دەنێو دڵی چیرۆكدا مرۆڤ هەیە
رۆبێرت گۆرهام دەیڤس
لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن

لەرەخنەی ئەم سەردەمەدا بۆتە باو كە قسە لەسەر ئەوە بكرێ‌ پلەو پایەی ئەدەب؛ بەگشتی، بەرزو بڵند راناگیرێ‌، بەتایبەتیش ئەدەبی گێڕانەوە (كە چیرۆ‎ك‏و رۆمان) دەگرێتەوە. بیانووەكەش ئەوەیە كە ئەم جۆرە ئەدەبە نەیتوانیوە “چەند بەهایەكی پیرۆزو جێگیر” دەنێو نووسەرانی ئەم سەردەمەدا بخولقێنێ‌. بڕواهێنان بە هەر بەهایەك لەلای نووسەر دەكرێ‌ ببێتەوە بە بەهایەك لە نێو خودی كۆمەڵگادا.

رەخنەگرە زۆر دڵگەرم‎و رشتەكان وشەی “بەهاكان” زۆر بەكار دەهێنن، بەڵام ئەوەندە لەخەمی ئەوەدا نین كە پێناسەی ئەو بەهایانە بكەن یان هەتا دەست نیشانیان بكەن.

بۆ ماوەی چەندین سەدەش وشەی “بەهاكان” گرفتی گەورەی بۆ فەیلەسووفەكانیش دروست كرد. هەندێ‌ لەرەخنەگرەكان وای دەبینن كە دابەزینی كێرڤی ئەدەبی رۆمان یان ئاوابوونی خۆری ئەدەبی گێڕانەوە پەیوەندی بە نەمانی یان ناجێگیربوونی بەهاكانەوە هەیە. كەچی هەر ئەو رەخنەگرانە ناچنە بنج‎و بنەوانی ئەم روانینەی كە خۆیان بڕوایان پێ‌یەتی، تێمان بگەیەنن كە لەرابردوودا ئەم بەهایانە چی بوون‎و چۆن لەنووسەرەكانەوە گوازرانەوە بۆ نێو كۆمەڵگا چۆن لەنێو رۆمانەكاندا وەدەركەوتوون، بەتایبەتی بەر لەهاتنی “ئێرنست هێمنگوای، هێنری جەیمز، یان جێن ئۆستن”.

گەر مەسەلە نەبوونی “بەهاكان” بێ‌، یان لەقبوونیان ئەوە دەبێ‌ بڵێین دەمێكە بەهاكانی مرۆڤ وەكو خۆیان نەماون، رەنگە نووسەری ئیتاڵی “بۆكاشیۆ” بەر لەسەدەها ساڵا قسەی لەسەر ئەو داڕووخانە كردبێ‌، بۆ ئەوەش دەكرێ‌ یەكەمین نووسەری واقیعی بێ‌ كە قسەی خۆی لەسەر گەندەڵا بوون كردووە. نووسینی، بەنزیكەی شەش سەدە، لەمەوبەر، بەرلەوەی سەدەكانی ناوەڕاست بەرەسمی كۆتایی بێ‌، لەم داڕزانە رۆحییە دواوە. بۆكاشیۆ باس لە جیهانێك دەكا كە تیایدا قەشەكان‎و بگرە زۆرینەی ناو چینەكانی ناوەڕاست‎ لەمەڕ روانینیان بۆ بەهاكان تا ئەوپەڕی ماددییانە بیریان كردۆتەوە، بۆ گەیشتن بە خەون‎و ئامانجەكانیان هەموو ویژدان‎و ئەخلاقێكیان پێشێل كردووە، لەهیچ شتێك سڵیان نەكردۆتەوە.

ئەدەبی رۆمان لە ئیسپانیا سەری هەڵدا ئەوكاتەی كەڵكەڵەی گەشت‎و سەفەرو بازرگانیو سەركێشیو مەیلی بە كۆڵۆنیالكردنی دونیای دەرەوە لای خەڵكەكانی بوو بەهەواو هەوەسێكی كوشندە.

هەموو ئەو مەیلانەو پەیدابوونی شارە گەورەكان وایان كرد ئەو قاڵبگرتن‎و جێگیربوونەوەی سەدەكانی ناوەڕاست بەتەواوی داڕمێ‌و هەڵتەكێ‌.. وا دەركەوت كە ئەو هەڵتەكاندنە یەكجارەكی بێ‌. رۆمانی “دۆن كیشۆت”ی (سێرڤانتس) نموونەیەكی زۆر بەرجەستەیە. پاڵەوانەكانی نێو رۆمانە فەرەنسیو ئیسپانییەكان، بەتایبەتی پاڵەوانە وێڵا گەردو بێ‌ لانەكان، ئەوانەی گوایە سوارچاك بوون، هەر هەموویان خەڵكانێكی بێ‌كەس‎و مایە پووچ‎و ناڕەسەن بوون، واتە كوڕی كەس نەبوون، بەڵام نەوە لەدوای نەوە بزرەكان كە بێ‌ سەرمایەو بن مایە بوون لەخێری ئەو كەسانەین دەخوارد، ئەو كەسە وێڵا گەردو بێ‌ لانانەو كەسانێكی زۆڵاو زیرەك بوون، هەموو ئەو كەسانە توانیبویان كۆمەڵێ‌ (بەها) بۆ خۆیان دامەزرێنن، لەدونیایەك كە ئاڵۆزەو پڕە لە تەماع‎و فڕوفێڵا.

ئەوكاتەی “ریچاردسن” و “فیلدنگ” و “سمۆلێت”و “ستێرن” رۆمانی ئینگلیزییان دامەزراند، لەچارەكی سێ‌یەمی سەدەی هەژدەهەم، هەر ئەوكاتە پێویستی بۆ “گەڕانەوەی بەهاكان” زۆر كوشندە بوو. گەندەڵا بوونی جیهانی رامیاری، بەرتیل خواردن، پایەو پلە كڕین‎و فرۆشتنی بێ‌ ئەندازەی تەشەنەی كردبوو. شارەكانی نوقمی هەژاریو بەدڕەوشتیو پیسیو تاوان‎و بەرەڵڵایی سێكسی بوون. نموونەی پاڵەوانی وەك “تۆم جۆنز”ی “فیلدنگ” زۆر باو بوون دەنێو خەڵكانی خاوەن موڵك‎و ماڵاو دڕندە ئاسا، كەسانی شەڕخواز پتر بوون لەخێرخوازەكان. زانكۆكان‎و كڵێسا چاك دامەزراوەكان لەدۆخێكی زۆر مت بوون‎دا بوون.

لەم كۆمەڵگایەدا كە تیایدا مەسەلە رەهاو جێگیر بووەكان كەم بوون. ئەو چوار رۆماننوسە كە پێ‌یان دەوترا “چوار شكۆدار”ەكە، هەر ئەوە نەبوو كە بەتەنها بناغەی رۆمانی ئینگلیزی دابمەزرێنن، بەڵكو توانیان ببنە خوڵقێنەری بەهاكان‎و پتر بەرفراوان كردنیان. ئەو چوار رۆماننوسە گەلێ‌ وانەیان بەخوێنەرانی خۆیان وتەوە: هەر لەدەست‎و دڵا فراوانییەوە، سۆزو بەزەیی، رۆحی خۆش مەشرەفیو مەزاق تا دەگا بە چاندنی هەستێكی بەرزی رەوشت پەروەریو جوانپەرستی.

ئەوان توانیان ئەو رۆحە وەئاگا بێنن كە بیر لەچاككردنی دەزگاو دامەزراوەكان بكاتەوە، بیر لە باشكردنی هەل‎و مەرجە كۆمەڵایەتییەكان. لەگەڵا ئەوەشدا نەچوونە پاڵا ئەوەی خۆ بە بەها باوەكان ببەستنەوە. هەرچەندە (فیلدنگ)و (ریچاردسن) دوو نووسەری مۆرالیست (ئەخلاقی) بوو، بەڵام كەمتر كەڵكیان لەو ئەخلاقییەتەی یەكدی دەبینی. (لۆرانس ستێرن) كە خۆی قەشە بوو، لەنێو ئەو سێ‌ رۆماننووسەی دیكەدا لەهەمووان زیرەكترو وردترو هەستیارتر بوو، جگە لەوەی كە تاسەر ئێسقان پیاوێكی ئەزموونكار بوو، بەپێ‌ی پێوانەی ئەخلاقیەتی سەدەی نۆزدەم كەسێكی تابڵێ‌ی بێ‌پەردەو حەیا بەرە بوو.

ئەگەر بگەڕێینەوە ناو رۆمانەكانی سەدەی نۆزدەم بۆ نموونە: لای نووسەرانی وەك (جێن ئۆستن، ئێملی برۆنتی، جۆرج ئیلیۆت، جۆرج مێریدپ، تۆماس هاردی، جۆرج موور) قەت ئەم رۆمانووسانە تائەو ئاستە رێك‎و كۆك نین لەسەر ئەو (بەها) یانەی كە دەكرێ‌ پێ‌یان بوترێ‌ بەها گەوهەریو رەهاكان، ئەو بەهایانەی كە ئێمە چاوەڕوانی دەكەین، كەواتە بە بەراورد چوار رۆماننووسە شكۆدارەكان رێك‎و كۆكتر وەدەر دەكەون لەسەر خوڵقاندنی ئەو بەهایانە، ئەگەر بچینەوە لای ئەو نووسەرانەی كە ئینگلیز نین. وەك: (هێنری جەیمز، مارك توێین، گۆستاڤ فلۆبێر، زۆلا، دۆستۆێڤسكی) ئەوسا هەست دەكەین كە نەك رێك‎و كۆك نین لەسەر (بەها) كان، بەڵكو زۆر لەیەكدی دوور دەكەونەوەو جیاوازن. ئەو شتەی كە هەر هەمویان كۆ دەكاتەوە: بایەخدانێكی زۆرە بەخەڵك‎و عەوام، بەحاڵەتە جیاكانی خودی مرۆڤەكان، بەركارو ئاكامی جۆرەها كارو كردەوە، ئەو بەرئەنجامانەی رەفتاری ئادەمیزادەكان كە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر گەر بەكەمیش بێ‌ دەگۆڕێ‌.

هەتا گەر مرۆڤ بۆ خۆی لەبارێكی جێگیریشدا بێ‌، واتا شتەكان‎و حاڵەتەكان هەر لە بناغەوە وەكو خۆیان بمێننەوە كەچی لەولاوە سەیر دەكەین ڕوانین‎و گۆشەنیگای رۆماننووسەكان زۆر دەگۆڕێن. لەرۆماندا گۆشەنیگا یان روانگە یان بگرە جیهانبینی زۆر گرنگە، چونكە (بەهاكان) –قیّم- وەك (نیتشە) دەڵێ‌: بە ڕوانگە دەگۆڕێن.

ئەوەش وەستاوەتە سەر ئەوەی كە تۆ چۆن سەیری شتەكان دەكەی، ئەوەش بەدەوری خۆی پەیوەستە كە تۆ خۆت چیت‎و كێ‌ی. ئەوكاتەی ژیان (مانا)ی خۆی یان (بەها)ی خۆ دەدۆڕێنێ‌ـ، ئەوە بزانە كە شتێك لەخاوەن بەها گۆڕاوە، نەك لەخودی ژیان، بەهاكان دەبێ‌ چی بن جگە لە بەرئەنجامێكی نرخاندن‎و هەڵسەنگاندن، خەڵكی جیاواز لە بارودۆخی كۆمەڵایەتی جیاوازدا كۆمەڵێ‌ بەهای جیاوازیان هەیەو شتی جیاوازیش دەنرخێنن.

لەو ئەگەرە قورسانەی كە ژیان هەمیشە پێش كەشی دەكات، ئادەمیزادەكان دەتوانن جۆرێك لە بەهاكانی خۆیان هەڵبژێرن‎و دەست نیشانی بكەن، بەپێ‌ی ئەو قوربانییەی كە ئامادەن پێش كەشی بكەن لەپێناو هەر خێرو هەق‎و جوانییەك كە دەزانن هەر هەموو ئەو بەهایانە مەزنن‎و دەبێ‌ بەرزیش رابگیرێن. مادامەكێ‌ كەسەكان دەتوانن ئارەزوویان هەبێ‌و لەولاوەش دابین كردن‏و‎ رەزامەندی، لەم حاڵەتەدا ژیان دەتوانێ‌ لەناو ئاخنی خۆیدا بەهای دیكە بەرهەم بێنێ‌. مادامەكێ‌ رۆمان دەتوانێ‌ هەموو جوانیو نهێنییەكانی ژیانمان بۆ وەدەربخات، كارێكی هەڵەیە وا بزانین نووسەر هیچ بەهایەكی نییە. هەرچەندە خوێنەر وابزانێ‌ ئەو بەهایانە گونجاوو جێگیر نین.

كۆنتراستی (دژواری) نێوان (ڤایكنیگ- پاڵەوانی) “گراهام گرین” لە رۆمانی “كۆتایی عیشقبازی” لەبەرامبەر “چارلز سكربنەر” لەرۆمانی “هەروەها خۆریش هەڵدێتەوە”ی هێمنگوای ئەم راستیە دەردەخات. رۆمانەكەی “گراهام گرین” لەسەر بەها رەهاكان دامەزراوە، بەگەڕانەوە بۆ “ئۆرپودكسییەتی ئایینی” كە لەو سەردەمەدا جێ‌ی بایەخ بوو. رۆمانی “دیسانەوە یان هەروەها خۆریش هەڵدێتەوە” لەساڵی (1926)دا بڵاو بۆوە، ئەو دەربڕینە لەو وەختەدا زۆر كاریگەر بوو، دەربڕینێك بوو بۆ خۆرزگاركردن لەخەونی پووچ‎و درۆ كە دیارە ئەو نەوە بزرەی دوای جەنگی جیهانی یەكەم لەسەری دەلەوەڕان.

لەگەڵا ئەوەشدا پڕ بەمانای وشە بەهاكانی نێو رۆمانی “دیسانەوە خۆرهەڵدێتەوە” گەلێ‌ زۆرترن لەو بەهایانەی كە لەرۆمانی “كۆتایی عیشقبازی” یەكەدا هەن. هەر چەندە هەردووكیان پڕن لەو ساتەوەختە زۆر تاڵانە. كارەكتەرەكانی “هێمنگوای” هەمیشە سوپاسگوزارن‎و زۆر شت بەرز دەنرخێنن. ئەوان پاریس –یان لەبەر دڵە، ئیسپانیا، ئەوان سەرسامن بە جووتیاران، شەراب، ماسیگرتن، شەڕ لەگەڵا گا، ئەوان زرنگیو زۆڵیەتیو ئازایەتی دەفامن، هەتا گەر بەزمانێكی سادەش بێ‌ تەعبیر لەم حاڵەتانە كراوە.

لەرۆمانەكەی “گراهام گرین”دا هەموو شتێك غەمهێن‎و سواوە.. تا ئەوپەڕی. بۆمبارانكردنی (لەندەن) هەموو شوێنێكی وێران كردووە، بەردەوام باران دەبارێ‌، پاڵەوانی رۆمانەكە كە كارەكتەرێكی مێ‌یە بەردەوام دەكۆكێ‌، ژەمە خۆراكەكان هی ئەوە نین هەرس بكرێن، هەتا دێ‌ خراپتریش دەبێ‌، خەڵكەكەی وەڕس‎و بێزارن، یەكدی هەراسان دەكەن، خۆشەویستی مانای خۆی دۆڕاندووەو لەڕێ‌ی زاراوەو دەستەواژەی (فیزیكی) پێناسە دەكرێ‌… یان لەڕێ‌ی تەعبیری پیس‎و بێزەوەر. كارەكتەرەكان روو لەكلێسا دەكەن چونكە بەرگەی ئەو ژیانە دۆزەخییە ناگرن. پاڵەوانەكە خۆ بە (بڕوایەكی ئایینی)یەوە دەبەستێتەوە تا ئاستێك كە پتر لە نەخۆشی بچێ‌ تا خواپەرستی بێ‌، ئەو بەدوای بەزەیی خودا-دا دەگەڕێ‌، بەڵام كە دێ‌ پتر لەسزا دەچێ‌.

هەڵبەتە لەدواجاردا مەسەلەكە دەرك كردنە بەشتەكان‎و حاڵەكان، دیارە وت‎و وریاییو دەركردنی “گراهام گرین” لەمەڕ مەسەلە رۆحییەكان، بێ‌گومان، زیاترەو، وردترە لەوەی كە لای “هێمنگوای” هەیە. “هێنری جەیمز” سەبارەت بە كارەكتەرەكانی ناو رۆمانەكان وتوویەتی (ئەوان كە زۆر بەجوانی “هاملێت” و “شالیر” كە هەردووكیان زۆر هوشیارن بەشتەكانی دەوروبەر؛ وادەكا كە ئەزموونی سەركێشیو ململانێ‌یان تێروپڕو تەواوبێ‌، دواجاریش لەزەخمی ئەو كارەساتانە زیاتر دەكا كە لە كۆتاییدا رووبەڕووی دەبنەوە؛ واتا هوشیاری وا دەكات جەرگبڕانە هەست بەو كارەساتانە بكەن). بەڵام دەرك كردن‎و وت‎و وریایی گەلێ‌ دیوی هەیە. ئایینە مەزنەكان هەروەكو فەلسەفە مەزنەكانی دونیا بەشێوەیەكی بەرفراوان زۆر لەو بیروڕایانە، حاڵەتانە رەت دەكەنەوە كە پێشتر هەر خۆیان جەختیان لەسەر كردبوو. ئایینەكان‎و فەلسەفەكان، هەر خۆیان دوودڵن، لەبەرامبەر هەموو ئەو شتانەی كە پێشتر بڕوایان پێ‌یان هەبووە، یان ئەوەتا نكوڵیان لێ‌ كردووە.

هەرچەند لەرۆمانی “كۆتایی عیشقبازی”  یەكە مەرج نییە كە بڕواو ئیمان دژ بە نەخۆشیو لەزەت وەستابێتەوە لەناوئاخنی ئەو جیهانە خوڵقاوەو لەنێو خودی ئەو خۆشەویستییە مرۆڤانەیە. بینینی (مونتانا) یان شەڕەگا لەچاوانی “هێمنگوای”، یان سامانەكانی (ناڤاجۆ) یان شوێنە دێرینەكانی (ئیترۆریا) -كە كەوتۆتە رۆژئاوای ئیتالیا-‎ لەچاوانی “دی. ئێچ لۆرانس” وا دەكات كە (بەهاكانی) خوێنەران زیاد بكەن. بەڵام ناكرێ‌ داوا بكرێ‌ لەخوێنەر ئەو هەموو بیروبۆچوونە پڕ لەگومانانەی كە لەرۆمانی “مەرگ لەنیوەرۆ”داو رۆمانی “فانتازیای نەست”دا قەبووڵا بكات. وێڕای ئەو شتانەش، زۆر گرنگە كە لەبیرمان نەچێ‌ ئەو وەختەی قسە لەسەر پەیوەندی نێوان ئەدەب‎و بەهاكان دەكرێ‌، كە دەبێ‌ خەیاڵا زەدە خۆی لە خۆیدا (بەها) یەكە، بەڵكو بۆخۆی هەم مەبەستەو هەم ئامانج، بەوەی كە داوا رۆحیو فیكرییەكانی نووسەر‎و هەم خوێنەر تێر دەكات.

دیمۆكراسی وا دامەزراوە كە ڕێ‌ بدات هەركەسێك سەربەستانە رۆڵی خۆی ببینێ‌و ئەگەر هەڵبژاردنی ئازادەی شتەكان‎و حاڵەتەكان‎و بیروبۆچوونەكانی هەبێ‌، دیمۆكراسیو فەزای ئازاد وا دەكات كەسەكان بەو بەها جیاوازانەی خۆیانەوە زۆر ئازادانە، بكەونە دوای ئامانج‎و مەبەستەكانی خۆیان تا بتوانن بیهێننە دی، تاوەكو بواریان هەبێ‌ ئەگەری بەشداری بوونێكی مەزنیان هەبێ‌ بۆ خێرو خۆشی كۆمەڵا. لە راستیدا رۆمان، لەم رووەوە، یارمەتیمان دەدا بەوەی كە بتوانین جوانترو لەچەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە شتەكان ببینین، وادەكات هەست‎و سۆزو بەزەیی، رۆحی بەخشندەییو لێ پرسراوێتی تاكە كەسیمان پڕ زەخم‎و زیاتر بێ‌. گەر لە روانگەی مێژوویییەوە ئاوڕ لە رۆمان بدەینەوە هەست دەكەین كە سەرهەڵدانی رۆمان بە نەش‎و نومای رۆحی تاكڕەوی (فەردانیەت) پەیوەستە كە لەژێر باڵی دیموكراسیدا پترو پتر رسكاوە، لەسەدەی نۆزدەمیدا پتر گەشەی كردو لەوە دەچێ‌ پێ‌ بەپێ‌ لەسەدەی بیستەمیشدا ئەو پەیوەست بوونی دیمۆكراسیو تاكڕەویو گەشەی رۆمان زیاتر وەپێش كەوتبێ‌.

بەهەرحاڵا، دەكرێ‌ بڵێین بۆ مەسەلەی گەشەو پەرەسەندنی نێودونیای ئەدەب یاسایەكی ئەوەندە زۆر لەبەر دەست نییە. بۆ شێوازو تەكنیكی رۆمان فەزایەكی ئەوەندە فش‎و فۆڵە كە زەحمەتە یاساو دەستووری رێك‎ دامەزراو پەیڕەو بكەین، لەو فەزا كراوەیەدا ناكرێ‌ دیمەنەكان تاریكتر ببینین لەوەی كە لەسەردەمی نووسینی رۆمانی “تریسترام شاندی”-ی (شێرن)دا هەبوو، یاخود رۆمانی  “جودی پەنهان”ی (تۆماس هاردی) لەوە دەچێ‌ رۆمانی (تریسترام شاندی) سەرەتایەك بووبێ‌ بۆ لەناوچوونی شێوازی تەقلیدی رۆمان. لەولاوە رۆمانی “جودی پەنهان” كۆتایییەكی تاریكی بۆ ئەو (فەردانیەتە- تاكڕەوییەتی)یە هێنابێ‌ كە لە سەردەمانێكی زۆرتردا رۆمان هەلهەلەی بۆ لێ‌ دەدا.

هەنووكە، لەمیانەی ململانێ‌دا دژ بە (تۆتالیتاریانیزمی كۆمۆنیست)دا كە دەكا دەستەڵاتی رەهاو سەراپاگیری كۆمۆنیستی: سیاسەت‎و ئایین‎و فەلسەفە جارێكی دیكە لەهەوڵی ئەوەدان كە سەرلەنوێ‌ مانای فەردانیەت –تاكڕەوی- بدۆزنەوە، جەخت لەسەر ئەوە بكەن كە هەركەسەو لەگەڵا ئەوی دیكەدا جیاوازە، لەهەست كردن بە لێ‌پرسراوێتی ئەخلاقی لەبەرامبەر ئەوانی دیكەدا كەس لەكەس ناچێ‌، هەتا لەوەشدا جیاوازن كە هەریەكەو توانایەكی هەیە لەمەڕ گۆرینی چارەنووسی خۆی یان هی نەتەوەكەی. هەر ئەو شتانەیە وادەكات كە فەزایەكی كراوەو گونجاو بۆ نووسینی رۆمان‎ دابمەزرێ‌. رۆماننووس، لەكۆمەڵگایەكدا كە بڕوای بە –تاكڕەوی- هەیە، فەزڵی بەسەر زانایانی كۆمەڵناسەوە هەیە كە دەڕواننە خەڵك كە هەریەكەیان ئەندامی گروپێك بێ‌. سروشتی هونەری رۆماننوس وا داوا دەكات كە هەموو جۆرە بەگشتی كردنێك (تعمیمات)ێك، هەر بەهایەك، یان هەر كاروكردەوەیەك بخرێنە ژێر چاودێریو تاقیكردنەوەو لێ‌وردبوونەوە بەپێ‌ی ئەو مەغزا مانایانەی كە دەیبەخشن بەتاك.

گرفتی تاكڕەوی پابەستە بە هەستكردنی مرۆڤ بە غوربەت‎و تەنیایی، تاكڕەوی لەو جۆرە هەستانەدا جێگیرە. هەر لەرێگای “گۆشەنیگا”ەوە كە رەنگدانەوەی هوشیارییە رۆماننوس دەتوانێ‌ بەسەر ئەو غوربەت‎و تەنیاییو لێك ترازانەدا زاڵا بێت، كە دیارە بەهەمان شێوە بۆ نووسەری دراماو ژیاننامە (بایۆگرافەر) ناڕەخسێ‌. بەدیتنی ژیان لەچاوی كەسێكەوە، هەست كردن بەوەی كە ئەو هەستی پێ‌ دەكات، بە بیركردنەوە لەو شتەی كە ئەو بیری لێ‌ دەكاتەوە: ئێمە دەتوانین لەماناو بەهای ئەو ئەزموونە حاڵی بین كەئەو كەسە پیایدا تێ‌دەپەڕێ‌، سەرەڕای ئەو هەموو شتانەش.. كارەكتەرەكانی ناو رۆمانەكان بەتەنیا ئەوە نییە كە كەسانی راستەقینە بن كە خوازراوی ناو ژیانی واقیعین، لەوێ‌ گوێزرابنەوە سەر كاغەز، بەڵكو ئەو كارەكتەرانە كەسانێكن كەلە دەرەوەڕا دەبیندرێن. ئەوان مەزنترن لەوەی كە لەژیاندا هەن، “راستترن لەوەی كە لە واقیعدا هەن” وەك “هاردی” وتوویەتی، ئەوان لەدیدو بەرۆحی نووسەرەوە دەبیندرێن، كە لەگەڵیدا خوێنەر هۆشیارە بەو بەشداریبوونەو بگرە لەگەڵا نووسەردا دەكەونە داداگایی كردنی كارەكتەرەكان. كەواتە نووسەر لەدەرەوەی پاڵەوانەكانیدا ناژی، بەڵكو ژیانیان، كەسایەتیان راستەوخۆ لە نووسەرەوە قەرز دەكەن. “گۆستاڤ فلوبێر”ی رۆماننووس دەمێكە رایگەیاندووە “مەدام بۆڤاری منم”

خوێنەری رۆمان لەگەڵا كارەكتەرەكان بەشدارە، لەگەڵا رووداوەكان تێكەڵە، دەچێتە ناو تان‎و پۆو بنج‎و بناوانی رۆمانەكەش. خوێنەر شان بەشانی نووسەر دەڕوابەڕێوە، نووسەریش وا دەكا خوێنەرانی خۆی لەتەك كارەكتەرەكان‎و رووداوەكان تێوە بگلێنێ‌، چ بۆ هەنووكەو چ بۆ رابردوو. رۆمانەكان‎و كارەكتەرەكان لە ناوەوەی مێژوودا هەن، هەروەها لەدەرەوەش هەر هەن: وەكو كۆمەڵێك سەرچاوەی بابەتیانە كە مەیل‎و هەوڵی ئاسایی ئێمەیەو بۆ تێگەیشتن‎و هەڵسەنگاندن‎و كۆنترۆڵ كردنی ئەزموونەكانمان.

“فیلدنگ”ی رۆماننووس وتوویەتی “پارێزەرەكەی من هەر ئەوە نییە كە زیندووە، بەڵكو لەوچوار هەزار ساڵەشدا هەروا بووە. كارەكتەرەكانی نێو رۆمانەكان جۆرێك لەو كەسانەی تێ‌ دەكەوێ‌ كە دەكرێ‌ بۆ هەمیشە خوڵق‎و ئەتوارێكی جێگیریان هەبێ‌، هەروەها دەكرێ‌ لەو تایپانە بن كە لە حاڵەتێكەوە بگۆڕێن بە حاڵەتێكی تر، واتا لەسەر هەمان رەوشت‎و خوو نامێننەوە، هەروەها ئەزموونی جیاواز لە باروزرووفی كۆمەڵایەتی وادا كە لە گۆڕاندا بێ‌. ئەوان تاكەكان بەگروپەكان دەبەستنەوە بێ‌ ئەوەی داوایان لێ‌ بكرێ‌ قوربانی بە (فەردانیەتی-تاكڕەوی) خۆیان بدەن. ئەوان دەبنە ئامرازێكی سەرەكی بۆ تێپەڕاندن‎و پەڕینەوە لەبازنەو سنووری ئەزموونی تاكە كەسەكان، پاشان زانینی ئەو حەقیقەتەی كە بوونە مرۆڤ چ واتایەك دەگەیەنێ‌.

رەخنەگران لەهەموو قۆناغەكاندا گلەییو گازاندەیان لەو كارەكتەرو كردارانە هەبووە كە رۆماننووسە ریالیستییەكان ئیشیان لەسەر كردوون، واتا پاڵەوانەكان‎و رووداوەكان زادەی ئەو واقیعە بوون كە نووسەر تیایدا ژیاوە. بەڵام خۆ رۆمان فێڵی لەواقیع نەكردووە. رۆمانیش هەروەك ژیان پڕ لەكەسانی سەیرو سەمەرەو لەڕێ‌لادەر، لەلات‎و لەوارو كەسانی پەڕپووت‎و پەراگەندە، لەكەسانی كێویو دڕندە ئاسا، لەتاوانكاران‎و خەڵكی لاكەوتەو گۆشەگیرو رەشۆكی، ئەو ساختمانە خەیاڵیەش كە لە ئەدەبی رۆماندا بونیات دەنرێ‌ بێ‌ قەرزكردن لەژیان ناگاتە كەماڵی ئادەمیەتی خۆی، ناگاتە رۆح پەروەری، ناگاتە دۆخێك كە لەسروشتی ئادەمیانەی زۆر كەسدا بەرجەستە بووە.

لەبەر ئەوەی هەمووان ئەو روانینەیان لەلا گەڵاڵە بووە سەبارەت بە بایەخ‎و گرنگی رۆمان، جا گەر ئاگایان لە خۆیان بێ‌ یان نا، بەتایبەتی رەخنەگران‎و خەمخۆرانی داهاتووی رۆمان، هەر لەبەر ئەوەشە كە بەئاشكرا دیارە خەڵكێكی یەكجار زۆر پەرۆشی ئەوەن بزانن هەنووكە رۆمان بەچی گەیشتووەو لەداهاتوودا بەكوێ‌ دەگات. ئەمەیان نیشانەیەكی چاكە، بەڵام لەمێژووی رۆماندا هیچ شتێك نییە وامان لێ‌ بكات رەشبین بین، بەتایبەتی ئایندەی رۆمان، تا ئەو كاتەی كە سەربەستیو شكۆمەندیو لێ‌پرسراوێتی تاكەكەس یەكەم خەمی سەرەكی كۆمەڵگا بێ‌، هیچ ترسێك بۆ داهاتووی رۆمان لەپێشدا نییە. مادامەكێ‌ نووسەران خۆیان بڕوایان وایە كە هێزی ئەوەیان تیایە خوڵقێنەری (بەهاكان) بن؛ پێویست ناكات لەئایندەی رۆمان بترسن. بەڵكو پێچەوانەی ئەوە راستترە. زۆر هۆو نیشانە هەن كە مرۆڤ گریمانە لەسەر ئەوە بكات رۆماننووسانی نەوەی تازە كە پتر هەست بەرۆحی سەردەمی خۆیان دەكەن، بەخۆشییەوە ئاگاداری ئەوەن كە هونەری رۆمان توانای كردنەوەی دەیەها دەروازەو ئەگەری هەیە، لەداهاتووشدا دەتوانن دەیەها رێگەو شێوەی تازە بدۆزنەوە تاوەكو پیشانی ئێمەی بدەن: بوون بەمرۆڤ چی دەگەیەنێ‌؛ لەژێر سایەی نەمریدا. بیرمان نەچێ‌ كە رۆمان جۆرە مەعریفەتێكمان پێ‌ دەبەخشێ‌ كە لەوانەیە بەتەنها رۆمان بەو تێریو پڕییە بتوانێ‌ بیبەخشێ‌.

سەرچاوە:
Highlights Of Modern Literature
Edited by: Francis Brown A mentor Book First Printing, 1954 Pages (57-61)

ناردن: