ئەوڕۆژە بۆ من زەنگی تەلەفۆنەكەت گێڕانەوەی ڕۆحێكی تۆراو بوو بۆ ناو جەستەیەكی شەكەت.

 هەر ئەوەندە پێم بڵێیت چۆنیت، یان ئاخۆ دیوارە پشت كۆماوەكەی ماڵەكەتان نەڕوخاوە و دار پرتەقاڵە بەتەمەنەكەی حەوشەكەتان هێشتا بەردەدات! یان هەر هیچ نەبێت پێم بڵێیت ئێستایش شەوانە خوماریت و گۆرانی بۆ ئەستێرە و گەواڵە هەورە تیژڕەوەكان دەچریت؟ یان خوا كردبێتی شەوی پێشتر خەوێكی ئاڵۆزت دیبێت و داوام لێبكەیت لێكدانەوەیەكی فرۆیدیانەت بۆ بكەم.

بەڵام دواجار، نە دەنگت هەبوو نە ڕەنگ، لە بەرچاوی خەیاڵی مندا وەك ڕوبارێكی مەست كە پەلەی خۆشتنی ناو دەریایەكی هەبێت، یان كۆترێك لەبەر پەلاماری واشەیەكدا خۆی بە هێلانەی هەڵۆیەكدا بكات، وابوویت. ئیتر بە ناچاری كزكز دەستم دایە قەڵەمەكەم بۆئەوەی چەند وشەیەكی پەشیمانیی بۆ ئەو پیرێژنە بنووسم كە بیست ساڵ لەمەوبەر، لە چاوەڕوانییەكی بێ هودەدا، من لە جێگای ئێستای تۆو ئەو لە جێگای ئێستای من بوو.

ڕەئوف بێگەرد
5112016

ناردن: