
سۆسیۆلۆژیای توندوتیژی و تیرۆر
نووسینی: د. ئیبراهیم ئەلحەیدەری
و. لە عەرەبییەوە: دانا مەلا حەسەن
ڕانانی: باوکی ڕەهەند
کتێبێک شایەنی ئەوەیە زیاد لە جارێک بخوێنرێتەوە.
ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە تازەکانی کۆمەڵناسی ناوداری عێراقی، د. ئیبراهیم ئەلحەیدەری، کە ساڵی 2015 لە دەزگای ”دار الساقي” لە بەیروت بڵاو کراوەتەوە. من وەک خوێنەرێک، ئەم کتێبە بە یەکێک لەو کتێبە زۆر باشانەی دادەنێم کە بە شێوەیەکی عەقڵانی و مەعریفی و فراوان، باس لە دیاردەی توندوتیژی و تیرۆر دەکات لە جیهاندا. کتێبەکە دەوڵەمەندە بە بیروڕای ژمارەیەکی زۆر لە بیرمەندان و فەیلەسووفانی هەردوو جیهانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا. ئەمەیش وای کردووە خوێنەر لە نزیکەوە ئاگاداری پێناسە جیاواز جیاوازەکانی هەردوو چەمکی توندوتیژی و تیرۆر ببێت. نووسەری کتێبەکە هەوڵی داوە دیدگا جیاوازەکان و تێڕوانینە کۆن و تازەکان، سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی هەردوو چەمکەکە، بە تایبەت لەم پێنج دەیەی دواییدا، پێکەوە کۆ بکاتەوە و بیانخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە هەموو ئەوانەیش گرنگتر، ئەوەیە دانەری کتێبەکە، مەیل یان لایەنگیر یاخود فەزڵی هیچ دیدیگایەکی نەداوە بەسەر ئەوی دیکەیاندا. واتە بێلایەنانە و بە شێوەیەکی زۆر هاوسەنگ، باسی لە زۆربەی دیدگا و تێڕوانینەکان کردووە. لەمەدا توانیویەتی سەربەخۆیی خۆی تا دوا سنوور بپارێزێت. ئەم سەربەخۆیی و بێلایەنبوونە، وای کردووە خوێنەر لە بەردەم کتێبێکی گرنگ و بایەخدار بێت و بە وردی و بە حەزێکی زۆرەوە بیخوێنێتەوە.
ئێمە لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، تێدەگەین توندوتیژی و تیرۆر ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە و زادەی ئەم ڕۆژگار و سەردەمەی ئێستا نییە. مرۆڤ لە دێرزەمانەوە، بۆ مانەوەی خۆی و بۆ پاراستن لە خۆی، جۆرێک لە توندوتیژی بەرامبەر بە مرۆڤ و ئاژەڵەکان ئەنجام داوە. بەڵام ئەوەی وا دەکات توندوتیژی و تیرۆری ئەمڕۆ، لەوەی ڕابردوو جیاوازتر بێت، ئەوەیە لەمڕۆدا تەکنەلۆژیای سەربازی و پەیوەندیکردن، وای کردووە کردەی ئەنجامدانی توندوتیژی و تیرۆر، هەم ئاسانتر ببێت و هەم مەترسیدارتر بێت. ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئەو پێشکەوتنە زەبەلاحەی لە بواری کۆمونیکەیشندا هاتووەتە ئارا، دەکرێت لە ماڵەکەی خۆتەوە، دەیان کاری تێکدەرانە و توندوتیژی لە ناوبازاڕ و و شوێنە گشتییەکان و سەر شەقامە قەرەباڵغەکاندا، لە ڕێگەی داگرتنی دوگمەیەکی کۆمپیوتەرەکەی بەردەمت، ئەنجام بدەیت. بە داخەوە گەشەکردن و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دنیای دیجیتاڵ و خراپ بەکارهێنانی، وای کردووە هیچ شوێنێکی جیهان بۆ کاری توندوتیژی سەلامەت نەبێت.
نووسەری کتێبەکە
کتێبەکە لە پێشەکییەک و پێنج بەش پێک هاتووە، نووسەر لە پێشەکییەکەیدا باس لە هێرشی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دەکات، کە کرایە سەر ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەو ڕووداوە وای کرد جارێکی دی مەسەلەی تیرۆر و توندوتیژی بکەوێتەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئاشکرایە ئەو ڕووداوە وای کرد ئەمەریکا لە ناخەوە بهەژێنێت و دووچاری شۆکێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونیی قووڵی بکات. ڕووداوەکە بە جۆرێک بوو، لە خەیاڵدان و ئەندێشەی هیچ کەسێکدا نەبوو، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە سەرقاڵی پلاندانان و جێبەجێکردنی بوون. دەتوانین بڵێین گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەوتنی سیستمە دیکتاتۆرییەکانی ئەم ناوچەیە، بەشێکی زۆر لە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١١ی سێپتەمبەر.
بەشی یەکەمی کتێبەکە کە بە یەکێک لە بەشە هەرە گرنگەکانی کتێبەکە دادەنرێت، تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر سۆسیۆلۆژیای توندوتیژی، لەم بەشەدا بە درێژی باس لە چییەتیی توندوتیژی دەکات و باس لەو فاکتەرانەیش دەکات کە وا دەکەن توندوتیژی سەر هەڵبدات و گەشە بکات. لەم بەشەدا تێڕوانینی زۆرێک لە بیرمەندانی جیهانی عەرەبی و ئەورووپی خراونەتە ڕوو. لەوانە فارابی، ئیبن خەلدوون، تۆماس هۆبز، کارڵ مارکس، ماکس ڤێبەر، ئەریک فرۆم، سیگمۆند فرۆید، جاک لاکان، واڵتەر بنیامین، هانا ئارێنت، هێربێرت مارکۆزە و چەندانی دیکە.
بەشی دووەمی کتێبەکە ئەم ناونیشانە لە خۆ دەگرێت: ”کولتوور و توندوتیژی”. ئەم بەشە کورتترین بەشی کتێبەکەیە، لە لاپەڕە 107 بۆ 164ی کتێبەکەی پێک هێناوە. باس لەوە دەکات تیرۆر سەر بە کولتوورێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە هەمو کولتوور و کۆمەڵگەیەکدا ئەگەری سەرهەڵدان و پیادەکردنی هەیە. وەک لە لاپەڕە 107ی کتێبەکەدا هاتووە: ”پەروەردەکردنی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ژینگە و کەلەپووری کولتووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش، ڕۆڵێکی گرنگ لەوەدا دەگێڕن کە وا لە هەندێک تاک (یان نەتەوە) بکەن، زیاتر مەیلیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی بێت وەک لە کەسانی دیکە.” بەو مانایەی لە بنەڕەتدا تاکێک یان نەتەوەیەک نییە لە جیناتیدا توندوتیژیی تێدا بێت و لەگەڵ لەدایکبوونیدا ئامادەیی هەبێت، بەڵکو ئەوە شێوازی پەروەردەکردنی خێزان و قوتابخانە و جۆری سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیە وا دەکەن کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەیەکی دیکە، یان کولتوورێک لە کولتوورێکی دیکە، یان خێزانێک لە خێزانێکی دیکە، بە بڕی کەم یان زۆر، توندوتیژیی تێدا بێت. هەر لەم بەشەدا باس لە ڕۆڵی جەنگ دەکرێت لە تۆخکردنەوەی توندوتیژی و کاری تیرۆرکردن. ئاشکرایە جەنگ یەکێکە لەو دیاردانەی زۆر بە ئاشکرا توندوتیژیی تێدا بە کار دەهێنرێت. چ لە جەنگی ناوخۆیی یان لە جەنگی دەرەکی، یاخود لە جەنگ و شەڕی نێوان دوو منداڵ، دوو هەرزەکار، دوو خێزان، هیچ جەنگ و شەڕێک نابینیت کە توندوتیژی میکانیزمی هەرە سەرەکیی لایەنە شەڕکەرەکان نەبێت. لەم بەشەدا بە درێژی و بە وردی باس لە جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر توندوتیژی کراوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکە پڕە لە زانیاری لەسەر هونەرەکانی جەنگ و فەلسەفەی جەنگ و ئامادەسازیی دەروونی بۆ جەنگ.
بەشی سێیەم ئەم ناونیشانە لە خۆ دەگرێت: ”فەندەمێنتالیزم لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا”. لێرەدا بە درێژی باس لە چەمکی فەندەمێنتالیزم کراوە، باس لەوە کراوە چۆن و کەی ئەم چەمکە، جارێکی دی گەڕاوەتەوە نێو هزری جیهادی. هەروەها باس لەو سەرچاوانە کراوە کە سەلەفییە توندڕەوەکان بۆی دەگەڕێنەوە. ئەم بەشە قسە لەسەر هەندێک لەو کتێب و نامیلکە و کەسایەتییە ئیسلامییانە دەکات، کە بوونەتە سەرچاوە بۆ نواندنی کاری توندوتیژی، ئەوەتا لە لاپەڕە 175ی کتێبەکەدا هاتووە: ”شێخ محەمەد بن عوقەلای شوعەیبی، کە یەکێکە لەو زانا وەهابییانەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەریان پیرۆز کرد.” پیرۆزکردنی کارەساتێکی گەورەی وەک 11ی سێپتەمبەر و دەستخۆشیلێکردن لە بکەرەکانی، ڕێگەخۆشکردنە بۆ کردەوەی زیاتر و توندتری کاری توندوتیژی و تیرۆر.
لە بەشی چوارەمدا کە ئەم ناونیشانەی بۆ دانراوە: ”دەربارەی سۆسیۆلۆژیای تیرۆر، توندوتیژی و تیرۆر: شرۆڤەیەکی سۆسیۆلۆژی”، هەردوو چەمکەکە پێکەوە گرێ دراون و یەکتر تەواو دەکەن. توندوتیژی ئەگەر بەری پێ نەگیرێت، زۆر بە ئاسانی پەل دەهاوێت بۆ تیرۆر. واتە چەمکی دووەم لە منداڵدانی چەمکی یەکەمدا سەر دەردەهێنێت و لە دایک دەبێت. خوێنەر لێرەدا وەک لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، دەگات بەو دەرەنجامەی کە تیرۆر، بەرزترین و مەترسیدارترین پلەی توندوتیژییە. لێرەوە بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان لە کردەوەی تیرۆر بپارێزین، سەرەتا پێویستە توندوتیژییەکان کەم بکەینەوە، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییش، دەبێت لە خێزانەوە دەست پێ بکەین، دواتر قوتابخانە کە بە داخەوە شوێنێکە بۆ پیادەکردنی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی. پاشان توندوتیژیی سیاسی کە هۆکارێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و نانەوەی پەشێوی و لێکترازانی کۆمەڵگە.
لە راستیدا خوێندنەوەی ئەم بەشە، تابڵێی سوودبەخش و گرنگە، چونکە زۆر بە جوانی و بە وردەکارییەکی قووڵەوە، قسە لە پەیوەندیی نێوان توندوتیژی و تیرۆر دەکات. جگە لەوە باس لە لایەنە شاراوە و نەبینراوەکەی توندوتیژی و تیرۆر دەکات کە بریتییە لە هزری توندڕەوی و ئایدۆلۆژیای تەکفیرکردن. گومانی تێدا نییە ئەم لایەنە مەیل و حەز و ویستی تۆڵەسەندنەوە و کوشتن بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکات. ئا لێرەوەیە کردەی توندوتیژی و تیرۆر، پێش ئەوەی پڕۆسەیەکی کردەیی و بینراو بێت، پێش ئەوەی بە واقیعی پراکتیک بکرێت، لە هزر و مێشک و دەرووندا جێگیر دەکرێت. لەوێدا گەشە دەکات و پاشان لە ناشیرینترین و قێزەونترین دیمەنیدا، خۆی نمایش دەکات کە بریتییە لە تیرۆر.
بەشی پێنجەم و کۆتایی کتێبەکە بریتییە لەم ناونیشانە: ”کولتووری لێبوردەیی”. لەم بەشەدا بە درێژایی نزیکەی شەستوشەش لاپەڕە، ئاشنا دەبین بە کولتووری لێبوردەیی و تێدەگەین لێبوردەیی چییە و بۆچی گرنگە و چۆن دەکرێت لە کۆمەڵگە و لە دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان و قوتابخانە و مزگەوت و زانکۆ و ڕووبەرە گشتییەکاندا پیادە بکرێت. بە خوێندنەوەی ئەم بەشە، دەگەینە ئەو ڕاستییەی بێ بوونی کولتووری لێبوردەیی، قسەکردن لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر کارێکی زەحمەتە. هەر بۆیە یەکێک لە ئەرکە هەنووکەییەکانی سیاسەت و نوخبە ڕۆشنبیرەکان، دەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن، پیاوانی ئایینی و مزگەوتەکان، میدیا و کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان، ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەر هەموویان پێکەوە هەڵمەتێکی گەورەی بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی دەست پێ بکەن.
لێرەدا پێویستە دەستخۆشی لە بەڕێز وەرگێڕی کتێبەکە، دانا مەلا حەسەن بکەین، چونکە توانیویەتی کتێبێکی گرنگ و پڕ چەمک و زاراوە، بە زمانێکی کوردیی پوخت و جوان دابڕێژێت، زمانێک لەگەڵ خوێنەر بێزار ناکات و دووچاری گرێوگۆڵی زمانەوانی ناکات. یەکێک لە جوانی و سەرکەوتنەکانی ئەم کتێبە بایەخدارە، بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەی دەگەڕێتەوە.
کتێبەکە 397 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و تیراژی 500 دانەیە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی ٢٠١٨ بە نرخی ٨٠٠٠ دینار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.