دیسك

خۆرخێ‌ لویس بۆرخس

لە فارسییەوە: ئازاد بەرزنجی

من داربڕەوەم، گرنگ نییە ناوم چییە. ئەو كوختەی تیایدا لەدایك بووم و بەم زووانەش تیایدا دەمرم، كەوتۆتە قەراغ دارستانەكەوە. ئەم دارستانە بە ڕواڵەت بە دەریایەك كۆتایی دێت، كە دەوراندەوری زەویی گرتووە و بەسەر ئاوەكەوە كۆمەڵێك خانووی دارین هەیە، كە وەكو خانووەكەی من دەلەنگێنەوە. هیچ نازانم؛ هەرگیز ئەو دەریایەم نەبینیوە. ئەوسەری دارستانەكەشم هەرگیز نەدیوە. كاتێ‌ مناڵ بووین، برا گەورەكەم وایلێكردم پێكەوە سوێند بخۆین، تا بە هەردووكمان هەرچی داری دارستانەكە هەیە بیبڕینەوە؛ تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت یەك دار چییە بەپێوە نەمێنێت. براكەم مردووە، ئەوەی ئێستا من بە دوایدا وێڵم و بە دوایدا وێڵ دەبم شتێكی ترە. لە دەوروبەری (پۆنانت)دا ڕووبارێك هەیە، كە دەتوانم تیایدا بە دەست ماسی بگرم، دارستانەكە گورگی هەیە، بەڵام من لە گورگ ناترسم و تەورەكەشم قەت خیانەتی لێ‌ نەكردووم. نازانم تەمەنم چەندە، ئەوەندە دەزانم كە زۆرە. چاوەكانم كزبوون و توانای بینینیان نەماوە. لەناو دێ‌، كە ئێستا ڕووی تێناكەم، لەبەرئەوەی لە ڕێگادا ون دەبم، بە ڕەزیلی ناسراوم، بەڵام داربڕەوەیەكی دارســتان دەبێ‌ بتوانێ‌ چی پێكــەوە بنێت؟

 بە بەردێك دەرگای ماڵەكەم توند دەگرم، تا بەفر نەیەتە ژوورەوە. پاشنیوەڕۆیەكیان گوێم لە دەنگی قورسی پێی كەسێك بوو، پاشان لە دەرگا درا. دەرگاكەم كردەوە و ڕێم بە كەسێكی نەناس دا بێتە ژوورەوە.

پیرەمێردێكی باڵابەرز بوو، كە قاپووتێكی درێژی كۆنی لەخۆیەوە پێچابوو. جێ‌ برینێك خەتێكی لە دەموچاویدا دروستكردبوو. وا دەهاتە بەرچاو، كە تەمەنی زۆری لەبری ئەوەی بێهێزی كردبێت؛ گوڕوتینێكی زیاتری پێدا بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمبینی كە لە ڕۆیشتندا دەبوایە خۆی بدایە بە سەر دار عەساكەیدا. پێكەوە هەندێ‌ قسەمان كرد، كە بیرم نایە چی بوون. دواجار وتی:

– حاڵ و ماڵم نییە و لە هەركوێیەك بێت دەخەوم. تەواوی ئیمپراتۆریەتی ئانگلۆساكسۆنم بەپێ‌ تەی كردووە.

ئەم قسانە لەگەڵ تەمەنیدا دەگونجا، باوكم هەمیشە باسی ئیمپراتۆریەتی ئانگلۆساكسۆنی دەكرد، ئەمڕۆ خەڵك پێی دەڵێن ئینگلستان.

نان و ماسیم هەبوو. بە بێدەنگی شێومان خوارد. باران دایكرد. بە چەند پێستەیەكی حەیوان لەسەر زەوییەكە و لەو شوێنەدا، كە براكەم تیایدا مردبوو، جێخەوێكم بۆ چێ‌ كرد. بوو بە شەو و خەوتین.

كاتێ‌ لە ماڵەوە چووینە دەرێ‌ خەریك بوو ڕۆژ دەبۆوە. بارانەكە خۆشیكردبۆوە و بەفرێكی تازەباریو زەوییەكەی سپی كردبوو. دار عەساكەی فڕێدا و بە منی وت كە هەڵی بگرمەوە.

وتم:

– بۆ دەبێ‌ بە قسەت بكەم؟

وەڵامی دایەوە:

– چونكە من پاشام.

لە دڵی خۆمدا وتم ئەمە شێتە، دار عەساكەیم هەڵگرتەوە و دامەوە دەستی. بە دەنگێكی جیاواز لە دەنگی پێشوویەوە وتی:

– من پاشای (سێگنس)م. زۆربەی جارەكان لە شەڕە سەختەكاندا سەركەوتنم بۆ ئەوان بەدەست هێناوە، بەڵام لە ساتێكدا، كە چارەنووس دیاریی كردبوو، دەسەڵاتم لەدەست دا. ناوم (ئیسێرن)ە و ڕەچەڵەكم دەچێتەوە سەر (ئۆدین).

وەڵامم دایەوە:

– من ڕێز لە ئۆدین ناگرم. من باوەڕم بە مەسیح هەیە.

وەك ئەوەی گوێی لە قسەكەم نەبووبێت، لەسەر قسەی خۆی بەردەوام بوو:

– سەرگەردانی سەر ڕێگاكانی غەریبیم، بەڵام هێشتا هەر پاشام، لەبەرئەوەی دیسكم پێیە. دەتەوێ‌ بیبینیت؟

ناو لەپە ئێسقاناوییەكەی كردەوە. هیچی لەدەستدا نەبوو. ناودەستی بەتاڵ بوو، بەڵام دەستی بە جۆرێك بوو، كە هەستم كرد توند شتێكی گرتووە. چاوی لە چاوم بڕی و وتی:

– دەتوانیت دەستی تێوە بدەیت.

بە تۆزێ‌ دوودڵییەوە نووكی پەنجەم دا لەناو لەپی دەستی. هەستم بە شتێكی سارد كرد و بریسكەیەك دای لە چاوم. خێرا دەستی نووقاند. هیچم نەوت. وەك ئەوەی لەگەڵ مناڵێكدا قسە بكات، بە حەوسەڵەوە لەسەر قسە بەردەوام بوو:

– ئەمە دیسكی ئۆدینە(1). تەنها یەك دیوی هەیە. شتێكی تر نییە لەسەر زەوی تەنها یەك دیوی هەبێت. تا ئەمەم لە دەستدا بێت، هەر بە پاشایی دەمێنمەوە.

پرسیم:

– ئاڵتوونە؟

– نازانم. دیسكی ئۆدینە. تەنها یەك دیوی هەیە.

حەزمكرد ببمە خاوەنی ئەو دیسكە. گەر هی من بووایە دەمتوانی بیفرۆشم، لەگەڵ قاڵبە ئاڵتووندا دەمگۆڕییەوە و دەبووم بە پاشا. بەو بەرەڵڵایەم وت كە تا ئێستاش ڕقم لێی دەبێتەوە:

– لە كوختەكەمدا سندووقێكم شاردۆتەوە پڕە لە سكە. سكەی ئاڵتوونن و وەكو تەورەكەم دەبریسكێنەوە. ئەگەر ئەو دیسكی ئۆدینە بدەی بە من ئەو سندووقەت دەدەمێ‌.

بە كەللەڕەقیەوە وتی:

– ڕازی نیم.

پێم وت:

– باشە، كەواتە دەتوانیت ڕێی خۆت بگریتە بەر و بڕۆیت.

پشتی تێ‌ كردم. یەك جار وەشاندنی تەورەكە بۆ سەر ملی بەس بوو تا تلۆر بێتەوە و بكەوێ‌، بەڵام لە كاتی كەوتنەكەیدا دەستی كردەوە و ئەو تیشكەم بینی لەو هەوادا سووڕایەوە. بە توورەكەم شوێنەكەیم نیشانە كرد و مردووەكەم بەرەو ڕووبارێك پەلكێش كرد، كە لە هەڵچووندا بوو. فڕێم دایە ناو ڕووبارەكەوە.

كاتێ‌ گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، بە دوای دیسكەكەدا گەڕام. نەم دۆزییەوە. ئێستاش ئەوەتانێ‌ وا ساڵانێكە هەر بە دوایدا دەگەڕێم(2).

 پەراوێزەکان

1- ئۆدین: خواوەندێكی جەڕمەنییە: خواوەندی شەڕ و ئەلفوبێی كۆنی جەڕمەنی و شیعرە. ئەویش سیحرباز و جادووگەرە و خاوەنی ئەڵقەی سیحریی (دروپند)ە، كە دەشێ‌ لەم چیرۆكەشدا مەبەست لە (دیسك) هەمان ئەو ئەڵقەیە بێت.

2- لەم كتێبەوە كراوە بە كوردی:

كتابخانە ‌و بابل و 23 داستان دیگر، خورخە لوئیس بورخس، ترجمە‌ء: كاوە سید حسینی، چاپ اول 1378 (1999)، انتشارات نیلوفر.

ناردن: