووسرابێت. دانەر تەنها بەوەندە وازینەهێناوە کە روداوە تراژیدییەکان بگێڕێتەوەو وێنەیان بگرێت، بەڵکو زمانێکی بۆ خۆی داهێناوە تا ئەو کاتە زمانێکی باو نەبووە. ئەو زمانە زمانی رۆژانە بوو، زمانی خەڵکی سادە و خاکی بوو، شیعریەتێکی سەرسوڕهێنەری بەخشیبووە ئەم زمانە کە هاوتای زمانی مەزنترین شاعیرو نووسەرە فەرەنسییەکان بوو، بگرە هەندێکجار لەزمانی ئەوانیش جوانترو سەرکەوتوتربوو. پاڵەوانی ئەم رۆمانە ناوی “ڤاردیناند باردامۆ” بوو، ئەم پاڵەوانە وەک سیلین ڕقی لە جەنگ دەبێتەوە، بەڵام بێ ویستی خۆی بەشداری تێدا دەکات. وەلێ گاڵتە بە پاڵەوانەتیە وەهمییەکانی دەکات، کوشتوبڕو قەسابخانەکانی جەنگ کە جەنەڕاڵەکان پێیهەڵدەسن ریسوا دەکات. پیاوانی سیاسی ریسوا دەکات کە بەدوای نەمری و ناوبانگدا دەگەڕێن. هەروەها ئیدانەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەکات، تەکنەلۆژیایەک هیچ ئەنجامێکی نییە، ئەوە نەبێت لە کۆتایدا جیهان دەگۆڕێت بۆ (قەسابخانەیەکی جیهانی بۆ پێشەسازی شێتبوون/ الجنون) و (پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی).

ناردن: