
سلێمانی و جەنگی كەنداو
كرۆنۆلۆجیای جەنگ و راپەڕین و ڕەو
نووسینی: محەمەد فەریق حەسەن
ئەم كتێبە باس لە مێژویەكی زۆر نزیكی شاری سلێمانی دەكات، مێژویەك بەشی زۆرمان تێیدا ژیاوین و لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكاریی روداوەكانی بووین، ئەویش مێژوی جەنگی یەكەمی كەنداوە. واتە جەنگی داگیركردنی كویت لەلایەن عێراق و پاشان رزگاركردنی كویت لەلایەن سوپای هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا.
دەتوانین بڵێین نوسەر لەم كتێبەدا، لەسەر دوو ئاست كاریكردووە: ئاستی دەرەكی و ئاستی ناوخۆیی.
لێرەدا هەوڵدەدەین كە مەكێك لەسەر ئەو دوو ئاستە بدوێین.
مەبەستمان لە ئاستی دەرەكی، هەمو ئەو هەواڵ و هەڵوێست و سەردان و ڕوداوانە دەگرێتەوە كە پەیوەستبوون بە جەنگی كەنداوەوە، واتە هەمو ئەو جموجوڵە دەرەكیانە كە لە ئەنجامی داگیركردنی كویت و رزگاركردنی كویت هاتنەئاراوە، هەر لە رۆژی یەكەمی داگیركردنەكە تا رۆژی رزگاركردنی و پاشان راگرتنی جەنگەكە كە ئەم راگرتنە بووە هۆی دەستكراوەیی حكومەتی بەعس و قەتڵوعامكردنی گەلی عێراق و كۆڕەوەكەی لێكەوتەوە.
بەڵام مەبەستمان لە ئاستی ناوەكی، كۆی ئەو هەواڵ و روداوانەیە كە لە شاری سلێمانی دەبیستران و ڕوویان دەدا. لێرەدا نوسەر رۆژانە بەشێكی بەرچاوی ئەو هەواڵە ناوخۆییانەی تۆماركردووە كە لەو رۆژگارەدا رویانداوە. لەوانە چۆنیەتی دەستپێكردنی راپەڕین، لێرەدا نوسەر باس لە رۆژی حەوتی ئازاری ساڵی 1991 دەكات و دەڵێ: (لەبەرەبەیانەوە لەناو شاردا تەقەیە. راپەڕین گەیشتە ناو شاری سلێمانی و دیواری ترسی روخاند. تەقە بەرە بەرە لە سەركارێزەوە بەرەو بەردەركی سەرا دێت.) پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێ: (لە هەر خولەكێكدا لای كەم چوار ئاربیجی دەتەقێت. دۆشكەی سەر شوێنە بەرزەكان لەلایەن خەڵكی راپەڕیوەوە داگیركراون. سەیر ئەوەیە كە گەڕەكی ئێمە لە لایەن جەماوەرەوە زوو دەستی بەسەردا گیرا).
لێرەوە نوسەری ئەم كتێبە، وەك شایەدحاڵێكی زیندوو، دێت و بەشی هەرە زۆری ئەو ڕوداوانەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە لە ساتەوەختی راپەڕین و دواتر لە كۆڕەودا ڕویانداوەو ئەم هەم خۆی بەشداربوو تێیدا و هەم بە چاوی خۆی بینیویەتی و تۆماریكردوون. ئەم حاڵەتە وا دەكات كتێبەكە وەك كتێبێكی دیكۆمێنتاری ببینین. بە مانایەكی دی هەر كەسێك بیەوێت زانیاری دروستی لەسەر ئەو رۆژگارەی راپەڕین دەست بكەوێت- بەتایبەت نەوەی نوێ و ئەوانەی لە هەندەران دەژیان، ئەوا ئەم كتێبە كۆمەكێكی باشیان دەكات. جگە لەوە خوێندنەوەی ئەم كتێبە، بۆ نەوەی كۆن و سەرجەم خوێنەران، چێژو بایەخی خۆی هەیە، چونكە بەرچاوڕونی زیاترمان دەداتێ و باشتر لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی راپەڕینی سلێمانی و پاشان ڕەوەكە تێدەگەین.
كتێبەكە بەڕێز محەمەد فەریق حەسەن بە زمانێكی كوردی پوخت و پاراو نووسیویەتی و لە 274 لاپەڕەی بچوك پێكهاتووە، تیراژەكەی 500 دانەیە و نرخی پێنج هەزار دینارە.