دوو پادشا و بورجی سەرگەردانییان

خۆرخێ‌ لویس بۆرخێس(1)

لە ئیسپانییەوە: حەمەی ئەحمەد رەسوول

لە پیاوە بڕوادارە پیرۆزەكان دەگێڕنەوە (بەڵام خودا سەروەری هەموو زانا و زانینەكانە)، كەوا لە دێرین زەمانەوە و لە سەروەختی بابلییە هەرە كۆنەكاندا پادشایەك، كە حوكمڕانی ئەو دەڤەرەی بەدەستەوە بوو، ئەندازیار و جادووگەرێكی ئەوتۆی گردكردنەوە بە مەبەستی ئەوەی بورجی- قوولە-ی سەرگەردانییەكی هێجگار سەرسوڕهێنەری وا چێ بكەن، كە تەنانەت هەرچی پیاوی نەبەرد و جەربەزە و بلیمەت هەن نەتوانن و نەوێرن لێوەی بچنە ژوورێ‌.. ئەوانەشی مۆڵەت دەقۆزنەوە و دەچنە ژوورەوە، هەتاهەتایە و بۆ هەرگیز هەر وێڵ و ون دەبن تیایدا.. ئەو كارەش, نەعلەتی و نەفرەتییەك بوو، چونكێ‌ كاری پەنهانی و پەرجوو(2) نواندن تەنها لە خودا ئەوەشێتەوە و كاری كردن و گووتنی هیچ كەسێك نییە..!

پاش تێپەڕینی دەور و زەمانێك، پادشای عەرەبان بە مەبەستی سەردانێك هاتە نێو كۆشكەكەی پادشای بابل، «لەپێناوی گاڵتەپێكردن و گاڵتەجاڕیدا لە ساویلكەیی میوانەكەی»، كە هەتا دنیا دنیایە و ئەو چەرخ و سەردەمە بەسەر دەچێ‌، وەك نێچیرێك بە كۆت و زنجیری ڕیسوایی بەندی بكات..!

لەو دەمەدا پادشای میوان لە خودای میهرەبان پاڕایەوە و كەوتە نوێژدابەستن بۆ وەی خودا بە فریادی بێت و دەركەی وێڵی و سەرگەردانییەكەی بۆ بدۆزێتەوە..

خواوەندیش لەو سەروبەرەدا هاریكرد و بە دەنگییەوە هات، پادشای نێچیر، نێچیری میوان، هیچ جۆرە سكاڵایەك لە دەو و زارییەوە نەهاتنە دەرێ‌، بەڵام هەر هێندەی بە پادشای ئیمپراتۆریەتی بابلی گووت؛ كەوا ئەمیش لە وڵاتەكەی خۆیدا، كە بە زێدی عەرەبان ناسراوە، خودانی بورجێكی سەرگەردانییە، كە باشترە لە قوللەی سەرگەردانییەكەی بابل..!

– ئەگەر یەزدانی میهرەبانیش یار و هاریكار بێت، ڕۆژێك لە ڕۆژان سەردانی وڵاتەكەم بكەن، ئەوجا بە چاوی خۆتان دەیبینن..!!

ئەمەی گووت و بەرەو وڵاتەكەی گەڕایەوە..

پاش دەمێكی كەم، بە سووپا و ئەفسەرانییەوە، بۆ ڕووخاندنو هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی بابلییەكان گەڕایەوە، هەر زوو خۆشبەختانە شوورای پادشای بابلییانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و دەستە و تاقمەكەشی هەمووی كوشتن، پادشاش بە دیل كەوتە دەستی پادشای عەرەبان، ئەوجا خستییانە سەر پشتی ووشترێكی خێرا و بەلەز، پاش وەی هەردووك لاق و دەستیان توند شەتەكدابوو.. ئینجا بەرەو بیابانی برد.

پاش سواربوون و غاردانی سێ‌ شەو و سێ‌ ڕۆژە بە نێو سەراب و سەرگەردانیی بیاباندا، بە پادشای دیلی گووت؛

– ئۆی، ئەی پادشای ئەم دەور و زەمانە، ئەی گەوهەر و وێنەی تاقانەی سەردەمەكەت لە بابلدا، داخواز بووم و حەزم دەكرد لە نێو كۆشك و بورجی سەرگەردانییەكدا میواندارییەكەتان و گەشتەكەتان سازبدەن، كە لە برۆنز بیناكرابایە و پلیكانەی زێڕین و زۆر و زەبەندەشی هەبوایە، بە دەرگا و دیوارانی هەمەجۆرە بڕازایەتەوە.. بەڵام ئەوا خۆتان دەبینن، كە خودای بەخشندە خاوەنی كۆشكێكە زۆر لە بورجەكەی ئێوە چاكترە، كەوا نیشانتان دەدەم، ئەوەتا هیچ پلیكانەیەكی تیا نییە ماندووی سەركەوتن و دابەزینتان بكات، نە دەرگایەكی زۆریشی هەیە كە پێویست بێت بشكێنرێن.. نە تەلبەند و پەرژینی چڕ و دڕكاویشی تێدایە، كە پێویست بكات لێوەی بپەڕێنەوە و لێوەی دەرباز بن، نە دیواریشی لێیە كە ڕێ‌ بە هەنگاوەكانتان بگرێت..!!

ئیدی پادشای عەرەبان كۆتوبەندی چوارپەلی كردەوە و لە ناوەندی بیابانەكەدا بەجێی هێشت، كە هەر لە برسانا و تینووانا گیانی لەدەست دا، سەرفرازی و شكۆمەندی هەر بۆ ئەو پادشایەیە و شایانی ئەو پادشایەیە كە هەرگیز نامرێت..!!

پەراوێزەكان

1- خورخێ‌ لویس بۆرخێس، لە بۆینۆس ئایرێس – پایتەختی ئارژەنتین – ساڵی 1899 هاتۆتە دنیاوە و لە جنێفی سوێسرا ساڵی 1986 بۆ هەتایی ماڵئاوایی لە ژیان كردووە.

بۆرخێس نەك بۆرخیس، بە پیتی «ی»، كە ئێمە هەموومانو بە كاریگەریی خوێندنەوەمانەوە بۆ ئەدەبی عەرەبی بە هەڵە دەینووسین و دەیخوێنینەوە!! مەزنترین نووسەر و مامۆستای هەموو نووسەرانی ئەمریكای لاتینییە، درەوشاوەترین و گەشترین ئەستێرەیە، كە لە ئاسمانی ئەدەبی هاوچەرخ و مۆدێرندا و هەمیشەش بە مۆدێرنێتی دەمێنێتەوە.. كورتە چیرۆك و ڕۆمان و هۆنراوە لە خامە زێڕینەكەیەوە هەروەكو گەوهەرێكی بەنرخ وەبەرهەم هاتوون و بە دیاری پێشكەشی مێژووی مرۆڤایەتی كردوون، میتۆلۆژیا و مێژووی ڕۆژهەڵاتو ڕۆژهەڵاتی نێوەند كاریگەرییەكی زێدە ئەوتۆیان لە نووسینو هزری ئەم مەزنە نووسەرەدا هەیە و زۆر مامۆستایانە و ژیرانە تەوزیف و ئافەریدەی كردوون.. ناوی بۆرخێس، لە لیستەی چاوەڕوانیی بەخشینی خەڵاتی نوبڵدا ریزبەندبووە و.. ئەفسووس گەر مەرگ یەخەی پێنەگرتبا خەڵاتەكەی وەرئەگرت، بەڵام خۆشبەختانە پێش مردنی فریای وەرگرتنی خەڵاتی «سێرڤانتس» كەوتووە، كە گەورەترین خەڵاتێكە لە ئیسپانیادا دابەشی نووسەر و داهێنەرانی دەكەن.

2- پەرجوو: موجیزە، شگوفت، موعجیزە.


سەرچاوە

ئەم چیرۆكە لە كۆمەڵە چیرۆكی – ئەلیف- یا ئەلف «واتە پیتی ئەلف»ەوە وەرگیراوە، كە لە ساڵی 1949دا و بۆ یەكەم جار چاپی یەكەمی لە بۆینۆس ئایرێس – پایتەختی ئارژەنتین بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ئەوەی لەبەردەستی منایە چاپی سیازەهەمینە و لە ساڵی 1998دا لە بۆینۆس ئایرێس و بەرشەلۆنەدا لە یەك كاتدا بەچاپ گەیاندووە بۆ زیاتر بڕوانە؛

Jorge Luis Borges – De Aleph Buenos Aires/ Barcelona – 1998.

ناردن: